تەوەرى نووسەر و خۆکوشتن.
سازدانى: رابەر فاریق
رابەر فاریق: چى کۆمەکمان دەکات بۆ ئەوەى بزانین کە نووسەر لەڕووى جەستەیى، یاخود رۆحى لەناوچووە؟
بەڵام کاتێک باس و خواس دێتە سەر تەوەرێکى تایبەت بەخۆکوشتنى نووسەران ئەوەندەى لێرەدا دەرفەت هەبێت هەوڵى راڤەکردنى دەدەین، ئەوەى کەتایبەتە بەپرسیارەکەشتان ئەگەر مەبەستتان لەنووسەر "دانەرى" تێکست بێت، نەک نووسەر بەواتا فراوانەکەى و بوارە جیاجیاکانى نووسین. ئەوە دەکارێت بڵێین دانەرى تێکست کەئێوە بە"نووسەر" ناوى دەبەن، وەک ناوێک بۆ شووناس پێبەخشینى تێکستێک، یان ناسینەوەى بەرهەمێکى دیاریکراو، زادەى زەمەنێکى هێندە کۆن نییە. پێشتر حیکایەتخوانەکان لەپشت حیکایەتەکانەوە سەربارى بوونیان، بەڵام وندەبوون، یان لەجێى ئەوەى یەک کەس بن چەندین کەس بوون و پاش سەفەرى دوور و درێژى حیکایەتیش لەزارێکەوە بۆ زارێکى دیکە، ئەوەى نەدەناسرایەوە حیکایەتخوان بوو، لەکاتێکدا کاراکتەرى نێو حیکایەتەکان هەردەم حزوریان هەبوو.
کردنە ئەفسانەى نووسەر"دانەرى" تێکست زادەى واقیعێکى کۆمەڵ و زەمەنى بەهادانانە بۆ تاک وەک خوڵقێنەر، ئیدى ئەمە دەگاتە ئاستێک خودى حیکایەتى ژیان و بەسەرهاتى لەجێى دانەر یان بابڵێین"نووسەر" دێتە پێش تێکستەوە، بەچەشنێک وەک نمونەیەک ماجەراى ژیانى دۆستەیێڤسکى و بەسەرهات و چەرمەسەرییەکانى بۆتە ئەو کۆریدۆرەى کەخوێنەران لەوێوە دەچنە نێو پاساژى دنیاى نووسینى ئەو زاتە، ئەمە فێلێکە بۆ تەشویقکردن و راکێشانى خوێنەر و بردنە ناوەوەى بۆ نێو دیناى تایبەتى نووسین، بەڵام ئاشکرایە کەبەشێکى زۆرى ئەو خوێنەرەى ئاوا پەلکێشى خوێندنەوە دەکرێت، ئاگایەکى لەتێکست وەک خۆى نییەو ئەمەش ئیشکالێکى گەورەى دنیاى نووسینە، بەلەبەرچاو گرتنى جودایى نووسەر و تێکست. " فۆکنەر" دەڵێت:( ئەوەى کەگرنگە هاملێت و خەونى شەوێک لەنێوەڕاستى هاوین- دایە، نەک ئەو کەسەى کەنووسیویەتى، دانەر هیچ گرنگییەکى نییە، گرنگ ئەو شتەیە کەدایدەهێنێت ).
دیارە زۆر راستە دانەر"نووسەر" هیچ گرنگییەکى نییە، بەڵام ئەوەى لەمڕۆدا خودى رەخنەکارانیش کارى لەسەر دەکەن ژیان و ماجەراى نووسەرەکانە، زۆر بەسانایى لەوە حاڵیمان دەکەن مادەم کافکا باوکى لەگەڵى خراپ بووە، کەواتە تەواو دۆزیمانەوە، کۆمپلێکسى ئەو نووسەرە باوکەو ئیدى بەم چەشنە تێکست دەبێتە سفر لەئاست باڵابوونى نووسەردا و ئەگەر ئەم جۆرە خوێندنەوانەش نووزەیەک لەتێکستدا بهێڵن، ئەوە ئاستەمە تێکست و خودى نووسەرەکە لێک جودابکرێنەوە.
"مالارمێ" یەکێکە لەوانەى کەهەستى بەو گرفت و لەمپەرەکردووە بۆیە دەڵێت:( ئەوەى کەدەدوێت زمانە نەک دانەر )، دیارە ئەم گوتەیەش بەمەبەستى دانانى تێکستە لەشوێنى شیاوى خۆى، سەربارى جێهێشتنى شوێن بۆ خوێنەر، چونکە وەک دەڵێن: ( لەدایک بوونى خوێنەر پەیوەستە بەمەرگى دانەرەوە)، بەڵام بەشێکى زۆرى ئێستاى نێوەندى ئەدەبى کوردى بەنووسین و رەخنەشەوە، کارکردنێکى شەخسییە لەسەر خودى دانەر و پەیوەستە بەژیانى شەخسى و شەشنى هەڵوێست و کێشمانکێش و ململانێیەکانى و جۆرى ئینتیماى بۆ شتگەلێک یان شتێکى دیاریکراو، ئەگینا قسەو باس لەسەر تێکست بەدەر لەوەى کێ نووسیویەتى هێشتاکە جێگەى قسەو باس نییە. ئەگەر وەک گریمانێک ئەگەر لەمڕۆوە ناو نەخرێتە سەر تێکست و دانەر بخرێتە پەراوێزەوە، دەبێت چەند لەڕێژەى ئەو هەموو نووسینەى ئەمڕۆ کەم ببێتەوە، رەنگە کەسانێکى زۆر کەم بەدەر لەبوونى ناویان و ناوهێنانیان بەجدییەتەوە هەوڵى نووسین بدەن؟!.. ئەودەمیش بەڕاستى خوێنەر تووشى ئەم چەواشەکارییەى ئێستا نابێت، چونکە ئەوەى لەبەردەستیدایەو دەیناسێت تەنها تێکستە، نەک ناوێکى تەقدیسکراو کەهچ ئیرادەیەکى رەتدانەوەو بەرپەرچدانەوەو رەفزکردنى تێدا نەهێڵێت. وەک "رۆلان بارت" یش دەڵێت:( دانەر تەنها لەساتەوەختى بەرهەمهێنانیدا نەبێت بوونى نییە، منیش وەک خۆم لەئەزموونە خاکییەکەمەوە هەستم بەمەکردووە، پاش نووسین هیچ نامێنێت لەبارەیەوە بڵێم، هیچ پێوەندییەکى خاوەندارێتى و بەڕێوەبردن بەوم نابەستێتەوە ).
جا سەبارەت بەپرسیارەکەتان دەتوانم بڵێم، کاتێک دانەرمان لەدەرەوەى ساتەوەختى نووسین بینییەوەو وەک هەر کەسێکى دیکە تێمان روانى، ئەودەم دەتوانین بڵێین چى دەبێتە مایەى لەناوچوونى رۆحى یان ماتەریالى کەسێکى ئاسایى هەر هەمان شتیش نووسەریش دەگرێتەوە.
رابەر فاریق: ئەگەر نووسین رۆنانى دنیایەکى دى بێت بەوشە، دەکرێت لەهیچ حاڵەتێکدا، خۆکوشتن دەلالەت لەوەها حاڵەتێک بکات؟ یوسف عیزەدین: "فۆکنەر" دەڵێت:( هەموومان سەبارەت بەرێکردنمان لەگەڵ خەونەکانمان بەرەو کامڵ بوون شکستمان هێنا، بۆیە من سەرکۆنەى خۆمان دەکەم دەرحەق بەو شکستە گەورەیەمان بۆ بەدیهێنانى ئاستەم... هەر ئەمەشە هۆکارى بەردەوامبوونى دانەر و هەوڵدانى چەند جارەى، چونکە هەر جارەى وا هەست دەکات، کەلەهەوڵدانەکەیدا سەرکەوتوو دەبێت، دیارە بێگومانیش نایگاتێ و سەرکەوتوو نابێت.. ئەگەر توانیشى کارەکەى لەگەڵ وێنە و خەون بگونجێنێت و ئەو کارە بەئەنجام بگەیەنێت، ئەوە هیچ شتێکى بۆ نامێنێتەوە بێجگە لەبڕینى قوڕقوڕاگەى و بازدان لەترۆپکى کامڵ بوونەوە، واتە بەرەو هەڵدێرى خۆکوشتن ). کەواتە لەڕوانگەى "فۆکنەر" ەوە، دانەر کاتێک ناچارە خۆى بکوژێت گەر بەشێوەیەکى مەجازیش بێت، ئەو دەمەى دەتوانێت تێکستێکى کامڵ بنووسێت، کەواتە بەڕاى ئەو ئەوەى کەخۆکوشتنى دانەر دوور دەخاتەوە، هەوڵدانیەتى بۆ نووسینى ئاستەم یان گەیشتنە ئاستەم. دیارە ئەمەش پێچەوانەى ئەو راوبۆچوونەیە کەپێى وایە زۆرێک لەو نووسەرانەى کەخۆیان کوشتوە، هۆکارەکەى نەتوانینى نووسینى تێکستێکى جوداو جیاواز بووە، کەواتە خۆکوشتنى دانەر پەیوەست دەکەن بەشکستەوە. زۆر میتۆدى دیکەو راو بۆچوونى دیکەش هەن، کەهەریەک لەڕوانگەى جیاجیاوە مامەڵە لەگەڵ پێوەندى دانەر و خۆکوشتن دەکەن، بەڵام وەک "مالارمآ" دەڵێت:( هەموو میتۆدەکان وەهمن ).
نیگەرانى و دڵەڕاوکێمان بەرانبەر بەوەى لەمڕۆدا کامەیە بەهاکانى مرۆڤبوون، بەتایبەت مرۆڤبوون بەهایەکى سەقامگیر و جێگرى نییەو سایەو سێبەرى ریالیتەیەکى دەرەوەى خۆشى نییە. دنیاى جەنجاڵى ئەمڕۆ تەراتێن لەمابەینى ئەڵتەرناتیڤەکاندا دەکات، ئەو ئەڵتەرناتیڤانەى بنەماى و سەرکى و سەرەتاى دەرکەوتنیان نەزانراوە، ئەگەر یەکێک لەبنەماکانى زیندەبوون، بوونى ئیرادەى خوڵقاندنى ژیان بێت، ئەوە مافى نەفیکردنەوەى زیندەبوون و نەمانیش بەشێکە لەسیماکانى زیندەبوون. کەواتە خۆکوشتن بەدەر لەماهیەت و تەفسیرە نێگەتیفەکانى، ئیختیارێکى مرۆڤەو جیاواز لەبوونەوەرەکانى دیکەو بەشێوەیەکى بەرچاوتر و زیاتر لەمێژەوە لەمێژوویى مرۆڤایەتیدا شوێنجێگەى لەژیانى مرۆڤدا هەبووەو هەیە. هەربۆیە زۆربەى ئایینەکان باسیان لەخراپى کردەى خۆکوشتن کردووەو هەوڵى قەدەغەکردنى خۆکوشتنیان داوە. سەیر و سەمەرەیى خۆکوشتنى "سامۆرایى"ییەکان وەک دیاردەیەک سەرنجى زۆر کەسى راکێشاوە، یەکێک لەحیکایەتەکان باس لەگروپێکى سامۆراى دەکات، پاش تۆڵە سەندنەوە دەرحەق بەکوژرانى سەرۆکەکەیان لەدەسەڵاتدارێک و کوشتنى خۆى و دارو دەستەکەى، هەرهەموویان بەکۆمەڵ خۆیان دەکوژن!؟.. ئەوەى تائێستا بۆتە پرسیار ئەوەیە کەبۆ پاش توانستیان بۆ تۆڵەسەندنەوەو لەناوبردنى نەیارەکەیان، خۆیان کوشتوە، باشە ئەگەر خۆیان نەکوشتایە چى روویدەدا، یان پاش خۆ کوشتنیان چى روویدا، ئەمانەو زۆر پرسیارى دیکە، شایانى گوتنن؟!.
رابەر فاریق: کەنگێ پرۆسەى خۆکوشتن تێکەڵاویى ئاگایى، یان نائاگایى دەبێت؟ یوسف عیزەدین: ئێمە هەموومان وەک بوونەوەرێک هەڵگرى دوالیزمى ژیان و مەرگین، ئەمە چ وەک غەریزەو چ وەک ئەو هۆشمەندییە رێژەییەى کەهەمانە، لەگەڵ جیاوازى کات و شوێن و رۆژگارەکان. دیارە ئەوەندەى حەزمان بەدرێژبوونەوەى تەمەنمانەو هیواى پێ دەخوازین، ئەوەندەش مەرگمان لا یەقینەو دەرفەتى گومانمان نییە لێى، هەرچەندە هەن پێیان وایە زیندوو دەبنەوە، یان وەک رۆحێک لەجەستەیەکى دیکەداو بەدەوران دەروى دۆناو دۆندا دێنەوە بوون، بەڵام ئەگەر هەموو ئەمانە تەنانەت لاى باوەڕدارانیشى یەقین بووایە ئەوە لەمەرگ نەدەترسان؟!.
ئیدى زۆرجار باوەڕهێنان بەحەتمیەتى مەرگ یان هەر هۆکارێکى دیکە بەرەو خۆکوشتن پاڵمان پێوەدەنێت. لەدوایەمین ئامارى تایبەت بەرێژەى مردووانى چین ئەو راستیە دەرکەوت، کەلەسێ بەشى ئەوانەى کەمردوون بەشێکیان ئەوانەن کەخۆیان کوشتوەو زۆررترین ژمارە خۆکوژەکانیش نێرینەکانن، ئەمانە زۆر شتى دیکەى تایبەت بەخۆکوشتن، لەمڕۆیەکدا کەبۆتە دیاردەیەکى جیهانى راڤەکارى و لێوردبوونەوەى زۆر وردى دەوێت. رەنگە ئەوەى کەپەیوەستە بەهۆکارەکانى خۆکوشتنەوە کارێک نەبێت راڤەکارییە تەقلیدییەکان دەڕۆستى بێن. زۆر پەنهان و نهێنى لەنێو ئەو ساتەوەختەدا خۆى حەشارداوە کەپێى دەگوترێت ساتەوەختى خۆکوشتن. سەیر نییە زۆرێک لەوانەى کەلەژوورى لەسێدارەداندا چاوەڕێى تەنفیزى حوکمن ئەگەر ئیختیارى خۆکوشتن بخەیتە بەردەستیان ناتوانن خۆیان بکوژن و چاوەڕێى جەللاد دەکەن تا وەک قوریانییەک بیانکوژێت. بۆیە تواناى ئەو کەسەى کەدەتوانێت خۆى بکوژێت، شتێکى سەرپێى و راگوزەر نییە، ناکرێت بەتەواویش پەیوەستى بکەین بەبارێکى دەروونییەوە. سەیر نییە کاتێک وەک راستییەک پەى بەوە دەبەین کەکەسە شێتەکان و نیمچە شێت و بارى دەرووونییە شێواوەکان کەمجار هەبووە خۆیان کوشتبێت، لەکاتێکدا زۆریان دەتوانن شاڵاو بۆ کەسانى تر بەرن و تەنانەت بشکوژن؟!.
ئیدى خۆکوشتن وەک کردەیەک سەربارى هەر شتێک یەکێکە لەو کردانەى کەلەمێژەوە پاڵەوانى دروستکردووە، وەک چۆن "هانیبال" بەخۆکوشتنى بووە پاڵەوان و ئەفسانەو توانى لەکۆنترین زەمەنەوە وەک ناوێک بگاتە ئێستا. ئەم زاتە فینیقییە شتى زۆر سەیر و سەمەرەى کرد هەر لەڕێکردنى پێنج شەش مانگى نێو بەفر، بەخۆیى و سوپاکەیەو بڕینى چیاکانى ئەڵب و لەهەمووشى سەیرتر هێنانى فیل بوو لەگەڵ خۆى، تابردینیە بەدرەم دەرکەکانى رۆما، کەچى ئەو پیاوەى لەمێژوودا هێشتەوە خۆکوشتنى بوو پاش شسکت هێنانى لەبەردەم رۆمانەکاندا. شتێکى سەیرى دیکەش زۆرێک لەو بیرمەندو نووسەرانەى تیۆریزەى خۆکوشتنیان کردووە، لەبارەیەو تەنزیر و نووسینیان هەبووە خۆیان نەکوشتووە، کەچى ئەوانەى لەژیانیاندا قسەو باسێکیان سەبارەت بەخۆکوشتن نەبووە، لەئان و ساتێکدا خۆیان کوشتووە، هەر بۆ نموونە کەسێکى وەک هێمنگواى کەخۆکوشتنى زۆر نائاسایى دێتە پێش چاو، بەبەراورد لەگەڵ ژیان و تێکستەکانى، لەکاتێکدا ئەگەر کامۆ و سارتر و بیکیت خۆیان کوشتبا زۆر ئاسایى دەهاتە پێش چاو، هەرچەندە خۆیان نەکوشت و کامۆ بەڕوداوێک مرد و دوانەکەى دیکەش بەمەرگى سروشتى.
رابەر فاریق: خۆکوشتن پەیوەندى بەجورئەتەوە هەیە؟ یوسف عیزەدین: ئەگەر بڵێین بەشێوەیەکى رێژەیى خۆکوشتن پێوەندى بەجورئەتەوە هەیە، ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەى تێڕوانینمان بۆ جورئەت چییە؟!.. دەبێت بڵێین کام جورئەت ئەو جورئەتەى کەلەڕوانگەیەکى تەقلیدییەوە راڤە دەکرێت، یان ئەوەى لەڕوانگەیەکى ناتەقلیدییەوە راڤە دەکرێت.. هەرچۆنێک بێت کوشتنى خود لەکوشتنى کەسێکى دى شەریفانەتر و جوانترە، هەر هیچ نەبێت ئەو کەسەى کەخۆى دەکوژێت تەجاوز ناکاتە سەر ژیانى خەڵکانى دیکەو مافى ژیانیان لێ زەوت ناکات.
رابەر فاریق: دەکرێت دەوروبەر بچنە نێو پرۆسەى خۆکوشتنەوە؟ یوسف عیزەدین: ئیشکالی زۆرێک لەتێزە فەلسەفییەکان لەوەدایە بوون وەک خۆى و مەعریفەى ئێمە سەبارەت بەبوون تێکەڵ دەکەن، بەم شێوەیەش بوون دەبێتە چەمکێکى ئەقڵى ئەبستراکت. هەردەم پێوەندى "من" بەکەسانێکەوە کەبەقەولى" هایدگەر" بە"ئەوان" ناودەبرێن و ئەوان بەشێکن لەو دیزاینە گەورەیەى کەهەمیشە بۆشاییەکانى نێوان شتەکان پڕ دەکەنەوە تا ئەو رادەیەى هەموو شتێک دەکەنە یەک و هاوشێوە، لەمیانى ئەمەشەوە تواى کەشف و گەڕانمان سنووردار دەکرێت، رێ بەموجازەفەو هەوڵدانمان بۆ زانین سنوردار دەکرێت، بەهەرحاڵ بەمەبەستى ئەوەى درێژەى نەدەمێ دەڵێم ئەوەى کەئێوە پێى دەڵێن دەوروبەر و ئەوەى کەپێشى دەگوترێت خۆمان، لەمڕۆدا جیاکردنەوەى ئەگەر ئاستەمیش نەبێت زەحمەتە.
رابەر فاریق: بەربەستبوونى دەوروبەر لەبەردەم پرۆسەى خۆکوشتندا واتەى لێسەندنەوەى ئازادیى تاکەکەس دەگەیەنێت؟ یوسف عیزەدین: ئێمە پێش ئەوەى ئازادیى خۆکوشتنمان لێ بسەنرێتەوە هەموو ئازادییەکانى دیکەمان لێ سەندراوەتەوەو بەخۆڕا لەدنیایەکى بێمانادا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین، دواجار ئێمە جگە لەمەرگ چاوەڕێى چى تر دەکەین. وەک "تاوى"ییەکان دەڵێن: ( تاو دەفرێکى بەتاڵە، بەکاردەهێنرێت بەبێ ئەوەى کەپڕکرێتەوە ). ئیدى ژیانى ئێمە ئەو دەفرە بەتاڵەیە کەپڕ ناکرێتەوە، چونکە هەردەم خاڵییە، خاڵییە لەواتاکانى ژیان.. تۆ ئەگەر ماوەیەکى دیاریکراوت هەبێت بۆ ژیان چ واتایەکى هەیە بژیت یان بمریت، هەر هەمووى عەبەسێکەو ئێمەیەک بۆ بەدبەختیمان لەڕێى هۆشەوە درکى پێدەکەین و تامەرگ گیرۆدەى ئەو راڤەکاریانە دەبین کەهەوڵى بەخشینى مانایەک بەژیان دەدەن، بەڵام وەک راستییەک ژیان زۆر لەوە بێماناترە کەئێمە تەسەوورى دەکەین و خۆمان پێوە سەرقاڵکردووە.
|