٤\١١\٢٠١٦
تەختە.

عیرفان ئەحمەد
باڵندەیەک و
درەختێك هاوڕێی یەکتر بوون
درەختەکە بە لاملی شاخێکەوە تاكوتەنیا!
باڵندەکە گەرووی لێواولێو لە خونچە
باخچە لە دەنووکی دەتکا
هەمیشە گۆرانی دەوت
دەیوت دەمەوێ وەك هێلانە ئازاد بم، نەك وەك قەفەز دیل
دوو هاوڕێی فرە ئازاد بوون
مانگ تەماشای دەکردن
خۆر وێنەی دەگرتن
کانیش جار جار ماچی تەڕی لێوەکانی بۆ ئەناردن
* * *
چەرخی زەمانە گۆڕا..
مشارێك هات باڵای بەرزی درەختەکەی کوت کوت کرد و
کردی بە مێز
داوێکی پیلان ئەڵقاویی.. راوی کرد و مۆمیای کر دو فرۆشتی
چەرخی زەمانە گۆڕا
لە دەمی ژنێکەوە بیسترابوو.. لە ڤیلای مێردەکەی ئەودا
مەلێکی مۆمیاکراو لەسەر میزێ دانراوە
کە چاوی بە مانگ دەکەوێ.. کە خۆرەتاو وێنەی دەگرێ
دەچرکێنێ و باڵەکانی لەیەك دەدەن..
هەرچی بووکەشووشە و
کچ و کوڕی ناو شەکراو و
پەیکەری ئەو ژوورە هەیە
بەیەکەوە سەما دەکەن.
ماڵپەڕی عیرفان ئەحمەد
|