٢٢\٨\٢٠١٢
تەوەری
ساغکردنەوەی چەمکی یەکسانیی لە گفتارەوە بۆ رەفتار.
- ١ -:
نەبەز کەمال*:
من بە راشکاویی
دەیڵێم بڕوام بەو یەکسانییەى نێوان ژن و پیاو نییە
کە مانای سڕینەوەی جیاوازییەکانی نێوان
دوو رەگەزەکە بێ..

سازادانی: نەجیبە مەحمود
بارودۆخی جڤاکیی و پرسی یهکسانیی
نێوان ژنان و پیاوان، قسه و باسی زۆر ههڵدهگرن،
هەڵبەتە سەرەکییترین و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە
ساغکردنەوەی ئهو چهمکه له گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو تهوهرێکی
تایبهت لەو رووەوە ساز بدەین، هەر بۆ ئەو
مەبەستە هێندێک نووسەر و رۆژنامەنووس یاخود
هێندێک لەو کەسانەی
کە له بواری چالاکیی رێکخراوهکانی کۆمهڵگهی مهدهنی چالاکن
یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە دەنوێنن..
دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.
نەجیبە مەحمود:
بەڕێزت وەک کەسێک کە
بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش
وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و
چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟
نەبەز
کەمال: لەوانەیە من کەمترین قسەم لەسەر ئازادیی ژنان
کردبێت و کەمترین بەشداریشم لەو چالاکییانەدا کردبێت کە تایبەت بوون بە
ژنان و مافەکانیان، هەمیشە وتوومە ژن خۆی ئەبێت لە
من باشتر بزانێت چی ئەوێت و هەوڵ بۆچی ئەدات و بەرژەوەندیی لە
چیدایە و.. ئەوەی هەمە لەو
بارەیەوە هەندێک وتارە لە
رۆژنامەکاندا کە تیایاندا بۆچوونی خۆمم لە
بارەى مەسەلەیەک یان رووداوێکى ژنانە دەرخستوە، یان وەڵامی نووسینی
کەسێکم داوەتەوە، یان یادی قوربانییەکی ژنم بەسەرکردوەتەوە.. لەوانەشە
بەڕێزت پێشتر لە میانەی قسەکردن و
کۆمێنتەکانمەوە تا راددەیەک بۆچوونم لەو پرسەدا بزانیت.
من بە راشکاویی
دەیڵێم بڕوام بەو یەکسانییەى نێوان ژن و پیاو نییە کە مانای سڕینەوەی
جیاوازییەکانی نێوان دوو رەگەزەکە بێ.. بە
پێچەوانەوە، ئەو دوو رەگەزە لە رووی
بونیادەوە جیاوازن، هەر ئەو جیاوازییە بونیادییە وا دەکات لە
رووی ئەرک و رەفتار و کۆمەڵێک شتى
ترەوە جیاواز بن.. ئەمە ئەڵقەیەکی تری
دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتییە و هیچ
نەنگییەکی تێدا نییە.. بە راستی ئەو کاتەی
ژنێک وا دەزانێت یەکسانبوونی لەگەڵ پیاو ئەوەی لێدەخوازێت وەک پیاو
رەفتار بکات و جیاوازییەکان بسڕێتەوە، ئەوە
بێ رێزیی بەرامبەر ژنبوونی خۆی دەکات.. ئەوە
وەک ئەو رەشپێستە وایە کە لە بری ئەوەی داوا
بکات وەک رەشپێستێک رێزی لێ بگیرێت، بچێت بە
بۆدرە رەنگی خۆی سپی بکات و بەوە بیەوێت بگات بە
یەکسانی و رێز بە دەست بهێنێت..
ئەمە بە کورتیی
بۆچوونی منە، ئومێدەوارم فیکرەکەم گەشتبێت...
نەجیبە مەحمود:
ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە
هەمان شێوەی هەر ژنێک - جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان
دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی - کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و
بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟
نەبەز کەمال:
من ئامادەم هاوکاریی هاوسەرەکەم بکەم لە ناو
ماڵدا ئەوەندەی بتوانم، کردووشمە. بەڵام وەک وتم هاوکاریی ئەکەم، واتە
ئەگەر بۆ نموونە ئەو سەرقاڵی موتابەعەکردنی درامایەک یان بەرنامەیەک
بێت و من هەستم چایەک لێ بنێم، ئەوە مانای وا نییە چا لێنان کاری
هەردووکمانە بە بێ جیاوازیی،
بەڵکو کاری (ئەو)ەو من وەک هاوکارییەکی (ئەو) ئەنجامم داوە.. هەموو
کارەکانی تریش بە هەمان شێوە.. من
یەکسانییەکە لەوەدا دەبینم کە وەک ژنێک رێز لە
ژن بگرم، جل شۆردن و چێشت لێنان و منداڵ بەخێوکردن و هەموو ئەو
کارانەی دیکە کە کۆمەڵگا بەسەر ئەویدا سەپاندوون بە
کاری نزمتر نەزانم لەو کارانەی کە خۆم دەیانکەم. ناسکیی
و لاوازیی بونیادیی ئەو نەکەم بە
بە هانەیەک بۆ سووکایەتیکردن پێی.
نەجیبە مەحمود:
ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان
کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی
سێکسیی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ
ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟
ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە
بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت
دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام
دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ
کردەوە؟
نەبەز کەمال:
سەبارەت بە سێکس لە
دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیریی، لێت
ناشارمەوە کە من لەو ڕووەوە
تا ئێستا پیرۆزییەکی زۆر دەدەم بەو چوارچێوەیە
و لە توانامدا نییە بیشکێنم، هەڵبەتە
لە بەرامبەرەکەشم قبووڵ ناکەم بیشکێنێت..
بەڵام قبووڵ ناکەم بەو مانایە نا کە سەری لە
ملی ئەکەمەوە.. بڕوام بەو توندوتیژییە نییە، پەیوەندیی هاوسەرگیریی،
یان دڵداریی، یان هاوڕێیەتی
سێکسیی، ئەوانە لەسەر بنەمای رەزامەندیی
دوولایەنە دائەمەزرێن، کاتێک کەسی بەرامبەرم منی نەویست زۆر بە
سادەیی منیش ئەم ناوێت و هیچی تر. واتە جیابوونەوە
و دوورکەوتنەوە لەو حاڵەتەدا شیاوترین چارەسەرە بە
بۆچوونی من.
نەجیبە مەحمود:
لهگهڵ ئهوهی پیاوانن ئهنجامدهری
دهستدرێژیین بۆ سهر ژنان، هاوکات ههر ئهو
پیاوانهن که ژن به شهرهفی خێزان
دەزانن، تۆ ئهو دوو جۆر ههڵسوکهوت
و دوو کهسایهتییەی پیاوان چۆن
هەڵدەسەنگێنی؟
نەبەز کەمال:
وا بزانم تا رادەیەک وەڵامی
ئەم پرسیارە هەمان ئەو قسانەیە کە کردوومن،
من ناڵێم شەرەف، ئەڵێم پیرۆزیی خێزان، یان پیرۆزیی پەیوەندیی..
شکاندنی ئەو پیرۆزییە لە هەر لایەکی
پەیوەندییەکەوە بێت هەمان شتە و ئەگەر
سزایەک هەبێت لایەکیان شایستەی ئەو سزایە بێت، ئەوە لایەکەی تریش
شایستەی هەمان سزایە.. ئەگەرچی ئەگەڕێمەوە و
ئەڵێم دژى سزادانم بە هەموو جۆرێک.. ئەمە
ئازادیی هەڵبژاردنە.. واتە کاتێک لایەکی پەیوەندییەکە پیرۆزیی ئەو
پەیوەندییە دەشکێنێت، ئەوە مانای وایە پەیوەندییەکە هیچ پیرۆزییەکی لاى
ئەو نەماوە لەبەر هەر هۆکارێک بێت.. ئەو کاتە هێشتنەوەى بە
زۆر لە ناو قاڵبی ئەو پەیوەندییەدا
تاوانە نەک دەرچوونی ئەو لە قاڵبەکە.
لەگەڵ ئەوپەڕى رێزم.
_____________________________
*
نەبەز کەمال:
نووسەر و رۆژنامەنووس و وەرگێڕ و...
nabaz965@yahoo.com
___________________________________________________
لینکی وەڵامەکانی هەموو
بەشداربووەکان:
www.emrro.com/tewerisaxkirdinewe.htm
|