په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 ١٤\١١\٢٠١٠

ته‌وه‌ری دژی له‌ سێداره‌دان: - ١٠ -

 

د.ھەژار عوسمان مەعروف:

ئامانجی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسی تۆقاندنی نەیارانی دەسەڵاتە.

 

 

بەمەبەستی تیشکخستنە سەر کاریگەرییە زیانبارەکانی سزای لە سێدارەدان لە رووی دەروونییەوە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵ و بەگشتی کۆمەڵگا، بەرێز ئاکۆ خەلیلزاد نوێنەری سەنتەری دژی لەسێدارەدان لە کوردستان، ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵ، بەرێز د. ھەژار عوسمان مەعروف، پسپۆڕی دەروونیی- دکتۆرا لە ئەڵمانیا، ئەنجامداوە تا بەرێزیان سەرنجەکانی خۆیان لەم رووەوە بخەنەروو.

 

ئاکۆ خەلیلزاد: لەڕووی دەروونییەوە سزای لە سێدارەدان چۆن دەبینن ؟


د.ھەژار عوسمان مەعروف: ئەو کەسەی چاوەڕوانی ئەم سزایە دەکات ھەموو ساتەکانی ئەو چاوەڕوانیە لە زیندانەکەیدا لە ئەشکەنجەدایە: ترس لە مردن و ئازاری کاتی لەسیدارەدان، کەمخەوی و نائارامی و بێئۆقرەیی زۆر، نائومێدی، دوریش نیە ھەست بە پەشیمانی بکات لەوەی کردویەتی، لەمەیشەوە ھەست بە گوناھکردن. یا ھەست بە بەزەیی بەخۆدا ئەگەر تاوانەکەی نەکردبێ. ھەتا ماوەی چاوڕوانیکردنەکە درێژتر بێت، ئەشکەنجەی چاوەڕوانی درێژتر دەبێت. دوریش نیە جاروبار ھەست بکات بە ئومیدی لێبوردن لە حوکمەکە و ئازادبون لە زیندان.

ئاکۆ خەلیلزاد: ‌لەو کۆمەڵگایانەی کە سزای لە سێدارەدان تێیدا بەرێوە دەچێت بە گشتی ترس و دڵەراوکێ لە کوشتن ھەمیشە سایەیی ھەیە بەسەر کۆمەڵگاوە، ئایا ئەمە چ کاریگەرییەکی خراپ وزیانباری دەبێت لەسەر دەروون وباری سایکۆلۆجی و ھەڵسوکەوتی رۆژانەی مرۆڤەکان ولە ئاکامدا ئەم کۆمەڵگایە لە رووی تەندروستییەوە چ جۆرە مرۆڤگەلێک بەرھەم دێنێت؟، بەمانایەکی تر کاریگەری سزای لە سێدارەدان لە ڕووی دەروونییەوە لەسەر کۆمەڵگا چیە؟


د.ھەژار عوسمان مەعروف: حوکمی لە سێدارەدان و پیادەکردنی کارێکی توندوتیژە مرۆڤ بەرانبەر مرۆڤ دەیکات. ئامانجە پەروەردەییەکەی بۆ ترساندنی مرۆڤەکانی دەرەوەی زیندانە کە تاوان نەکەن و پەند وەربگرن، ئامانجە سیاسیەکەی ئەگەر تاوانەکە سیاسی بوو، بۆ تۆقاندنی ھەموو نەیار و دژەکانی دەسەڵاتە کە ئامانجی کۆتایی حوکمی موتڵەق و دیکتاتۆریەتە بەسەر ھەموو کۆمەڵدا، ئەمە وادەکات کە ئەندامەکانی ئەو کۆمەڵە لە مەیدانی سیاسەت و کاروبارەکانی وڵات پاسیڤ بن و دەسبگرن بە کڵاوی خۆیانەوە، بەمەش داھێنانی تاکەکان کەمدەبێتەوە و کۆمەڵیش پێش ناکەوێت.

ئاکۆ خەلیلزاد: کاتێک مرۆڤەکان لە دایک دەبن ھەموو سادە وپاک ومیھرەبان و بێزیانن، ئایا تۆ وەک پزیشکێکی دەرووناسی و شارەزا لەوبوارەد‌ا پێت وانییە کە بوون وجێبەجیکردنی سزای لە سێدارەدان وکوشتن لەلایەن دەسەڵاتەوە کە بەرپرسیاری یەکەمی کۆمەڵگە وخەلکە، دەبێتە ھۆی چاندنی تۆوی رق وتۆڵەسەندنەوە وکوشتن لە مێشک وبیرو دەروونایندا و سەرئەەنجام لە جیاتی مرۆڤی تەندروست و میھرەبان و بەخشندە وحەزکردن بە بە پێکەوەژیان، ئەمە کاریگەری دەبێت لەبەرھەمھێنانی مرۆڤگەلێک کە توندوتیژی و ھەستی رق وتۆڵەسەندنەوە زاڵ بێت‌ بەسەریاندا؟

د.ھەژار عوسمان مەعروف: بێگومان لە دەروونیی کەس و کاری لەسێدارەدراودا سۆزە نەباشەکانی توڕەیی و ڕق و تۆڵەسەندن و غەم و نائارمی و نائومیدی بەتایبەتی لەو ماوە کورتەی دوای لەسێدارەدانەکە، دەھەژێ و زاڵدەبێت بەسەریاندا و ژیانیان ناخۆش دەکات کە ئەمەش کارێکی خراپ دەکاتە سەر منداڵەکان و ھەموو ئەندامانی خێزانەکە. خۆ ئەگەر ئەم سۆزە نەرێنیانە کەم نەبنەوە و نەڕەوێنەوە ئەوا ژیانی ئەو خێزانە تەواو دەشێوێنێ و لەخراپترین حاڵەتیشدا دورنیە تۆڵسەندنەوەشی‌ بەدوادا نەیەت کە کوشتنی یا ھەوڵدانی کوشتنی ئەو دوژمنەیە کە ھۆکاری لەسێدارەدانەکەیە، بەمەش کێشەکە ئەوەندەی تر ئاڵۆز و قوڵ دەبێتەوە.

ئاکۆ خەلیلزاد: ئەمرۆ ژمارەیەکی زۆر زیندانی کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە لە زیندانەکانی ھەرێمی کوردستان و عیراقدا ژیان بەسەر دەبەن و ھەندێکیان ماوەیەکی دورودرێژە لە چاوەروانی جیبەجیکردنی ئەو سزایەدان بەسەریاندا بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بریاری لە سیدارەدانەکە جێبەجێناکرێت وەک ناوچەکانی سلێمانی، ئایا چاوەرێکردن یان ئەم ماوە درێژە لە جاوەرێکردنی مردن بە ھەڵواسین بە پەتدا یان بە کوشتن بە فیشەک، ئەم ئینسانانە دەگەیەنێتە چ ئاستێکی خراپ و ویرانکەر ودارووخاو لە رووی دەروونی و فکری و تەنانەت جەستەیی و باری تەندرووستییەوە؟


د.ھەژار عوسمان مەعروف: بە ڕای من چاوەڕوانی کردنی ئەنجامدانی سزای مردن ئەگەر بۆ ١ ڕۆژیش بێت ھەر ئەشکەنجەیە، نەک ھەر بۆ زیندانیەکە بەڵکو بۆ کەس و کاریشی‌، من دژی ئەشکەنجەم بە ھەمو جۆرەکانیەوە! بۆیە دەبێت کێشەی ئەم بە مراندن حو‌کمدراوانە ھەرچی زوترە بە شێوەیەکی ڕاست و ڕەوا چارەبکرێت.

ئاکۆ خەلیلزاد:
لەسێدارەدان و ھەڵواسین بە ئاشکراو لەبەرچاوی خەڵک وەک ئەوەی لە ئێران ئەنجام دەدەرێت ، لە ڕووی دەروونییەوە چەند کۆمەڵگا بەرەو کۆمەڵگای توندوتیژ ئاڕاستە دەکات ؟


د.ھەژار عوسمان مەعروف: لەسێدارەدان و ھەڵواسین بە ئاشکراو لەبەرچاوی خەڵک کارێکی ھۆڤیانەی وەحشیگەریە، ئامانجەکەی سیاسیە بۆ تۆقاندنی نەیاران و دو‌ژمنانی دەسەڵاتی سیاسی، پەیامەکەی بۆ ھەموو کۆمەڵ‌ ڕون و ئاشکرایە کە کەس نابێت ھەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی بدات، ئەوکەسەشی جورئەتی ئەمەی کردو کەوتە دەست دەسەڵات سزای مەرگ دەدرێت بە سەریدا. ترس و نائومێدی و غەم و توڕەیی یان خەمساردی و گوێندەدان بە ئازار و ئەشکەنجەی ئەویدی ئەو ھەست و زۆزانەن لە دڵ و دەروونیی تەماشاکەران دا دەھوروژێت و ھیچ خۆشی و سودێکیان نیە نە بۆ خۆیان و نەبۆ کۆمەڵەکەیان.

ئاکۆ خەلیلزاد: ئایا لە روویی زانستی و پزیشکی دەروونناسییەوە لە سیدارەدان و ترس و تۆلەکردنەوە بە کوشتن تا چەند ئامرازێکی گونجاو و زانستییە بۆ بەرگرتن بەئەنجامدانی تاوان لە لایەن تاکەکانی کۆمەڵگاوە؟ یان ئەوەتا ریگەی گونجاوتری زانستی ھەیە بۆ چاکسازی تاوانباران و بارھێنانەوەیان و گەراندنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا وەک مرۆڤھایەک تا ژیانی ئاسایی خۆیان جارێکی تر دەستپێبکەنەوە، ھەر وەک ئەوەی لە ووڵاتانی پێشکەووتوو کە سزای لە سێدارەدان تیایاندا قەدەغەکراوە پەیرەو دەکرێت.

د.ھەژار عوسمان مەعروف: لەو وڵاتانەی حوکمی مراندنیان تێدایە بۆ نمونە ھەندێ لە ولایەتەکانی ئەمریکا ڕێژەی تاوانی کوشتن کەمتر نەبوە، تەنانەت حوکمی مراندن بەھۆی کاری سیاسیشەوە ھەر نەبۆتە ‌ھۆی ئەوەی کاری سیاسیی موعارەزە دژی حوکم کەمتر بێت ،باشترین نمونە خۆمانین کە حوکمی مراندنی تێکۆشەرەکانی خەباتی نەتەوایەتی لە لایەن داگیرکەرانی کوردوستان نەبۆتە ھۆی ئەوەی کورد لەترسی حوکمی مراندن واز لە خەباتی ڕەوای خۆی بێنێ. ڕێگای ڕاست بۆ چاکسازیی تاوانباران تۆڵکردنەوە نیە لێیان، (گاندی) لەسەر پرینسیپی (چاو بە چاو و ددان بە ددان) گوتویەتی ئەگەر ئەم سەرەتایە پیادەبکرێت ئەوا نیوەی کۆمەڵ چاوی یەکتری دەردێنن و نابینا دەبن. دەستە و تاقمەکانی کۆمەڵی مەدەنی و دەسگاکانی حوکومەت دەبێت ھۆکان و ڕەگ و ڕیشەکانی تاوان نەھێڵن، بە ھاندان و دنەدانی کولتوری بێوەیی و ئاشتیخوازی لە چارەکردنی ناکۆکیەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ، پەرەپێدانی فھرھەنگ و ھونەر و ئەدەب و وەرزش و ڕۆشنبیریی گشتی. نەھێشتنی بێکاری و بێپیشەیی بە دانانی بەرنامە بۆ فێربونی پیشە جۆراوجۆرەکان. نەھێشتنی نەداری بە بەدیھێنانی عەدالەتی ئابوری و کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی کە ئیمڕۆ لە کوردوستاندا لە ئەندازەبەدەر قوڵتر بۆتەوە.

ئاکۆ خەلیلزاد:
بە بڕوای بەڕێزتان چی بکرێت بۆ ئەوەی کە سزای لە سێدارەدان ھەڵوەشێتەوە و کاریگەری دەروونیی لەسەر کۆمەڵگا کەم بکرێتەوە ؟

د.ھەژار عوسمان مەعروف: ئێستا پرۆژەیاسایەک لە بەردەم پەرلەمانی کوردوستان دایە بۆ ڕاگرتنی حوکمی مراندن، پێویستە ڕێکخراوە نادەوڵەتیەکانی(NGOs) پشتگیری لەم پرۆژەیاسایە بکەن بە بەستنی کۆڕ وسیمینار و بە بەکارھێنانی میدیاکانی بینین و بیستن و نوسین و ئینتەرنێت، بۆ نمونە حەقیەتی پسپۆڕانی یاسایی بانگێشتن بکرێن بۆ بەستنی کۆڕ و سیمیناری تایبەت بەم بابەتە تا بۆمان ڕونبکەنەوە بۆچی لە ڕوانگەی یاسایی و یاساناسانەوە حوکمی مراندن ھەڵەیە و دەبێت ڕابگیرێت.

 

_____________****************_____________
 

سه‌نته‌ری دژی له‌سێداره‌دان

00447783902098

anti.execution@googlemail.com