تەوەر :
لە بارەی شیعری
گەنجان.
شاعیرانى بەشداربوو (ڕابەر
فاریق- ئارێز سمکۆ حوسێن- ڕێبین ئەحمەد خدر)
ئا: کارزان ڕەحمان
وەک دەزانین شیعر
پێناسەی ناکرێ، ئەی کەواتە چۆن بیناسینەوە؟ شاعیرانی گەنج مەگەر تاک و
تەرا، ئەگینا جیددیی نین، پێت وایە هیچ کامێکیان دەنگی تایبەت بە خۆی
هەبێ؟ چۆن هاوبەندیی دروست بکەین لە نێوان ئێستێتیکا و نێوەڕۆکی دەقدا،
هیچ کام لەم دووانە پێش ئەویدی دەکەوێ؟ لە دوای نەوەدەکانەوە کۆمەڵێک
گەنج خۆیان بە نوێخواز دەزانن، پێت وایە بتوانن بە شیعرەکانیان کۆمەکی
ئەم نەوەیەی دوای 2000 بکەن؟
ئێستە لە بوارى شیعر نووسیندا کۆمەڵێک گەنج
دەبینرێن کە بەردەوام خەریکی کۆپیکردنی ئەزموونگەلێکی دەورووبەریانن،
ئەمەیش بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە شیعری گەلێک لە گەنجەکان بە جیددیی
نەخوێندرێنەوە، هەڵبەت لە پاڵ ئەم تەرزە (شاعیر)انەیشدا، تەرزێکی دیکە
هەن کە هەم لاتەریکن، هەم تا ئەندازەیەک جوداوازن. ئێمە ویستمان چەند
پرسیارێکی زۆر لەم پرسیارانەی خوارەوەدا چڕ بکەینەوە کە دیالۆگگەلی
بەرفراوانیان لە بارەوە کراوە لە لایەن (شاعیرە ئەزمووندارەکان)، بەڵام
تا ئەمڕۆکەیشی لەگەڵدا بێ کەس نەهات چەند پرسیارێک قووت بکاتەوە لە
بەردەم چەند گەنجێکدا تا ڕوانینەکانیان بووەشێنن و بزانین لە ڕوانگەی
ئەوان چ وەڵامێک دەبینین. ئەمە شتێکی نەکردە بوو، بەڵام دواجار لە بری
هەر کەسێکی دیکە ئەم کارەمان کرد، نازانین ئەو شاعیرانەی لە خوارەوەدا
بەرسڤیان داوینەتەوە، کەس قاییل دەکەن یان نا، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ
ئاستی دەربڕین و ئاگایی و مەعریفەیان، گرنگ ئەمەیە: ئەوەی لە دەستمان
هات و پێویست بوو بیکەین، کردمان...
با بزانین شاعیران (ڕابەر فاریق- ئارێز سمکۆ حوسێن- ڕێبین ئەحمەد خدر)
چۆن دواون لە هەمبەر ئەم پرسیارانەدا:
*: وەک
دەزانین شیعر پێناسەی ناکرێ، ئەی کەواتە چۆن بیناسینەوە؟
ڕابەر فاریق: شیعر، وەکوو کردەیەکی
ناوەکیی تاک، هاوکات ڕسکانی ئێستێتیکا و زمان وەهایە، لە یەککاتدا،
واتە: ئێمە کاتێک شیعر دەناسین کە لە پشت خەمە خودی- جڤاتییەکانی
شاعیردا هەست بە بەڕێوەبوونێکی (بوون)یی و ڕیشئاژۆییی بەردەوام و
نەوەستاو و نیگەران، هاوکات یارییە قووڵەکانی زمان و فۆڕم و جواننووسیی
داهێنەرانە بکەین و بە کۆمەکی ئەم ڕەهەندانە چێژ و ئەفسوونگەلێکی
ناوەکیی دەق بە کێشمان بکەن بەرەو ڕەهەندەکانی بیرکردنەوە و ڕامان لە
پەیڤ و وێنە و دەرهاوێشتە شیعرییە چڕ و ڕسکاوەکان.
شیعر ناسینەوە وەکوو ناسینەوەی خودگەلێکە لە نێو تاکەکەسێکدا، چونکە
شیعر کۆمەڵێک دەرگە دادەخا، هاوکات کۆمەڵێکی دی دەکاتەوە، ئەم
دەرگایانەیش تەنها بە کلیلی بیرکردنەوە و ماندووبوون دەکرێنەوە، دەرگە
کراوەکانیش چ کاتێک مایەی ئێست بۆ کردن نیین، چونکە لە کاڵبوونەوەدا
درێژ دەبنەوە، بەڵام هەرچی داخراوەکانن، لە داهێناندا شوێنپێکانیان بە
جێ دەهێڵن و تارمایییەکی جوان و واتەبەخش لە سەر خاکی زماندا دەهێڵنەوە،
لە دواجاریشدا، لە میانەی (مانەوەی هەمیشەیی) و (سنووربەند)ییدا کرمۆڵە
نابن، بەڵکوو لە شوێنە تاریکەکاندا بوونایەتیی خۆیان هەست پێ دەکەن، لە
بۆیە، شیعری داهێنراو بە کەرەستەگەلی سرووشتیی و زمانەوانیی و فۆڕم و
تەکنیکەوە... تاد دەخەمڵێ، پرسیاری فەلسەفیی و ئەدەبیی وەها دەوروژێنێ
کە ناچارمان دەکا لە بەرانبەریدا گۆمی مەنگی وەستانەکانمان بشڵەقێنین،
چونکە ئەم جۆرە دەقانە لە دەرەوەی ئەنجامە گشتگیر و سەڵتەکان و دەلالەت
و شیفرەکانی ئێمەدا (بوون)ی خۆیان مانیفێست دەکەن، ئەمەیش یەکێکە لە
پاژ و خەسڵەتە هەرە سەرەتاییەکانی هەر دەقێکی مەزن، کە یادەوەریی مرۆ
هەڵدەکۆڵێ و لە بایەخدان بە بنچینەکانی لێوردبوونەوە و قووڵایی، ڕاست
دەبێتەوە.
شیعر، وەک چۆن وەزیفەیەکی دیاریکراوی نەگۆڕی نییە، ئاواهییش لە شتێک،
ئامرازێک، جیهانبینییەکی (تاک)ی و (کۆ)ییدا نامێنێتەوە. شیعر بە
گۆهێنانی زمانە، بە گۆهێنانێک کە زات کۆمەکمان دەکا. ئێمە وەکوو مرۆڤ
پێویستە خۆمان لە ژێر هەڵپەرستییەکانی منداڵەکانی ناخمان قورتار بکەین،
بەڵام وەکوو شاعیر (بە کۆمەکی ئاگایی) دەبێ تەسلیمیان ببین. شیعر
شەمەندەفەر نییە تا بە دەنگە گەورەکەی بناسرێتەوە. تەنها شتێک هانمان
بدا لە هەموو کاتێکدا دەقی ئافرێنراو بیناسینەوە، خوێندنەوەیەتی لە
ڕووی ناوەکییەوە.
شیعر، لە میانەی دوو دۆخی شڵەژاو و لێکدژدا دەخوڵقێ: ئاگایی و نا
ئاگایی، بەڵام سرووتی خوێندنەوەی لە یەکەمیان- ئاگاییدا بەرجەستە دەبێ،
هەر بەو دەلالەتەیش، لەوێدا بەرەو ڕووی (چییەتیی دەق)مان دەکاتەوە، نەک
نووسەر و (چۆنایەتیی). من وەها دەچمە نێو لایەنە پەنهانەکانی دەق، هەر
لەوێوەیش هەندێک شیفرە دەدۆزمەوە بۆ پتر ئاشنابوون بە لایەنی
ئێستێتیکیی و مۆسیقا ناوەکیی و ئاستەنگ و بۆشاییەکانی.
لە دۆخی ئێستەی ئەدەبی کوردییدا، داهێنان و ڕێکلام هاوئاستن لە
خستنەڕووی هەر شت- لایەنێک، لە کوردستاندا، واتە: کاتێک نووسینێک،
نیگارێک، گۆرانییەک، دروستکردنی بینایەکی تازەی خانوویش، لە
جوداوازییدا بنچینەیان داناوە، مومکین نییە هێندەی (دەق)ێکی (عاشقانە)ی
ساکارنووسی سواو (بوون)ی خۆیان مانیفێست بکەن. لە هەموو سەردەمێکیش
وەها بووە کە دەقی مردوو قبووڵ دەکرێ، تا داهێنان.
نووسەر- خوێنەر، بۆ ئەوەی دەقی شیعر بناسێتەوە، بێجگە لە ئەزموونی
خوێندنەوەی ئاگاییی خۆی، کۆمەکی چ شتێکی دیکەی گەرەک نییە، تۆ بڕوانە،
چەند جار لە کاتی دیالۆگت لەگەڵ نووسەرێک، خوێنەرێک، هاوڕێیەکدا
کەوتوونەتە نێو پارادۆکسێکی قووڵەوە، ئەمەیش بە بێ ئەوەی یەکێکتان زێتر
لەویدی توانستی ئەوەی هەبووبێ قایلبوون بخاتەوە؟ بە دڵنیاییەوە؛ گەلێک
جار دیالۆگی وەها ئامادەگیی دەبێ ئەگەر ئێمە بمانەوێ لە سەر دەقە
فرەڕەهەندەکان ڕوانینەکانمان چڕ بکەینەوە تا لە دەلالەت و واتە و (ئەودیو)یان
تێبگەین و بەشدار بین لە خستنەوەی دەرخستنی دەقە فرەخوێندنەوەکان،
بۆیەیش وەها دەڵێم، چونکە ئەوە دەقی سەڵتە کە لە خوێندنەوەیەکدا هەموو
کۆدەکانی هەڵدەوەشێنەوە و جارێکی دی دەرفەت بۆ ڕەخنەگر ناڕەخسێنێ تا
بچێتەوە کنی و لە ڕوانگەی تایبەتیی خۆی، یان میتۆدە زانستییەکان، ڕاڤە
و سەرنجەکانی بووەشێنێ.
دواجار، مادام نووسین درێژەکاری بێزاریی خود نییە، بەڵکوو لە بارەیەوە
دەپەیڤێ؛ بە وشە، هاوکات مادام نووسەری ڕاستەقینە هەرگیز ناتوانێ
فریشتە بێ، ئەگەر توانستی جەللادیی تێدا نە بێ، ئیدی نووسینی جیددییش (با
ئەو نووسینە شیعر بێ) ئەگەر هاتوو توانیی لە نێو هەموو پارادۆکسەکاندا
تەباییەکی جوانیناسانە بخولقێنێ، دەناسرێتەوە، بەڵام ئەم ڕستانەیش مەرج
و قاڵب نیین، بۆیە ئێمە لەم ئەنجامگیرییەدا گەییشتین بەوەی کە شیعر
تەنها لە کاتێکدا دەناسرێتەوە کە بخوێنرێتەوە. خوێندنەوە کلیلی دەرگە و
ئاشنابوونە بە کۆی ڕەهەندەکانی دەقە ئیبداعیی و سەڵتەکان.
ئارێز سمکۆ حوسێن: شیعر ناتوانێت خۆى لە
نێو هیچ پێناسەیەک گیر بکات و بە شێوەیەک وابەستەى هیچ چوارچێوەیەک
نابێت. کەواتە؛ شتێکە نەستییە و دەکرێ ماناکەى لە نێو ئاڵۆزیى ژیاندا
بیدۆزینەوە، ئەم دۆزینەوەیەیش لە ساتى نووسیندا هەستى پێدەکەین، واتا
تەنها لەم کاتەدا شیعر مانای خۆناسینى بە دەستەوە دەدات. هەڵبەتە هیچ
کاتێک دۆزینەوەیەکى ڕەهایانەیش نییە بۆ شیعر. تۆ تەماشا بکە؛ ئەگەر لە
هۆمیرۆسەوە بگریت تا شاعیرانى ئێستە، تۆ بینیوتە شیعریان دۆزیبێتەوە
یان ماناکەى، ئاخر هەموو شتێک لە نێو ماناکەى خۆیدا، خۆى وەک خود
هەڵگرتووە. ئێمە کە مرۆڤین، ئایا ماناى ئێمە هەر لەنێو مرۆڤبوونماندا
نییە؟ دەکرێ تۆ بڵێیت مرۆڤایەتى ڕاستگۆییە، لێخۆشبوونە، بەزەیبوونە؟
موومکین نییە هیچ شتێک لە دەروەى خۆیدا ماناى هەبێت. تۆ وەک مرۆڤ تەنها
مرۆڤیت، کەواتە: ئەمە تەنها لە نێو ئیشکردنە نەک دڵنیابوون و گەییشتن
بە هەقیقەت تێیدا. لە لایەکترەوە، بەو مانایەى کە شیعر وەک کایەکى
زانستى ڕووت نییە، تا ئێمە بتوانین وەک ماددەیەکى کیمیایى هێمایەکى بۆ
دابنێین، یان وەک هاوکێشەیەکى ماتماتیکیى ئەنجامێکى ئەرخەیانیانەى
باوەڕپێکراوى هەبێت، یان وەک ڕووداوێکى مێژووى بیگێڕینەوە، بەو ماناى
لە ساتێکى دیاریکراودا ڕوویداوە، هیچ کاتێکیش شیعر وەک چیایەک
بەرزیەکەى و وەک ڕووبارێک درێژی، ڕووبەرەکەى دیار نییە، ئەمەش لێرەدا
ئەوەمان بۆ نمایش دەکات کە شیعر وەک زانستێکى مرۆڤایەتیش نیییە، چونکە
لە زانستە مرۆیەکاندا پێوەر هەیە، لێ شیعر لە گەلێک لەم پێوەرانە
بەدەرە، لە بۆیە شیعر دنیایەکى ئاڵۆز، هەمەچەشن، فرەڕەهەندە، بۆیە بە
تەنها نابێت باس لە شیعر وەک چەمک بکەین، چونکە هەر شیعر بەس نییە بۆ
هێنانەکایەى خۆى، بەڵکو لە پاڵ شیعردا کۆمەڵێک چەمکی تر هەن کە زمان،
شاعیر، زەمەن، خوێنەرن، ئەمانەیش هەر یەکێکیان دەورێکى کاریگەر وازى
دەکەن لە بوونیەتى، هاتەنەکایەوەى شیعردا، ئەمەش دواجار بە
فەرامۆشکردنى هەرکامێکیان، شیعر ماناکەى لە دەستدەدا و بێبەها دەبێت.
ئێمە لەباتى ئەوەى پێناسەى شیعر بکەین، دەبێ شیعر تەماشاکەین، چونکە
شیعر شتێکى هەستپێکراو نییە، بۆیە شیکردنەوە و تەماشاکردنى شتێکى زهنیە،
ئەوەیش کە بە دەستى دەهێنین هەر هزرییە. بە بڕواى ئێمە، شیعر لە
دواجاردا پرۆسەیەکە تێیدا کەسى شاعیر بە کۆمەکى بیرێک، بیرۆکەیەک،
زمانێکى باڵا، دەکەوێتە کەشفکردن و نزیکبوونەوە لە هەقیقەت و
خەیاڵاندنى ماناى ژیان، ئەمەش هەر یەکێک لە شاعیران بە جۆرێک (جیاواز
لە یەکتریی) لە خەیاڵەوە بۆ ژیان دەڕوانن، بۆیە دەبینین هەر شاعیرێک
دنیایەکى تایبەت بە خۆى دەبێت، کە لە دنیا و ڕووانبینینیى هیچ
کەسێکیترەوە، بە خودى کۆى شاعیرانی تریشەوە ناچێت. ئەوە نییە کاتێ ناوى
نووسەرێک دەهێنین، یەکان دوو ئەو دنیایە دروستکراوەى کە ئەو لە
بەرهەمەکانیدا ئەفراندونى، دێتەوە بیرمان. هاوکات لێرەوە کە دەڵێین
نووسەر، هەر بە تەنها لەگەڵ شاعیرمان نییە، بەڵکوو کۆى ئەوانە
دەگرێتەوە کە دەق دەئافرێنن. هەڵبەتە نە دنیابینینى مارکیز لە هى
بۆرخێس دەچێت (ئەگەرچى هەردووکیان لە سەر یەک ڕێبازى ئەدەبیی
دەیاننووسى) نە سوهراب و فەرووخزاد، نە ماغووت و ئەدۆنیسیش لە یەکتریی
دەچن. ئەز کە شیعرە (هەڵبەتە) وەرگێڕدراوەکانى (گوننار ئێکێلۆف)ى
شاعیرى سوێدیى ڕۆژهەڵاتناس دەخوێنمەوە، ڕێک شوێن زەمەنى سەرابى دەکەوم
و هیچ گرفتێکم نابێت، ئەوە نەبێت خەم بۆ دەوڵەت نەبوونم دەخۆم، کافکا-
ش ئەوەم پێ دەڵێت بە شێوەیەکى مەرگاوى، هەڵبەتە (ئەلبێرکامۆ)ش
بێهوودەیى، لە ژیان بڕوانم.
لە لایەکی ترەوە؛ ئەگەر لەو پێناسە تەقلیدییانە خۆمان ڕزگار بکەین،
بەوەى کە شیعر هەست و سۆز دەجوڵێینێت، من ئەوەم لە کن ڕاستترە کە
هەستکردن بە شیعر، شیعرییەتە، نەک جوڵاندنى سۆز! ئەمە جگە لەوەى لە
کەشفکردنى شیعردا شتێکمان بۆ بە دیار دەکەوێت کە: شیعر بە گەڕِخستنى
زمانە و لە نێو هەناوی ویدا زمان باڵا دەکات، بە جۆرێک لە دەروەى
شیعردا، زمان لەو کەرەستە خاوە دەچێت کە هەرگیز کارگە نەبینێت و نابێتە
ماددەیەکى سوودبەخش، هەروەک عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا پێى وایە: "ئەوە
شیعرە کە ماهیەتى زمانى تێیدا جێبەجێ دەکرێ". بەو مانایە شیعر هەر
جووڵاندن نییە، بەڵکوو خۆ دۆزینەوە و درووستکردنەوەى زمانە، ئەمەش
پەیوەندیەکى هۆڕمۆنیانەى توندى بە بیرکەرەوە هەیە کە کار لە نێوان شیعر
و زماندا بکات، ئەمەش خودى کارە ڕەسەنایەتییە، گەردونیانەى ئەرکى
شاعیرە. لە بۆیە، پێم سەیرە کە زۆرێک لە خوێنەر، ڕەخنەگران پێیان وایە
کە نووسینى شیعر کارێکى سانایە، لە کاتێکدا لە کن من سەختترین جۆرى
نووسینە. ئاخر وتارێک ئەو کاتە دەنووسرێت کە ئارایشیەک نمایش بکات،
ئەمە لە کاتێکدایە کە شیعر دەربازبوونە لەو تەنیایى- نیگەرانییە
گەردوونیەى کە شاعیر لە جێى کۆى تاکەکان هەستى پێدەکات و دەریدەبڕێت،
هاوکات دۆزینەوەى ئەو خودە ڕاڕایەیە. لە لایەکی ترەوە، وتارنووس
ڕووکەشیانە لە کێشەکانى مرۆڤ دەدوێت، کاتێکیش باس لە دیاردەیەک دەکات و
بە پەلە لە سەرپێچییەک دەدوێت، تەنها نمایشکردنى شتێکى دیارە، لێ شیعر
هاودەم چڕکردنەوەى ئەو خەون، مەیل، ئازارەیە کە ئەستەمە منى مرۆڤ، بە
واتاى (منى بیرکەروە) لێى دەربازبێ. شیعر تا سەر لە یەک ئیتار و
گوفتاردا خۆى نابینێتەوە، هەر زەمەنێک شیعر یاخود تاکى خوێنەر بە
دۆزینەوەى بەهاکان و خۆئاوێزان کردن لە نێو شیعردا، ئەرکى قورستتر بە
شیعر دەسپێرن. ئەگەر تاکێکى دوورگەى عارەبى لەبەرئەوەى دەچووە باژێڕى (عوکاز)
تا ستایش، داشۆرینى کەسەکان ببیستێت، ئێستە خوێنەر هۆڕمۆنیانە لەگەڵ
شیعردا تێکەڵ دەبێت، تا ئەو ڕاڕایى، تەنیاییەى هەیەتى، لەبیری بکات.
سەبارەت بە بەشى کۆتاییى پرسیارەکەت؛ (ئەی کەواتە چۆن بیناسینەوە؟)
ئەمەش ڕێک لەوە دەچێت کە ئایا باپیرە گەورەمان لە هەشت پشتەوە، ئەگەر
هاتە خەونمان دەیناسینەوە؟ پێت وا نەبێت ئەمە شتێکى نا موومکین بێت،
لەگەڵ ئەوەشدا ناسینەوە بۆ شیعر هەرگیز نابێت، تەنها ئەوە نەبێت کە
هەست بە شیعربوونى دەقێک دەکەین، بەو ماناى کەڵەکەبوونى کۆمەڵێک وشەى
ئاسۆیى و ستوونیى بەس نیین تا ناوى لێبنێین شیعر، ئەمەش ڕەنگە لە کن
زۆرێک کردەى ناسینەوە بێت. تۆ تەماشاى ئەم گەڕەلاوژەیەى ئێستە مەکە، کە
پێم وایە زیانێکى زۆر لە ئەدەبى کوردى دەدا ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام
بێت، بەو مانایەى کە دەبینین ئەو هەموو وڕێنە و قسە فڕێدراوە بە شیعرى
باڵا، تەمومژاوى، بە سەر خوێنەرى ساویلکە، فەقیرۆکەى کورددا
دەفرۆشرێتەوە، ئەمەش دواجار یان خوێنەر خۆى دەگاتە ئاستێکى هۆشیارى واز
دەهێنێت، هەڵبەتە مەبەستمان لە خوێندنەوەى ئەم قسە بێتامە فڕێدراوانە،
یان بنووسى ئەو ڕستە بێناوەڕۆکانە واز لەم تەرزە نووسینانە دەهێنن، کە
ئەمەش هەرکەسێک لەم تەرزە بنووسانە چەندە زوو واز بهێنێت، باشترە.
ئەمەش هاوجێ دواى ئەم هەستەکییەى کە لە دەقێکدا دەیبینینەوە خۆى پێمان
دەڵێت ئەمە شیعرە، واتە شیعر لە هەرجێگایەکدا هەبێت، خۆى نمایش دەکات،
ئەمەیش پەیوەستە بەو هۆشیارییەى کە خوێنەر پێى دەڵێ (جیدیى)
دەیانبینێتەوە. شیعر پڕۆسەیەکە بۆ گۆڕان، ئەوە نییە شاعیران لە گۆڕینى
زمانەوە، زیهنمان دەگۆڕن و دەمانجوڵێنن، دواجاریش ڕوانینبینیمان بۆ
دەورووبەر دەگۆڕێت. دەزانى من شیعرییەت هەر لە شیعردا نابینم، من کە
چیڕۆک، ڕۆمانەکانى (شێرزاد حەسەن)م خوێندەوە تەواو دیدگام بەرانبەر بە
شێت، منداڵ، هەرزەکار، ئاشق، نووسەر، قەیرەکچ، بێوەژن، کەسى شەرمن گۆڕا،
بۆیەیش تێگەیشتم کە دەبێت ناخى مرۆڤەکان بخوێندرێتەوە و گوێ لەهەموو
کەسەکان ڕابگرین، لەگەڵ برا بچووکەکانماندا بچینە شارى یارى و گوێ لە
مەیلە سادەکانیان ڕابگرین، تا هەست بکەن کە منداڵیى خۆیان بینیوە،
هاوکات سەرچیخ کەسەکان نمایش نەکەین، کەسم لە کن هەڵە نەبێت و ڕێز لە
هەموو کارێک و ڕایەک بگرم کە مرۆڤەکان دەیکەن و دەریدەبڕن، دەزانى لەو
کاتەوە دایک، خوشک، هاوڕێ، براکانم خۆشتر دەوێت، لێ ڕقم لە واعیزەکان،
بکوژەکان ببێتەوە، واتە لەوێدا شیعریەتم دۆزییەوە، هیوادارم کەسیش وەها
لێم تێنەگا کە مەبەستم لەوەبێت حەکایەتەکانى شێرزاد ڕستەى شیعریى
تێدایە. کەواتە شیعر دەچێتە نێو ژیان، هەروەها مەرجیش نییە شیعر هەر بە
تەنها بە وشە بنووسرێت، گرنگ ئەوەیە ئەو شتەى دەجوڵێ و بە جۆرێک هونەر،
جوانناسیى دەوەشێنێ.
بۆ من هونەرمەندى هێژا (مریەمى ئیبراهیم پوور) خۆى لە دەقێکى باڵاى
شیعریى دەچێت. تۆ بینیوتە ئەو شیعرانەى ئەو دەیانکاتە گۆرانى، باڵایان
پێدەبەخشێت و هەلەکەسەمایان پێدەکات، ئەمەش دواجار لە کن من دەبێتە
شیعر. بەو مانایەى خوێنەر تەنها پێویستى بەوە هەیە کە ئەو هەستە
ئێرۆسییەى دەقێک هەیەتى، وەک چرایەک لەگەڵ خۆیدا بیگێڕێت و لە هەر
جێگایەکدا نووسینێکى بینى، بەو مانایەى کە شیعرە، ئایا شیعریەتى تێدایە؟
یان ئەو بارە بدۆزێتەوە کە بتوانێت ئازادییەکانى تێدا پڕاکتیزە بکات،
جگە لەوەى کە ڕەگەزەکانى ئافراندن (ئیبداع)ى تێدا هەبێت. دەبوایە زیاتر
لە سەر بابەتى ئافراندن قسە بکەین، چونکە پەیوەندیى بە کاکڵەى نووسین
هەیە، بە شیعریشیەوە، لێ زۆر درێژ دەبێتەوە و ڕەنگە شێوازى دیمانەکە
ڕێگەمان پێ نەدات، ئەمانەیش گشتیان پەیوەندییان بە ئاگایى، هۆشیاریى
خوێنەرەوە هەیە.
ڕێبین ئەحمەد خدر: شیعر پێناسە ناکرێ. من
حەز دەکەم سەرەتا لەسەر ئەم بەشە قسە بکەم، چونکە زادەى دروستکردنى
پرسیارەکەیە و وێنەى ڕەگێکى پتەویش بەستراوەتەوە بە ناسینەوە یان
دۆزینەوەى شیعر، وا دەزانم زیاد لە هەر شتێکى تریش ئەگەر بۆ بەشى دیارى
شتێک بگەڕێین یان بمانەوێت هەوڵى ئاشکراکردنى ڕووى شتێک بدەین
پێویستمان بە بەشە نادیارەکەى هەیە تا کارى لە سەر بکەین. شیعر بۆچى
بووەتە ئەو گۆزەیەى ئاوى تێ دەکەین و لێشى دەخۆینەوە، ئینجا نایشیناسین،
ئەمە بۆ؟ لە ڕاستیدا من پێم وایە شیعر بەستراوە بە بوونى مرۆڤەوە،
پەیوەست دەبێت بە مەسەلەى بوونەوە (بوون بە هەموو کێشەو ئاراستە
دژەکانیشى)... چونکە ئەگەر بڵێین شیعر خۆى بە تەنها هەم گۆزەکەیە و هەم
ئاوەکەیش، ڕاستەوخۆ دەبێت بپرسین: ئەى ئێمە کێین؟ کەواتە شیعر بۆ شاعیر
دەبێت بەو ئاوێنە نادیارەى شتە نادیارەکانى تێدا دەبینێ و ڕووبەڕووییان
دەبێتەوە. شاعیر لە فەزایەکدا کار دەکات ناتوانێت هەمیشە بەو جۆرەى کە
هەیە تیایدا بمێنێتەوە، ئەو بەردەوام دەزووییەک یان بەنێک لە ڕۆحیدا
درێژدەبێتەوە لە ئاسمانى شیعردا... هەرگیز ناگاتە ئەو کۆللارەى خۆیشى
نازانێت چۆن هەڵدراوە. شیعر حاڵەتى پەیوەست بوونە بەو شتانەى ناتوانیین
تا هەتایە تیایاندا بە بنبەست بگەین، ئەو شتانەى ناتوانیین بە چەندەها
جار بیانبینین، ئەو شاعیرەیش کە دەیەوێت شتە بینراوەکان دووبارە لە
شیعردا وەک خۆى پیشان بداتەوە، هەوڵى کوێرکردنى خۆى دەدات، کوێربوون بە
ماناى وێرانبوونى دیدگا شیعرییەکەى. کەواتە؛ ناسینەوەى شیعر تا ئەو
شوێنەى پەیوەندبى بەو شتانەوە هەیە کە شیعر پێیانەوە پەیوەستە،
درێژدەبێتەوە لەگەڵ ئەو هێڵەى خودى شتە ناکۆتاکان پێیدا تێپەڕدەبن،
ئەگەر بۆ ناسینەوەى شیعریش لە نێو ژانەرەکانى تردا بگەڕِیێن ڕەنگە
هەموو ژانەرەکان شیعرییەتییان تێدابێت، ئەمە تۆزێک ئاڵۆزى دروست دەکات
بە تایبەت بۆ ئەدەبى ئێمە، چونکە ئەدەبیاتى کلاسیکى کوردیى بەشى هەرە
زۆرى شیعرە و دواتر تێکەڵ بە جۆرە دەقگەلێکى تر دەبێت، ئەمە وەها دەکات
بە هۆى ئەو پێشینەیە ئێمە هەمیشە بۆ شیعر یان ڕۆڵى شیعر ئاگایانە و نا
ئاگایانە بگەرێین، بەڵام شیعر خۆى (خۆى) دەناسێنێت، بەڵام نابێت ئەوە
لە یاد بکەین ئەوە کێ یە دەیەوێت شیعر بناسێتەوە؟ ئەمە زۆر گرنگە...
لەگەڵ ئەوەشدا پێوەر و دیدگاى هەریەکێکمان بۆ شیعر جیایە، بەڵام دەبێت
دان بەوەدا بنێین ئەو پێوەرانە چیتر لە دەستى ئێمەدا نەماون، بەڵکوو
شیعر هەمووى لێ وەرگرتووینەتەوە.
*:
شاعیرانی گەنج، مەگەر تاک و تەرا، ئەگینا جیددیی نین، پێت وایە هیچ
کامێکیان دەنگی تایبەت بە خۆیان هەبێ؟
ڕابەر فاریق: لەم ڕۆژانە دەقێکی (ژوان
پێنجوێنی)م خوێندەوە کە دوو ساڵ دەبێ، ئەگەر پتریش نەڵێم، دەقێکی
هاوشێوەی ئەوەی (ئەم)م نەخوێندووەتەوە، واتە ئەوەندە جوانبوو، دەمێک
ڕایگرتم و وەهای کرد چەندین جار بیخوێنمەوە، ئێستەیش حەز دەکەم چەند
جارێکی دیکە بگەڕێمەوە کنی. جگە لە (ماردین ئیبراهیم)، هیچ شاعیرێکی
دیکەی گەنج نییە دەنگی تایبەت بە خۆی هەبێ، لەوانەی کە وەکوو گەنجەکان
خوێندوومنەتەوە، ئەم دەربڕینەیشم لە ڕوانگەی خۆمەوە نییە، بەڵکوو
دەرهاویشتەی ئەزموونی خوێندنەوەمە. گەنجەکان، جگە لە خدووگرتن بە چەند
دەنگێکی شیعریی ساختە، بە دوای (هیچ)ییشەوە نیین، ئەمەیش لەمەوە
سەرچاوەی گرتووە کە دەقە وەرگێڕدراوەکان ناخوێننەوە و تۆوی (گومان)
ناوەشێنن، مرۆیش کاتێک پشتی لە گومان کرد، هاوکات ڕووی وەرچەرخاند
بەرەو لای ئەوانەی کە پیرۆزییان خستووەتە پاڵ خۆیان و دەقە
زەمەنییەکانیان، هەمیشەیش لەو کەسانە دەگەڕێن کە شمەکی دەروێشیی دەپۆشن،
ئیدی داهێنان ئامادە نابێ و بیری دۆگما و سەفسەتە شوێنگرەوەی گومان و
ڕامان و هزر دەگرنەوە، هەر وەختێکیش خوێنەر گەیشت بەو ئاستە ترسناک و
بنبەست و کوشندانە، ئۆتۆماتیکییەن لە خوێنەرێکی خودئاگاوە خۆی تەرجەمەی
سەر خودێکی کۆنتڕۆڵکراو دەکا.
نازانم مەبەستت لە دەستەواژەی (جیددیی) لەم پرسیارەتدا چۆن دەکەوێتەوە،
بەڵام هێندە دەزانم کە جیددیی بوون پەیوەستە بە خوێندنەوەی فرەلایەنانە
و پەیڕوکردنی هەموو ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە بەرپرسیاریەتییەوە. مەسعود
محەمەد لە چەند ڕستەیەکی دیمانەیەکیدا گوتوویەتی: (ئەگەر نووسەر بمرێ،
دەمرێ، ئەگەر لە نووسین کەوت، دەمرێ، ئەگەر خۆی سووک کرد دەمرێ، ئەگەر
ڕای خۆی بفرۆشێ، دەمرێ، ئەگەر دووڕوویی کرد دەمرێ و ئەگەر جنێو فرۆش بێ
دەمرێ. خۆ ئەگەر لە یەکێک لەمانە، جگە لەوەی یەکەم، نەمرد، دەبێ
خوێنەران بیمرێنن، دەنا بۆ خۆیان دەمرن.). بەڵام ئەگەر بێتوو ئەم
ڕوانینە بهێنینە تەنیشت هەر نووسین و نووسەر و خوێنەرێکی کوردیی، تووشی
سەدمەیەکی گەورە دەبین، بەوەی کە لەگەڵیان پارادۆکس دەکەوێتەوە، ئەمەیش
لەمەوە دێ کە نە نووسینمان فەزا دەهێڵێتەوە بۆ دیالۆگ و ڕەخنە، نە
نووسەرانیش هێندە ڕوانینفراوانن کە بتوانن بەشداریی بکەن لە
بەرهەمهێنانی گومان و خوێندنەوەی جوداوازی یەکتریی، نە خوێنەرانیشمان
هێندە قووڵ و بیرکارن تا لە بری ئەم دووانەی سەرەوە خۆیان مانیفێست
بکەن، یاخود وەکوو بەدیلگەلێکی ئاکتیڤ و ڕاستگۆ/ نووس، نووسینەکان و
خۆیان پیشانی کۆمەڵگە بدەن، دەبینین هەر ئەمانەیشن کە ئەم دۆخەی
ڕۆشنبیریی کوردیان مردۆخ و داڕماو کردووە و هەردەمیش لە پێناوی
جێگەخۆشکردنن بۆ بەردەوامیدان بە پیرۆزیی و لەل نەکردن.
مەسعود محەمەد گەلێک لەمێژە ئەمەی نووسیوە، بەڵام چونکە ئێمە لە هەوڵی
خوێندنەوە و بەدواگەڕاندا نیین، تا ئێستە نەمانتوانیوە تەئویلگەلێکی
فرەڕەهەند بۆ کۆی نامەکانی ئەم پیاوە نا، بەڵکوو بۆ ئەم چەند ڕستەیەی
سەرەوە بکەین -کتێبەکانی هەر هیچ، چونکە هێندە خراونەتە پەراوێز، تۆ کە
خوێنەرێکی گەنج و جیددیی بی، مومکین نییە بتوانی پەیایان بکەی تا
بیانخوێنیتەوە-، بۆیە ئەم دۆخەی ئێستەی ئێمە کەوتووەتە نێو خەرەندی
گەلێک وەهم و خەللاقییەتی بێ بنەمای وەهاوە کە ئەستەمە ئیشکالیەتەکان
لە ماوەیەکی زوودا بەرەو چارەسەر بە کێش بکردرێن.
من دڵنیام بە ژمارە 10 گەنج -ئەوانەی پێیان دەگوترێ گەنجی ئەدیب- تا
ئێستە نەک هەوڵیان نەداوە بە هزری (شوکور مستەفا) و (مەسعود محەمەد)
ئاشنابن، بەڵکوو ڕەنگە ئەم ناوانەیشیان لە کن نامۆبێ، چونکە هەردەم
خەریکی کارە کۆپییەکانی (سوهراب سپێهری) و (فروغی فەرووخزاد) و (ئەحمەدی
شاملوو) و (ئەدۆنیس) و کێ و کێی دیکەن، بەڵام - بە لایەنی کەمەوە- تا
ئێستە نەهاتوون (نالی) و (کوردی) و (مەحوی) و (تی. ئێس. ئیلیەت) و (ئۆکتاڤیۆ
پاز)و (ئیلیتیس ئۆدیسیۆس) و (ئارترۆ ڕامبۆ) و (بۆدلێر) و گەلێک شاعیری
دیکەیش بخوێننەوە، تا ئاشنا ببن بەو هەموو قووڵاییانە، لە کاتێکدا
هەموویان ورگێڕدراون. من کتێبی (ئیلیش)ی ئۆدیسیوس-م بە 500 دینار کڕوە
لە کن کتێبفرۆشەکانی بن قەڵا.
بڕوانە؛ (ئەحمەدی مەلا) و (هەندرێن) و (ئازاد سوبحی) و (ڕەزا عەلی پوور)
و (سورخی) و (نەزەند بەگیخانی) و (لازۆ) و (ماردین ئیبراهیم) و چەند
کەسێکی دی، هەر ساڵێک و چەند دەقێکی کەم بڵاودەکەنەوە و هەرگیز
پەلەکردنیان پێوە دیار نییە، هەڵبەتە دەقی جوانیش لەبەردەستی ئەم
شاعیرانەدا بە سانایی قورتار نابێ و ناوەشێنرێ، بەڵام هەرچی (فەرهاد
پیرباڵ) و (شێرزاد حەسەن) و - کە باسی شێرزاد حەسەن دەکەم مەبەستم
شیعرەکانیەتی، ئەگینا ڕۆمان و چیرۆکەکانی ناوازەن - (نەوزاد ڕەفعەت) و
چەند کەسێکی دیکەیشن، وەک بڵێی کارگەی لە یەکتریی گرێدانی وشەیان هەبێ،
وەها سانا دەنووسن، هاوکات بۆ بڵاوکردنەوەیش هەمان خاڵ پێڕەو دەکەن،
ئەمەیش بە هەر شێوەیەک بێ، ترسناکە. هێی لەمەیش، بەرەوڕووی پارادۆکسێکی
سەیرمان دەکەنەوە، واتە: ئەمان چوونەتە نێو (ترسی داهێنان) کە ئەم ترسە
لەکن من پتر دەلالەت لە جورئەت دەکا، وەک ئەوەی ڕاڤەی سەڵتی بۆ کراوە،
ئەوانیش کەوتوونەتە نێو (وەهمی گەورەبوون)ێکی وەهاوە کە بونیادی خۆیان
ون کردووە، دەشێ ئەمەیش دەرهاویشتەی وابەستەییی خوێنەرە ڕووکەشبینەکان
بێ، ئەوانەی تەنها بەوشەگەلی سواوەوە فریوو دەدرێن، بەڵام هەرچی
خوێنەری فرەڕوانینە، بایەخ بە چێژە ناوەکیی و لایەنە نادیارەکانی دەق
دەدا، هاوکات بەردەوام لە گەڕاندایە، گەڕان بە شوێن ڕوحی دەق. دواجار،
بۆ ئەوەی لە نێوەڕۆکی پرسیارەکەت دوورنەکەومەوە، ئەمەت پێ دەڵێم کە
گەنجانی جیددیی هەن و لە هەوڵدانیشدان بۆ ڕسکانی زێتر و قووڵتر ڕوانین،
بەڵام پێویستە بگەڕێین و بیانخوێنینەوە، چونکە ئەوانە ڕێکلامیی نیین.
ئارێز سمکۆ حوسێن: هەموومان دەبێ بزانین؛
ئەگەر شاعیرێک، نووسەرێک جیدیى نەبێت ناتوانێت ببێَت بە خاوەنی دەنگێکی
تایبەت بە خۆى. هەڵبەتە دەمەوێ بەوە دەست پێبکەم کە لە بارەى ئەم
پرسیارەى تۆوە، ڕام وایە تەمەن شتێکى ڕەها نییە (بۆیە ئەمە دەڵێم،
چونکە تۆ ناوى شاعیرى گەنجت هێناوە)، بەڵکوو ڕێژەیییە، لە بۆیە هیچ
کاتێک نابێت تەمەن بکەینە پێوەرێک بۆ شاعیرى باش، جیدیى، هەڵبەتە دواتر
ئەمانە ناویان دەبێتە داهێنان. ئایا تۆ پێت وایە هیچ کەسێک لەوانەى بە
گەنجى دەنووسن، تێکستى داهێنەرانەیان نە ئافراندووە؟ دەبێ ئەوە بزانین
کە (ڕامبۆ) بوو لە تەمەنى حەڤدە ساڵیدا شیعرى فەرەنسیى بە ئاقارێکی
تردا برد. هەروەها هەر هەوڵێک بۆ جیاکردنەوەى کەسە ئافرێنەرەکان و
وابەستەکردنى بە تەمەنەوە، کارێکە نا دروستە و هەرگیز ئافراندن بۆ ئەم
بەش بەشییە پۆلێن ناکرێت، شتێک نییە لە نێو داهێنانى نووسین و لەمانەش
شیعر بەوەى دابەشى بکەیت، بەڵکوو ئەوە کارى ئەو خۆ بە ڕامیارى زانانەیە
کە دەکارن چینەکان، خێڵ، کادیر، پێشمەرگەى دێرین، لاوى چاڵاک دابەش
بکەن و دواتر لە ڕێگەى جیاوازەوە کۆیلەیان بکەن، لە بۆیە ئەوە دەقە
بڕیار لە سەر ئافراندن دەدات، نەک تەمەنى نووسەر- شاعیر. دەزانى خەریکە
لە نێو دەمڕاست، بەڕێوەبەرانى بڵاڤۆکە ئەدەبییەکانى کوردستان، کار لە
سەر تەمەن دەکرێت و هەموو دەنگێکى گەنج فەرامۆش، کپ دەکەن؟ ئەمەیش
دواجار هەموو ئەو نیگەرانبوونەمان لەم بارودۆخە گەڕەلاوژەیەدا بە ڕاست
دەخاتەوە، ئەم دەمڕاستە خۆ بە پێغەمبەرزانانە چونکە دەزانن گەنجان
دەنگى نوێن و شتى نوێیان پێیە بۆ گوتن، بۆیە دەبنە بەربەست، جگە لەمەش
دەبێ ئێمە وەها بڕوانین کە دۆزینەوەى دەنگى نوێ، تەنها لەم گۆڤار،
ڕۆژنامە، دەزگا ئەدەبییەکانى نێو کوردستان نییە، ئێستە زۆرێک لەم دەنگە
نوێیانە بە هۆى وێبسایتە ئەلیکترۆنیەکان، بەرهەمەکانیان دەوەشێنن،
هەربۆیە ئەوان لەگەڵ ئەم وێبسایتانەى کە هەن تووشى هیستریا و فۆبیا
بوونەتەوە، بۆیە ئەو سایتە وێژەییە، گشتیانەى کە هەن، چونکە بوونەتە
دەروازەیەکى باش بۆ نمایشکردنى دەقى زۆرێک لەم شاعیرە گەنجانەى ئێستە
کە دەیانەوێت لەو ناوەندە ڕووناکبیرییەی پڕ نیگەرانی، ئاسۆ لێڵیەى
ئەدەبى کوردى نزیک ببنەوە، بۆیە ئەمە بە ماناى ئەوە نایێ کە گەنجێکمان
دۆزیوەتەوە و شیعر دەنووسێت. زۆر جار شاعیرێک لە تەمەنێکى گەورەدا دەست
پێدەکات و دەبێتە خاوەن دەنگى خۆى، ئەمە جگە لەوەى ئەم پرسیارەى تۆ
دەمانباتە نێو قسەگەلێکى زۆرترەوە کە دواجار پێى دەڵێن ئەدەبى گەنجان،
بۆیەیش کە تۆ باس لەو ئەدەبە دەکەیت ئەوە دەبێ نمایشى ئەو بار، ئاست،
ئاریشە، بەربەستانەش بکەیت کە لەدۆخى ئەم ئەدەبەوە نزیکە، بۆ ئەم
مەبەستەیش پێویستیمان بەوە هەیە کە لە هەندێ شت بگەین، لەگەڵ ئەوەشدا
هیچ کەسێک مافى ئەوەى نییە بە ناوى ئەوەى ڕۆشنبیر، شاعیرێکى بە ئەزموون،
ڕەخنەگرێکى ئەدەبییە، بێت بە شێوەیەکى سەرپێیسانە و بە قسەى فڕێدراو
باس لە ئەدەبى لاوان بکات و هەندێ ناو ڕیز بکات، کە ئەمانە داهێنەرن و
ئەوانەیش زبڵنووس. هەڵبەتە ئەم ناو ڕیزکردنەى کە ئێستە لە نێو ڕەخنەى
کوردییدا بووەتەتە مۆدێلێک بۆ ڕاکێشانى هاوڕێیەتى و خڕکردنەوەى پێڕ،
یان بە جۆرێک ئەو ناوهاتووانە، چونکە هونەرى لگاوچیەتى دەزانن و خۆیان
ڕەپێش دەکەن، کە ئەز لەم بارەییەوە دەست و پێ سپیم لێى، جا ئەوانە بەم
تەرزە نزمانە ناوى خۆیان دەخەنە نێو زمانى ئەو نووسەر، شاعیرانەوە و
ئەوانیش لێبڕاونە ناویان دەهێنن و ڕێکلامیان بۆ دەکەن، ئاخر سەیرە
ئەدەب ببێتە کەرەستەیەکى ڕێکلامیى، بۆیەش باوەڕم بەم تەرزە ڕایانە نییە،
لەبەر ئەوەى کەس نەیدەزانى (خەیام) شیعر دەنووسێت، ئەها دواى چوار سەد
ساڵ لە پاش مردنى، ئینجا چوارینەکانى بڵاوبوونەوە و ئێستەیشى لەگەڵدابێ
دەیان هەزار خوێنەرى هەن لە جیهاندا.
جێگەى هەڵوەستە و مەترسییە کە ئەدەبى گەنجان وەک بارێکى سایکۆلۆژیا،
بایلۆژى، سێکسى تەماشا بکرێت و دواجار گەنجان وەک برسیبوونێک بۆ ڕووتى
جەستەیى نمایش بکرێن، پێم وایە بۆ ئەم حاڵەتەیش دەستەڵات بەشدارە لە
ئافراندنى ئەم تەرزە بۆچوونانە، کە ئەمەش لە ڕێگەى ڕۆشنبیرە
ڕامکراوەکانى خۆیەوە ئەم بۆچوونە بێمانایانە فڕێدەدەات کە دواجار سووک،
چرووک، بێبایەخکردنى ئەدەبى گەنجانە. بۆیە ئەرکى ئەو ڕەخنەگر،
لێکۆڵیارانەیە (بە تایبەت گەنجەکان) بێن ئەو دەنگە نوێیانە بدۆزنەوە،
لێرەوەیش کە ئێمە بە نزیکایەتیبوون لەو بڵاڤۆکە چاپەمەنی،
ئەلیکتڕۆنیانەوە کە بە هۆیانەوە چاودێریى گشت دەنگێکى نوێ دەکەین،
هەڵبەتە ئەو شاعیرانەى کە لە دەروەى کوردستانش نیشتەجێن، گەلێ دەنگى
نوێ هەن کە لەدواڕۆژدا دەکرێ ئومێدى ئەوەمان پێیان هەبێت، کە ئەدەبى
کوردى بەرەو وێستگەیەکی تر ببەن. بۆیەش من ناوى ئەو نەوەیە دەهێنم کە
تۆ لە پرسیارێکی تردا بە دەنگى دواى ساڵى 2000یان دادەنێیت، بەو
مانایەى کە دواى ئەو زەمەنە دیاریکراوەى تۆ نمایشت کردووە، دەنووسن،
هەرچەندە من باوەڕم بە ناو ڕیزکردن نییە، لێ دەبێ ئەوانەى کە لە
بیرەوەریى نەمرى خەیاڵى مندا دەژین (هەڵبەتە بە هۆى دەقەکانیان، نەک
هاوڕێیەتیان بگرە زۆرێکیشیان هەر ناشناسم و تەنیا چەند دەقێکى
کەمیشیانم خوێندۆتەوە)پێویستە ناویان بهێنم. لە بۆیە (ڕامیار مەحمود) و
(ماردین ئیبراهیم) و (ڕابەر فاریق) و (ڕێبین ئەحمەد خدر) و (زولێخا) و
(لازۆ) و (کانى هەڵەبجەیى) و (بەشدار سامى)و (شاخەوان سدیق) و (ئارم
سدیق) و (کەمال چۆمانى) و (دڵشادى عومەر کاکى) و زۆرێکی تر.
ڕێبین ئەحمەد خدر: شاعیر وەک ئەو عاشقەى
لێ دێت کە بە کۆمەڵێک برینەوە دەخولێتەوە و هەرگیز ناگاتە یارەکەى،
شیعر بە تەواوى نامانگەیەنێتە هیچ شوێنێک. موعجیزەى شیعر لەوەدایە
تینوومان دەکات بۆ بینین، کەواتە ئەوەى بە ئازارەوە لەو مەودایە
سەرگەردان نەبووبێت ناتوانێت گۆرانییەک بڵێ کە پێشتر نەگوترابێ، ئەوەش
لە هەموو شوێنێک و سەردەمێکدا بوونى هەبووە، شاعیرە داهێنەرەکان،
ئەوانەى ڕێگەیەکی تریان لە نێو ڕێگە لە یەکترچووەکان بۆ وێڵگەردبوونى
جوانى دۆزیوەتەوە هەمیشە تاک و تەرا بوون. سەبارەت بە شاعیرە گەنجەکانى
ئەمڕۆى ئەدەبى ئێمەیش هەروایە، بەڵام بە بڕواى من، شیعر لاى ئێمە -
ئەمڕۆ - لە قەیرانێکى گەورەدا دەژى، ڕەنگە زۆر کەس واى نەبینن. شیعر لە
یەکەم دێریدا هەموو شتێکى خۆیت بۆ دەڵێ... ئەمەش هۆکارى زۆرى هەیە،
شیعرەکان تەواو تەواو لە یەکتر دەچن، بگرە هەمان زمانى نووسین لە نێو
زۆر لە شاعیرانى ئەمڕۆ دووبارە دەبێتەوە. من بڕوام وایە هەر کات شێواز
و زمانى شاعیرێک خواسترا بە دڵنیاییەوە ڕوانین و هەست و ژیانبینیش
دەگوازرێتەوە، ئێمە باس لە زۆرینە دەکەین، ئەگینا وەک خۆت دەڵێیت دەنگى
تاک و تەرا هەردەبن، بەڵام لە یەکترچوونى دەنگەکان زیانێَکى گەورە لە
ئەدەب دەدا. ئەمڕۆ شیعر چووەتە قۆناغێکى ترەوە، من پێم وایە لە ڕووى
فیکر و فراوانبینى بەرەوپێش چووە، شیعرى ئەمرۆ بە جیاوازى لەگەڵ شیعرى
دەیەى حەفتا و هەشتەکان زیاتر پرس هەڵگرە و دوورکەوتووەتەوە لە سێبەر و
تارماییەکانى ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت، بەڵام ئەوەى جێگەى نیگەرانییە،
ئەمەیە: دەنگ و زمانى جوداواز ئێجگار ئێجگار کەمن. شیعر وەک قاڵبێکى
ئامادەکراوى لێهاتووە، هۆکارەکان گەلێک زۆرن. شیعرى ئەمڕۆ کێشەى زۆرى
لەگەڵ وێنە و مۆسیقاى شیعریدا هەیە. من نازانم بۆچى زۆرجار ناو لە
درێژدادڕى دەنێین قەسیدە، ئەگەر قەسیدە درێژکردنەوەى مەوداى نێوان
وشەکان بێت بە ئەنقەست، بە بێ ئەوەى شتێکى نوێمان گوتبێت بە هەڵە لە
قەسیدە گەیشتووین. جگە لەوە تابلۆى نێو شیعر هیچ کات لەو تابلۆیە ناچێت
کە تابلۆکارێک دروستى دەکات، شیعر ئەو وێنانەیش دەگرێت کە کامێرا
دەرەقەتیان نایێ، بۆ مۆسیقاى شیعرییش هەر وایە، ئەو شاعیرەى هەوڵدەدات
مۆسیقاى شیعرەکەى ڕێک بکات بە دەنگى کەمانچەیەک... شیعرى ئازارداوە،
لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا (بە دڵنیاییەوە) شاعیر هەیە خاوەنى دەنگى خۆى
بێت بۆ هەمیشەیش ئەمە دەبێت، بەڵام ئەدەبى ئێمە بە دەگمەن پێشوازى لە
دەنگى نوێ دەکات، ئێمە بەر لەوەى بە جوانى سەرسام بین، پێى توڕە دەبین،
ئەمە کێشەیەکى گەورەیە لێرە ڕووبەڕووى داهێنەر یان ئەو شاعیرە دەبێتەوە
کە خاوەنى دەنگى خۆیەتى، لەگەڵ ئەوەشدا داهێنەر پێویستى بە پێشوازیکردن
نییە، ئەو خۆى رێگەى خۆى دەگرێتە بەر.
*: چۆن هاوبەندیی
دروست بکەین لە نێوان ئێستێتیکا و نێوەڕۆکی دەقدا، هیچ کام لەم دووانە
پێش ئەویدی دەکەوێ؟
ڕابەر فاریق: خەمڵاندنی هاوبەندیی شتێک
نییە تەنها لە (ئێستێتیکا) و (نێوەڕۆک)دا قەتیسی بکەین، چونکە پێکهاتەی
دەقی ئیبداعیی پێویستی بەم (هاوبەندی)یە هەیە کە لە بوونیادی دەقەوە
دەست پێدەکا تا کۆتایییەک کە نازانین لە کوێدا دەدۆزرێتەوە. دەق بە بێ
ئێستێتیکا وەکی خانووی بێ دیوار وەهایە، ئەم ڕستەیە بە (پەخشان)
وەرمەگرە، چونکە ئەوە بەسەرچووە بە زمانی شیعر باس لە خودی شیعر بکەین.
دەقی ئیبداعیی لە وەختێکدا خەڵق دەبێ کە تێکەڵەیەکە لە ئاگایی و نا
ئاگاییی شاعیر، تێکەڵەیەکە لە بەهرەو مەعریفە، ئیدی ئەم (تێکەڵ)ییانە
لە سەروەختی داڕشتنەوەی دەقەکەدا، یان پاکنووسکردنی، نامێنن و تەنها
شتێک دەمێنێتەوە کە پێی دەگوترێ (دەق)ێکی داماڵدراو لە هەر شتێک کە
ئێمە بیری لێ دەکەینەوە، چونکە دەق شتگەلێکی نەگوتراو لە نێو خۆیدا
هەڵدەگرێ و ناهێڵێ ئەو شتە سواو و سەڵتانە ببینین کە هەوڵدەدەن (کات)مان
لێ بکوژن، ڕۆحی دەق نەبزوێنن، ئاخر کارێکی سەرەکیی دەق جوڵاندنە.
لێرەوە، هاوبەندییەک کە پیلانی بۆ دادەندرێ، بەها نابەخشێ بە دەق،
ئەگەر لێی نەکوژێ و وێرانی نەکا، قووڵتری ناکاتەوە، ئەگەر ئایدیۆلۆژیا
و شتە پووچەکانی نەداتە پاڵ، بۆیە ئەوانە شتگەلێکی لۆکاڵیین و لە کن
شاعیری ئافرێنەردا بەهایەکی ئەوتۆیان بۆ داناندرێ. هەر دەقێکی ئەدەبیی
ئەگەر بە دەر بوو لە ئێستێتیکا، بەدەریش دەبێ لە (دەق)ێتیی خۆی، بۆیە
بە بێ بوونی هاوبەندییەکی سرووشتیی و (بیرلێکردنەوەی لە دوای ڕەشنووسی
یەکەم) هاوبەندیی دیکەی لایەنەکانی دیکەی دیکەق، مومکین نییە ماهیەت بە
ڕۆشنیی وەدربکەوێ.
ئارێز سمکۆ حوسێن: تۆ کە لە دەق دوایت،
یان نێوى دەقت هێنا ئەوە یەکڕاست ئەمانەى باسیان دەکەیت واتە:
ئێستاتیکا و نێوڕۆک، خۆى نمایش دەکەن و دێنە کایەوە. هەڵبەتە گەلێ
ڕەگەزی تریش هەن کە لە دەقدا دەورى خۆیان وازى دەکەن، لێ ئێمە
هەوڵدەدەین بە گوێرەى ئەم پرسەى تۆ بەرسڤ بدەینەوە. هەرچەندە مەسەلەى
هاوبەندیى، دروستکردنى پەیوەندیى نێوان ئێستاتیکا و نێوەڕۆکى دەق،
پەیوەندیى بە هۆڕمۆنیەتى بوونى دەقەوە هەیە. ئەگەر هاتوو دەق بێبەش بێت
لەمانە، ناکامڵ و نیوەچڵە. لێرەوە (چۆن هاوبەندیی دروست بکەین لە نێوان
ئێستێتیکا و نێوەڕۆکی دەقدا؟) ئەوە دەمانباتە ئەو ڕایەى کە لەلایەن هەر
یەکێک لە شاعیرانەوە، بە جیاوازى لە نێوانیان ئەم کارە دەکرێت. هەموو
دەقێک لە کن من بە دەر لەوەى ئیشکردن بێت لەگەڵ وشە، ئیشکردنە لەگەڵ
زمان و ئیشکردنە لە فەزایەک کە پڕیەتى لە بەها، جوانى، خولقاندنى ئەو
بارە ئازادەى کە دەق بەرهەمی دەهێنێت، ئەمانە دواجار دەچنە نێو
ماناکانى ئێستاتیکا، بۆیە زۆر گرنگە ئێمە مامەڵەیەکى ئافرێنەرانە و
گەمەیەکى تەکنینکیانەى نوێ لەگەڵ ئێستاتیکا بکەین و بە وردى لە
تێکستەکاندا بینەخشێنین. لێرەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێستاتیکا لە نێو
دەقدا، یەکڕاست پەیوەندیى بە داهێنان و دەقى داهێنانەوە هەیە، چونکە
دەزانین کە ئافراندن لە بوارى نووسیندا و بە تایبەتیش لە شیعردا،
پەیوەستە بەو تەکنیکە نوێیەى کە شاعیر دەیدۆزێتەوە و ئەمەش هەرچەندە
پەیوەندیى بە نێوەڕکى دەقیش هەبێت، لێ ئەوە بە ئیشکردن لە سەر
ئیستاتیکاى دەزانم. سەبارەت بە نێوەڕۆکى دەقیش کە دەبێ بزانین لەوێدا
ماناى دەق دەدۆزینەوە، بەوەى نێوەڕۆکى کارەکەیە، نمایشکردنى نێوەڕۆکى
دەق بەوەى کە هاوبەندییەک دروستبکەین لەگەڵ ئێستاتیکاى دەقدا،
پەیوەندیى بەو خەون، مەیل، پەیام، بیرۆکە، دنیابنینەى بنووسى دەق هەیە
کە شاعیرە، بەو مانایەى ئێمە ڕەنگە لە هەموو دەقێکدا نەتوانیین ئەم
هاوبەندیە دروستبکەین، لێ پێویستە ئیشى لە سەر بکەین. کەواتە؛ ئەم
هاوبەندییەى کە باسى دەکەیت، ئەگەر لە نێو ئیشکردن لە دەقدا دروستکرا،
ئەوە ئەم دەقە هەم ئافرێنەرانە دەبێت و هەمیش نەمر.
شاعیر مامەڵە لەگەڵ ئێستاتیکادا دەکات، گەڕیدەیەکە بە دواى جوانى و
هەقیقەتدا، دەشێت هەرگیز پێیان نەگات. لێ شاعیرى هوتافکێش بانگەشە بۆ
ئەوە دەکات کە هەقیقەت لە کنەوییە. کەواتە؛ شتەکان جۆرێک لە ئاڵوزییان
تێدایە، شیکردنەوەیشیان پێویستیى بە باسى قووڵ و سەربەخۆ هەیە، دەبا
ئەوەش بۆ شاعیرەکان جێبهێڵین و خۆیان و تێگەیشتنیان کار لە شیعردا بکەن،
تا دواجار هیچ نەبێت، جوایەز بن، بەو مانایەى خۆیان بن.
ڕێبین ئەحمەد خدر: ئیستاتیکا وەک
لایەنێکى سەرەکیى هەر دەقێک تەماشا دەکرێت و ناوەرۆکیش بە کۆمەکى خەیاڵ
بە هەمان شێوە، هەڵبەتە لە نێو دەقدا ئاوێتەى یەکتریی دەبن و زۆرجار
ئیستاتیکا دەبێتە خودى ناوەڕۆک خۆى. ئەگەر بڵێم ئیستاتیکا وەک جەستەى
دەق ناوەرۆکى داپۆشیوە کە ڕۆحى دەقە باشم نەگوتووە، چونکە ئیستاتیکایش
ناکەوێتە دەرەوەى دەق یان ناتوانین ئەو مەودایە دیارى بکەین کە لە
ناوەرۆک دوور کەوتووەتەوە، چونکە دەق بەرهەمى خەیاڵە، واتە: کاتێ لە
خەیاڵدا کرۆک یان وەک تۆ دەیڵێیت "ناوەڕۆکى دەق" لە دایک دەبێت،
ئیستاتیکا ئامادەیى هەیە. پێم وانییە هیچ شتێک لە خەیاڵ و هەستەوە بێت
و لە سەرەتادا بە جوانییەوە پەیوەست نەبووبێت، ئەمەش هاوکێشەیەکى
سەمەرە دروست دەکات کە زۆرجار ئێمە واهەست دەکەین ئیستاتیکا دواى
نێوەڕۆک کەوتووە، ئەگەر وابێت چۆن دەستەواژە و ڕستەى دوو شاعیرى جیاواز
لە یەکتریی جیا دەکەینەوە، لە کاتێکدا هەردووکیان لە شتێکى هاوبەش
دواون. واهەست دەکەم ئەو هاوبەندییە تا قوڵایى ڕۆیشتووە، هەرکاتێکیش لە
دەقێکدا لە یەک نەبانى ئەو دووانە ببینین هەست دەکەین دەقەکە لاسەنگ
بووە. چى گوتن پەیوەندییەکی گەورەی هەیە بە چۆن گوتنەوە، یان هەر لە
نێو یەکتریدا لە دایکبوون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم تێکەڵبوونەیش بۆ
ئەو دەقە دەگەرێتەوە کە لە بەردەممان دایە... شێواز کارێکى گەورە
دەکاتە سەر ئیستاتیکا و دەیجوڵێنێ، بەڵام ئەوەى پەیوەستە بە ئیستاتیکا
هەر شێواز نییە، بەڵکوو زۆر لەمە قووڵترە. ئەگەر کەمێک لە ئیستاتیکاى
دەق دوور بکەوینەوە و سەرنجى ئەو لایانانە بدەین کە خەیاڵى شاعیر
درێژدەکەنەوە دەبینین هەمدیس ڕووبەڕووى نەخش و سەما و کاریگەریى جوانى
دەبینەوە، واتە شاعیر بەر لەوەى ئیستاتیکا بخاتە خزمەتى دەقەکەیەوە
سەرمەست بووە بە لایەنە ئیستاتیکییەکانى دەرەوەى دەقیش، بەڵام لێرەدا
ئالۆزییەکە ئەوەیە کە چۆن دەتوانین تێکەڵ بە یەکترییان بکەین، یان وەک
تۆ دەڵێیت هاوبەندییان لە نێواندا دروست بکەین. بێگومان دروستکردنى
هاوبەندییەکى وەها کە دەقەکە بەرهەم دەهێنێت، هەروەها بینینى ئەو بۆ
مەسەلەى ئیستاتیکا، من پێموایە ئەوانە دروستکەرى دەقن و هەردووکییان بێ
ئەندازە گرنگن، بەڵام وا هەست دەکەم کێشەى زۆرى شیعرى ئەمرۆ پەیوەستە
بە لایەنە ئیستاتیکییەکانى دەق، بۆیە ئێمە هەست دەکەین دەقى دووبارە و
زمانى دووبارە بوونیان هەیە و... زۆریشن. دیارە ئیستاتیکا بەو
پەیوەندییە زۆرەى لەگەڵ نێوەڕۆکدا هەیەتى، وای کردووە چۆنییەتیى
کارکردنى شاعیرێک لە وێنە و ستایل دووبارە بکاتەوە، کەواتە چەندە
نێوەڕۆک یان دەرهاویشتەى خەیاڵى شاعیر بۆ چەکەرەکردنى دەق گرنگە،
ئەوەندەیش ئیستاتیکا و پەیوەستبوون پێیەوە گرنگیى هەیە لە سەر دەنگى
دەق و خۆناساندنى دەق بە خوێنەر.
*: لە
دوای نەوەدەکانەوە کۆمەڵێک گەنج خۆیان بە نوێخواز دەزانن، پێت وایە
بتوانن بە شیعرەکانیان کۆمەکی ئەم نەوەیەی دوای 2000 بکەن؟
ڕابەر فاریق: هێی لەوەی کە لە نێو
پرسیارەکەتدا وەکوو نەوەی 90ەکان دەیانناسێنی، هی پێش ئەوانیش
نەیانتوانیوە کۆمەکمان بکەن (کۆمەکێکی وەها کە بتوانیین بەرەو داهێنان،
یاخود باشتر ناسینی دەق هەڵبکشێین)، بەڵام ئەو (کۆمەک)ەی کە ئێوەو ئێمە
مەبەستمانە، کامانەن؟ هی ئێوە نادیارە، هی ئێمەیش کۆمەڵێک ڕەهەند
دەگرێتە خۆی، یەکێکیان مەعریفەی شیعرییە. کاتێک ئێست دەکەین و دەپرسین:
ئەم مەعریفەیە چییە؟ دەبێ بڵێین: قووڵبوونەوەیە لە پێکهاتەکانی شیعر و
لە سەر نووسینیان و کردنەوەی دیالۆگگەلێک لە بارەیان. با لە سەرەتادا
چەند نموونەیەکت بۆ بهێنمەوە بۆ ئەوەی تەواو بچمە نێو نێوەڕۆکی
پرسیارەکەت. عەبدوڵڵا پەشێو لە شەستەکانەوە تا ئێستەیشی لەگەڵدابێ
نەیتوانیوە چەند ڕستەیەکمان بۆ بنووسێ لە بارەی ئەزموونی شیعریی خۆی،
نەک ڕەهەندەکانی شیعر، هەروەها (جەمال غەمبار) و گەلێک شاعیری دیکەیش.
هەموو ئەوانەی کە باسیان دەکەم هەندێک جار باسیان لە ئەزموونی خود،
شیعر، کردووە، بەڵام بە شێوەیەکی ئەقڵانیی نا، بەڵکوو سۆزداریی،
سۆزدارییەک کە سۆزێکی مەعریفیی بینای نەکردووە، بەڵکوو ڕووتە. ڕەنگە
ئەمە دەرهاویشتەی ئەوەبێ کە لە بارەی شیعر نەخوێننەوە، بەڵکوو تەنها
شیعر خۆی. کاتێک تەماشای ئەزموونی هەموو ئەوانە دەکەی، جگە لە چەند
گۆڕانێک کە ڕەنگە ئەم گۆڕانانەیش هەندێکیان وەکوو ئیلهام سەرهەڵبدەن،
ئەگینا ناگۆڕێن، هۆکاری ئەمەیش دەرهاویشتەی نەبوونی مەعریفەی شیعرییە.
من کاتێک لە بەرانبەر ئەزموونی کەسێکی وەک (ئەنوەر مەسیفی)دا دەوەستم
شاگەشکە دەبم، یان (هەندرێن)، هەروەها (ئەحمەدی مەلا) یاخود (بەڕۆژ
ئاکرەیی) کە دەشگەڕێینەوە بۆ ڕابردووی ئەم شاعیرانە، دەبینین لە
کۆمەڵێک لایەنەوە قووڵ چوونەتە نێو پێکهاتەکانی ئەزموونی شیعریی خود و
دەلالەتکردن لە زاتێک کە هەمیشە چڕبوونەوە خەڵق دەکا، هاوکات شیعر.
بەیانی یەکەم و دووەمی فۆڕمی گران- ی (ئەنوەر مەسیفی) لە بێخەوە
هەڵیانوەشاندمەوە و فێریان کردم ئەم بنەمایەی لە نێوەوەی مندا
ئامادەگیی هەبوو، بنەمایەکی دیکەی لە پشت نەبوو... وەختێک کە (ستایش)ی
(نەزەند بەگیخانی)م خوێندەوە، زانیم کەسێک هەیە قووڵ چووەتە نێو
پێکهاتەکانی شیعر و جوداوازتر لەم پرۆسەیە دەڕوانێ و لەگەڵ ڕەوتێک ڕێ
دەکا کە تەنهایە، نەک خۆی بە (شاعیر)و (نووسەر)ی دیکەوە سەرقاڵ بکا، لە
پاڵ ئەم ئەزموونە چڕەی نەزەنددا، ئەمەیشم بینی کە ئافرەتێک دەنووسێ
تەواو بوێرە، بوێرییەکەیشی پەیوەستە بە داهێنان و قووڵتر لە (کەژاڵ
ئەحمەد)یش لە شیعر دەنۆڕێ. لێرەوە ئەم ئەزموونە ڕەهەندێکی دیکەی
پیشاندام، ڕەهەندێک کە پێی گوتین تا ئاستێکی زۆرباش دەتوانین سوود لە
ئەزموونی (ئەوانیدی) وەربگرین و خوێنەریش لە سەروەختی خوێندنەوەی دەقی
ئێمەدا (ئەوان)ی بیرنەکەوێتەوە.
بە دەر لەوانەی کە تیشکم خستە سەریان، کۆشیعرێک کە پەرتەوازەییی خودێک
کۆ بکاتەوە نەکەوتووەتە پێش چاوم و دەنگێکی وەها نەبووە کە بتوانێ
سەرنجکێشمان بکا و بمانگوازێتەوە بۆ دنیایەکی دی، ڕەوتی دی، ئاسۆی دی،
مەگەر (ماسییەکان پێ دەکەنن)ی سورخی، ئەمەیش پەیوەستە بە سستیی
خوێندنەوە و نەبوونی بنەمایەک بۆ خۆڕۆشنبیرکردنی شاعیرانمان.
هەموو ئەوانەی وەکوو (شاعیری گەورە) دێنە ئەژمار، لاربوونەتەوە،
لاربوونەوەیەک کە ناتوانن هەڵبستنەوە، چونکە پێشتر تەنها حیسابی (سەرکەوتن)یان
کردووە. تۆ باشترین دەقی (هەر شاعیرێک کە لەم میللەتەی ئێمەدا زۆر
ڕەواجی هەیە) ببە بۆ باشترین گۆڤار و بڵێ من ناوم (کارزان ڕەحمان)ە،
حەز دەکەم ئەم دەقەم بۆ بڵاوبکەنەوە، ئەگەر بە کەڵکتان هات، دڵنیابە
بڵاوناکرێتەوە، هاوکات خراپترین دەقی خۆیشت لە پاڵ (ناو)ی (هەر شاعیرێک
کە لەم میللەتەی ئێمەدا زۆر ڕەواجی هەیە) دابنێ، نەک هەر بە زووترین
کات بڵاودەکرێتەوە، بەڵکوو ئەگەر هەفتەنامە بێ ئەوا ڕێکلامگەلیشی بۆ
دەکەن.
پتر حەزم دەکرد لێرەدا لەباتی ئەوەی باس لەم شتانە بکەم، لەسەر (ئەوانە)
بوەستم گوایە (نوێخواز)ن، بەڵام وەکوو لە شوێنێکی دیکەی ئەم
دیمانەیەیشدا ئاماژەم بۆ کردووە، جگە لە ئەزموونی (ماردین ئیبراهیم)
ئەزموونێکی دیکەی چڕ نییە بتوانین وەکوو (ئەزموون)ی گەنج تەماشای بکەین.
لە بیرمان نەچێ (باخچەکانی باوکم)ی ئازاد سوبحی، لە 90ەوە تا
ئەمڕۆکەیشی لەگەڵدابێ، هیچ شاعیرێک نەیتوانیوە هێندە شت بڵێ و ئەو بڕە
ئێستێتیکا زۆرە لە هەناوی 5 تا 6 دەقدا کۆبکاتەوە و شاگەشکەمان بکا. (عەبدولموتەڵیب
عەبدوڵڵا)یش هەندێک دەقی هەن پێویستە بەردەوام بگەڕێینەوە کنیان و قووڵ
لێیان ڕابمێنیین، موتەلیب شاعیرێکی باشە، کەم دەنووسێ، بەڵام چڕ،
دەمانجوڵێنێ، دەمانگوازێتەوە، خەیاڵمان قووڵتر دەکاتەوە.
ئارێز سمکۆ حوسێن: ڕاستە ئەو ناوە
دیارانەى کە لە نێو ئەم نەوەیەدا فراژاون و لە کن خوێنەران، بە تایبەت
گەنجەکانەوە، گەیشتوونەتە چڵەپۆپە، لێ گەلێکیشیان فەرامۆشکراون،
بەلاتەوە سەیر نەبێت ئەگەر شاعیران هەبن لەم نەوەیەدا، ئێمە هەر ناومان
نەبیستبێتن، ڕەنگە لەبەر ئەوەبێت کە دەرفەتى بڵاوکردنەوە و وەشاندنیان
بۆ نەڕەخسابێ، ئەمەش دواجار دەبێ بە لێتوێژینەوەى هەمەلایەنە و قووڵ
باسیان بکرێت و بە جۆرێک نابێ تۆ کەس فەرامۆش بکەیت، دیارە ئەمەیش کارى
ڕەخنەگرەکانە، بەڵام نابێت هیچ سۆزێک، شارچییەتیى، پێڕگەرایى تێدا
ببێتە پێوەر، ئەوەش ئەرکێکى مۆڕاڵییە کە دەبێ ڕەخنەگر بێلایەن بێت، لێ
وێدەچێ تا ئێستە لە نێو ڕەخنەى کوردیدا، ئەم بێلایەنبوونە، بوونى نەبێت.
هەڵبەتە ئێمە تەنها باس لە شاعیرانى ئەو زەمەنە دەکەین کە تۆ
دیارتکردوون، دەنا نووسەرى زۆریش هەن لە بوارە جۆراوجۆرەکانى نووسیندا.
لە ڕاستیدا ئەم نەوە شیعرییەى دواى ڕاپەڕین، بەوەى بوونەتە تەماسێک و
لە قۆناغێکى جیا لە قۆناغەکانى مێژووى کورددا تا ئەو کاتە هەموو
شاعیران هەرلە ژێر سۆزى ئایدیۆلۆژیا و وابەستەبوون بە حیزبێکەوە،
دەیاننوسى، کەچى ئەم نەوەیە ویستى خۆى لەم وابەستەبوونە ڕزگار بکات،
بۆیە ئەمە زۆر دڵم خۆش ناکات، چونکە هەموو ئەو دەنگە نوێیانەى دواى
ڕاپەڕین بە کاریگەربوون، لاسایکردنەوەى شاعیرانى فارس، ئەوروپیى
دەستیان پێکرد، ئەمەش واتە ئافرێنەرێکى خۆڕسکیانە، بەوەى کە سەرچاوەکەى
لە نێو وڵاتدا بێت، نەبوو.
لێرەوە زۆرینەى شاعیرانى پێشتر خاوەن دەنگێکى سرووشتى کوردەواییانە
بوون، بەو مانایە نا کە قەتیسى باویەتى و نەریتى کوردەوارى بوون، لێ
شاعیرانى دواى نەوەدەکان ئەم هەنگاوانەیان بە پەلە هاوێشت، هێشتا
ژێرخانى ڕۆشنبیریى- کوولتوورى کوردستان نەک هەر نەفراژابوو، بگرە هەر
نەبوو، کەچى ئەمان بە باسکردنى مودێرنە و پۆست مودێرنە گوێچکەیان
پڕکردین، هەر لە بۆیە ئەوان زۆر دوور لە واقیعى کوردستان لە شتەکانیان
دەڕوانى، پێم وابێ ئەوان هێندە زەق و زوو باسیان لە جیهانگیریى، میدیاى
ئازاد، سیستەمى دیموکراسى، مافەکانى مرۆڤ کرد، هێشتا کۆمەڵگەى کوردى
باڵێکى هەزاران کیلۆمەترى مابوو ئەم شتانەى بە گوێدا بچرپێنى و
لەسەریان تاقیبکەیتەوە. دەتوانم بڵێم ئەمانە وایان کرد کە زیان لەو
هەموو چەمکانە بدەن کە دەتوانرا بە هۆیانەوە جڤاکى کوردى بەروە پێش
ببەن، لە بۆیەش ئەم بانگەشانەى ئەوان بەوەى کە خۆیان بە نوێخواز دەزانن،
تەنها زارقەرەباڵغى و پێڕدروستکردن بوو، دواتر بینیت کە لە دەورى
گرووپەکان کۆبوونەوە و دەستیان کرد بە کۆپیکردن، بەخشینەوەى ئاخاوتن،
هزرى هزرمەندە گەورەکانى جیهان، ئەمەش بە هۆى زانینى ئەو زمانە
زیندووانەى جیهان. باشە مادام هەریەک لەوان خۆیان بە چۆمسکى، ئەدۆنیس،
دریدا، فۆکۆ، سارتر، هایدگرێک دەزانى بەوەى کە دیاردەیەکى ڕۆشەنبیریینە،
چ پێوستیان بەم دەستەجەمعیە و بە سەریەکداهەڵگوتنە هەبوو؟ پێم وایە ئەم
نەوەیەى دواى ڕاپەڕین هوتاف و بانگەشەکانیان تەنها وەهمێک بوو، ئەویش
بۆ خۆناساندن و دەستکەوت. دیارە ئێمە گەرەکمان نییە دژى ئەم نەوەیە
بووەستینەوە، بەڵکوو دەبێ هەمەهەنگیشمان لە نێواندا هەبێت. دەبێ
بارەکان دیاریبکەین، نابێ مێگەلانە لە ڕۆشنبیریى میللەتێک بڕوانین. ئەم
نەوەى کە تۆ دەپرسیت (پێت وایە بتوانن بە شیعرەکانیان کۆمەکی ئەم
نەوەیەی دوای 2000 بکەن)، نەخێر، چونکە ئەم نەوەیە، نەوەى دواى 2000ى
بەوە ڕاهێنا کە شتەکان هەمووى ڕەت بکاتەوە، ئەمەش لە سەر هیچ بنەمایەک
نەبوو، تەنها ئەوە نەبێت ببن بە دەروێشى ئەوان، هەورەها کارێکی تر کە
زۆر ترسناکە، ئەوە بوو کە ئەم نەوەى دواى ڕاپەڕین هەڵسان بە
لاسایکردنەوەى شاعیرانى فارس، ئەوروپیى، دیارە ئەمەش بە هۆى ئەمەبوو کە
بەشێک لەم نەوەیە لە وڵاتانى ئەوروپا دەژیان و بێبەرنامە تێکەڵ بە دنیا
ڕۆشەنبیرییەکانى ئەوێ ببوون، ئەمەیش لە دواجاردا گورزێکى کوشندە بوو بۆ
ئەدەبى کوردى. ئێمە لێرەدا ناوى کەس ناهێنین، لێ لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ
هەندێ ناو جیا بکەینەوە کە هەرچەندە لە نێو ئەم بارە تێکەڵبوونەدا ژیان،
لێ دەنگى کوردانەى خۆیان لە یادنەکردووە، ئەمانیش (هەندرێن) و (ئەحەمەدى
مەلا)ن، هەڵبەتە لە بوارى چیڕۆکنووسیشدا (کاروان کاکەسوور) و (یوسف
عیزەدین) و هەروەها لە ناوەى کوردستانیش (عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا) و (مەحەمەد
کوردۆ) و هەندێ کەسی تر کە لێرەدا دەرفەتمان نییە ئاماژە بە هەموو
ناوەکان بدەین، لە بەر ئەوەش نەکەوینە نێو ستایش و پێڕگەرایى، وەک
ئەمروِ لە نێو ڕەخنە بازاڕییەکەى ئەدەبى کوردییدا ڕەواجى هەیە. بە
هەمەحاڵ. سەبارەت بەو کۆمەکەى تۆ نمایشت کردووە؛ هیچ شاعیرێک بەکۆمەک
نابێت بە ئافرێنکار، ئەگەر خۆى توانا، سەلیقە، مجگێز، خوێندنەوەى
بەردەوامى نەبێت. ئایا دەکرێت پێم بێژیت ئەوەش لە لای تۆ کۆمەکە کە
شاعیرێک لەو نەوەى تۆ باسى دەکەیت بە پیشاندانى خوێندنەوەى کتیبێک و
دەستخۆشى لێکردنێک بێت! ئەمانە تەنها لە نێو ئەدەبى کوردیدا ڕەواج،
بوونیان هەیە. زۆر پێم سەیرە کاتێ هەندێ شت دەبیستم لە لایەن نەوەى
ئێمە بەوەى: فڵان شاعیر زۆر یارمەتى داوم، فیسکە شاعیر بە مامۆستاى خۆم
دەزانم، فیسار نووسەر دەستى گرتم. ئەمەش پەیوەندیى بەوەوە هەیە کە ئێمە
بە دیدێکى تەواو خێڵەکى، خاکییانە لەو پەیوەندییانەى نێوان نووسەران
دەڕاونین، دەنا دنیاى نووسین هیچ شتێکى لەمانەی تێدا نییە. کردەى
نووسین پڕۆسەیەکی خودییە، تۆ ئەگەر بۆ خۆت شاعیرێکى داهێنەر نەبیت، با
هەزاران شاعیرۆکە، ڕەخنەگرى بێ میتۆدى زانستیى، دەزگاى بە ناو
ڕووناکبیریى حیزبەکان ستایشت بکەن، نابیتە ئافرێنەرى دەقێکى جاویدان.
من بەم شێوەیە تەقلیدییە لەو پەیوەندییانە ناڕوانم، بەڵکوو لە
ڕوانگەیەکى بەهادارانەوە لە مرۆڤبوونیان دەڕوانم، جا ئەو نووسەرە
هاوڕێیانەى خۆم چۆن ئەم پەیوەندییە هاوڕیێیەتییە لێکدەدەنەوە ئارەزووى
خۆیانە.
کۆمەک کردن لە لاى من جیاوازە، من لەم ڕوانگەوە تەماشاى کۆمەکى ئەو
نەوەى شیعرییەى پێش خۆمان دەکەم کە ئایا تا چەند لە ڕووى زمانى
شیعرییەوە، دنیابینیی، خوڵقاندى هزر هاوکارى ئێمە دەکەن؟ ئەوان
نەیانتوانیوە بە تەواوەتیى زمانێکى ئافرێنەر بەرهەمبهێنن، جگە لە
بەشێکى کەمیان نەبێت، هەڵبەتە بە ژنەکانیشەوە کە ئێمە بە شێوەیەکى گشتى
باسمان کردووە، بە بێ ڕیزپەڕکردن لە نێوان نووسەرانى ژن و پیاودا.
ڕێبین ئەحمەد خدر: هەر چەندە ناچارین،
ئەگینا من حەز ناکەم شیعر بەم جۆرە پۆڵێن بکرێت، ئەگەر مەبەستت لە (کۆمەک)
کاریگەرى بێت، من پێم وایە بە جۆرێک هەر ئەوە دەگەیەنێ. بێگومان
شاعیرانى هەر سەردەمێک کاریگەریى بە جێ دەهێڵن لە سەر نەوەى دواى خۆیان،
ئەوە شتێکى ئاسایییە، بەڵام نوێخواز و داهێنەران لە نێو شکاندنى ئەو
کاریگەرییەدا لە دایک دەبن. سەبارەت بە پرسیارەکەت... نوێخوازى بەر
لەوەى بانگەشە بۆ خۆى بکا،ت خوێنەرى بەئاگا دەتوانێت بزانێت لە کوێدا
نوێیە، هیچ کەسێک بە بانگەشەکردن نابێتە نوێخواز، بەڵام بە دڵنییاییەوە
لە دواى نەوەدەکانیشەوە شاعیری نوێخواز هەن و خاوەنى داهێنانى تایبەت
بە خۆیانن، وەلێ من وا هەست ناکەم کۆمەڵێک شاعیرى وا هەبن، بەڵکوو زۆر
کەمن، هەر وەک چۆن لەوەڵامى پرسیارى دووەمدا باسمانکرد. هیچ لەوە نا
ئەدەبى تر نییە شاعیر خۆى بە شاعیرى تایبەت بە دەیەیەک بزانێت. شیعر
بڕینى مەوداى سەردەم و کاتە، ئەو شاعیرەى شیعرەکانى نزیک دەبنەوە لە
جاویدانى (بەو واتایەى هەمیشە شتێکییان تێدا دەمێنێتەوە کە مایەى
سەرسامى بێت)، شاعیرێکە پەیوەست نییە بە خۆخەریکردنى ئەو مەسەلانەى زوو
تێپەڕدەبن و لەگەڵ خوێندنەوەیاندا گوزەر دەکەن.
داهێنەر یان نوێخواز ئەو سیێبەرەى کە لە سەرسامى لە خەیاڵى ئێمەدا
دروستى دەکات، کاریگەرییش بە هەمان شێوە دەسازێنێت، بەڵام مەرج نییە
هەمیشە ئەم کاریگەرییە بگوازرێتەوە بۆ نێو دەق... ڕەنگە کاریگەریى
نەوەیەک یان داهێنەرێک لە سەر شاعیرى دواى خۆى بە جۆرێکى تربێ، جۆرێک
کە مەوداکانى خەیاڵى فراوانتر بکات و دەریبهێنێ لە کۆتى شێوازێکى کۆن و
بیبات بەرەو زمان و شیعرییەتى خۆى، بە بێ ئەوەى هیچ لایەنى کاریگەرى
تێدا ڕەنگ بداتەوە، ڕەنگە ئەمە ناو بنرێت (کۆمەک) هەر وەک تۆ ناوت ناوە.
گومانى تێدا نییە کۆمەکى وەها لە هەموو ئەدەبیاتێکدا بوونى هەیە و
ئاساییە، هەروەها پەرە بە گەشەسەندنى ئەدەب دەدا ئەگەر وریایانە کارى
لە سەر بکرێت. بە پێچەوانەى ئەمەوە، هەمیشە گەڕانەوە و پەیوەستى بە
نەوەى پێشووتر یان گەورەکردنى بێ پایانى دەنگێک بە بەهانەى ئەوەى هیچ
کەس ناتوانێت لە داهێنانەکەى بچێتە سەرووتر، زیان بە ئەدەبى نوێ
دەگەیەنێت، جۆرێک لە دووبارەیى و خۆخواردنەوە دروست دەبێت. پێم وایە
دەبێت شاعیرى نوێ بێ ئەوەى زۆر بیر لە نەوەى پیشووترى خۆى بکاتەوە
هەنگاو بنێ، بەو مانایە نا نەیخوێنێتەوە، چونکە ئێمە ناتوانین
دەسبەردارى شیعرە جاویدانەکان بین و لە جوانییان نەخۆینەوە، بەڵام
شاعیر پێویستى بەو پردەیە کە خۆى و شیعر و داهێنانى خۆى دەبەستێتەوە بە
جوانى و ڕامان و بینینى شتەکان یان ئەو وێنانەى پێویستە بە چاوى شیعرى
خۆى بیانبینێت.
|