په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٩\٢٠٢٢

تەرمە مرۆڤ.

فه‌رهاد مازێ     


لەو رۆژگارە شێواوە و تاریکەدا سەیری مرۆڤ دەکەم تەرمی خۆی بە کۆڵەوەیە و گەشبینیم دوور، مرۆڤ تۆ جێی بەزەیی ئەی گەورەی بچووک مردنت نزیک، ژیانت دوور، بۆ ئەوەی لە خۆت نزیکبیەوە وەرە دەرەوە، قەفەزی مرۆڤ تەنگە، دوورکەوتنەوە لە خۆت دوورکەوتنەوەیە لە جوانیی، هیچ بوونەوەرێک حەز بە نزیکبوونەوەی قەفەز ناکا، هەموو پەیوەندییەکانت بەتاڵ دەبنەوە، پردەکان دەسوتێن، رێگاکان دوورتر دەکەونەوە، وەک دووریی نێوان مرۆڤەکان، مرۆڤەکان نازانن دوورن لە یەکتر، مردنیان نزیکە و ژیانیان دوور، لە ناو تونێڵی یەکتری دەرۆن، لە ناو قەفەزی یەکتری دەخۆن و دەڕین.


پەیوەندییە جوانەکان پووکانەوە بووە رابردوو و نەمان، سوپاس مرۆڤ ئەو هەموو جوانیی و رۆناکییەت هەڵوەراند، پڕتکردین لە تاریکیی و ژان لە خەمی رۆژ تژی، لە سەری دەڕژێ ئازار، لەو پەیوەندییە بێ هەستەت ناگەم نازانی لە کوێوە هاتووی بۆ کوێ دەڕۆی، مرۆڤ من ماندووم ماندوو، لێنەگەڕای خۆشتبوێم ئەی جوانترین ئازار و مەزنترین زام، ئەوانەی خۆشمویستن مردن کوژران، کات نییە لەسەر تەرم و گۆڕیان بگریم، کات نییە و ژیان مرد، دەزانم لە واتای مردن ناگەی.


کێشەت هەیە لە گەیشتن لە بیستن و بینین و گوتن
ئەی بوونەوەری لە خۆت جوانتر و رەقتر لە ئاسن
لە ناو تەرم و گۆڕی خۆت وەرە دەرێ مرۆڤت خۆشبوێ
لەگەڵ کۆتر بفرە ئاسمان بکە نیشتمانت
سەرێ لە دارستاندە و گوێگرە
کۆکردنەوەی ئەو هەموو ژانەی لێتڕژا ئاستەمە
لە خۆت ببورە و گۆرانی فێربە، هاتنەدەرەوە لە خۆت جوانترین پەیوەندییە بە دەرەوە
لە دەرەوەی خۆت دەتوانی جوان و نەرم وەک لۆکە بی
وانەی بەخشندەیی بخوێنە فێرە سۆزبە
چ بوونەوەرێک بە رژان جوان بووە
لە ناو مردن بڕژێی دەبیە تەرم
تەرمبوون باڵندە ناچریکێنێ، گۆرانی بۆ مردن نییە
ئاو گۆڕ نییە، دۆلفین تەرم ماچ ناکا ئاوی شێڵووش ناتگرێ بە خۆی
تەرم نافرێ، ئاسمان لە گۆڕ ناچێ، تەرم هەڵناگرێ ئاسمان، کۆتر ناتبا
زەوی پڕبووە لە تەرم، ژیانیان لێناشت، زەوی گۆڕستانێکی گەورەیە مردوو لێیناژی
ژیان پێویستی بە خەندەیەکی مرۆڤە تا لە تەرم بێتەدەرێ
بە دوای مرۆڤێکی زیندوو وێڵە ژیانی خۆشبوێ
بەسەر شانمەوە دەگری ئەو هەموو خوێنە چبوو رژا مرۆڤ تێنوێتی نەشکا
حەزی بە بینینی مەرگە بەو هەموو برینەوە کۆر نەبوو
لە ناو تەرمی خۆیدا مرد و نەژیا
ئەڤینی تەرمە و ئاڵوودە بە چوونە ناو مەرگ
هەر بوونەوەرە و ئاڵوودەبووە بە ئارەزووێکی بچووک تەنها مرۆڤە مەرگ ئاودەدا
چێژ لە تەرم وەردەگرێ ،حەزی لە مەرگە
مەرگی نزیکە و ژیانی تەرمە
دەرگای لەسەر پشتە میوانداریمان دەکا مردن
کوا ژیان لە ناو ئەو هەموو تەرمە
هەموومان ون دەبین و دەڕۆین
بۆ مردن دەژی، مردن ئاودەدەی
ئاوەدانییەکی خەمگینە ژیان راودەکەی
لە ناو ئەو هەموو قەفەزەی رەنگ و ئاینەدا تەرم ئاودەدا
تژیت لە جنۆکەی کۆرە و گای شێت
بە تاڵی لە پەپوولەی ژیان کورت
میهر و بەخشندەییت کوا
زەوی پڕبووە لە گای کۆرە و جنۆکەی شێت
ژیان رژا و زەوی مردنی لێیە
دوای خۆت تاریکیتی بکوژێنەوە
زەوی پێویستی بە هەناسە و روناکییە
لە ناو خۆشەویستیی خۆتت بمنێژە
بێ ئەڤینی تۆ ناژیم، زەویش بێ ئەڤین
بەهەشت و ئازادییت باش مرۆڤە تەرم.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک