په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٨\٢٠١٢

تەوەری ساغکردنەوەی چەمکی یەکسانیی لە گفتارەوە بۆ رەفتار. - ٤ -:

تاهیر ساڵح:

ئەگەر کەسە نزیکەکانی من لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیریی کارێکی سێکسیی ئەنجام بدەن، ئەوە تایبەت بە ژیانی خۆیان و پەیوەندییەکی بە منەوە نییە.

سازادانی: نەجیبە مەحمود

 

بارودۆخی جڤاکیی و پرسی یه‌کسانیی نێوان ژنان و پیاوان، قسه‌ و باسی زۆر هه‌ڵده‌گرن، هەڵبەتە سەرەکییترین و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە ساغکردنەوەی ئه‌و چه‌مکه‌ له‌ گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو ته‌وه‌رێکی تایبه‌ت لەو رووەوە ساز بدەین، هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک نووسەر و رۆژنامەنووس یاخود هێندێک لەو کەسانەی کە له‌ بواری چالاکیی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چالاکن یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە دەنوێنن.. دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.


نەجیبە مەحمود: بەڕێزت وەک کەسێک کە بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟


تاهیر ساڵح: بێگومان من لە کۆمەڵگەیەکدا هاتوومەتە دنیاوە کە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و پیاوسالارانەیە. کلتوور و عەقڵی پیاوسالارانە تا سەر مۆخی ئێسقانی تاک بە تاکی ئەو کۆمەڵگەیە ڕۆچووە. کلتوور و عەقڵی پیاوسالارانە بەشیرەوە دەرخواردی ئێمە دراوە. ئێمە هەرچەند لەبارەی ئازادی و یەکسانی ژن و پیاوەوە قسەمانکردبێت، نووسی بێتمان و بنووسین و بڵێین، بەڵام هێشتا لەچەند بوارێکی کێشەی ژناندا لەژێر کاریگەریی ئەو کڵتوورە پیاوسالار و داڕزیوەداین. ئەگەر کەسانێک کە خۆیان بە داکۆکی کار لە کێشەی یەکسانی ژن و پیاو دەزانن، نکوڵی لەو ڕاستییە بابەتییە بکەن، پێش لەوەی درۆ لەگەڵ ژناندا بکەن، درۆ لەگەڵ ویژادانی خۆیاندا دەکەن.

ئەوەندەی کە بە خۆم دەگەڕێتەوە، لەو سەردەمەوە کە بە تیۆری مارکسیزم ئاشنا بووم، هەمیشە لە شەڕدا بووم لەگەڵ ئەقڵ و کڵتوورێکدا کە بە شێوەیەکی نادڵخوازانە و دوور لە ئیرادەو ویستی خۆم، کۆمەڵگە لە مێشکی مندا جێگیرکردووە. ئەم شەڕە لەگەڵ مێشکی خۆمدا، واتە لەگەڵ هەمان کلتووری پیاوسالارییدا، شەڕێکی بەردەوام و بێپسانەوەیە و لەگەڵ هەر سەرکەوتنێکمدا بەسەر ئەم کلتوورە جێگیرکراوە لەمێشکمدا، هەست دەکەم هەنگاوێک لەو حەقیقەتە نزیک دەبمەوە کە ئەوەی دەربارەی یەکسانی ژن و پیاو نووسیومە و وتومە و دەیڵێم، ئاوێنەیەکە بیر و کلتووری نوێی منی لەخۆیدا عەکس دەکاتەوە.... بەم بۆنەیەشەوە، حەز دەکەم ئەوەتان بە بیربهێنمەوە، کە لەساڵی ١٩٩٢ وە، ئەوەی بۆ ناساندنی کێشەو مافەکانی ژنان پێم کرابێت، لە نووسینەوە بگرە تا دەگاتە بەشداریکردن لە یادەکانی هەشتی مارسدا، کەمتەرخەمیم نەکردووە.

نەجیبە مەحمود: ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە هەمان شێوەی هەر ژنێک - جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی - کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟

تاهیر ساڵح: لەو سەردەمەوە کە لەگەڵ دنیای سیاسەت و خوێندنەوەدا تێکەڵ بووم، بەداخەوە نەمتوانیوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو خێزانەکەی خۆماندا بمێنمەوە. ئەوەندەی کە لە ناویاندا ژیا بم، درێخییم لە کۆمەکردنیان لەو بوارانەدا نەکردووە.

نەجیبە مەحمود: ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی سێکسیی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟ ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ کردەوە؟

تاهیر ساڵح: بەرلەوەی وەڵامێکی کۆنکرێت بە پرسیارەکەتان بدەمەوە، پێم باشە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر کێشەی سێکسیی (بە واتای ئێوە لەدەرەوەی هاوسەرگیریی) بدەم. کێشەی پەیوەندیی سێکسیی، یەکێک لە کێشە بنچینەییەکانی ژنانی کۆمەڵگە پیاوسالار و دواکەوتووەکانە. هەڵبەت لە کۆمەڵگە بە ناو پێشکەوتووەکانیشدا ئەم کێشەیە بەجۆرێکی دیکەو لە بەرگی یاسایی و بەناو بەرگریکردن لە مافەکانی ژناندا بوونی هەیە، کە قسە لەسەرکردنی هەندێک ئاڵۆزەو پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی وورد و دەقیقتر هەیە...، بەهەرحاڵ، کێشەی سێکس لەدەرەوەی پەیوەندیی تایبەت، کیشەیەکە ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی و هەیە و لە سەردەمانێکی کۆنی مێژووەوە کە جڵەوی ئیدارەکردنی سیاسیی، ئابوریی و فیکری کۆمەڵگە کەوتۆتە دەستی پیاوانەوە، ئەم کێشەیە لەگەڵ جۆرێک لە چاوچنۆکی و خۆپەرستی سێکسیی پیاوانەدا تێکەڵ بووە. ئەم دیاریدە مێژووییە پێمان دەڵێت هەر بەو شێوەیەی کە پیاو بووەتە خاوەنی هۆیەکان و ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانی ژیانی کۆمەڵایەتی، بە هەمانشێوەش خۆی کردۆتە خاوەنی هەست و نەست و جەستەی ژنانیش. هەر بەو شێوەیەی [پیاو] دەستی بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا گرتووە، بەهەمان شێوەش دەستی بەسەر هەست و جەستەی ژناندا گرتووە. پەیوەندیی سێکسیی ژنان، پیاوان دیاریانکردووە، چونکە پیاو خۆی بە خاوەنی ژن زانیوە. ئەم خاوەندارێتیە پیاوانەیە بەسەر ژناندا، لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە،لەقۆناغێکی مێژووییەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، لەچوارچێوەی دین، داب و نەریتی کۆمەڵایەتی جیاوازدا، لە شێوەی چەمکی" شەرەف و ناموس"دا شەرعیەتی پێدراوەو لە قاڵبی یاساکانیش دراوە. ئەنجامی ئەوەش بە کۆیلایەتی موتڵەقی ژنان شکاوەتەوە.

بە بڕوا و بۆچوونی من، کێشەی سێکسیی ژنان لە دەرەوەی هاوسەرگیریی، کێشەیەکە کۆمەڵگەی پیاوانە بەرهەمیهێناوە و کێشەیەکی دەستکردی پیاوە. کێشەکە ئەگەر دوور لە حەسادەتی پیاوانە و دوور لەو ئەقڵەی کە ژن بە موڵکی تایبەتی خۆی دەزانێ و موڵکی خۆیشی بە "شەرەفی پیاوانە" دەزانێت، تەماشا بکەین، پێم وایە بە ئەنجامێکی زۆر سادەو ئاسان دەگەین کە بریتییە لەمە پەیوەندیی سێکسیی، پەیوەندییەکی تایبەتی، سەربەخۆ و زەروری نێوان دوو مرۆڤە و ئەوە مافێکی بێ ئەملاو ئەولای هەر ژنێکە کە پەیوەندیی سێکسیی خۆی بەوشێوەیە دیاربکات کە دڵخوازی خۆیەتی، بەڵام نابێت ئەوەش لە بیر بکەین کە پەیوەندیی سێکسیی، پەیوەندییەکی "گشتی" نییە وەک ئەوەی کە ڕژێمی سەرمایەداریی ئەمڕۆ سێکس وجەستەی ژنانی کردۆتە "موڵکی گشت" پیاوان.

بە شێوەیەکی کۆنکرێتریش لەسەر پرسیارەکەی بەڕێزتان، دەبێت دووبارە جەختی لەسەر بکەمەوە کە لە ڕوانگەی منەوە، پەیوەندیی ژن و پیاو، پەیوەندییەکی تایبەتییە. ئەگەر خوشکەکەی من، ئەگەر هاوسەرەکەی من، ئەگەر براکەی من، ئەگەر باوکی من لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیریی کارێکی سێکسیی ئەنجام بدات، ئەوە تایبەت بە ژیانی خۆیەتی و پەیوەندییەکی بە منەوە نییە، بەڵام ئەگەر خوشکەکەی من، ئەگەر هاوسەرەکەی من، ئەگەر برای من و باوکی من لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیریی خۆیانەوە کاری سێکسیی ئەنجام دەدەن، من دەپرسم کە بۆچی چوونەتە ناو ژیانی هاوسەرگیرییەوە؟ سێکسکردن بە قاچاخ و لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیریی، بە بڕوای من بەرلەوەی درۆکردنێکە لەگەڵ هەستی خۆتدا، لە هەمانکاتدا ڕەتکردنەوەی ئەو پرەنسیپەیە کە پەیوەندیی ژن و پیاو، یان ڕوونتر بڵێم پەیوەندیی سێکسیی ژن و پیاو دەکاتە پەیوەندییەکی گشتی و ئەمەش بەشێک لەو ئەقڵە پیاوسالارییەیە کە ڕژێمی سەرمایەداریی لە بەرگی یاسا، ئاین، کلتوور و دابو نەریتی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆردا بۆ بە کۆیلە هێشتنەوەی ژنان بەرهەم و سەرلەنوێ بەرهەمی دەهێنێتەوە.


نەجیبە مەحمود: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیاوانن ئه‌نجامده‌ری ده‌ستدرێژیین بۆ سه‌ر ژنان، هاوکات هه‌ر ئه‌و پیاوانه‌ن که‌ ژن به‌ شه‌ره‌فی خێزان دەزانن، تۆ ئه‌و دوو جۆر هه‌ڵسوکه‌وت و دوو که‌سایه‌تییەی پیاوان چۆن هەڵدەسە‌نگێنی؟

تاهیر ساڵح: پێشتر بە کورتی ئاماژەم پێدا کە چەمکی "شەرەف"، لەڕووی مێژوویی و بابەتییەوە، یەکسانە بە چەمکی "داگیرکردنی جەستە و سێکسیی ژنان" لەلایەن کۆمەڵگە پیاوسالارەکانەوە. لەو ڕۆژگارە مێژووییەوە کە "ژن" کراوەتە " شەرەف"ی خێزان و بنەماڵە، هەرلەو ڕۆژگارە مێژووییەوە، جەستە و هەست و نەستی ژنان لەلایەن سوپای پیاوانەوە داگیرکراوە و دەستیبەسەردا گیراوە. بە بڕوای من چەمکی " شەرەف " لە بوعدە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەیدا، بریتییە لە " بێشەرەفی پیاوان" بەرامبەر بە ژنان. ئەو پیاوانەی کە ژن بە " شەرەف "ی خێزان دەزانن، بە خۆیان بزانن یان نەزانن، دەستدرێژیان کردبێتە سەر ژنان یان نەیانکردبێت، لەواقعدا پراکتیزەی جۆرێک لە " بێشەرەف "ی بەرامبەر بەژنان دەکەن. ئەمەی کە دەیڵێم تایبەت بە پیاوانی کۆمەڵگەی ئێمە نییە، بەڵکو تایبەت بە هەموو ئەو کۆمەڵگەیانەیە کە "ژن" یەکسان بە "شەرەف" دەکەن!. دەبڵ ستانداردی و دوو ڕوویی پیاوانە، لە ئەقڵ و چەمکی " شەرەفپەرستی"دا خۆی ئاشکرا دەکات. هەتا کلتوور و ئەقڵی "شەرەفپەرستی" و "ژن بەشەرەف" چواندن لە کۆمەڵگەدا برەوی هەبێت، بە دڵنیاییەوە دوو ڕوویی و دەبڵ ستانداردی پیاوانەش درێژەی دەبێت. بۆیە دەبێت شەڕێکی ئاقڵانی لەدژی بە " بەشەرەفکردنی ژنان " بەرپابکرێت. سەرکەوتن لەم شەڕەشدا مسۆگەر و ئاسان نییە، بەڵام دەبێت بەرپا بکرێت.

 

ماڵپەڕی تاهیر ساڵح شەریف

 

___________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/tewerisaxkirdinewe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک