٢٦\٨\٢٠١٢
تەڕبوونى
سکاڵا.

یوسف
خەلیل
بە بەرکوڵکردنى
ئێستا و بێباکبوونم لە ئارادا
رێمگرتەبەر..
بەرەو پانتایی و سەرچۆپیگر..
لە زەماوەندى مانگەشەو
تەنیا نەبووم
بەڵام کەسیش نەبوو تەنها فرمێسکێکم بۆ بسڕێ
شەماڵ.. زەردەیەکى لەسەر روخسارم
کردە تابلۆیەکى بێناونیشان
پاش شەو.. سەرەتا بوو
کەڤاڵی خەونێک.. خەوى لە چاو تەران
هەنسکى گریان
دڵمى کردبووە ژیلەمۆی رازێکى پەنهان
بەم چەند پەیڤەت..
بوومە نەورەس و سەر لە نوێ ژییامەوە
(پاییزى عومرم
هەورێک بێت لە چاو ئاسمانا
گریانێک بێت بێ کۆتا
سەمایەک بێت لە سووتانا)
ئیدى دەنگ نەما هەمووى خنکا
بێئاگایی هێنا بەسەرما
لەگەڵ لێدانى ترپەى دڵدا
خۆت نمایش دەکەیت
دەترسم لەبری من
فەرامۆشکردن بێتە خەیاڵت
چەند دڵ رەقیت.. چۆن دەتوانیت؟
ترپەى دڵ فریوو بدەیت
بەندەى دێوانە لە بیر بکەیت
ئیدى دەنگت بووە ئامێزێ بۆ مەرگ
حەسرەتت بووە ژانێ بۆ شەوەزەنگ
کاندێش ئاسا
لە دەروازەى چ دەرکەیە بدەم ؟
کچى سپی
هەرچەند دووربیت
وەک ئەو عەشقەى هەمە بۆ ژیان
خۆشمدەوێیت
لە نێو رۆحـما..
مەلە لەگەڵ فریشتەدا دەکەیت
ئەندێشە فریوو دەدەیت
لە کەڤاڵی نیشتمانى بەفریشدا
منى شەیدا بە خۆر
نالوێ و بە ساناییش ناتوێمەوە.
Yousif_kazh@yahoo.com
|