په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٠\٢٠١٢

ته‌وه‌ری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ١٧ -:

خانم لەتیف*:

حکومەت بەرپرسیارە لەو ژنکوژییە، ئامۆژگاریی دینییش بەشێکە لەوەی

کە پیاوان وا لێدەکا خۆیان لە مێینە بە جیاواز و مەزنتر ببیننەوە.

سازادانی: پایزە ئەحمەد

 

لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:

 

پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟

خانم لەتیف: سروشتى پیاو شتێکە دەتوانرێ بگۆڕدرێ، هەر چۆن سروشتى ژن لە سەرەتای ژیاندا ئەم سروشتە نەبوو بەڵام هۆکارە ئابووریی و سیاسیى و کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا هێنا ئاواش دەتوانرێ ئەم سروشتە شەڕەنگێزەى ئێستاى پیاو گۆڕانکارى بەسەردا بهێنرێ، ئەوە گرفتێکى گەورەیە ئێمە خۆ بدەینە دەست ئەو سروشتە کە دەزانین، بەرئەنجامى سیستەمە سیاسیى و کۆمەڵایەتییەکانە. ئاین، سیاسەت، ئابووریى، کارتێکەرى سەرەکیین بۆ ئەوەى ئێمە بزانین چى لەبەرهەمەکانیان دەچنینەوە، تا ئەو کاتەى ئەم سێ هۆکارەى دەسەڵاتیش تەنیا لە دەست پیاواندا بمێنێتەوە ئەوە بە دڵنیاییەوە پێشکەوتنى گەورە لەو بارەوە بەدیناکەین، سەیرى ئەم جیهانە بکە لەو پەڕیەوە بۆ ئەو پەڕى، لە هەر شوێنێک ژنان خۆیان بەشدارییان کارا بێ، لەو شوێنانە ستەمکردن لەسەر ژن کەمترە، ئەوەش دەرخەرى ئەوەیە پێشکەوتنى ژنان بەندە بە بەشداریی ژنان خۆیانەوە، ئەوە لەگەڵ ئەوەى لە کۆمەڵگەدا پیاوانێک هەن، تا رادەیەکى زۆر لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی ژناندا سۆزیان هەیە و هاوکارێکى باشن بۆ ئەوەى لە قۆناغە جیاوازەکاندا سوودیان لێوەربگیرێ.


پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی چارەسەر چین لەو رووەوە؟

 

خانم لەتیف: قسەى ئێمە لەسەر سیستەمە، واتە ئەو هۆکارەى کە بەشێک لە پیاوانیش ناچار دەکا ستەم لەسەر خۆشیان قەبووڵ بکەن، یان هۆکارە بۆ ئەوەى نەهێڵێ و رێگر بێ لەبەردەم گەشەکردنى سروشییانەى بیر و هۆشیاریى ژناندا، لە هەر شوێنێک ستەم و چەوسانەوە هەبێ، بێگومان لەو شوێنە رادەى هوشیاریی وەک پێویست نییە، ئەوە لەگەڵ ئەو راستییەى کە پەروەردەکردنى پیاوانى ئێمە هەر لە منداڵییەوە ئەو ئەرکەیان دەخاتە سەر شان، کە خۆیان لە رەگەزى مێینە بە جیاواز و مەزنتر ببینەوە، بەشێک لەو بەرنامانە لە رێگەى ئامۆژگارییە دینییەوە دەکرێ، بەشێکى تریشى پەیوەندیی بە سیستەمى خۆێندن و خانەوادەکانەوە هەیە. بۆیە دەبێ ژنان لەوە تێبگەن کە پیاوان دوژمنیان نین، بەڵکو ئەو بیرکردنەوە و سیستەمانە دوژمنیانن کە وا لە پیاوان دەکەن بڕوایان بە ستەمى سەر ژنان هەبێ و بە مرۆڤى پلە دوویان بزانن.


پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکار
یی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟

 

خانم لەتیف: حکومەت بەرپرسیارە، ئەو ژنکوژییەى ئەو دواییانە ویژدانى هەموومانى وروژاند، دەبێ ئەو بارە سنوورێکى بۆ دابنرێ، پێویستە هەموو لایەک بەرەوڕووى ببینەوە، ئەوە تەنیا ئەرکى ژنان و رێکخراوەکانى ژنان نییە لە قۆناغێکى ئاوا خوێناوییدا بتوانێ بە تەنیا بەرى پێبگرێ، ئێمە پێویستمان بە یاسایەکى سەردەمییانە هەیە، بە داخەوە پەلەمانتارەکانمان ئەو یاسایانەش برەو پێنادەن و گەرموگوڕى ناکەنەوە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستکەوتێکى بۆ ژنان هەیە، حکومەت و پەرلەمان بەرپرسیارن، ناکرێ بۆ جوانکردنى وەزارەتەکان و پەرلەمان رێژەیەک لە ژنان بە سیستەمى کۆتا ببرێنە ناو پەرلەمان و حکومەتەوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو ناهەقیانەى لەسەر ژنانە دەنگێکى بڵندن بە قەد باڵاى ئەو تاوانانە نەبیسترێ. بۆ ئەوەش رەنگە بەرپرسانى حکومەتیش قسەیان هەبێ و بڵێن ئەى ئەو هەموو هەواڵ و بڕیار و یاساسانە چییە کە بە قازانجى داخوازییەکانى ژنانە و ئێمە لە پشتەوەیانین، دیارە بە سانایى وەڵامى ئێمەش ئەوەیە کە راستە بڕیارگەلێکى زۆر هەیە بەڵام چاوى ئێمەى ژنان ئەو واقیعە تاڵە دەبینی کە ئێمەى تێداین ئەو پێشێلکارییانەى ئەنجام دەدرێن ئەوە سەنگى مەحەکە نەک دروشم و بڕیار، بە لاى ئێمەوە بڕیارەکان چونکە ئیرادەی جێبەجێکرنیان لەگەڵدا نییە هەرچەندە جوانن بەڵام وشک و بێ گیانن.


پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟

خانم لەتیف: لە رێکخراوەکەى ئێمە دامەزراندن و راپەراندنى کارەکان بۆ ژنان لە پێشتر و لە پلەی یەکەم دان، دیارە چەندین پیاوى واشمان لەگەڵدایە کە هاوشانى ئێمە و هەندێک جاریش پتر رۆڵیان هەیە لە هۆشیارکردنەوە و داکۆکییکردن لە مافەکانى ژنان، گرفتەکە لەوێدایە لە ناو ژناندا کەمتر کادیر و کەسانى پسپۆڕ هەڵدەکەون، یان کاتێک خێزان پێکدەهێنن گیرۆدەى ئەرکى خێزانیى دەبن و دووردەکەونەوە یان چالاکییان کەم دەبێتەوە، سەبارەت بە متمانەى ژنان بە رێکخراوەکان، مەسەلەیەکە پەیوەندیی بەوە هەیە کە لە نێو کۆمەڵگەدا متمانە بە شێوەیەکى سەرسوڕهێنەر کەم بۆتەوە، تەنانەت ئەو بێ متمانەییە پەڕیوەتەوە ناو پارتە سیاسییەکان و شوێنەکانى تریش، رەنگە ئەو مەسەلەیە بەشێکى پەیوەندیی بەوەشەوە هەبێ کە بەشێکى زۆر لە رێکخراوەکانى ژنان دەستکردى پیاوان بن و ئامانجى سیاسییان لە پشتەوە هەبێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لابردنى ستەمى سەر ژنان پیۆیستى بە پرۆسەیەکى درێژ و بەردەوام هەیە لە خەبات و تێکۆشان، چونکە ئەستەمە بڕوا بەوە بکەین بەو توانا و هێزەى ئێستا بتوانرێ بە ئاسانیى داخوازییەکانى ژنان بەدی بهێنرێن.

پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ رێگەچارەکانت چین؟

خانم لەتیف: من خۆم بە قەرزارى برایە گەورەکەم و دایکم دەزانم، رەنگە ئەگەر ئەوان نەبوونایە، کەسوکارەکانم رێگەیان نەدایە ئەو کەسایەتییەى ئێستا بوومایە، ترسیش لە دروستکردنى خێزان و دۆزینەوەى هاوسەرى گونجاو، پڕۆسەى هاوسەرگیریمی دواخست، خۆشبەختانە ئێستا هاوسەرەکەم هاورێمە پێش ئەوەى هاوسەرم بێ، بەڵام ناکرێ بڵێم ئێستا هیچ هەست بەو شتانە ناکەم، وەک هەر ژنێکى ترى ناو کۆمەڵگە هەست بە بوونى هزر و رامانی پیاوانەى کەسە نزیکەکانم دەکەم، هێندەى بۆشم بکرێ مامەڵەیەکى دروستیان لەگەڵدا دەکەم، چونکە ناکرێ من ئەوان بە دابڕاویی ببینم لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی کۆمەڵگە بۆیە بە شێوەیەک مامەڵە دەکەم کە هاندانى تێدابێ تا گیانى هاوکاریی پتریان تێدا دروست بکەم، خۆشبەختانە هاوسەرەکەم هاندەر و راوێژکارێکى باشە بۆ کارەکانم، ئەویش هەروەها سوودمەندە لە توانا و وزەى من، ئامۆژگارییشم بۆ ژنان ئەوەیە سەرەتا بتوانن کەسە نزیکەکانى خۆیان بە خواستى ژنان ئاشنا بکەن، بە مەرجێک شێوازەکەیان بە جۆرێک بێ کە متمانەیان لاى ئەوان پتر بکا نەک گومان و دوودڵیی دروست بکا، کاتێکیش متمانە بەهێز دەبێ ئەو کاتە دەتوانرێ زۆر کار بە ئاسانیى بگوزەرێ.

__________________________

* خانم لەتیف، سەرۆکی رێکخراوی ئاسوودە.

 

_________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک