١٤\٩\٢٠١٢
تەوەری
ساغکردنەوەی چەمکی یەکسانیی لە گفتارەوە بۆ رەفتار.
- ١٨ -:
ناڵە حەسەن:
زەماوەند لە کوێ
بێ من لەوێ نیم!
ئەگەر سێکسی
دەرەوەی
هاوسەریی بۆ نێر شیاو
و گونجاو بێ ئەوا بۆ مێش شیاو و گونجاوە.

سازادانی: نەجیبە مەحمود
بارودۆخی جڤاکیی و پرسی
یهکسانیی نێوان ژنان و پیاوان، قسه و باسی زۆر ههڵدهگرن،
هەڵبەتە سەرەکییترین
و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە
ساغکردنەوەی ئهو چهمکه له گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو
تهوهرێکی تایبهت لەو رووەوە ساز بدەین،
هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک نووسەر و
رۆژنامەنووس یاخود هێندێک لەو
کەسانەی کە له بواری چالاکیی رێکخراوهکانی
کۆمهڵگهی مهدهنی چالاکن یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە
دەنوێنن.. دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە
وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.
نەجیبە مەحمود:
بەڕێزت وەک کەسێک کە
بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش
وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و
چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟
ناڵە
حەسەن: من هەر لە منداڵیەوە
پێش تەمەنی هەرزەکاریم هەستم بە چەوساندنەوەی خۆم دەکرد. چونکە
دەسەلاتی براگەورەمان لە چوارچێوەی ماڵەوەماندا ، دەسەلاتێکی زۆر
توندوتیژ و دەتوانم بڵێم دڕندانە بوو. لە پاڵ چەوساندنەوەی خۆم هەستم
بە چەوساندنەوەی خوشکەکانیشم دەکرد. دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و
تێکەڵاوبوونم لەگەڵ دنیای خوێندنەوە و کتێب ، مەسەلەی بەرگریکردن لە
ئازادی مرۆڤ و بە تایبەت ئازادی ژن بوو بە مەسەلەیەکی
مەبدەئی زۆر گرینگ لەلای من. سەرەتای ئەم خەباتەشم لە مالەوە دەستپێکرد..
هەر زوو بووم بە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ خوشکەکانم.. خوشکێکی لە خۆم
بچووکتر کە خوێندەواری هەبوو ، لە ژێر کاریگەری من دەستی بە خوێندنەوەی
کتێب کرد ، بۆ زۆرێک شوێن ، وەک چوون بۆ شانۆگەریەکان و پێشانگاکان و
بۆنە و مەراسیمەکان لەگەڵ خۆمدا دەمبرد.. کچە پوور و کچە خاڵ و هەندێک
لە کچە دراوسێکانم بە هەمان شێوە.. بە حوکمی ئیشەکەمەوە کە لە
نەخۆشخانە کارم دەکرد لە بەشی تاقیگە ، دوای نیوەڕۆیانیش لە عیادەیەک ،
بە هۆی ئەمەوە لەگەڵ ژنان و کچانی گەڕەک
پەیوەندیم زۆر بەهێز بوو ، زۆرێک کێشە و نهێنی و شتە تایبەتیەکانی
خۆیانیان بۆم باس دەکرد. منیش کەسێک بووم هەم نهێنیەکانم دەپاراست هەم
تا ئاستێکی باش یارمەتیم دەدان. بە تایبەت لە مەسەلەی خۆشەویستی و
هەڵبژاردنی هاوسەر.. ئەگەر بە دڵی خۆیان نەبا هانم دەدان ڕەتی بکەنەوە
و ڕازی نەبن.. بیرم دێت جارێک بە هۆی
کێشەیەکی عەشائیریانە کچێکی گەڕەکەکەمان ژیانی دەکەوێتە مەترسیەوە بە
هەر شێوەیەک بێت خۆی گەیاندە لای من
، منیش گەیاندمە شوێنێک کە خۆی داوای ئەو
شوێنەی لێم کرد ، دواتر دایکیم ئاگادار کردەوە کە کچەکەیان لە کام
شوێنە. ئیتر دوای چارەسەرکردنی کێشەکەیان کچەکەیان هێنایەوە ماڵەوە و
هەموو شتەکان ئاسایی بوویەوە.. دەمەوێ ئەم حەقیقەتەش بڵێم ، لەگەڵ
دەستکردنم بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی مارکس ، ئەم هەست و مەیل و
بیرکردنەوەیەم کە بەرگریکردن لە ئازادی و حورمەتی مرۆڤ لەلام تۆختر و
قووڵتر بوویەوە. ئەمە زیاتر وێنەیەک بوو لە چوارچێوەی خێزان و گەڕەک و
لە سنووری پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکانم. لەلایەکی تر وەکو نووسەرێک و
شاعیرێک ، من لەو ڕۆژەوەی دەستم داوەتە قەڵەم ، ئەوەم لەلا ڕۆشن بووە
کە ناتوانین شیعر و ئەدەب لە مرۆڤ و بەها مرۆییەکان جیا بکەینەوە..
تەنانەت خودی داهێنان و ئیستاتیکای ئەدەب و هونەر ، بە
بێ ئاوێزانبوون لەگەڵ بەها مرۆییەکان مانایەکی نابێت.. بۆیە وەک
نووسەرێکی ئازادیخواز و خاوەن قەڵەمێکی بوێر و سەرکەش درێژەم بە شیعر و
نووسینەکانم دا. بەدیهاتنی دنیایەکی باشتر و ئازادی مرۆڤ و یەکسانی
نێوان مرۆڤەکان هەوێنی نووسینەکانی من بوون بەتایبەت ، لە قۆناغی
سەرەتا و دەستپێکردنم دا.. لەو ساڵانە
سروودێکم نووسی بەناوی (بەرە و یەکسانی) ئەم سروودە کاتی خۆی
دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو ، لە لایەن
مۆسیقا ژەنی بە توانا (پایەدار بەرزنجی) ئاوازی بۆ دانرا و دووساڵ بە
دوای یەک لە مەراسیمەکانی ٨ی مارس لە شاری هەولێر بە کۆرس
دەگووترایەوە.. لە کێشەی (کەژال خدر)یش من وەکو شاعیرێک نەمتوانی
بێدەنگ بم و شیعری (بژی عەشق بژی مرۆڤ)م نووسی.. ئەم شیعرەش لە ئاستێکی
بەرین دەنگدانەوەی خۆی هەبوو.. لەم نزیکانەش وابزانم ساڵی پار بوو..
کاتێک (بەناز جەواد)ی جوانەمەرگ ، وەک مرۆڤێکی گەنج و دڵ پڕ لە هیوا..
بەو ئومێدەوە خوێندنی تەواو کرد کە ئیشێکی دەست بکەوێت ، بۆ ئەوەی
لایەنی کەمی خەون و ئومێدەکانی بهێنێتە دی بەڵام ، کاتێک لە هەموو شتێک
نائومێد دەبێت و بە ناچاری پەنا بۆ
سووتاندنی جەستەی خۆی دەبات ، ئەم ڕووداوەش زۆر کاری تێکردم و شیعرێکم
نووسی و بەناوی (کۆشکە ڕازاوەکەی نێو خەونە سپیەکانی من) و
پێشکەشم بە بەناز کرد و هەر ئێستا تراکی ئەم دەقە شیعریەم بە
دەنگی کەسێکی تر لە پرۆفایلەکەی فەیسبووکم دا هەیە. لە ڕێکخراوی
سەربەخۆی ئافرەتانیش زۆر نزیک بووم ، هەمیشە لە کار و چاڵاکیەکان و
بۆنە و یادەکان و ڕۆژنامەکەیان هاوکاری جدیم دەکردن.
نەجیبە مەحمود:
ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە
هەمان شێوەی هەر ژنێک - جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان
دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی - کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و
بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟
ناڵە حەسەن:
زۆر بە سادەیی دەتوانم بڵێم بەڵێ. من
لەمبارەیەوە هیچ کێشەیەکم نەبووە.. بە بڕوای من کاری ناو ماڵ و منداڵ
بەخێوکردن کاری ئەو کەسانەیە کە لەو ماڵەدا دەژین بەبێ جیاوازی ڕەگەز.
هەست دەکەم هەندێک شت خۆڕسکانە لەمندا هەبووە بەڵام ، کاتێک بووم بە
کەسێکی مارکسیست هەستم کرد من خاوەن و هەڵگری فەرهەنگێکی ڕاقی و
مرۆڤانەم.. وە ئەو ڕۆژانەش کە لە ڕیزی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق
کارم دەکرد ، شێلگیرانە هەوڵمان دەدا ئەم فەرهەنگە جوانە مەدەنیە چ لە
ماڵەوە چ لە دەرەوەی ماڵ جێکەوتەی بکەین و کۆمەڵگە بەم فەرهەنگە
ڕابێنین.. بۆیە لە هەر شوێنێک درێخیمان نەدەکرد لە کۆمەک کردنیان لە
خواردن دروست کردن و ماڵ پاککردنەوە و قاپ شۆرین . بیرمە جارێکیان لە
ماڵی برادەرێک بووین ، وابزانم کۆبوونەوەمان هەبوو ، ماڵەکەش خۆیان
خێزانێکی گەورە بوون ، ئیتر دوای نان خواردن من و هاوڕێی خۆشەویستم (شاپوور
عەبدولقادر) بڕیارماندا قاپەکان بشۆین.. ژنێک و کچێکی ئەوماڵە زۆر
هەوڵیاندا ئەمکارە نەکەین ، بەڵام ئێمەش قەبووڵمان نەکرد ، ئیتر من و
شاپوور دەستمان پێکرد.. ئەوان هەر دەیان هێنا و ئێمەش دەمان شۆرد..
ناوە ناوەش دەوەستان و سەیرێکی یەکتریان دەکرد و پێدەکەنین یان
تەعلیقێکی ژنانەیان لێدەداین.. ئیتر هەر هێنایان وابزانم
هەرچی لە ماڵەکە بۆ هەفتەیەک نەشۆرابوو
هەموویان بۆمان هێنا.. جار جار شاپوور یادی بەخێر سەیرێکی منی دەکرد و
بزەیەکی گەرمی دەکرد ، وەک ئەوەی پێم بڵێ دەبخۆ ناڵە دەتەوێ قاپ بشۆیت!
ئیتر کچەکە و ژنەکە کە دڵنیا بوون هەموو شتێکیان هێناوە ، شانیان بە
شانی یەکتر دا بەدیارمانەوە وەستان ، جارجارە قسەیەکی خۆشیان
دەکرد.. ئێمەش بەرلەوەی تەواو بین شاپوور بە ژنەکەی گووت ، ئادەی دادە
توخوا سەرێکی جیرانەکانی ئەوبەر و ئەمبەریشتان بدەن بزانن هیچ قاپ
و قاچاخێکیان نیە هی ئەونیشمان بۆ بهێنن..
ئەوانیش وەک مەردان لە شریخەی پێکەنینیاندا و گووتیان ، دەبخۆن چەندمان
گووت واز بێنن وازتان نەهێنا.. جا دەتوانم بڵێم ئێمە خۆمان داهێنەری
ئەم فەرهەنگە بووین یان تامەزرۆی جێکەوتەبوونی ئەم فەرهەنگە بووین ،
ئێستا دەبێ لەمبارەیەوە چ کێشەیەکم هەبێت..؟
نەجیبە مەحمود:
ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان
کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی
سێکسیی لە دەرەوەی
هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ
ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟
ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە
بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت
دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام
دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ
کردەوە؟
ناڵە حەسەن:
بەر لەوەی ئەم پرسیارەتان وەڵام بدەمەوە
حەزدەکەم رەئی سابتی خۆم بەرانبەر بە هاوسەرگیریی بڵێم.. هەر وەک
ئەدۆنیسی شاعیر و بیرمەند لە گتووگۆیەک دەڵێ (هاوسەرگیریی
دواکەوتووترین دەزگایە بۆ مرۆڤ) منیش هەر ئەو باوەڕەم هەیە و پێموایە
هاوسەرگیری زیندانێکە بۆ عەشق ، بۆ هەست و
غەریزەکان و خەونەکانی مرۆڤ.. دیارە مارکس و ئەنجلس و زۆر بیرمەندی تر
تەئکیدیان لەمە کردۆتەوە.. ئەو باوەڕەی منیش تەنها قسەیەکی ڕووت نیە..
ئەوەتا لە بەشی دووەمی قەسیدەی ماچ لە دێرێکدا دەڵێم (زەماوەند لە کوێ
بێت من لەوێ نیم..!) بە مانای زۆر بە ئاشکرا مەسەلەی هاوسەرگیرییم
ڕەتکردۆتەوە.. لەگەڵ ئەوەش نزیکەی بیست ساڵێکە زەواجم
کردووە و زۆرجاران کێشەی جدیمان هاتۆتە پێش بەڵام بە خاتری ئەوەی
منداڵەکانمان وێران نەبن کێشەکانمان چارەسەرکردووە ، ئەوەش بەو مانایە
نیە کە من خێزانەکەی خۆمم خۆش ناوێت بەڵام ، ئەوە ڕەئی سابتی منە بۆ
هاوسەرگیریی. بۆ وەڵامی پرسیارەکەتان من ئەوە دەڵێم ، کرداری سێکسی یان
هەر کارێکی تر ، لە چوارچێوەی هاوسەرگیریی یان لەدەرەوەی هاوسەرگیریی ،
ئەگەر ئەو کارە گونجاو و شیاو بێت بۆ ڕەگەزی
نێر باوەڕم وایە هەمان کار یان کردار شیاو و گونجاویشە بۆ ڕەگەزەکەی
تریش بە بێ هیچ جیاوازیەک ، بە مەرجێک لە
تەمەنێکی گونجاو و یاسایی دا بن.
نەجیبە مەحمود:
لهگهڵ ئهوهی پیاوانن ئهنجامدهری
دهستدرێژیین بۆ سهر ژنان، هاوکات ههر ئهو
پیاوانهن که ژن به شهرهفی خێزان
دەزانن، تۆ ئهو دوو جۆر ههڵسوکهوت
و دوو کهسایهتییەی پیاوان چۆن
هەڵدەسەنگێنی؟
ناڵە حەسەن:
ڕاست دەکەن ئێمەی پیاوان زۆرجاران قسەی زل و
بریقەدار دەکەین و لە ژیانی ڕۆژانەشمان زۆرێک لەم قسانە جێبەچی ناکەین
، وەک هەندێک لە مەلاکان کە دەڵێن (بە قسەم بکەن بەڵام بە عەمەلم مەکەن..!)
دیارە منیش لەم ڕەخنەیە بەدەر نیم. بەڵام لەو
ڕۆژەوەی هەستم بە ژیان کردووە بۆ یەک چرکە و بۆ یەکجاریش شەڕەفی
مرۆڤ و خێزانم نەبەستۆتەوە بە ژن.. ئەسلەن چەمکی شەڕەف لە
لای من چەمکێکی زۆر دواکەتووانەیە و هەر نازانم ماناشی چیە. لای
من لەسەر هەموو تاکێک پێویستە تاکێکی سوودمەند بێت بۆ کۆمەڵگاکەی ، جا
ئەو تاکە هەرچیەکە ، نێر بێت یان مێ ، سپی بێت یان ڕەش ، سەر بە
هەر بیرکردنەوە و باوەڕێکە ، یان هەر جێگە و پلەوپایەکی هەیە.
ئەم هەڵسوکەوتە دوو جەمسەریەی کەسایەتی پیاوان و هاوکات گرێدانەوەی
شەڕەفی خێزان بە ژنان ، بە بڕوای من ئەمە ڕیشەکەی لە بوونی کاریگەری
زۆر تۆخی داب و نەریت و ئایین هاوکات دەسەڵاتێکی پیاوسالارانەدا هەیە.
دیارە بۆ هەموو لایەکمان ڕۆشنە لە هەر
کۆمەڵگایەک کاتێک بنەما کانی داب و نەریتێکی خێڵەکی دوواکەوتوانە
بزوێنەری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو کۆمەڵگایە بێت ، ئیتر ئازادیە
فەردیەکان و بە سووک سەیر کردنی ژنان و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان لە چ
ئاستێک دا دەبن؟! یان کاریگەری ئایین بەسەر کۆمەڵگە و بەسەر کەسایەتی
ڕۆحی مرۆڤەکان ، یان دەسەڵاتێکی پیاوسالارانەی چەماوە و ملکەچ بۆ داب و
نەریتێکی خێڵەکی و بۆ ئایین ، ئیتر لەم نێوەدا دەبێ مەسەلەی یەکسانی و
ئازادی و چەمکە مەدەنیەکان و پێشکەوتنخوازی دەبێ لە چ ئاستێک دابن..!
بۆیە زۆر گرینگە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە هەوڵی وشیارکردنەوەی
کۆمەڵگە دابن.. چونکە تا ئاستی وشیاری و مەعریفەی کۆمەڵگە بچێتە سەر
کاریگەری داب و نەریت و ئایین بەسەر کۆمەڵگە کەمتر دەبێتەوە. دەسەڵاتیش
ئەو کات زیاتر گوێ بە داخوازییەکان دەدات و
بەرو ئاستێکی باشتر کار دەکات. بە بڕوای من شتێک زۆر گرینگە بە پێویستی
دەزانم لێرەدا بیڵێم ئەویش ئەوەیە ، ژنان دەبێ هەوڵدەن بگەنە دەسەڵات و
ناوەندی بڕیاردان.. چونکە تا دەسەڵات بەم شێوە پیاوسالاریە بێت. بە
دەستهێنانی مافەکانی ژنان و ئازادیە فەردیەکانی تاک وا ئاسان نابێت.
بەڵام ئەوەش گرینگە کاتێک ژنان دەگەنە ناوەندی بڕیاردان ، تەنها
دیکۆرێکی ناشیرین نەبن. چونکە کاتێک ژنان لە ناوەندی هەستیار و بڕیار
دان لەوێندەریش بە شێوەیەکی دروست مومارەسەی
توانا و دەسەڵاتەکەی خۆیان نەکەن ، تەنها وەکو دیکۆرێک بن ، بێگومان
دەبن بە ناشیرینترین دیکۆر..! وەک ژنە پەرلەمانتارەکانی لای خۆمان ، کە
نازانن بۆچی دەستیان بەرز دەکەنەوە ، لەوێندەریش هەر پاشکۆی
پیاوان و پاشکۆی بڕیارە حیزبیەکانی حیزبی پیاوانن..! لە دواهەمین قسەشم
دەمەوێ ئەوە بڵێم کە تاوانەکان هەمووی لە ئەستۆی پیاوان نین بە تەنها ،
ژنانیش خۆیان بە ئەندازەی پیاوان تاوانبارن بەرانبەر ئەم ئەرکە مرۆییە
و مێژووییە. بە ئومێدم لەمەودوا ژنان وەک مرۆڤ مامەلەی خۆیان بکەن و
هەروەک مرۆڤیش لە خۆیان بڕوانن و هیچی تر.
سێپتەمبەری
٢٠١٢
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
___________________________________________________
لینکی وەڵامەکانی هەموو
بەشداربووەکان:
www.emrro.com/tewerisaxkirdinewe.htm
|