په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٢\٢٠١١

ته‌وه‌ری رووخانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆریی و بنه‌ماڵه‌ییه‌کان. - ٩ -

 

ئازاد ئارمان:

ئەو ئەزموونانەی میسر و تونس

دەبێ ببێتە مەشخەڵی رێگه‌ی ئێمە

لە پێناوی بەدیهێنانی دونیایەکی باشتر لە کوردستان.

 

سازدانی ته‌وه‌ر: ئه‌مڕۆ

 

رووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی تونس و میسر ئه‌وه‌نده‌ کاریگه‌ر بوون، که‌ هه‌موو خه‌ڵکی جیهانیان به‌ خۆیانه‌وه‌ خه‌ریک کردووه‌ و بوونه‌ته‌ بابه‌تی کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆک و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌وروپا و ناوچه‌که‌ و نواندنی هه‌ڵوێستی چاوه‌ڕواننه‌کراو. له‌ وڵاتانی رۆژه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش خه‌ڵک به‌و جموجوڵانه‌ و ده‌سکه‌وته‌کانی تا ئێستای خۆشحاڵ بوونه‌ و هه‌ست به‌ وره‌ و ئومێدێکی پتر ده‌که‌ن بۆ به‌ده‌سهێنانی ژیانێکی باشتر و ئازادیی و ده‌سه‌ڵاتێکی زیاتر. دوا به‌دوای ئه‌و جموجوڵانه‌ هه‌رچی سه‌رۆک و پاشا و رابه‌ری شۆڕشی وڵاتانی ناوچه‌که‌یه‌ که‌وتوونه‌ته‌ خۆیان و پاره‌ و پوول و به‌ڵێنی سه‌وز و سوور ده‌به‌خشنه‌وه‌. هه‌روا که‌سایه‌تی و حیزب و لایه‌نی سیاسی ئۆپۆزسیۆنیش لێره‌ و له‌وێ تووره‌گه‌یان بۆ ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌و جموجوڵانه‌ ئاماده‌ کردووه‌.

ماڵپه‌ڕه‌که‌ی ئێمه‌ش - ئه‌مڕۆ - به‌ گرنگییه‌کی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و جموجوڵانه‌ و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که زه‌مینه‌خۆشکردن و فه‌راهه‌مکردنی ده‌رفه‌تێک بۆ‌ لێکدانه‌وه‌یان و ئاشناکردنی خوێنه‌ران پێیان خۆی له‌ خۆیدا وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌که‌ به‌ به‌شێک له‌و ئه‌رکانه‌ی که‌ بۆ خۆی داناوه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ پێویستمان زانی ئه‌م ته‌وه‌ره‌ ئاماده‌ بکه‌ین و ئه‌م پرسیارانه‌ی خواره‌وه‌ ئاراسته‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێز بکه‌ین:

 

‌ئه‌مڕۆ: به‌ ڕای ئێوه‌ هۆکاره‌کانی ئه‌و خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینانه‌ چین که‌ تا ئێستا له‌ وڵاته‌کانی ڕۆژه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بۆ رووخاندنی ده‌سه‌ڵات ڕوویان داوه‌؟

 

ئازاد ئارمان: سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر گرنگترین ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمرۆ سیستەمی سەرمایەداری بە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی یەوە لە قەیرانێکی قووڵ دایە سەرەتا لە چەند ساڵی ڕابروودا ئەم قەیرانە لە ڕۆژئاوا سەری هەڵدا بە تایبەتیش لە ئەمریکا دواتریش بە شێوەیەکی گشتی ئەوروپاشی گرتەوە و ئێستاش ئەم قەیرانە بەردەوامە و پسپۆران و ئابووریناسانی بۆرژوازیش ناتوانن نکۆلی لەم قەیرانە بکەن و کە بە گەورەترین قەیرانی سەرمایەداری ناسیێنراوە دوای ئەزمەی سالانی سییەکانی سەدەی بیستەم. دیارە ئەوەی ئەمرۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ڕووی داوە و لە داهاتووشدا پێدەچێت ڕووبدات لە چوار چێوەی ئەم قەیرانە گشتی یە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتمەندی خۆیەوە. بۆ نموونە وڵاتی میسر کە گەورەترین وڵاتی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 80 ملیۆن مرۆڤە. کە ڕێژەی بێکاری لە 15% زیاترە،40% دانیشتوانی خەڵکی ئەم وڵاتە ڕۆژانەیان کەمتر لە $2 دۆلارە،لەم لاشەوە 100 سەرمایەداری میسری سەروەت و سامانەکەیان زیاترە لە 90%ی سامانی نیشتمانی تەواوی میسر. لە وڵاتێکدا دەیەها کەس گیانیان لە دەست دا لە پێناو بە دەست هێنانی نان بۆ خێزانەکانیان لە سەفی دوور و درێژی نان کرین دا. لە گەل ئەوەشدا نەبوونی بچووکترین ئازادی سیاسی، ئازادی ڕێکخراوبوون، ئازادی ڕادەربرین و زیندانی کردنی موخالفینی سیاسی و قەبوول نەکردنی تەواوی ڕەوتە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی ...هتد. سەرەڕای ئەمانەش بوونی سیستەمێکی دیکتاتۆری ڕەها و لە وڵاتی میسر و سەرپاکی جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کەمترین ئازادی تیایدا بوونی نی یە. بەڵام نابێت ئەمەشمان لە یاد بجێت ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا ڕاستەخۆ بەشدارە لە زۆربەی زۆری دانان و پشتیوانی بەردەوامی لەم رژێمە دیکتاتۆرانەی ڕۆژهەڵات لە پێش هەمووشیانەوە پشتوانی بەردەوام لە رژێمی موبارەک تاوەکو چەند سەعاتێک پێش ڕووخانی. ئەمانەی سەرەوە کە باسمان کرد خاڵی هاوبەشی زۆربەی رژێمە ستەمکارەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستە. کە بوونەتە هۆکاری سەرەکی بۆ هاتنە مەیدانی جەماوەری چەوساوە لە دژی ئەم نیزامە ستەمکار و زۆردارانە.

 

 

‌ئه‌مڕۆ: به ‌پێی لێکدانه‌وه‌ی ئێوه‌، ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ چی ده‌بن که‌ دوای ئه‌م راپه‌ڕینانه‌ به‌سه‌ر ئه‌م وڵاتانه‌دا دێن؟

 

ئازاد ئارمان: بە بۆچوونی من ئاڵوگۆرەکان لە هەر وڵاتێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و شێوازی جیاواز بە خۆوە دەگرن، ئەویش پەیوەندی هەیە بە تەرازووی هێزەوە یاخود ڕوونتر بڵێین بە کێشمەکێشم و خەباتی چینایەتی یەوە و ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا بە گشتی و چینی کارگەران بە تایبەتی. سەرەتا خرۆشانی جەماوەر لە دژی چەوساندنەو هەژاری و دیکتاتۆری خۆی لە خۆی دا هەنگاوێکی پێشرەوانەیەو شکانی تەلبەندی زولم و ستەمکاری دەوڵەتە (کە بۆرژوازی بە ئاژاوەگێر و تێکدەرانی یاساو ڕێسای دەوڵەت تاوانبارمان دەکەن). بەڵام ئەوە لای کرێکارانی سۆسیالیست ڕوونە و مێژووی شۆڕش و ڕاپەرینە کرێکاری و جەماوەری یەکان ئەوەیان سەلماندووە، لە ناوبردنی و رژێمی فەرمانڕەوا هەنگاوی یەکەمی شۆڕشە و قۆناغی کۆتایی شۆڕش نی یە. ئەوەی ئەمرۆ لە تونس و میسر ڕوویانداوە رێک شۆڕش هەنگاوی یەکەمی بڕیووە و بۆ سەرکەوتنی تەواوی شۆڕش پێویستمان بە شۆڕشی بەردەوامە. موبارەک وازهێنانی خۆی لە سەرۆک کۆماری ڕاگەیاند، بەڵام دەسەڵاتی دا بە سوپا. ئایا سوپا لە بەرەی شۆڕش دایە؟ مێژووی رابردووی میسر و دەسەڵاتی موبارەک ئەوەمان بۆ نیشان دەدەن کە سوپا دەوری سەرکوت و پاراستنی تەواوی رژێمی لە ئەستۆ بووە. لە هەموو دونیاشدا هەر وابووە چەکی دەستی چینی سەرمایەدار بووە بۆ سەرکوت و پاراستنی مولکداریەتی تایبەتی. کارل مارکس زۆر جوان پێناسەی سوپا دەکات کە چ دەوریکیان هەیە لە مێژوودا پێیان دەڵێت "پیشەسازی سەربڕین". خۆ لە خۆرا نیە دەوڵەتی ئەمریکا ساڵانە ٣ بلیۆن دۆلار دەدات بە سوپای میسر. دیارە دەوری سوپای میسر جیاواز لە سەرکوتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی میسر، ئەرکێکی تریشی لە ئەستۆ بووە، ئەویش پاراستنی توندی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە لە ناوچەکە. خاڵێکی تریش بۆ سەرکەوتنی تەواوی شۆڕش خۆ ڕێکخستنی کارگەران و چینە بەشخوراوەکانی میسرە لە ڕێکخراوەی پیشەیی و پارتی سیاسی (پارتی شۆرشگێر). بە بێ بوونی ئەمانە شۆڕش ناتوانێ سەرکەوتن بە دەست بێنێت. دیارە ئەمرۆ چینی کارگەران و بەشمەینەتەکانی میسر و تونس لەم پرۆسە شۆڕشگێرییەدان.

 

‌ئه‌مڕۆ: ئه‌گه‌ری روودانی ئه‌و جموجوڵانه‌ له‌ کوردستاندا تا چ راده‌یه‌که‌؟ له‌و رووه‌وه‌ چ لێکدانه‌وه‌یه‌کتان بۆ په‌رچه‌کرداری خه‌ڵکی کوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌کان(ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن) سه‌باره‌ت به‌و جموجوڵانه‌ هه‌یه‌؟

 

ئازاد ئارمان: لە پرسیاری پێشووتر دا باسی ئەوەم کرد هەر وڵاتە و چەند تایبەتمەندی خۆی هەیە، سەرەرای ئەم تایبەتمەندییانەش کوردستان هەندێ تایبەتمەندی تریشی هەیە لەوانەیە ئەم تایبەتمەندی یانە لە میسر نەبێت یاخود لە ئێران نەبێت. بۆ نموونە کوردستان جیا لە فەلەستین تاکە شوێنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێشتا مەسەلەی نەتەوایەتی تیایدا چارەسەر نەکراوە. بوونی مەسەلەی نەتەوایەتی قورسایی داناوە لە سەر گەشەسەندن و چەندایەتی و چۆنایەتی خەباتی چینایەتی. ئەم کێشەیە وای کردووە چینی کارگەران بە گشتی وەکو هێزێکی سەربەخۆی سیاسی دەرنەکەون وەکو کرێکارانی میسر یاخود کرێکارانی تورکیا یان ئێران. بەڵام سەرەرای ئەمانەش لە بیست ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی نوێنەرایەتی دەسەڵاتی چینی سەرمایەداری کوردستان بووە، لە بەرامبەر چینی کارگەران. لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا چەندین خۆپیشاندان و مانگرتن و نارەزایەتی ڕووی داوە. یەکەمین کێشمەکێش لە ڕووداوەکانی ئازاری ساڵی 1991 دا دەستی پێکرد، کە شێوازێکی سیاسی بە خۆوە گرت ئەوش لە نێوان دوو ئەلتەرناتیڤ بوو بەرەی کوردستانی لە هەوڵی ئەوەدا بوو دەسەڵاتێکی حیزبی باوکسالاری لەسەرەوەڕا داسەپێنی بە سەر جەماوەردا. ئەوی تریان ئەڵتەرناتیڤی کارگەران (بزووتنەویی شوورایی) بوو کە لە تیکۆشانی بەردەوام دا بوو بۆ دەسەڵاتداریەتی جەماوەری کارگەران لە خوارەوەڕا.

 

ئەمرۆ جوولانەوەی نارەزایەتی سەرتاسەری لە کوردستان وجودی هەیە. ئەم نارەزایەتی یانە هەر لە کێشەی بێکاری ،کەمی کرێی کرێکارانی لە سەر کار، نەبوونی خزمەتگوزاری لە زۆربەی مەیدانەکاندا،گرانی هەموو ڕۆژەی بازار، نەبوونی قانوونی کارێکی کرێکاری، کێشەی کارەبا، گەندەلی لە سەرەوە بۆ خوارەوەی تەواوی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی باوکسالاری پارتی و یەکێتی، نەبوونی ڕێکخراوەی پیشەیی و جەماوەری و کۆنترۆل کردن و دروستکردنی سەندیکای زەردی سەر بە دەوڵەت لە لایەن ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە، مەسەلەی ژنان بە گشتی و کوشتنی هەموو ڕۆژەی ژنان لە بیست ساڵی ڕابردوودا، نەبوونی ئازادی سیاسی تەواو و کوشتنی موخالفینی سیاسی و هەروەها کوشتنی ڕۆژنامەنووسان...هتد نەبوونی ئەمانەی سەرەوە وا کردووە جوولانەوەیکی نارەزایەتی پێکبێت لە کوردستاندا. بەڵام بە بۆچوونی من ئەم جوولانەوەیە زۆر پەرش و بڵاوەو کەمترین ئاستی ڕێکخراوبوونی تیایدا مەوجودە. بۆیە ئەم جوولانەوە- نارەزایەتی یە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هاتۆتە مەیدان بۆ ماوەیەکی کورت و دواتر پاشەکشەی پێکراوەو چۆتەوە شوێنی خۆی. ئەوەی بە مەسەلەی ئۆپۆزسیۆنیش دەگەرێتەوە، ئەم ئۆپۆزسیۆنەی لە کوردستان هەیە، بە هیچ جۆرێک ئەم داخوازی و داواکاری یانەی جەماوەرەی چەوساوە و ژێردەستەی نییە، لە لایەن ئەوانەوە کاری بۆ ناکەن و لە ئامانج و بەرنامەی ئەم ئۆپۆزیسۆنە نی یە. ئەوەی ئامانجی ئەوانە سازانە لە گەل ئەحزابی دەسەڵاتدار لە سەر مەوقیعیەتی حیزبەکەیان چەند وەزیر و کاربەدەستیان هەیە لە دەوڵەت، مانگانە چەند کۆمەکی دارایی وەر دەگرن ...هتد. ئەوەی دیارەو ئۆپۆزسیۆن شانازی پێوە دەکات خەباتی پەرلەمانی یانە. کە لای هەموومان ڕۆشنە لە ماوەی رابردوودا نەیانتوانی وە هیچ یاسا و بریارێک بە قازانجی جەماوەر بگۆرن. لە یەکگرتوو و کۆمەل وە بگەرە تاوەکو بزووتنەوەی گۆڕان.

 

بە بۆچوونی من ئەم جوولانەوە نارەزایەتی یە، ئەولەویەت پێویستی بە ڕێکخراوبوونە لە هەموو ئاست و ڕیشەو پیشەکاندا، بەبێ ڕێکخراوبوون خەباتەکەیان بە فیرۆ دەروات و چینی فەرمانرەوا بە ئاسانی دەتوانێ پاشەکشەیان پێ بکات. ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتیش بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت جەماوەر فریوو بدات و بیکات بە قەلغانێک بۆ مەرامە سیاسی یەکانی خۆی لە بەرامبەر پارتی یەکێتی دا. ئەگەر نا ئەوەی گۆڕان پروپاگەندەی بۆ دەکات هەمان سیستەم و یاسا و ڕێساکانی پارتی و یەکێتی یە و تەنها جێگۆرکێی کورسی دەسەڵاتە.

 

بزووتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری پێویستی بە شێوازێک لە بەرەنگاربوونەوە و ڕێکخراوبوون و  هەیە لە خوارەوەڕا. چەکی کارای ئێمە لە بەرامبەر دەسەڵات مانگرتن و خۆپیشاندان و خەباتی سەرشەقامە. هەروەها پێویستیمان بە بەرەیەکی یەکگرتووی جەماوەری هەیە لە نێوان بزووتنەوە و پیشە جیاوازەکان. کە زۆربەی زۆری بزووتنەوەی نارەزایەتی لە دەوری پلاتفۆرمێکی یەکێتی کاری شۆڕشگێرانە کۆبکاتەوە. هەر ئەم شێوازەی ئەمرۆ لە چەندین وڵاتی ئەورپا و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا جوولانەوەیەکی بەرەنگاربوونەوەیان لە دژی سەرمایەداری و رژێمە دیکتاتۆرەکان دروست کردووە، نموونەی بزووتنەوەی ئەنتی سەرمایەداری و بەرەی یەکگرتووی جەماوەری لە دژی رژیمە سەرکوتکەرەکان نموونەی تازە زیندووی تونس و میسرو ئێران ...هتد.

 

‌ئه‌مڕۆ: به‌ رای ئێوه‌ ده‌بێ خه‌ڵکی کوردستان چ وانه‌ و ئه‌زموونێک له‌و جموجوڵانه وه‌ربگرن؟‌

 

ئازاد ئارمان: سەرەتا بە بۆنەی ڕووخاندنی دیکتاتۆری 23 ساڵەی تونس و دیکتاتۆری 30 ساڵەی میسر. بە تایبەتیش گەورە دیکتاتۆر،ستەمکاری خوینڕێژ،بەکرێگیراوی ئیمپریالیزم،نۆکەری ئیسرائیل،نۆکەری ئەمریکا حوسنی موبارەک. پیرۆزبای گەرم لە ئێوە و لە تەواوی کارگەران و شۆڕشگێران و شۆڕش دۆستانی کوردستان بکەن. هەر وەکو سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ و ڕابەری شۆڕشی ڕوسیا فلادیمیر لینین دەڵێت: "شۆڕش ڤیستیڤالی چەوساوەکانە" بەڕاستی وایە ئەمرۆ شۆرشی میسر و تونس بۆتە گەورەترین ڤیستیڤال بۆ چەوساوەکانی جیهان.

 

شۆڕشی تونس و میسر ئەوەیان بۆ هەموو دونیا بە کوردستانیشەوە جێگیر کرد نەک شۆڕش دەتوانرێ بەرپا بێت بەڵکو دونیایەکی جیاواز لەم دونیایەی ئێستا لە توانادایە.لە گەل ئەوەشدا، شۆڕشی میسر و تونس ئەوەشیان جێگیر کرد کە "سۆسیالیزم ئاواتێکە قابیلی جێبەجێ بوونە". هەروەها دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەوە رابکێشم کە شۆڕشی تونس و میسر وەڵامێکی پراوپرە بۆ لیبرالەکان و ناسیونالیستەکان و پۆستمۆدێرنەکانی کوردستان کە لە رابردوودا بەردەوام دژایەتی بیروباوەری سۆسیالیستی یان دەکرد و، پروپاگەندەی ئەوەیان دەکرد شۆڕش و گۆڕانی شۆڕشگێرانە لە جهیانی عەرەب و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا ڕوونادات. ئەم تێزانەشیان لە ژێر هەژموونی لیبرالیزمی نوێی ڕۆژئاوایی دا بوو. بە بەرپابوونی ئەم شۆڕشانە ئەم تێزانەی ئەوانی پوچەڵکردەوە.

 

کارل مارکس لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا دەڵێت: " کۆمۆنیستەکان لە ئەزمونی مێژووی و نێونەتەوەییەکانی چینی کرێکارانەوە دەتوانن بڕیارەکان گشتی بکەنەوە.." ئێمەش ئەمرۆ لە کوردستان پێویستیمان بەم ئەزموونە هەیە بۆ ئەوەی بتوانین بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەری بەرەو پێش بەرین. چونکە بە ئەزموونی تاکە کەسی ناتوانین بەم ئامانجەکانمان بگەین. مارکس لە ئەزموون و خوێندنەوەی تاکە کەسی نەبوو بەم ئەنجامگیرە گەیشت کە پێویستیمان بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا هەیە، بەڵکو ئەوە شۆڕشی کۆمۆنەی پارس و دیکتاتۆری بۆرژوازی فەرەنسی بوو مارکسی بەم ئەنجامگیریە گەیاند. هەروەها ئەوە لینین نەبوو بیری شورایی دامەزراند لە ڕوسیا، بەڵکو کرێکارانی پترۆگراد بوون لە شۆڕشی ساڵی 1905 دا ئەم شێوازە لە ڕێکخراوبوونیان پێکهێنا. کە بوو بە ئولگۆیەک بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی 1917 دا. کەواتە لە کۆتایی دا بەم ئەنجامگیرە دەگەین، مەسەلەی ئەزموون و وانەکانی هاوچینەکانمان چەکێکی پڕبەهای تێکۆشانی جەماوەری کوردستانە بۆ گەیشتن بە تاک بە تاکی ئاوات و ئامانجە دوورو نزیکەکان. هەر وەکو شۆڕشگێری سۆسیالیست و دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی بەریتانی تۆنی کلیف دەڵێت: " ئێمە پێویستە لە رابرددووەوە وانە فێربین تاکو خۆمان ئامادە بکەین بۆ داهاتوو. دەبێ ئابووریناسی مارکسیستی بخوێنینەوە هەتا لەو ناکۆکیانە تێبگەین کە لە سیستمی سەرمایەداری دا هەیە و ئەو هێزانە بناسین کە لە هەناویدا دەبنە هۆی تەقینەوە. بۆ ئەوەی بتوانین ڕابەرایەتی بکەین دەبێ توانای پێشبینی کردنمان هەبێت بۆ ئەوەی پێشبینیش بکەین دەبێ تێگەیشتنێکی تیۆریانەی ڕوونمان هەبێت بۆ ئابووری، کۆمەڵگە، سیاسەت، مێژوو و فەلسەفە."

 

سەرەڕای هەموو ئەمانەی سەرەوەش نەک هەر پێویستە سوود لە وانە و ئەزموونەکان وەربگرین. بەڵکو ئەبێت لە هاوپشتییەکی ئەنتەرناسیونالی بەردەوام دا بین. چونکە مێژوو ئەوەی سەلماندووە بۆمان بە بێ بوونی هاوپشتی کرێکاری لە سەرتاسەری دونیا، ناتوانین سەرکەوتن بە دەست بێنین. وەکو ئەوەی لە کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی ڕووسیا دوای ئەوەی کرێکاران دەسەڵاتیشیان گرتە دەست. بەڵام بە هۆی قەتیس مانەوەی شۆڕشی کرێکاران لە یەک وڵاتدا. شۆڕش لە درێژماوەدا شکستی خوارد. ئەمرۆ ئەم هاوپشتی یە لە هەموو کات زەروور ترە بۆ چینی کرێکارانی جیهان. ئەو ئەزموونانەی میسر و تونس دەبێ ببێتە مەشخەڵی رێگه‌ی ئێمە لە پێناوی بەدیهێنانی دونیایەکی باشتر لە کوردستان.

 

١٥\٢\٢٠١١

 ماڵپەڕی ئازاد ئارمان