په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٨\٢٠١٢

تەوەری ساغکردنەوەی چەمکی یەکسانیی لە گفتارەوە بۆ رەفتار. - ٥ -:

نەهرۆ:

رێز و بەهای ئافرەت وەک مرۆڤ بەرز و باڵاترە لە پڕۆسەی سێکس کە

کایەکی سەر جەستەیە و هیچ لە قورسایی ئافرەت کەم ناکاتەوە وەک مرۆڤ!

سازادانی: نەجیبە مەحمود

 

بارودۆخی جڤاکیی و پرسی یه‌کسانیی نێوان ژنان و پیاوان، قسه‌ و باسی زۆر هه‌ڵده‌گرن، هەڵبەتە سەرەکییترین و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە ساغکردنەوەی ئه‌و چه‌مکه‌ له‌ گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو ته‌وه‌رێکی تایبه‌ت لەو رووەوە ساز بدەین، هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک نووسەر و رۆژنامەنووس یاخود هێندێک لەو کەسانەی کە له‌ بواری چالاکیی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چالاکن یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە دەنوێنن.. دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.


نەجیبە مەحمود: بەڕێزت وەک کەسێک کە بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟


نەهرۆ: زۆر سوپاستان دەکەم کە منتان هەلبژاردووە بەشداریی لەم تەوەرە هەستیارەدا بکەم، سەرەتا من وەک پرنسیپی نەگۆڕ بروای تەواوم بە یەکسانیی ئافرەت و پیاوە لە هەموو بوارەکاندا، کۆمەڵایەتی. سیاسی، ئابووری، دەبێ زۆر وردبینانە لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە بۆ مەسەلەی ئافرەت بروانین، من جاروبار کورتە چیرۆک دەنووسم لە هەندێکیاندا هەوڵ ئەدەم بەدبەختیەکان ئافرەت لە کۆمەڵگای کوردەواری بخەمەڕوو، مەکسیم گورگی دەڵی مرۆڤ جێگای بەزەیی نییە بەڵکو مایەی رێزە، منیش دەڵێم ئافرەت جێگای بەزەیی نییە بەڵکو مایەی رێزە، بۆیە من لە ناخەوە رێز لە ئافرەت دەنێم، وەک مرۆڤێکی شایستە مامەڵەی لەگەڵ دەکەم، من پێش هەموو شتێک دایکێک و پینج خۆشکم هەیە لە زەمەنی وشیاربوونەوەم و ئاگاهیم دا بروا ناکەم رۆژێک لە رۆژان دەستم خستبێتە کاریانەوە، جگە لە خۆشکە گەوەرەکەم کە لەبەر دڵپیسی دایک و باوکم نەخرایە بەر خویندن بەڵام دوایی کەوتە بەر هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری چوار خۆشکەکەی ترم لە بەغدا خوێندنیان تەواو کردووە، یەکێکیان ئەندازیاری تەلارە ئەوی دیکەیان پزیشکی ئاژەڵە دووانەکەی دیکەش مامۆستان، بۆیە ئەمرۆ شانازیی دەکەم کە خۆشکەکانم ئەندامی زیندووی کۆمەڵگان، ئەم ئاواتەش بۆ هەموو ئافرەتانی کۆمەڵگای کورد دەخوازم، هەروەها لە ئاستی کاری بەکۆمەڵیش بەشداریی هەر چالاکییەک ئەکەم تەرخان کرا بێ بۆ داکۆکییکردن لە مافەکانی ئافرەت.

نەجیبە مەحمود: ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە هەمان شێوەی هەر ژنێک - جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی - کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟

نەهرۆ: من لە ماڵێکدا پەروەردە کراوم تیایدا دایک و خۆشک کاری ناوماڵیان دەکرد، بەڵام کە پەیوەندییم بە حیزبی شیوعییەوە کرد لەبارەگاکان تیایدا کاری هاوبەشمان دەکرد، ئیدی ئەو بۆچوونە لە زەینم جێگیربوو کە لەگەڵ هەر کەس دەژێ ئەوجا چ دایک بێ یا خۆشک یا هاوسەر دەبێ دەسپێشخەر بێت و بەشداریی بکەیت تەنانەت لە کاری ناو ماڵدا! کاتێ لە ئەوروپا گەڕامەوە بۆ کوردستان کەوتمە کێشمەکێش لەگەڵ خۆشکەکەمدا لەبەر ئەوەی من دەمویست خۆم جلەکانی خۆم بشۆم!

نەجیبە مەحمود: ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی سێکسیی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟ ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ کردەوە؟

نەهرۆ: پەیوەندیی سێکسیی لە دەرەوەی خێزان، وا باشە لە هەردوو لاوە خیانەتی زەوجی نەبێ بەڵام ئەگەر کراش، مەسەلەی سێکس سەرەتا و کۆتایی دنیا نییە! دەبێ رێز لە حەز و ئارەزووی کەسەکان بگرین، کەسەکان چ ژن بن یا پیاو تەنیا خۆیان بەرپرسیارن لە چارەنووسی خۆیان، لەڕوانگەی مافی مرۆڤەوە کەسەکان ئازادن، هەر دەستێوەردانێک لە ژیان و چارەنووسی کەسەکان دەستدرێژیی کردنە بۆ سەر ئازادییەکانی تاک و مافی مرۆڤ ئەوجا چ لە لایەنی ئەندامانی خیزانەوە بێ یان دەسەڵاتێکی دیکەی کۆمەڵایەتییەوە بێ! بە رای من رێز و بەهای ئافرەت وەک مرۆڤ بەرز و باڵاترە لە پڕۆسەی سێکس کە کایەکی سەر جەستەیە و هیچ لە قورسایی ئافرەت کەم ناکاتەوە وەک مرۆڤ!


نەجیبە مەحمود: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیاوانن ئه‌نجامده‌ری ده‌ستدرێژیین بۆ سه‌ر ژنان، هاوکات هه‌ر ئه‌و پیاوانه‌ن که‌ ژن به‌ شه‌ره‌فی خێزان دەزانن، تۆ ئه‌و دوو جۆر هه‌ڵسوکه‌وت و دوو که‌سایه‌تییەی پیاوان چۆن هەڵدەسە‌نگێنی؟

نەهرۆ: ئەو پیاوانەی دەستدرێژیی ئەکەنە سەر ئافرەت و لە هەمان کاتدا ژن بە شەرەفی خیزان ناوزەد دەکەن، ئەو جورە پیاوانە کەسایەتییەکی شیزوفرینیان هەیە، لە ئیزدواجیەت و نیفاق دەژین، بیرکردنەوەی باوکسالاریی بە سەریاندا زاڵە، دەبێ بەپێ یاسا ڕادەیەک دابنرێ بۆ ئەو پیاوانەی دەستدرێژیی ئەکەن، لە هەمان کاتدا شەرەفی ئافرەت بەند نییە بە پڕۆسەی سێکسەوە بەڵکو بە راستگویی و هەڵویستی لە مەسەلە جوربەجورەکانی ژیان!


ئینگلس لە پەرتووکی (بنەچەی خانەوادە و مولکییەتی تایبەتی و دەوڵەت) باسی میژووی ئافرەت دەکا کە لە سەرەتادا دەسەڵات بە دەستی ئافرەتەوە بووە، لە دەرەوەی ماڵ ئافرەت کاری کشتوکاڵی کردووە تەنانەت ئافرەت بۆ یەکەم جار کشتوکاڵی دوزیوەتەوە، منداڵەکان بە ناوی دایکیانەوە ناو دەنران لەبەر ئەوەی هەر ئافرەتێک چەند پیاوێکی هەبوو! بەڵام کە ئیش دابەش کرا یەکەم شکستی میژوویی ئافرەت دەستی پێکرد، هەر لەو پەرتووکەدا دەڵێ گەشەکردنی ئافرەت لە هەر کۆمەڵگایەک نیشانەی گەشەکردنی ئەو کۆمەڵگایەیە، لینینیش دەڵی دەبێ ئافرەت لە کونجی ناندین بهێنینە دەرەوە، کەمال مەزهەری میژوونووس دەڵی نابێ لە دەرەوە ئاڵای یەکسانیی هەڵگرین لە ماڵەوەش تێڵای بێسانیی!


دەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچی کە ئاین هەوینی سەرکوتکردنی ئافرەتە لە ژیاندا، هەموو ئاینەکان ئافرەتیان دەستەمۆ و ملکەچ کردووە بۆ پیاوان، تەنانەت خوداش وێنەیەکی نێرینەی هەیە بە پێی میسۆلوژیاکان سەرەتا ئادەم لە وێنەی خودا دروست کراوە ئەوجا حەوا لە دندەی ئافەریدە کراوە گەر چی ئێمە بروامان بە تیۆری داروینە بۆ بنەچە و گەشەی مرۆڤ!

 

نەرویج

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

___________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/tewerisaxkirdinewe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک