٢٤\٨\٢٠١٢
تەوەری
ساغکردنەوەی چەمکی یەکسانیی لە گفتارەوە بۆ رەفتار.
- ٦ -:
تاهیر حەسەن:
من هێند بڕوام بە ئازادیی نێوان تاکەکان هەیە تا ئەو
ساتەی
ئاستی وشیاریی ئەو تاکە چووبێتە
سەرەوەی جیهانبینیی بەکارهێنان.

سازادانی: نەجیبە مەحمود
بارودۆخی جڤاکیی و پرسی
یهکسانیی نێوان ژنان و پیاوان، قسه و باسی زۆر ههڵدهگرن،
هەڵبەتە سەرەکییترین
و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە
ساغکردنەوەی ئهو چهمکه له گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو
تهوهرێکی تایبهت لەو رووەوە ساز بدەین،
هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک نووسەر و
رۆژنامەنووس یاخود هێندێک لەو
کەسانەی کە له بواری چالاکیی رێکخراوهکانی
کۆمهڵگهی مهدهنی چالاکن یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە
دەنوێنن.. دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە
وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.
نەجیبە مەحمود:
بەڕێزت وەک کەسێک کە
بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش
وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و
چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟
ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە
هەمان شێوەی هەر ژنێک - جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان
دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی - کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و
بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟
تاهیر
حەسەن: من وەک خۆم و ئەو
کەسایەتییە تایبەتەی هەمە، ئەوەی دەڵێم یان
دەنووسم دەربارەی مافی یەکسانیی نێوان ژن و
پیاو، پێش وەخت لە ڕەفتاری ڕۆژانەمدا کارم پێکردوە. ئەرکی ماڵەوە بە
شێوەیەکی باش کاری دابەشکرددنمان بۆ کردوە
لە نێوان خۆم و هاوسەرەکەمدا. لە ئەرکی ماڵدا بە
پێی توانا هاوکارییەکی باشی
هاوسەرەکەم دەکەم، وەک قاپ شتن و گسک دانی ماڵ و یارمەتیدانی
منداڵەکانمان لە کاتی نوستن و هەندێک جاریش پاک کردنەوەیان، زۆر
کەم خواردن دروست دەکەم. من لەگەڵ هاوسەرەکەم و منداڵەکانمدا
پێکەوەگونجانێکی باش و هاوڕێیانەمان لە
نێواندا هەیە. ئەو تێگەیشتنەی من هەمە یەکجار بڕوام پێی هەیە، ئەویش
ئەوەیە لای من شتێک نییە ناوی ژن یان پیاو بێت، بەڵکو من وا دەیبینم کە
ئەم دوو مرۆڤەی لە مرۆڤبوونە
ئەسڵیەکەی خۆیان دابڕێنراون و کراون بە ژن یان پیاو، دیارە ئەم
داهێنانەش بەرهەمی دەستی سیستەمە چینایەتییەکانی
تا ئێستای مێژوی مرۆڤایەتییە
کە قازانجی مادیی لە پشت ئەم داهێنانەوەیە.
بۆیە لای من ئەم دوو ڕەگەزە یەک شێوە مرۆڤن. ئەوەی کە تەنیا جیاوازیە
ئەوە کاری بەرهەمی سروشتە کە یەکیان مێیە ئەوی تریان نێرە. ئازادیی پێش
ئەوەی بە نووسین پێناسە بکەین دەکرێت لە
بواری کردارییدا جێبەجێ بکرێت. ئەو شێوازە
ئازادییەی لەم سیستەمە چینایەتییەدا
بوونی هەیە، ئەوە ئازادیی نییە بەڵکو مانای کۆیلەبوون و بەکاڵابوونی
خودی چینێکی مەزنی کۆمەڵایەتیە لە لایەن
چینی باڵادەستەوە دەستبەسەر کراوە، بۆیە ژن
لەم نێوەدا پێش ئەوەی وەک مرۆڤێکی تەواو ببینرێت وەک ژن دەبینرێت و
ئەرکە کۆمەڵایەتیەکەی پێشوەخت بۆ دیاری
کراوە لە لایەن چینی باڵادەستەوە. چینی
باڵادەست ئەو چینەیە کە ڕەفتار و کەلتووری
ئایدۆلۆژی خۆی دەسەپێنیت بەسەر کۆی کۆمەڵگادا، چونکە هێزی بەرهەمهێنان
و ئابووریی گشتیی
لە ژێر دەستی ئەودایە. لێرەدا ئازادیی بە
شێوە گشتییەکەی تەنیا ئەو ئازادییەیە کە
بازاڕ دیاری دەکات، نەک ئەوەی ئازادیی وەک ئەوەی هەبێت بوونی لە
کرداریشدا هەبێت، لێرەدا کارەکە قورسایی زیاتر دادەنێت لەسەر هەر
تاکێک کە گفتار دەدات لەسەر مەسەلەی ئازادیی نێوەان ژن و پیاو.
بۆیە گەر هەر تاکێک بڕوای بە یەکسانیی نێوان
ژن و پیا هەبێت، دەبێت بە هەمان ئەندازە لە
بواری کرداریشدا جێبەجێی بکات تا ئەوەی بتوانێت کاریگەریی لەسەر
چواردەوریش دابنێت.
نەجیبە مەحمود:
ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان
کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی
سێکسیی لە دەرەوەی
هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ
ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟
ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە
بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت
دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام
دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ
کردەوە؟
تاهیر حەسەن: ئەم پرسیارە بە
لای منەوە قورسایی تایبەتی خۆی هەیە، بۆ، من
هێند بڕوام بە ئازادیی نێوان تاکەکان هەیە تا ئەو ساتەی ئاستی وشیاریی
ئەو تاکە چووبێتە سەرەوەی جیهانبینیی
بەکارهێنان، ئێمە هەموومان لە نێو سیستەمی باوکسالاریی و خودی سیستەمی
قازانج پەرستی نیزامی سەرمایەداریدا ژیان بەسەر دەبەین، خودی ئەم دوو
چەمکە تەواوکەری ئەو بونیاتە سیاسی و دینی و ئابوورییەن
کە کۆمەڵگایان دابەش کردوە بۆ کۆمەڵگای چینایەتی. لەم نێوەدا ژنان
هەردەم وەک کاڵایەک دەبینرێن و مامەڵەشیان لەگەڵدا دەکرێت، واتە ژن پێش
ئەوەی مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی تایبەت بە خۆی
بێت، ئەو کەسێکە یان ماتەریاڵێکە موڵکی خاوەنەکەیەتی کە پیاوە،
(ئەو پیاوە کۆی سیستەمی پیاوسالاریی دەگرێتەوە کە باوک بێت یان
برا تا دەگات بە خاڵ و مام....تاد) لێرەدا یەک ڕاستی حاشاهەڵنەگر لای
من بوونی هەیە، ئەویش ئەوەیە، گەر هاتوو ئەو کەسە ژن بێت یان پیاو کاری
سێکسییان ئەنجام دا لە دەرەوەی ئەو پەیوەندییە خێزانی و هاوسەرگیرییەی
کە هەیە، من بە یەک شێوە دەیان بینم بۆ
هەردوو ڕەگەزەکە، بەڵام لێرەدا دەکەوینە نێو خودی ئەو ئاستە لە وشیاریی
کە بوونی هەیە لە نێو ئەو دوو رەگەزەدا، بە
تایبەتیی ڕەگەزی پیاو کە بۆ
خۆی حاکمە، گەر هاتوو ئەو پیاوە وەک مرۆڤێکی وشیار بەدەر لە
بەکارهێنان توانی ڕێز لە مانای خۆشەویستیی و
خودی خۆشەویستیی سێکس کە جەستەی ژن دەکات رێزی
تەواوی لێگرت، ئەو کات دەتوانم بڵێم ئەو کارە بە ئازادیی ئەنجام دراوە
و لای من ڕێزێکی تایبەت بە ئازادیی نێوان تاکەکان دەردەبڕێت. بە
پێچەوانەوە لەم شێوە فەرهەنگ و کەلتوورە
دواکەوتویەی ئێستا باڵی کێشاوە بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا و ژنان بە
شێوەیەکی گشتیی تێیدا بوون بە قوربانیی،
ناتوانم هیچ کات ڕێگا بە کەسی نزیکی خۆم بدەم کە بڵێم کارێکی باشت
کردوە. چونکە تەواوی ئەو بەربەرییەتەی پیاوی
ڕۆژهەڵاتی ئەنجامی دەدات دژی ژنان و کوشتنیان و ناچارکردنی ژنان بەوەی
خۆیان خۆیان لەنێوبەرن، بەرهەمی ئەو فەرهەنگ و کەلتورە باوەیە کە هەم
خودی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان تێیدا
بەشدارن وە هەم خودی ئەو فەرهەنگە دینییەی
کە بوونی هەیە و ژن وەک کاراکتەرێکی لاواز دەبینێت، بەشدارن لەم بەربەرییەتەی
بەیاساییان کردوە دژی کەسایەتی ژن.
دیارە ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە ئەندازەیەکی زۆر زیاتر لە پیاوان
خاوەن هەستی پڕ لە مرۆڤدۆستی و خۆشەویستیی
ڕاستەقینەن، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا پیاوی
لای ئێمە ناڵێم هەمووی بەڵام بەشی زۆرینەی خۆشەویستیی تەنیا بە
پڕکردنەوەی ئارەزووە سێکسییەکانی خۆی
دەبینێت و لە هەمان کاتیشدا کە ئاستی وشیارییەکەی وایە ڕێگاش نادات بەو
کەسەی کاری سێکسیی لەگەڵدا دەکات، تا ئەویش
لەم تێر ببێت، بەڵکو ئەوی پیاو پیاوە بە
مانا باوەکەی لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان و
خودی ئەو کۆمەڵگایانەی ئاین تێیدا زاڵە هەیە، یانی ئازادیی تەنیا بۆ
ئەمی پیاوە و ئەوی بەرانبەر تەنیا دەبێت
جێبەجێکەری خواستەکانی پیاو بێت.
کۆمەڵگای ئێمە پێویستیی تەواوی بە شۆڕشێکی
کۆمەڵایەتی هەیە لە تەواوی بوارەکاندا، چ پەروەردەیی بێت چ هەنگاونان
بێت بۆ ئەوەی تاکەکان بە پێی هەڵبژاردنی
ئازادانەی خۆیان بتوانن پەیوەندیی هاوسەرگیریی و پێکەوەژیان دابمەزرێنن،
گەر ئەو کارە بە دروستیی ئەنجام درا، ئەو
کات بڕوا ناکەم بەوەی کە کاری سێکسیی دەرەوەی ئەو پەیوەندییە
ئەنجام بدرێت، لە کاتێکیشدا گەر ئەو تاکە ژن بێت یان پیاو، گەر کارێکی
وای کرد دەکرێت زۆر بە ئاسایی
ببینرێت و بە یەکتریشی بڵێن بە
بێ ترس. من بۆ خۆم بڕوام بەوە هەیە
گەر ئەو دوو تاکە بیانەوێت کاری سیکسی لە دەرەوەی پەیوەندییە
هاوسەرگیرییەکەی خۆیانەوە ئەنجام بدەن، دەتوانن بە دەیان شێواز بیکەن و
ڕێگاش نەدەن ئەوی بەرانبەری پێی بزانێت. بۆیە من بۆ
خۆم بڕوام بەو لۆژیکە هەیە کە دەکرێت کەسێک نەبێت بە چاودێر
بەسەرتەوە تا بزانێت چی دەکەیت و چی ناکەیت. بۆ
ئەوەی ئەو ژن و پیاوە تووشی ئەو گومان و بێ بڕوایە نەبن لە
نێوان یەکتریدا، باشترین ڕێگا ئەوەیە ئاستی وشیارییان ببەنە سەرەوە و
خۆیان دەرباز بکەن لە خودی ئەو فەرهەنگە باوەی هەیە لە کۆمەڵگادا،
چونکە هەر کاتێک ئاستی وشیاریی چووە
سەرەوە یانی دەبێت هەر کەسێکی نێوان ئەو دوو
ڕەگەزە وەک مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی و خاوەن ئیرادەی سەربەستییانەی
خۆیان هەڵسوڕان بکەن، لەو کاتەشدا تۆ دەبێت بڕوات بە ئازادیی هەبێت،
چونکە بڕواکردن بە ئازادیی، بڕوابوونە بە سڕینەوەی ئەو پەیوەندییە
کاڵاییەی ئێستا لە فەرهەنگی باودا هەیە.
نەجیبە مەحمود:
لهگهڵ ئهوهی پیاوانن ئهنجامدهری
دهستدرێژیین بۆ سهر ژنان، هاوکات ههر ئهو
پیاوانهن که ژن به شهرهفی خێزان
دەزانن، تۆ ئهو دوو جۆر ههڵسوکهوت
و دوو کهسایهتییەی پیاوان چۆن
هەڵدەسەنگێنی؟
تاهیر
حەسەن: من لە زۆر نووسینمدا
ئاماژەم بەم پرسیارەی بەڕێزتان کردوە، ڕاستی
ئەوە خودی چاوچنۆکیی و خودپەرستیی
عەقڵیەتی پیاوسالاریی ڕۆژهەڵاتییانەیە کە
ئەم چەمکی بیرکردنەوەیە زاڵە بەسەریدا. ئەوی پیاو، هەردەم، ژن وەک
تەنیا موڵکیەتی ژێر دەستی خۆی دەبینێت و بۆ چرکەیەکیش ئامادە نییە ئەو
مافەی بداتێ کە ئەو مرۆڤێکی تەواوە و دەبێت خاوەن ئیرادەی خۆی بێت. بۆ
خودی ئەم مەسەلەی هاوسەرگیرییە کە ناوی شەرعیەتی یاسایی لێنراوە بۆ
چیە و لە پێناو کام ئامانجدا وەبەرهەم هاتووە؟
ئاخۆ بۆ پاراستنی ڕەگەزی مرۆڤایەتییە یان بۆ
پاراستنی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانە کە
خودی سیستەمە چینایەتییە یەک لە دوای
یەکەکان وەبەرهەمیان هێناوە؟ کاتێک پیاو خۆی دەکات بە سیستەم و ئەو خۆی
بە تەنیا دەبێتە خاوەن بڕیار و داهێنەر،
ئیتر ئەو کات دەبێت گومانێکیش لەوە نەمێنێتەوە کە بڵێین هەر خودی پیاو
خۆیەتی ئاینەکانیشی وەبەرهەم هێناوە و تا دەگات بەوەی بڵێم کە خوداش
هەر بەرهەمی دەستی چاوچنۆکیی پیاوە، چونکە
لەم نێوەدا تەنیا ئەوی پیاوە کە بە باڵادەستیی
دەمێنێتەوە و ئەوی ژنیش دەبێت تەنیا و تەنیا
وەک پڕکەرەوەی پێداویستییە رۆحیی
و مەعنەوییەکانی پیاو دەرکەوێت.
لێرەدایە تەواوی ئیرادەی بەرهەمهێنانی ژنان لاواز دەکرێت و لە نێو
چوارچێوەی ماڵ و دابینکردنی خستنەوەی
منداڵدا دەردەکەوێت. ئەوە ئەو تایبەتمەندییە
دواکەوتوانەیەی پیاوی ڕۆژهەڵاتییە، کە
هەمیشە ژن وەک پڕکەرەوەی ئارەزووەکانی خۆی
دەبینێت و هەر کات لە فەرمانی ئەمی پیاو
دەرچوو، خۆ ئەو کات ئەو مافەشی بە
خۆ بە رەوا
بینیوە کە دەست ببات بۆ قێزەونترین کار کە لەنێوبردنە.
کوردسدتان ئێستا بۆتە کۆمەڵگایەکی وا
پیاوسالار و دواکەوتوو، کە ژنان زۆرترین ڕێژەیان هەیە لە خۆکوشندا،
خۆکوشتنێک کە بەرهەمی دەستی ئەو پیاوە
دواکەوتوەیە کە بۆ چرکەیەکیش لە دەروەی
پڕکردنەوەی ئارەزووی سێکسیی خۆی، هیچ
مانایەک لە خۆشەویستیی نازانێت. ئەمە نیشانەی قوڕبەسەرییە
بۆ پیاوی کۆمەڵگای کوردستان. ئازادیی لەم کۆمەڵگای ئێمەدا بەستراوە بە
شەرەفی ژنەوە، شەرەف یانی پاراستنی ناولەشی ژن تا ئەو ساتەی دەستبەدەست
دەدرێت بە پیاوێکی دی و لە دوای ئەو کارەشەوە ئەو ژنە دەبێت دیسانەوە
هەم وەک کۆیللەیەک بێت هەم وەک پاراستنی رووسووریی
بۆ ئەو خێزانە نوێیە دەربکەوێت، جارێکی تر دەیڵێمەوە ئەمە نیشانەی
قوڕبەسەرییە بۆ کۆمەڵگای پیاوسالاریی
لە لای ئێمە. ئەو پیاوانەی کە بە
بەرد و بە بلۆکی دەستیانەوە بەر ببوونە
جەستەی ناسکی دوعا، هەر خودی ئەو پیاوانە بۆ
خۆیان بەڕەوا دەبینن کە بڕۆن لەگەڵ ژنێکی تردا کاری سێکسیی دەرەوەی
هاوسەرگیریی خۆشیان ئەنجام بدەن، بەڵام لەو دیمەنانەشدا کە بینرا، ئەو
پیاوە دەبێتە چ دڕندەیەک و بە چ شێوازیک بچووک
دەبێتەوە لە خۆ گینگڵ کردنی جیهانبینیی خودپەرستییدا.
ئەم سیستەمە چینایەتییە بۆ
خۆی جەستەی ژنان وەک کاڵایەک دەبینێت و بە
دەیان شێواز شەرعیەتی داوە بەم بەکاڵابوونەی
جەستەی ژنان، تۆ سەیری ئەو شێوازی هاوسەرگیرییە ئاینییانە
بکە کە لە هەر ئاینێکدا بە شێوازێک ژن دەکات بە
کاڵا و واش نیشان دەدرێت کە ئەوە ڕێز و حورمەتە بۆ کەسایەتی ژن.
باشە مارەبڕین بە چ مانایەک دێت؟ ئاخۆ ئەویش هەر کڕین و فرۆشتن نییە لە
دەستی فرۆشیارەوە بۆ دەستی کڕیار؟ ئیتر ئەو نرخە هەر
چەندێک بێت کە لەسەری دادەنرێت! ئاخۆ ئەوە زۆرترین جار نییە کە
خودی سەرۆکی خێزان بڕیاردەری نێوان ئەو چارەنووسە
دەبێت کە کچەکەی لەگەڵ کێدا دەبێت هاوسەرگیریی بکات تا دەگات بە کۆی
خزمان و خێڵ و عەشیرەت. ئیتیر لە کوێدایە مانای بڕیاردانی ئازادانە؟!
خودی ئەو کۆخیانەتەی ئەنجام دەدەرێت لە نەبوونی
ئازادییەوەیە لە نێوان ئەو هاوسەرگیرییە دواکەوتوانەیەی کە لە کۆمەڵگا
ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەیە. لەم نێوەدا ئەوەی
زەرەرمەندە تەنیا کەسایەتی ژنە، چونکە ئەوی پیاو هەر کە تێر بوو دیسان
بە شوێن کێشەنانەوە و تا دەگات بە جیابوونەوە و شکاندنی کەسایەتی ژن،
خودی تەڵاقدان هەر ئەو پەیوەندییە کڕین و
فرۆشتنە دەگەیەنێت.
گەر ئازادیی نێوان ژن و پیاو بوونی هەبێت
ئەو کات ئەو بەربەرییەتەی ئێستا هەیە بوونی
نامێنێت و ئەمی پیاو نەرم دەبێت و لەو دەمارگیرییە
خودپەرستییە ڕزگاری دەبێت. بۆ
چارەسەری ئەم کێشە کۆمەڵایەتیانە دەبێت پێش هەر لێدوانێک یەخەی
دەسەڵات بگیرێت، چونکە بەشی سەرەکیی مانەوەی
کۆمەڵگا لە نێو دواکەوتوییدا پەیوەستە بەو ڕێوڕەسمەوە کە دەسەڵات
هەڵگریەتی، خۆ گەر دەسەڵاتی کوردی بیویستایە ئاراستەی کۆمەڵگا، بە
تایبەییی عەقڵیەتی پیاوسالاریی
بەرەو گۆڕان ببردایە، ئەوا دەبووا لەم ماوە
مێژوویەی لە دەسەڵاتیاندان هەنگاوێکی وایان
بهاویشتایە، بە پێچەوانەوە خودی دەسەڵات
قازانجێکی باش لە مانەوەی ئەم پەیوەندییە دواکەوتویە کۆمەڵایەتییە
دینییە وەردەگرێت، بەڵام بۆ مێژوو، ئەو کارەی دەسەڵات دەچێتە نێو مێژوویەکی
تەواو نامرۆڤانەیان و خودپەرستیەک کە دوای
خۆیان تەنیا باس کردنیان بە زەلیلانە دەبێت نەک ببنە جێگای شانازیی
بۆ ئایندەی نەوەکان. ئەوە جیهانبینیی سەرخستنی تەنیا دراوە،
خودی ئەم دەسەڵاتە کەسایەتی خۆی لەسەر بنیات دەنێت
و کۆمەڵگاش تووشی بەرەڵایی
و گەندەڵبوون دەکات. دەسەڵاتی بنەماڵەی
خێڵسالاریی، لەم
کارە باشتر ناتوانن کاری مەزن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لەو نەخۆشییە
کوشندەیەی تووشی هاتوە ڕزگار بکەن. بۆ
خۆڕزگارکردن شۆڕشی ئازادانە و یەکسانییخوازی بەرەی بەشخوراوان لە
کۆمەڵگادا تەنیا چارەسەرە بە دژی کۆی
فەرهەنگی پیاوسالاریی باو کە بوونی هەیە،
ژنان تەنیا لە نێو بەرپاکردنی شۆڕشێکی یەکسانییخوازییدا
دەتوانن کەسایەتی خۆیان بە دەست
بخەنەوە، خەباتکردنی ڕۆژانەی ئەو بەرەیە خەباتکردنێکە
مەزنایەتی و شکۆمەندیی بە
شوێن خۆیدا دەهێنێت. بە هیوام ژنانی
ئازادییخواز و خەباتگێڕ، هەرچەند لە توانیاندا هەیە خۆیان خەریک بکەن
بە خوێندنەوە و خۆوشیارکردنەوە تا ئەوەی لە مانای کەسایەتی ئازادانەی
خۆیان تێبگەن، چونکە تێگەیشتن لە مانای ئازادیی
(نەک ئازادیی بەکاڵابوون) نیوەی خۆڕگارکردنە لەم
جیهانبینییە پیاوسالارییەی کە سیستەمی
چینایەتی تێیدا سوودمەندە و ژنان تێیدا
کراون بە کاڵا و کۆیلە.
هەر بژین.
٢٣\٨\٢٠١٢
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
___________________________________________________
لینکی وەڵامەکانی هەموو
بەشداربووەکان:
www.emrro.com/tewerisaxkirdinewe.htm
|