په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١١\٢٠١٢

ته‌وه‌ری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ٣١ -:

گۆنا سەعید:

دەسەڵاتداران لە رێگەی کەلتوور و دابونەریتی کۆنەخواز و

ژیانەوەی دەسەڵاتی دین برەو بە هەڵاواردنی ژن و پیاو دەدا.

سازادانی: پایزە ئەحمەد  

 

 

لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:

 

پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟

 

گۆنا سەعید: ئەوەی کە زۆرێک لە پیاوان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن بە رای من پەیوەندییەکی نییە بە سروشت و هەڵکەوتەی بایەلۆژییانەوە، بەڵکو پێش هەموو شتێک پەیوەندیی هەیە بەوەی لە ژێر سایەی چ جۆرە سیستەمێکی دەسەڵات و خوێندن و فێربووندا گەشە دەکەن و گەورە دەبن. ئەوەی کە کەلتووری دەسەڵات و خوێندن و ژیانی ناو خێزان و ئەزموونەکانی نێو کۆمەڵگە چۆن باریان دەهێنێ و لەسەر چی رایاندەهێنێ. بۆ نموونە هەمومان دەزانین کە لە کۆمەڵگەدا منداڵی کوڕ لە تەمەنێکی زۆر زوەوە فێری سیفاتەکانی پیاوەتی دەکرێ، بەردەوام پێی دەگوترێ کە شەرمکردن و گریان و نیشاندانی لاوازیی و نەرمیی و ناسکیی سیفاتی مێینەن و ئەو وەک نێرینەیەک "عەیبە" کە ئەمانە لە خۆی نیشان بدا، هەروەها لە منداڵییەوە فێر دەبن کە دەستیان بۆ بۆکسە و قاچیان بۆ شەقە و بەکارهێنانی چەک و نواندنی هێزی فیزیکیی بەشێکە لە کەسایەتی و نیشانەی بەهێزیی و بە توانایی. کوڕ هەر لە منداڵییەوە ناچار دەبێ خۆی لەگەڵ ئەم پەیامانەدا بێنیتەوە بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێ بە تایبەت لە لایەن باوک و برای گەورە و هاوەڵەکانی.

 

لە کۆمەڵگەیەکیش کە بنەماکانی یەکسانیی و ئازادیی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ سەرچاوەی یاسا و کەلتوور و گەشەی عەقلیی و هزریی مرۆڤەکان نەبێ و لە سیستەمی خوێندا ئەم بەهایانە جێگیر نەبێ، ئەوا منداڵانی کوڕ هەمان ئەو پەیامانە لە فێرگا و خوێندنگاکاندا وەردەگرن و دەکەونە ژێر گوشاریانەوە. کەم نین ئەو کوڕ و پیاوانەی کە لە رووی بایەلۆژییەوە خۆیان سیفاتی نەرمیی و ناسکییان تێدایە بەڵام ناچار دەبن بە شاردنەوەی لە کەسانی دەوروبەریان، یان ئەگەر لێیان دەرکەوێ ئەوە بە ژنانی و لووسکە و وشەی تەشهیرئامێزی تر وەسف دەکرێن. لە هەرزەکارییدا ئەم فێربوون و پەیامانە پتر بەرجەستە دەبیتەوە لای کوڕان چونکە لە پاڵ بەردەوامبوونی ئەم پەروەردەیەدا لەشولاریان گەشە دەکا و دەنگیان گڕ دەبێ و تووکن دەبن و ماسوولکەکانیان وردە وردە بە هێز دەبن، لە هەمان ئەم پرۆسەیەدا پێچەوانەی ئەم پەیامانەیان سەبارەت بە مێینە پێ دەگوترێ و فێردەکرێن، کاتێک لە باری بایەلۆژییەوە دەبینن کچانی هاوتەمەنیان بە قەبارە بچووکترن و ناسک و نەرمن و هەستیارن، ئیتر هەموو ئەم پەیامانە لایان جێگیر دەبێ و دەبێتە کۆڵەگەی بیروڕایان. کاتێک کوڕان چاویان دەکرێتەوە بۆ ئەو دەسەڵات و باڵادەستییەی کە بە تەنها لەبەر ئەوەی کە نێرینەن پێیان دەدرێ لە نێو خێزان و لە نێو کۆمەڵگەدا فێر دەبن کە دەبێ دەسەڵاتیان هەبێ بەسەر خوشک و دایک و هاوسەری داهاتوویان و بە گشتیی بەسەر مێینەدا، تامی ئەو دەسەڵاتە دەکەن و پێی خۆشحاڵ دەبن و وەک بەهرەیەکی بەخشراو پێیان لە چاو ژناندا دەیبینن.

 

ئیتر ئەوە دەبێتە بازنەی داخراوی پەروەردەکردن و فێربوونی نەوە یەک لە دوا یەکەکان و ئەم باکگراوندەی پەروەردەکردن وەک هۆکاری مانەوە و بیروڕای کۆمەڵایەتی بنەمای پیاوسالاریی و هەڵاواردن جێ دەکەوێ. ئەوەی کە ئەمە وەک خۆی و بە بێ گۆڕان دەهێڵیتەوە ئەو دەسەڵاتەیە کە بەردەوام باس لە کەلتووری باو دەکا و یاساکانی کۆمەڵگە بە پێی ئەو کەلتوورە دینی و خیڵەکییە کۆنەخوازانە دەنووسێتەوە کە کۆن و دواکەوتوون و لەگەڵ دنیای سەردەمدا نایەتەوە و جاریکی تر پەیامی جیاوازییخوازیی و نایەکسانیی نێوان ژن وپیاو نەک هەر زیندوو رادەگرێ بەڵکو کار دەکا بۆ هێشتنەوەی و بەردەوامی پێدانی. گۆڕانکاریی لەو پیاوسالارییەی زۆرینەی پیاوان پەیوەستە بە گۆڕانکاریی لە سیستەمی دەسەڵات و وەڵانانی بنەماکانی جیاوازیی و نایەکسانیی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و یاسایی لەسەر هەردوو ڕەگەز بە ژن و پیاوەوە و جێگرتنەوەی بە بنەماکانی یەکسانیی و ئازادیی و مافی مرۆڤ. هەر کۆمەڵگەیەک ئەم گۆرانکارییانەی تێدا دروست بێ ئەو بازنەی چەقبەستووەی کەلتووری پیاوسالاریی تێکدەشکێنێ و خەڵکی لە رێگەی رووکردنە زانست و رۆشنگەریی و فێربوونی مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی کۆمەڵگەکانی تر گۆڕانکاریی بەسەر بیروڕای پیاوسالارانەیاندا دێ.

 

پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی چارەسەر چین لەو رووەوە؟

 

گۆنا سەعید: سەرەتا من پێم وایە هەڵەیەکی گەورە دەکەین ئەگەر پیاوان و یان پیاوان و " ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچە" بە هۆکاری چەوسانەوەی ژنان دانێین، ئەمە تەنها رووکەشی مەسەلەکەیە، ئەم ژن و پیاوانە خۆیان کۆیلە و جیبەجێکەر و پاسەوانی سەرچاوە ئەسڵیەکانی ستەم و چەوسانەوەی ژنانن. ئەگەر بە شێوەیەکی هەڕەمیی بڕوانینە سەرچاوەکانی چەوسانەوەی ژنان دەبینین کە لە سەری ئەم هەڕەمە سیستەمی ئەمڕۆی دەسەڵاتی سەرمایەداریی راوەستاوە کە لەسەر هەمان بنەماکانی سیستەمی کۆن، پیاوسالاریی و باوکسالاریی لە پێناو قازانجی پتری خۆیدا و لە پێناو دروستکردنی جیاوازیی و پەرت پەرت کردنی نێوان چینی ژێردەستی کۆمەڵگەدا دەهێڵێتەوە و پاریزگاریی لێ دەکات و لە کۆمەلگەی سەردەمدا لە رێگەی برەودان بە کەلتوور و دابونەریتی کۆنەخواز و ژیانەوەی دەسەڵاتی دین و زەقکردنەوەی جیاوازییە بایەلۆژییەکانی ژن و پیاو ئەم هەڵاواردنە برەو پیدەدا. چونکە پیاوسالاریی و کۆیلەکردنی ژنان بە هۆی دابونەریت و کەلتوور و دینەوە وەک کۆڵەگەیەکی راگرتنی ئەم سیستەمە پێوسیتە هەبێ. چونکە بە هۆی ئەم پلەدووییەی ژنانەوە لەم سیستەمەدا ژنان زۆر ئاسانتر لە پیاوان بێ کار دەکرێن، رێگەی کاریان لێ دەگیرێ، لە کاتی (تەقەشوف)دا دەردەکرێن، کرێی کەمتر وەردەگرن و لە کاری کەم نرخ و بێ بەرهەمدا زیاتر جێیان دەبیتەوە، هەروەها بە هۆی کۆت و بەندی نێو خێزان ژمارەیەکی بێ ئەژمار لە ژنان دوورن لە رۆڵگێڕان لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا، ئەمانە و چەندین دەرهاویشتەی تری چەوسانەوەی ژنان قازانج بە سیستەمی ئەمڕۆی چینی باڵادەست دەگەیەنێ. لە بەشی خوارەوەی ئەم هەرەمەدا شێوە جیاجیاکانی سیستەمی حوکمڕانی سەرمایەداریی هەر لە دیکتاتۆری و نیمچە دیموکراسییەکان و دەسەڵاتە دینییەکان و دەسەڵاتە ناسیۆنالیستەکان وەستاون کە هەر هەموویان بە بیانووی جودا جودا هۆکاری مانەوە و و برەودانن بە پیاوسالاریی و بەو پێیەش بە چەوسانەوەی ژنان.

 

زۆر جار دەڵێین کە چەوسانەوەی ژنان هۆکارەکەی پەیوەندیی بە کەلتوور و دابونەریت و دینی زاڵی نێو کۆمەڵگەوە هەیە، بەڵام کەلتوور و دابونەریت و بیروڕای دینیی و پیاوسالاریی قابیلی گۆڕان و بێ دەسەڵاتکردنە و بەو پێیەش لاواز بوونە، ئەمانە بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرییان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا کەم دەبێتەوە بە مەرجێک ئاراستەی کۆمەڵگە روو لە پێش بێ. بەڵام ئاراستەی کۆمەڵگە چۆن دەتوانێ روو لە پێش بێ؟ بەوەی کە سیستەم و دەسەڵاتێکی مەدەنی هەبێ و تێیدا لە جیاتی رێزگرتن لە دین و کەلتوور رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێ، لە جیاتی یاسای شەریعەت و کاسۆلیکی، یاسای پێشڕەو و مرۆیی و یەکسانیی هەبێ، لە جیاتی نایەکسانیی ئابووریی و قازانجی سەرمایەداران، باری ئابووریی هەموو مرۆڤەکان روو لە گەشە بێ و دابینبوونی ژیان بە ستانداردێکی باش بۆ هەمووان فەراهەم ببێ، مافی هاوڵاتیبوون و یەکسانیی و کەڵکوەرگرتن لە زانستی سەردەم و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی کار یان بیمەی کۆمەڵایەتی تێر و تەسەل بۆ هەموو کەسانێکی ئامادە بە کار دابین بکرێ. دابینکردنی ژیانی منداڵان و پیران و کەمئەندامان و... هتد. ژیانی کۆمەڵگە لە نێو بارودۆخێکی لەم جۆرە دەتوانێ مسۆگەری بەرزبونەوەی ئاستی هوشیاریی تاک و کۆمەڵگە بکا. ئەو ژن و پیاوانەی کە لە پرسیارەکەدا هاتوون وان لە بەشی خوارەوەی ئەو هەرەمە کە باسم کرد، ئەگەر ئەو هەموو نایەکسانیی ئابووریی و جیاوازییە چینایەتییە کە سیستەمی سەرمایەداری سەپاندویەتی لابەرین لەسەریان، کاریگەریی دین وکەلتوور و دابونەریت نامێنێ لەسەر ئەم ژن و پیاوانە و بەو پێیەش ئەوانیش چیتر جێبەجێکەری ئەم هەموو یاسای هەڵاواردن و چەوسانەوەیەی ژنان نابن. ئەگەر ئێمە چەوسانەوەی ژنان لە ئەستۆی تاکی پیاو دانێێن، ئەوە دەبێ بوەستین تا تاک بە تاکی پیاوان چاک دەبن. بەڵام ئەم پرۆسەی هۆشیارییە لە خوارە بۆ سەرەوە دەست پێ ناکا، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەتوانێ کاریگەر بێ.

بەڵگەم بۆ ئەم قسانەی سەرەوە نموونەی کوردستانە، با کەمێک سەیری ئەوە بکەین کە ئایا لە کوردستان یاسای فرەژنیی بۆ کێ کەڵکی هەیە جگە لە پیاوانی دەوڵەمەند و بەرپرسانی حیزبەکان؟ نیوەبەشیی ژنان لە موڵکدا خزمەت بە کێ دەکا جگە لەوانەی کە خاوەن مولک و ماڵ و سەرمایەی زۆرن؟ کێ کار دەدا بە خەڵک و بێ کاریان دەکا هەر کات پێویستی پێیان نەما جگە لە هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتی و سەرمایەدارەکانیش لە کەرتی تایبەت؟ کێ بەرپرسە لە دابینکردنی ژیانی خەڵک جگە لە دەسەڵات؟ ئەی کێ بانگەواز بۆ دەسەڵاتی پیاو و هێمایەکانی پیاوەتی و شەرەف دەکا لە نێو خێزان و لە نێو کۆمەڵگەدا جگە لە پارتی و یەکێتی و بە گشتیی هەموو حیزبە ناسیۆنالیست و دینییەکان. کێ رێگەی گرتووە لەوەی کە ژنان بچنە دادگا بۆ سکاڵاکردن لە دەست چەوسانەوە و توندتیژیی جگە لە سەرۆک خێڵەکان و دەزگاکانی (سوڵحی عەشایەریی) و هەردوو مەکتەبی کۆمەڵایەتی پارتی و یەکێتی؟ کێ رێگە دەدا کە ترس و دوودڵی لە ئازادیی و یەکسانیی ژنان هەموو رۆژانیکی هەینی بکرێ بە مێشکی باوک برا و مێردی ژناندا لە مزگەوتەکانەوە؟ کێیە کە بەردەوام لە میدیاکاندا بە رێگەی جۆراوجۆر هەڕمێن بە پلەدوویی ژنان و کەم سەیرکردنیان و گاڵتەکردن بە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیان دەدا؟

 

وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە ئەوەیە کە چینێکی دەسەڵاتدار لە کوردستان بەرژەوەندیی لە هەموو ئەم دیاردانەدا هەیە، جگە لەوەی قازانجی سەرمایەکانیان بۆ مسۆگەر دەکا، بە ئاسانیی نیوەی کۆمەڵگەشیان کە ژنان دەرگیری شەڕێکی نەبڕاوەی رۆژانە کردووە کە تیایدا باوک و برا و مێرد و کەسە خۆشەویستەکانی نێو خێزانیان لێ کردون بە پاسەوان و دوژمنی گەشەکردن و ئارەزووەکانیان، ئەگەر ژنان لە ماڵەوە گیریان خواردبێ بە دەست نێرینەی نێو خیزانیان، ئەوا ناتوانن بێنە دەرێ و داوای کار بکەن. ئەگەر ژنان لە ماڵەوە شەو و رۆژیش ئیش بکەن لە ژێر ناوی ئەوەی کە ئەمە ئەرکێکی سروشتییانە ئەوا نایەن داوای بیمەی کۆمەلایەتی بکەن، ئەگەر ژنان لە ژێر ناوی پاراستنی پیرۆزیی دین و نەتەوە و کەلتوور و (حەیا و حورمەت)دا هەموو جۆرە پاساوێک بۆ نایەکسانیی و هەڵاواردن و بێبەشیی و تەنانەت توندتیژیی و کوشتنیش قبوڵ کەن، ئیتر نایەن یەخەی دەسەڵات بگرن بۆ پاراستنی ژیانیان و دابینکردنی مووچە و ماڵ بۆیان.

 

دەسەڵاتی سیاسیی و ئابووریی و یاسایی و دینیی کە هەمووی لە دەستی پارتی و یەکێتیدایە و حیزبە ئیسلامییەکانیش لە بەشی دینەکەی شەریکیانن و هێزە سیاسییەکانی تریش بە بێ دەنگ بوونەکەیان رەزامەندن لەسەر ئەم بارودۆخەی ژنان لەبەر ئەوەی کە بەشیان هەیە لە سەرمایە و بودجەی هەرێم و کۆمپانیاکانیان هەموو سەرچاوەی ئەم نەهامەتییەی ژنانن، خۆ لە نێو ئەم دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەدا سەدان ژن هەن، لە نێو هێزە ئیسلامییەکاندا سەدان ژن هەن، بەڵام ئەمانە نەک خزمەتێکیان نەکردووە بە رزگاریی ژنان لە چەوسانەوە بەڵکو بوونەتە رووکەشی رەوشی ژنان کە گوایە ژنان بەشدارن لە سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بۆیە ئەمە پەیوەندیی بە ژنبوون و پیاوبوونەوە نییە، پەیوەندیی بەوە هەیە کە بۆ دەسەڵات وا باشترە کە نیوەی کۆمەڵگە دەرگیری کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانیی بێ بە دەستی باوک و برا و و مێردەوە لە جیاتی ئەوەی ئەویش وەک نیوەکەی تر کە پیاوانن داوای کار بکەن، داوای بیمە و دابینکردنی ژیان و ئازادیی و پێگەیان لە نێو کایەی سیاسییدا بکا.

 

پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟

 

گۆنا سەعید: تا رادەیەک وەڵامی ئەم پرسیارەم دایەوە لە سەرەوە، هەر دەبێ وا بکەین کە پەنجە راکێشین بۆ سەرچاوە ئەسڵیەکەی چەوسانەوەی ژنان لە کوردستان کە دەسەڵاتە، دەسەڵات سیاسەتێکی دوو فاقە و دووڕوو بەکار دێنێ بۆ مەسەلەی ژنان، لە لایەک خۆی دەیان یاسا و دام و دەزگای دینیی و خێڵەکیی دامەزراندووە کە بە ئاشکرا و بە نهێنیی هانی چەوسانەوەی ژنان دەدەن. میدیاکانی پڕیەتی لە سووکایەتیکردن بە ژنان و بە سروشتی مێینە و هەڵسوکەوتی ژنانە و لە بەرامبەریدا بە هاندانی "پیاوەتی" و وەسفکردنی هێزی شەڕ و شەڕخوازیی و توندڕویی پیاو. هەروا لە لایەک دەیان دامودەزگای رووکەش و بێ ناوەڕۆکی دروست کردووە بە ناوی نەهێشتنی توندتیژیی و لە لایەکی ترەوە دەزگای پۆلیس و دادگا و ئاسایشەکەی ناتوانن بە هەموویان دە کەس لە بکوژانی ژنان کە هەزارانن لە کوردستان بخەنە زیندانەوە ئەمەش بە هۆی گەندەڵی و واسیتەکردن و رۆڵ و کارکردی بەرپرسانی حیزب و زاڵیی دەسەڵاتیان بەسەر دەسەڵاتی دەزگا فەرمییەکاندا، هەروەها لەبەر بوونی دژایەتی لە نێو یاساکانی هەرێمدا. ئەم دەسەڵاتە زۆر لە قازانجیەتی کاتێک رووی رەخنەکانمان بکەینە توندڕەویی پیاوان و کەلتووری کۆمەڵگە یان لاوازیی رێکخراوەکانی ژنان، ئەمانە هەمووی خزمەت بەوە دەکەن کە ئێمە نەچینە سەر هۆکارە ئەسڵیەکانی چەوسانەوەی ژنان لە کوردستان کە شێوەی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی بنەماکەیەتی.


پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟

 

گۆنا سەعید: بە رای من چەند هۆکاریک هەیە بۆ ئەمە، یەکەمیان ئەوەیە کە لە کوردستان تا ئێستا هیچ رێکخراوێکی ژنان نییە کە نوینەری سیاسیی و کۆمەڵایەتی کێشەکانی ژنان بکا، رێکخراوێک کە ببێتە ئامرازی خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز لە بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی کۆنەپارێز و خێڵەکیی و دینیی، ئەمە بۆشاییەکی گەورەیە لە کوردستان. ئەو رێکخراوانەی کە هەن بەشێکیان رێکخراوی ژنانی حیزبیین و سەر بە حیزبەکانی نێو دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆنن کە ئیشیان راکێشانی ژنانە بۆ ناو ریزی حیزبەکانیان و خۆشەویستکردنی ئەو حیزبانەیە لە لای ژنانی دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکاندا. بەشێکی تر لەو رێکخراوانە پڕۆژەی دوای رووخاندنی دەسەڵاتی بەعس و ئەوەی کە پێێ دەڵێن کۆمەڵگەی مەدەنین کە ئەمانەش بۆ ئامانجی خێرخوازیی دیارکراو دروست بوون و زۆریان لە لایەن هەمان دەسەڵاتەوە کۆنترۆڵ کراون بە هۆی پێدانی فەند و خەرجییانەوە، ئەم رێکخراوانە دەتوانن کاری وەک رۆشنگەریی و هۆشیارکردنەوە و هەندێک خزمەتگوزاریی بکەن بە و ژنانەی تووشی کێشە دەبنەوە بەڵام ناتوانن ئامرازی خەبات و ئاڵوگۆڕی ریشەیی بن لە ژیانی ژناندا. واتە بۆشاییەکی گەورە هەیە کە بە گشتیی لە کوردستان رێکخراوەکان ناتوانن ببنە ئامرازی خەبات و هەڵسووڕانی ژنان بۆ باشترکردنی ژیانیان و نەبوونەتە ئەو دەنگەی کە ژنان پێویستیانە لە کوردستان. ژنان وەک تاکێکی کارا لە نێو تویژەکانی کۆمەڵگەدا دابەش بوون، لەم نێوەشدا بەرەو رووی کێشە و گرفتی رۆژانەی جودا جودا دەبنەوە، هەڵاواردن و نایەکسانیی و توندتیژیی بەشێکن لە ژیانی رۆژانەی ژنان، بۆ نموونە ژنانی کرێکار و فەرمانبەر و ئەوانەی کە ئامادە بە کارن کێشەی کەمیی کرێ و دەستڕانەگەیشتن بە دەرفەتی کار و خوێندنی یەکسان و پێویست بە شوێنەکانی سەرپەرشتیی منداڵ و کێشەی بێ کاریی و دانەمەزران و هەژارییان هەیە.

 

ژنانی نێو ماڵ پێویستیان بە سەردان و هۆشیارکردنەوە بە مافەکانیان و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیەشتن بە خوێندن و پشتیوانییکردنیان بۆ رزگاربوون لە دەست کۆت و بەندەکانی هێشتنەوەیان لە ماڵەوە هەیە تا بەشداریی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بکەن، لە سەروو هەموو ئەمانەوە بە گشتیی ژنان کێشەی توندتیژیی خێزانییان هەیە و پێویستیان بە راوێژکاریی و رێگەکانی دەستگەشتن بە مافە یاساییەکانیان و بوونی پارێزەری خۆڕایی و نوێنەرایەتیکردنیان لە داداگا هەیە. من پێم وایە هۆکاری سەرەکیی نەبوونی پەیوەندییەکی زیندوو و هەمەلایەنە لە نێوان ژنان و رێکخراوەکان ئەم بۆشاییە گەورەیەیە لە نێوان شێوەی کاری رێکخراوەکان و پێویستییە رۆژانەکانی ژیان و گوزەرانی ژنان بۆ یارمەتی و پشتیوانییکردنیان. هۆکارێکی تر پەیوەندیی بە کار دابەشبوونی نێوان ژن و پیاو هەیە لە روانگەی خێزان و کۆمەڵگەوە، ژنان بە هۆی ئەوەی کە وان لە ژێر گوشاری دابونەریت و چاوەڕوانییەکانی خێزان و کۆمەڵگە کە بۆیان داتاشراوە لەگەڵ ئەوەش کە بە فراوانیی بەشێکن لە هێزی کار و لە خوێندندان کەچی هێشتا کاری بێ بەرهەمی نێو ماڵ و مێردکردن و منداڵبوون و خزمەتی خێزان بە کاری سەرەکیی و یەکەم بۆ ژنان دادەنرێ، کارکردن و خوێندن و بەشداریی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابوورییدا بە کاری لاوەکی بۆ ژنان حساب دەکرێن. بۆیە رووکردنە رێکخراوەکانی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان نەبووەتە پراکتیسێکی خۆکردە.

بۆ وەڵامی بەشی کۆتایی پرسیارەکەت بە دڵنیاییەوە من لەگەڵ ئەوەدام کە رێکخراوێکی یەکسانییخوازی سیاسیی و کۆمەڵایەتی پێویستە کە دەبێ لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز دروست بێ و ببێتە جێگەیەک کە نوینەرایەتی ئەم خەباتی یەکسانییخوازیە بکا لە بەرامبەر دەسەڵاتێک کە دەیەوێ درێژە بدا بە باری ئیستای ژنان.

 

پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ رێگەچارەکانت چین؟
 

گۆنا سەعید: بە رای من کلیلی رزگاریی هەر مرۆڤێک لە دەست چەوسانەوەی پیاوسالاریی و هزر و بۆچوونی جیاوازییخوازی و رزگاربوون لەو چەوسانەوەیەی دەوروبەر لەوێوە دەست پێدەکا کە مرۆڤ لە یەکێک لە قۆناغەکانی ژیانیدا بکەوێتە پرسیارکردن لەو بەها و دابونەریتانەی کە لە منداڵییەوە وەک هەر تاکێکی تر لە رێگەی خێزان و کۆمەڵگە و قوتابخانە و سیستەمی دەسەڵاتەوە خراوەتە مێشکیەوە و وەک واقعی ژیان و کەسایەتی ئەو و چارەنووسێکی نەگۆڕ بۆی نەخشێنراوە.

پرسیارکردن لەسەر هەموو دیاردەکانی دەوروبەر کە جیاوازیی ژن و پیاو بەرجەستە دەکاتەوە، پرسیارکردن لەسەر دابونەریت، کەلتوور، دین و بەهاکانی پیاوسالاریی ئەو سەرەتایەیە کە هەموو ژن و پیاوێک دەتوانن لێوەی دەست پێ بکەن، هەڵبەت ئەم پرسیارکردنە و یاخیبوونە پێویستی بە دەرفەتە لە ژیاندا، من وەک منداڵیکی ١٢ ساڵیی خوێندەوار لە ساڵەکانی سەرەتای هەشتاکاندا کە لە شار دەژیام ئەو دەرفەتەم بۆ هەڵکەوت کە ئەم پڕۆسەیەم دەست پێ بکا و ببێتە سەرەتای یاخیبوونم لەو بەهایانە. لە بیرمە چەند شتێکی جیاواز منیان خستەسەر ئەم کەڵکەڵەیە، یەکەم وانەی "ماڵداری" لە قوتابخانە کە زۆرم رق لێی بوو چونکە مامۆستاکەمان کە ژن بوو فێری دەکردین چۆن ئەگەر لەسەر شەقام برایەکمان دی قسەی لەگەڵ نەکەین تا خەڵک وا نەزانن دەنکمانە، هەروەها فێری دەکردین چۆن لە پێش ئەوەی مەنجەڵ بشۆین دەبێ کەوچک و چەتاڵەکان بشۆین، یەکەم جار کە تووشی سووڕی مانگانە بووم بە بێ ئەوەی بزانم چیە و لە کاتێکدا کە خۆم تۆقیبووم لێی، لە لایەن پوورمەوە پێم گوترا کە باوکم دەمکوژێ ئەگەر کوڕێک دەستی بۆ بردم کە تێنەگەشتم بۆچی!!؟ هەروەها بێزارییم لە کاری نێوماڵ و شتنی گۆرەوەی براکانم کە بە زۆر دەبووا بمکردایە جگە لەو جیاوازیی و هەڵاواردنانەی کە وەک کچێکی منداڵ لە هەموو بوارێکی ژیاندا دەمبینیەوە لەگەڵ براکانم وەک بنەمای پەروەردەی هەموو خێزانێکی ترادیشناڵی کوردستانی ئەو کاتە، ئەمانە و چەند نموونەیەکی تری ژیانی دووبارەی رۆژانە لە نێو خێزان و لە قوتابخانە، لە رێگەی ئەو ئەزموونە زۆر کەمەوە لە ژیانم هەروا بوونی ژنێکی هۆشیار و خەباتگێڕ لە دەورم کە "نەسرین خان"ی شٶڕشگێڕی براژنم بوو "یادی بەرز و بەڕێز بێ" و پێش من بەو رێگەیەدا رۆشتبوو و بەردەوام منی هۆشیار دەکردەوە، هەروەها ئەو کات باوی خوێندنەوەی پەرتووکەکانی (نەوال سەعداویی) بوو کە هۆشیارییەکی زۆری لای کچانی هاوتەمەنی من دروست کرد، بە هۆی هەموو ئەم دەرفەتانە لە ژیانمدا توانیم کاریگەریی پیاوسالاریی و دین و ناسیۆنالیزم لەسەر ژیانم وەک کچێک لای خۆم بخەمە ژیر پرسیارەوە، هەروا ئەم پرسیارکردنە منی بۆ هەمیشە لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار کرد.

 

هەر کات مرۆڤ هۆشیاریی ئەوەی لا دروست بوو کە ستەمێکی لێ دەکرێ، هەروا خۆی بڕوای بەوە هەبوو کە ئەو نایەکسانیی و چەوسانەوەیە دروست کراوە و سەپێنراوە ئیتر دەست دەکا بە خەبات لە دژی، ئیتر ئەو خەباتە بە تاک بێ یان لەگەڵ گرووپێکدا بێ یان لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا بێ، ئەوە بارودۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و دەرفەتەکانی بەردەم ژیانی ئەو کەسە دیار دەکا و دواتریش پەیوەندیی هەیە بەو رێگایانەی لە ژیاندا بۆ خۆی هەڵیدەبژێرێ.

 

ئەوە منی "رزگاربوو" بووم لە دەست بەهاکانی پیاوسالاریی لە لای خۆم کە بە دوای هاوسەرێکی هاوبیری خۆمدا دەگەڕام و شووکردنم بە هەر کەسێکی تر رەت دەکردەوە تا گەیشتن بە کەسێک کە وەک خۆم بیر بکاتەوە و پیاوێکی ئازادییخواز و یەکسانییخواز بێ، ئەوە منی "رزگاربوو" بووم کە بە بێ هیج پێشینەیەک لە ساڵی ١٩٩١ دا یەکسەر خۆم خزاندە نێو بزووتنەوەی شوورایی و لە کۆبوونەوەیەکی گشییتدا بە بێ ئەوەی هیچی لێ بزانم بووم بە نوێنەری ژنانی گەڕەکی خەبات، تەنها لەبەر ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژێکی پێش دروستبوونی ئەم بزووتنەوەیە لە رێگەی برادەرێکەوە بیستم کە ئەم بزووتنەوەیە باس لە ئازادیی و یەکسانیی ژنان دەکەن. هەر لە نێو ئەو بزووتنەوەیەشدا پێگەییم و فێر بووم کە من تەنها نییم و سەدان ژن و پیاوی وەک من لەم کۆمەڵگەیەدا خەبات دەکەن، فێر بووم کە بە کەمتر لە یەکسانیی و مرۆڤبوون رازی نەبم و وەک ژنێک لە نێو ریزی خەباتی کۆمۆنیستەکاندا رێگای خۆم ببینمەوە سەرباری کێشە و گرفتە خێزانییەکان. بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا شتێکی تازەش فێر بووم ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤبوونی ژن و ئازادبوونی ژن ئەوەندە بە قووڵیی زەوت کراوە، ئەوەندە ریشەی کۆمەڵایەتی قووڵە کە دوای ئەم هەموو ساڵە هێشتا منیش هەست دەکەم هەر خەبات بۆ ئازادیی و مرۆڤبوونی خۆم دەکەم. بۆیە ئەمەم باس کرد تا بڵێم ژنانێکی زۆر هەن بە بڕوای من دەچەوسێنەوە بە دەستی پیاوسالاریی بەڵام خۆیان جارێ بڕوایان بەمە نییە کە ئەوان مرۆڤن و دەبێ بڕوایان بە رزگاریی خۆیان هەبێ، هەروا تا ئەو کاتەی کە نەهاتوونەتە سەر ئەم بڕوایە ناتوانن بڕیاری ئەوە بدەن کە لە نێو کام بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیدا و لە نێو کام هێزی سیاسییدا جێگە بۆ خەباتی یەکسانییخوازی خۆیان بدۆزنەوە، ئەوان جارێ لای خۆیان رزگاریان نەبووە و بۆیەش جارێ لە مەیداندا نیین بۆ خەباتکردن لە دژی ئەو نایەکسانییە.

 

ماڵپه‌ڕی گۆنا سه‌عید

 

_________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک