١٢\٩\٢٠١٢ تەوەری ساغکردنەوەی چەمکی یەکسانیی لە گفتارەوە بۆ رەفتار. - ١٦ -:
سازادانی: نەجیبە مەحمود
بارودۆخی جڤاکیی و پرسی یهکسانیی نێوان ژنان و پیاوان، قسه و باسی زۆر ههڵدهگرن، هەڵبەتە سەرەکییترین و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە ساغکردنەوەی ئهو چهمکه له گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو تهوهرێکی تایبهت لەو رووەوە ساز بدەین، هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک نووسەر و رۆژنامەنووس یاخود هێندێک لەو کەسانەی کە له بواری چالاکیی رێکخراوهکانی کۆمهڵگهی مهدهنی چالاکن یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە دەنوێنن.. دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.
نەجیبە مەحمود: بەڕێزت وەک کەسێک کە بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟
جیهاد محەمەد: بڕوای تەواوم وایە هەر کەسێک دەستی برد بۆ هەر چ کێشەیەک و ویستی قسە لەسەر چارەسەری ئەو کێشەیە بکات، ئەگەر تەنیا بە قسەکردن و نووسین و لێدوان و لێکدانەوە و شیکردنەوە بوو ئەوە کارەکەی دەبێت بە قسەی زل و قەبە و هیچیتر. لە کۆمەڵگای ئێمەشەدا وەک کۆمەڵگایەکی رۆژهەڵاتی کولتووری قسەی زل و قەبە زۆر باوێتی، تا ئەو ئاستەی کە ئەم کولتوورە ئەوەندە کاریگەری هەیە کە زۆر جار و لای زۆربەی خەلکی گشتی قسەکردن و کردار لە یەک جیاناکرێتەوە، رەنگە هەر ئەوەش بێت کە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، بە تایبەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان دەتوانن تەنیا بە قسە و پەیام و دروشمی رەنگاوڕەنگ حەشاماتێکی زۆر لە دەوەری خۆیان کۆبکەنەوە. با لە بابەتەکە لانەدام، پرسی یەکسانیی ژنان و پیاوان وەک هەر پرسێکی تر بووە بە بابەتێکی پێشینەی هەر ڕێکخراوێکی شارستانی و حیزبێکی سیایسی، وەلێ نەک هەر لە جێگەی خۆیەتی بەڵکو کار گەیشتوەتە ئەوەی کە کۆمەڵی کورد بە کۆمەڵی ژنکوژ ناوزەد بکرێت. زۆر گرنگە ئەوانەی کە بە جدیی دەیانەوێت لەسەر ئەم پرسە بوەستن ئەوەی کە دەیڵین دەبێت لە کردەوەشیاندا ڕەنگبداتەوە، من بۆ خۆم لەم رووەوە دەتوانم بڵیم ئەوەی پێمکراوە کردومە و لە ژیانمدا پراکتیزەم کردوە. بەڵام نابێت ئەوە بشارمەوە ئەوەی بە گفتار کردومە زۆر زیاترە لەوەی بە کردار کردومە، کە لام وایە هەموو ئەوانەی کە یەکسانییخوازن و بەرگریی دەکەن لە پراکتیزەکردنی یەکسانیی ژنان و پیاون هەر وەک من لە گفتاردا زیاتریان کردوە وەک لە کردار، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە کردارکردنی یەکسانیی ژنان و پیاوان پێویستی بە بڕیاری سیاسی و داڕشتن و سەپاندنی ئەو یاسایانە هەیە کە ئەو یەکسانییە بە کردەیی جێبەجێ بکات، هەڵبەت ئەوە کاتێک دەکرێت کە یەکسانخوازان لەسەر حوکم بن، یان دەوڵەت و حوکمەتێکی لانی کەم سکۆلار هەبێت کە شارستانییانە بیر لەو مەسەلەیە بکاتەوە و نەخشەڕێژیی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی. هەڵبەت مەبەست لەم قسەیە شانخاڵیکردنەوە نییە لە ئەرکی پراکتیزەکردنی یەکسانیی ژنان و پیاوان لە لای هەر کەسێکی یەکسانییخواز و شارستانییەوە. هەتا ئێمەومانان لە کردەوەماندا ئەو یەکسانییە ڕەنگنەداتەوە هەوڵەکانمان مایەپووچ دەردەچێت و کاریگەریی نابێت و نابێت بە ئاکارێکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو.
نەجیبە مەحمود: ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە هەمان شێوەی هەر ژنێک - جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی - کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟
نەجیبە مەحمود: ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی سێکسیی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟ ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ کردەوە؟
نەجیبە مەحمود: لهگهڵ ئهوهی پیاوانن ئهنجامدهری دهستدرێژیین بۆ سهر ژنان، هاوکات ههر ئهو پیاوانهن که ژن به شهرهفی خێزان دەزانن، تۆ ئهو دوو جۆر ههڵسوکهوت و دوو کهسایهتییەی پیاوان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
جیهاد محەمەد: ئەم رەفتارە دووفاقییەی پیاوان، یان کولتوور دروستیکردووە یان دین، یان هەدووکیان پێکەوە، هەمیشە دین و پێش دینیش کولتووری پیاوسالاریی ژنیان داناوە بە سەرچاوەی وروژاندن بۆ پیاوان، لە کاتێکدا کە هەر پیاوان خۆیانن کە دەستدرێژیی دەکەنە سەر ژنان. ئەوە دینەکان بووە کە ئەو بیرکردنەوەیان چەسپاندوە کە ژنان وروژێنەرن بۆ پیاوان بۆیە دەبێت خۆیان بشارنەوە و خۆیان داپۆشن و پۆشاکی هاودامان بپۆشن و سەروقژیان داپۆشن. ئەوە دینە پیاوی ناشیرن کردوە بەوەی گورگێکی چڵێس لە ناخیدا هەیە و هەرکە گۆشتە رووتەکەی کەوتەبەردەست خۆی بۆ ناگیرێ و پەلاماری دەدا!!، بۆیە گۆشتی رووتی ژنان دەبێت داپۆشراو بێت. بەڵام پیاوانی رۆشنبیر و تژی لە ئاکاری کۆمەڵایەتی و مرۆییانە نەک هەر گورگ نیین بەڵکو ژنان وەک خۆیان تەماشادەکەن، زۆرن ئەو بیرمەند و فەیلەسوفە مرۆییانەی کە دەڵێن ژنان نەک هەر نیوەی کۆمەڵن بەڵکو دایکی نیوەکەی تریشن، بەم مانایەش کاتێک ژنان زوڵمیان لێدەکرێت و بێبەش دەکرێن لە مافە مرۆییەکانیان ئەوە هەموو کۆمەڵگا زوڵمی لێکراوە و بێبەشکراوە لە مافە مرۆییەکان، کەوتە رۆشنبیران و هۆشمەندان و کەسانی مۆدێرن و شارستانیی کە بەو جۆرەیە بیرکردنەوەیان گورگ لە ناخیاندا نییە، ئەوە کولتوورێکی کۆنی پیاوسالاریی و دینە کە ئەو گورگەی چاندوە لە ناخی خۆیاندا، ئەو گورگەش کاتێک بەربڵاو دەبێت و زۆرێک لە خەڵک دەگرێتەوە کە خەڵک گۆش کرابێت بە بیری دینیی و کولتووری پیاوسالاریی و کۆنەپەرستیی، بۆیە دین و کولتووری پیاوسالاریی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کە رەگوڕیشەی جەهالەت و نەزانین قووڵتربکەنەوە لە ناو کۆمەڵگادا تا بتوانن ئەو گورگە لە ناخی زۆربەری پیاواندا بڕوێنن. وەڵامی من بۆ هەڵسانگاندنی ئەو جۆرە لە پیاوان هەتا بڵێی قێزەون و ناشیرین و بێزراون و بیرکرندنەوەیەکی باو و بەسەرچووە و لەگەڵ دنیای مۆدێرنە و سەردەمدا ناگونجێت.
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
___________________________________________________ لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/tewerisaxkirdinewe.htm
|