١٢\١٠\٢٠١٢
تهوهری
پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز.
- ١٣
-:
بەهار نەسرەدین:
بێگومان، حکومەت و یاسا تاوانبارن لەو ژنکوژییە،
تەنیا رێگەی
کۆتاییهاتن بە هەڵاواردن لەسەر ژنان، جوداکردنەوەی
دینە لە دەوڵەت.

سازادانی:
پایزە ئەحمەد
لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان -
هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان
ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان
زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە
بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە
پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:
پایزە ئەحمەد:
ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە
ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە
بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک
کارتێکردنی خۆیان هەیە؟
بەهار
نەسرەدین: ئاستی پێشکەوتنی هزریی و گەیشتن بە واتا
مرۆڤایەتییەکان لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دەیسەلمێنی کە توندوتیژیی
پیاوان بەرانبەر بە ژنان سروشتیی نییە، بەڵکو تەوەر و فاکتەرەکانی
پەروەردەکردنیەتی. پیاوانی کورد لەو بارەیەوە زۆر لە دوان، هێشتا لە
قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەژین، ئەو قۆناغەی کە تێدا
پیاوان بە زەبری هێزە ماسولکەییە سروشتییەکەیان باڵادەست بوون کە
دابونەریت و دینیان داهێنا، واتە قۆناغی پیاوسالاریی.
پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری
ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان
هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی
چارەسەر چین لەو رووەوە؟
بەهار نەسرەدین:
خودی دیارکردنی جێ و شوێنی ژن لە چوارچێوەی دیندا و کردنی بە بەشێک لە
پیرۆزییەکان، بنەمای چەوسانەوە و پێشێلکردنی مافی ژنە و خودی ژنانیشی
کردوە بە ئامرازێک لە سیستەمی پیاوسالارییدا لە دژی خۆیان.
تەنیا رێگەی کۆتاییهاتن بە هەڵاواردن لەسەر ژنان، جوداکردنەوەی دینە لە
دەوڵەت. بۆ ریشەکێشکردنی، پێویستی بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا
نێوەند و پێوەری نرخاندنی مرۆڤ، تەنیا مرۆڤ بێ نەک بیروباوەڕ.
پایزە ئەحمەد:
هەر کەسێک لە ناخەوە بەو
ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ
حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟
بەهار نەسرەدین:
بێگومان، حکومەت و یاسا تاوانبارن لەو ژنکوژییە، چونکە پاراستنی ژیانی
هاوڵاتیان ئەرکی دەسەڵاتە. پیاوان، بە پشتگیریی یاسا و دەسەڵات ژنان
دەکوژن. حکومەتی کوردی نەک هەر بەرپرس نییە لە پاراستنی تاکی کۆمەڵگە،
بەڵکو خۆی سەرچاوەی کوشتاری ژنانە، چونکە هەمو هەلومەرجێکی رەخساندوە
بۆ ژنکوژیی لە رێگەی یاساوە.
پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی
بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان
رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و
ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە
بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز
پێکبێ؟
بەهار نەسرەدین: زۆربەی رێکخراوەکانی
ژنان سەر بە حیزبەکانن و بۆ بەرژەوەندیی ئەوان کار دەکەن. هەروەها
بەرپرسان و کارمەندانی بڕێک لە رێکخراوانی ژنان بەرانبەر بە کرێ کار
دەکەن نەک وەک بڕوا بە پرسی ژن. ئەمەش لە کردەوەدا دەرکەوتوە بۆیە ژنان
هیچ هێما و هیوایەکیان بەو رێکخراوانە نییە. بەشی زۆری ئەو رێکخراوانە
دامەزراون بۆ چەواشەکاریی و بۆ بەلاڕێدابردنی خەباتی ژنان و کردنی بە
ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی پیاوسالاریی.
پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە
بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە
چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان
خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی
کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟
رێگەچارەکانت چین؟
بەهار نەسرەدین: هیچ ژنێک نییە لە ژێر
سیستەمی پیاوسالارییدا زەبروزەنگ و توندوتیژیی نەبینیبێ، منیش یەکێکم
لەو ژنانە کە بەشی خۆم چێشتوومە. ئێستا من لە ئەورپا دەژیم و ئازاد و
سەربەخۆم.
رێگاچارەش هەر ئەوەیە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردوە. جوداکردنەوەی دین
لە دەوڵەت و سەربەخۆبوونی ژنان لە باری ئابوورییەوە، ئەو تەوەرە
سەرەکییانەن کە ژنان لەو بارودۆخە نامرۆییە رزگار دەکەن.
ماڵپهڕی بههار نهسرهدین
_________________________________________________
لینکی وەڵامەکانی هەموو
بەشداربووەکان:
www.emrro.com/teweripiyawanle.htm
|