١٨\١٠\٢٠١٢
تهوهری
پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز.
- ١٦
-:
خوناو سمایل:
حکومەت
نەک هەر بەرپرسیارە
لە ژنکوژیی بەڵکو تاوانباریشە،
چونکە
زۆربەی کوشتار و دەستدرێژییەکان لەژێر ئاڵای خۆیدا
ئەنجام دەدرێن.

سازادانی:
پایزە ئەحمەد
لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان -
هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان
ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان
زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە
بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە
پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:
پایزە ئەحمەد:
ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە
ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە
بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک
کارتێکردنی خۆیان هەیە؟
خوناو سمایل:
ئەو کەلتوورە سەخت و نایەکسان
و نادروستە دەرەنجامی مێژووێکی دوور و درێژی پڕ لە بەسەرهات و پڕ لە
ماندووبوونی میللەتەکەمانە کە دابونەریت و بەکارهێنانی ئاین بۆ
مەبەستێک کە دوور بووە لە پەیامی راستەقینەی خۆی، هێندەیتر جێدەستی خۆی
بە شێوەیەکی نەرێنیی لەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەلگە جێهێشتووە و هەر
تاکێک بە جۆرێک پێی چەوساوەتەوە و لە هەر هەمووانیش پتر ژنان باجی
قورسیان بەرکەوتووە و تا ئێستاش لە ژێر ئەو باجە دەناڵێنن.
بۆ خودی پێکهاتەی پیاوانیش وەک رەگەزی نێر ئەوا من پێم وایە کە پیاوان
بە گشتیی خۆ بە باڵادەستتر و بەهێزتر لە ژنان ببینن (کە هیوادارم هەڵە
بم لەو تێڕوانینەم) بۆیەش خۆپەرستتر و خۆویستتر رەفتار دەکەن. بە
تایبەتییش گەر پیاوان بەرهەمی کەلتورو مێژووێکی ماندوو و نایەکسانی وەک
مێژووی گەلەکەمان بن.
پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری
ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان
هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی
چارەسەر چین لەو رووەوە؟
خوناو سمایل: گەر لە بەرپرسیاریی ئەو چەوسانەوە و نالەباریەی ژنی کورد
دەپرسی، من دەتوانم پتر لەسەر ژنانی باشوور بدوێم کە ماوەیەکی زۆرە
میللەت لەو بەشە دەرفەتێکی باشی بۆ رەخساوە تا دەستی بە ئافەریدەکردن و
کاری چاککردن و گۆڕان لە فرە بواردا کردبا، ئەوا من پێم وایە کە هەر
هەموومان بە هەردوو رەگەزی نێر و مێ و گەورە و بچووک، رۆشنبیران و
خوێندەواران، سیاسەتمەداران و دونیادیتان، هەژار و سەرمایەداران هەر
هەموو بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە رێژەی جودا دروستکەر و هاندەری
بۆگەنییبوونی بارودۆخەکەن و کەمتەرخەمن لە کۆشش و تەقەڵای چاککردن. ئەو
کەمتەرخەمییەش دەگەڕێنمەوە بۆ نەبوونی هزری گەورە یان نەبینینی
بەرژەوەندیی گەورە لە چاککردن، سادەیی بیرکردنەوە و بێ نەخشە و پلانیی.
پایزە ئەحمەد:
هەر کەسێک لە ناخەوە بەو
ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ
حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟
خوناو سمایل: گەر باسی رۆڵی حکومەتیش بکەین ئەوا من پێم وایە حکومەت
نەک هەر بەرپرسیارە بەڵکو تاوانباریشە بەو هۆیەی کە زۆربەی کوشتار و
دەستدرێژییەکانی سەر ژنان لە ژێر ئاڵای ئەو حکومەتەوە ئەنجام
دەدرێن و
لە نێو چەند وشەیەکی بۆگەنیی وەک شەرم و ئابڕووی خاوخێزان و خێڵ و...
هتد رۆڵ ئازادیی و مافی ژنی پێ لەناو دەبردرێ.
داخ کە ژنانیش هەندێک جار هاوکارن لەو ناهەموارییەی بەسەر ژن سەپاوە کە
وا دەکا سنووری بیرکردنەوە لەو بویەرە تاڵەی تێیدا دەژین فراوانتر
نەکەین و خۆمان بە وەڵامی زۆر بچووک بۆ ئەو هەموو پرسیارە گەورانەی کە
چەندین سەدەیە بێ وەڵام ماونەتەوە رازی بکەین!
بەڵام ژنکوژیی لە دەرەوەش بە شێوەیەکی زەق دەبیندرێ. ئەمەش پتر ئەوەمان
بۆ دەردەخا کە پیاوی کورد یان تاکی کورد هەرچەندە لە سیستەمێکی
دیموکراسی و یەکسانییشدا ژیان بکا، بەڵام هێشتاش هەر دیلی دابونەریتێکی
بێ سەروبەر و نامرۆییانەیە و لە کۆششی خۆ ئازادکردندا نییە.
پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی
بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان
رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و
ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە
بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز
پێکبێ؟
خوناو سمایل: گەر هەر رێکخراوێک مەبەستی ئەوە بێ زۆرترین ژمارەی ژنان
لە خۆ بگرێ و لە دەوری خۆی کۆیان بکاتەوە ئەوە دەبێ جێی متمانە و
باوەڕی ژنان بێ. مەبەستی سەرەکیی گۆڕانی باری ژیانی ژنان لە چوارچێوەی
کۆمەلگەیەکی یەکسان و بیرێکی مرۆییانە و رادیکالانە لە خۆ بگرێ و لە
چارەسەری هەر مەسەلەیەک ئامادەی خۆبەخشین و قوربانیدانی تێدا بێ، نەک
داردەستی حیزب و سەرمایەداران بێ و بە بیری پیاوسالاریی تەماشای دۆزی
ژن بکا و هەر لەو روانگەشەوە بیەوێ ژنان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و لە
کێشە چاەرنووسسازەکانیش بە کەمترین شت و چارەی لاوەکی رازی بێ.
دیسان دەیڵێمەوە داخ! کە ئەمرۆ لە باشوور هەموو شتێک بۆتە بازرگانیی و
بەرژەوەندیی، رێکخراوەکانی ژنانیش لە کاری خۆدەرخستن و پڕوپاگەندە و
وشەی گەورە لە ژێر درووشمی رزگاریی و ئازادیی بۆ ژنان هیچی دیکە نییە
جگە لە پڕکردنی هەندێک باغەڵ و قاسە و خەزێنە، دەنا هەرگیز ئەم جۆرە
رێکخراوانە نابنە تەڕاتیی بۆ قوڕگە وشکەکەی ژنی کورد.
نامەوێ ماندووبونی هەندێک رێکخراو کە بە راستیی مەبەستیان چاککردنی
بارودۆخی ژنی کوردە فەرامۆش بکەم و لە رۆڵیان کەم بکەمەوە. وەک ژنێکی
کورد سوپاس و دەستخۆشیی لە هەموو کۆششێکی دڵسۆزانە دەکەم و هیوای
ماندوونەناسیان بۆ دەخوازم.
هەماهەنگیی لە نێوان ژن و پیاو بە مەسەلەیەکی زۆر دروست دەزانم، چونکە
لە کۆتایی نێر و مێ تەواوکەری یەکترن و بەردەوامبوونی ژیان لە
بەردەوامبوونی هاریکاریی هەردوو رەگەز دایە. شان بە شان کارکردنی
پیاوان لە رێکخراوی ژنان، وەک پردێک دەبینم کە ماوە درێژەکانی چەندین
ساڵەی نێوانیان کە بە هەر هۆیەک هەیە ژن و پیاوی کوردی لێک دوور
خستۆتەوە، نزیکتر دەکاتەوە و ئاسانکاریی بۆ لەیەکترگەیشتنن دەکا.
پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە
بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە
چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان
خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی
کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟
رێگەچارەکانت چین؟
خوناو سمایل: منیش وەک هەر ژنێکی ئەو کەلتوورە و ئەو مێژووە ماندووە بە
مسۆگەریی کەتومەتە ژێر گوشاری چەوسانەوە. وەکی دیش نا هەست ناکەم نە
هاوسەر و نە باب و نە برا ئەو نیازەیان تێدابووبێ.
ماڵپهڕی خوناو
سمایل مامه
_________________________________________________
لینکی وەڵامەکانی هەموو
بەشداربووەکان:
www.emrro.com/teweripiyawanle.htm
|