٣\٨\٢٠١٧
تەیمووری رۆژھەڵات
ئەزموونێک بۆ خەڵکی کوردستان.

عەلی مەحمود
محەمەد
رێزدار کاک کاوە مەحمود ئەمین بابەتێکی بڵاو کردۆتەوە بە ناوی (تیمووری
ڕۆژھەڵات و سەربەخۆیی):
www.xendan.org/detailwtar.aspx?jimare=836&nuser=1306
کارکردن لەسەر ئەم
بابەتانە و گواستنەوەی ئەزموونی ئەو گەلانەی کە دۆزەکانیان نزیکن
لێمانەوە گرنگە، بەرچاو رونیمان دەداتێ بۆ بیرکردنەوەی تەندروست بۆ
چۆنییەتی مامەڵەکردن لە گەڵ پێشھاتەکان و خواستەکان و بەرەو پێشچونەکان
، وەلێ پێویستە نەترسین لە وتنی تەواوی راستییەکان و گواستنەوەیان وەک
خۆی بۆ رایگشتی، نەوەک لە پنتێکدا لە خشتەیان ببەین ، لێرەدا چەند
کورتە سەرنجێک لەسەر ئەم بابەتەی نووسەر دەخەمە رو وەک راستکردنەوەو
درێژە دان بە گواستنەوەی ئەزموونی تەیمووری رۆژھەڵات ، چ وەک گەلێکی بن
دەست ، وە چ ھەڵوێستی ھێزە سیاسییەکانی نەتەوەی سەردەست و ژێر دەست و
ھێزە جیھانییەکان لەسەر دۆزەکە ،وە چ وەک شێوازی ئەنجامدانی
ریفراندۆمەکەیان بۆ مانەوە لە چوارچێوەی ئەندەنوسیا نەک ریفراندۆم بۆ
سەربەخۆیی ، کە لە کۆتادا ئەنجام ھەر یەکە ، وەلێ لێرەدا نەخێر رۆڵی
پۆزەتیف دەبینێت لە پرۆسەکە ، چونکە ریفراندۆمی ئەوان بۆ مانەوەو نە
مانەوە بوو بە پارێزگای ٢٧ ەمینی ئەندەنوسیا و وەرگتنی ئۆتۆنۆمی لە
چوارچێوەی بەرگی مافی چارەی خۆنوسیندا ، پرۆسەکە ناڕاستەوخۆ بۆ
سەربەخۆیی بەڕێوە چوو ، وەلێ لە شێوازدا ریفراندۆمەکە بۆ مانەوە بوو لە
چوارچێوەی ئەندەنوسیا.
چۆن زەمینەی ریفراندۆم ھاتە پێشەوە.
لە ٢٥ی نیسانی ١٩٧٤ کۆمەڵێک ئەفسەری گەنجی چەپگەرا کودەتای قەرنەفەڵ
(گوڵی سور) یان بە پشتیوانی و ھاوکاری سۆسیالستە چەپەکان و شیوعییەکان
لە پورتوگال ئەنجامدا دژ بە حکومەتی ئستادۆ نۆڤۆ کە ٤٣ ساڵ بوو بەشێوەی
دکتاتۆریانە حوکمی وڵاتی پورتوگالی دەکرد (لە ساڵی ١٩٣٤ ەوە بۆ ساڵی
١٩٧٣ تەواوی کورسییەکانی پەرلەمانی لە رێگای پارتی یەکێتی نیشتمانی
پورتوگالی - راستی ئاینی توندڕەوە برد بۆ خۆی ، کە دوای سەپاندنی
دەسەڵاتی تاک حیزبی لە ساڵی ١٩٢٨ ھاتە سەر حوکم) ، پورتوگال وڵاتی
داگیر کەری تەیمووری رۆژھەڵات بوو ، ئەو رۆژەی کاتێک بەیانی
ھاووڵاتیانی لشبۆنە ھەستان لە خەو سەربازە پلە نزمەکان بە خۆیان و
تانکەکانیانەوە کودەتایەکی سوری سپییان ئەنجامدابوو ( سور وەک بیری
سیاسی کودەتاچییەکان و سپیش وەک ئەوەی بە ئاشتیخوازانە بەڕێوە چوو )
ھاوڵاتیان بە گوڵی سورەوە پێشوازیان لەکودەتاچییە سەربازە گەنجەکان کرد
، بۆیە کودەتاکە ناو نرا شۆرشی قەرنەفەڵ.
حکومەتی شۆڕشگێڕی پورتوگالی کە لە دوای کودەتاکە دەسەڵاتی گرتە دەست،
کۆمەڵێک سەربازیان لە گەڵدا بوو کە لە کودەتاکەیان بەشدار بوون ، لە
شەردا بووون لە وڵاتە ژێر دەستەکانی پورتوگال لە دژی گەلانی ئەو
وڵاتانە و ھەڵوێستیان لە گەڵ کۆتایی ئەو شەڕانەدا بوو ، بەشداریان کرد
لە روخانی حکومەتی ئستادۆ نۆڤۆ ،حکومەتی چەپگەرا لە پورتوگال کە بە
کودەتای سپی سەربازی ھاتە سەر حوکم و بە ھۆی پشتیوانی جەماوەر لێی گۆڕا
بۆ شۆرشی سور ،( دواتر حکومەتی ھەڵبژێردراو بە سەرۆکایەتی سۆسیالستەکان
پێک ھات لە رێگای ئەنجامدانی دوو ھەڵبژاردنی دواتر لە ٢٥ی تەموزی ١٩٧٥
و ١٩٧٦ ، سۆسیالست و شیوعییەکان ھێزی کۆمەڵایەتی گەورەی وڵات بوون و
زۆرینەی کورسییەکانیان مسۆگەر کرد) ، حکومەتی کاتی کودەتای سور بڕیاری
دا کۆتایی بە شەڕی داگیرکاری لە وڵاتانی ژێر دەستە بھێنێت ،تا کۆتایی
١٩٧٤ سوپای پورتوگال لە غینیا ، مۆزەمبیق ، رەئس ئەلئەخزەر ، ساوتۆمی و
برینسیبی و ئەنگۆلا و تەیمووری رۆژھەڵات کشانەوە ، ئەمەش دوای جاڕنامەی
ئاشتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و رسوا کردنی پەیماننامەی سایکیس پیکۆ لە لایەن
بەلشەفیکەکانەوە ، گەورەترین دەستبەردار بوون بوو لە وڵاتانی کۆڵۆنیاڵی
لە مێژووی نوێدا.
لە ٢٨ی نۆڤەمبەری ١٩٧٥ فریتلین کە ١٤ مانگ و ١٣ رۆژ بوو دامەزرابوو
،تاک لایەنە سەربەخۆیی راگەیاند ، لە ٧ی دیسەمبەر ئەندەنوسیا پەلاماری
داو داگیری کرد، ئەندەنوسیا بە ھاوکاری ئەمەریکا ، ئوسترالیا و ژاپۆن ،
بە رەزامەندی راستەوخۆی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا فۆرد و وەزیری دەرەوە
کیسنجەر ، لە ترسی تارمایی کۆمۆنیزم کە لە دورگەکە دوای کۆمەڵکوژی
شیوعییەکانی ئەندەنوسیا لە ١٩٦٥ سەری ھەڵدابوەوە ، لە گۆڕ نرا و کۆمارە
ساواکەی تەیموورییەکان خەڵتانی خوێن کر، کیسنجەر ٣ کاتژمێر پێش
داگیرکردنی تەیمووری رۆژھەڵات لە جاکارتا بوو ، لە پەلامارەکەی
ئەندەنوسیا ھاووڵاتیانی سڤیلی تەیمووری بە بۆمبی ناپاڵم بۆمبا باران
کران ، شاندی پەرلەمانتارانی ئوسترالی بۆ دورگەکە دوای گەڕانەوەیان
رایان گەیاند لە جەنگی جیھانی دووەمەوە ، کۆمەڵکوژی وا نەکراوە، تەنھا
بەھانەی ئەمەریکییەکان بۆ ھاوکاری ئەندەنوسیا ئەوەبوو وەک واشنتۆن پۆست
نوسی سەگێکمان نەبوو پیشبڕکێمان بۆ بکات ، واتا سزای تەیموورییەکانیان
بەھۆی بیرو باوەڕی سیاسییانەوە دا.
سوھارتۆ دکتاتۆرەکەی ئەندەنوسیا کە لە ساڵی ١٩٦٥ ، حیزبی شیوعی
قەڵاچۆکردبوو بە کوشتنی زیاتر لە ٣ ملیۆن ئەندام و دۆستی ،حیزبێک لە
یەکەم بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردن لە ساڵی ١٩٥٥دا ، زیاتر لە ٦،٢٣٢،٥١٢
دەنگی ئەوسای وڵات و ١٨،٤٧٪ی کۆی دەنگەکانی ھێنابوەوە، کە بووە
دوا ھەڵبژاردن شیوعییەکان بەشداری تێدا بکەن کە تا ئێستا قەدەغەیان
لەسەر ھەڵنەگیراوە دوای ٢٠ ساڵ لە روخانی حکومەتی سوھارتۆ،لەو ١٠
ساڵەدا حیزبی شیوعی گەشەی زۆرتری کردبوو ، چاوەڕێی رێژەی زۆر زیاتری
دەنگی دکرد ئەگەر ھەڵبژاردن بکرابایەتەوە ، تەیموورییەکانیش بەشی
زۆریان متمانەیان دابووە ئەو پارتە ، ئێستا سوھارتۆ دوای ١٠ ساڵ لەو
کۆمەڵکوژییە ، مەترسی لە پارتی فریتلین ھەبوو ، کە ھێزی باڵا دەست و بە
نفوز لە تەیمووری رۆژھەڵات بوو ،لە ١٣ی ئازاری ١٩٧٥ ھەلبژاردن لە
تەیمووری رۆژھەڵات کرا ، فریتلین یەکەمی بێ رکابەر بوو ، ئەندەنوسیا
راشکاوانە رایگەیاند رێگا بە حکومەتێک نادا ت لە تەیموور کە فریتلین
بەڕێوەی ببات.
لە ٢٨ی نۆڤەمبەری ١٩٧٥ ، فریتلین تاک لایەنە سەربەخۆیی راگەیاند ،
کۆماری تەیمووری رۆژھەڵاتی دیموکراتی راگەیاند ، تەنھا ٦ وڵات دانیان
پێدا ن، لەوانە ئەلبانیا(شیوعی ئەنوەر خۆجەیی، رەئس ئەخزەر ، غینیا ،
غینیا بیساو ، مۆزەمبیق ، ساو تۆمی و برینسیبی کە ئەوکات سەرجەمیان ئەو
وڵاتانە پارتە چەپ و مارکسی لینییەکان دەسەڵاتداریان بوون ، فرانسیسکۆ
کزافییە دو ئامارال لە پارتی مارکسی فریتلین بووە یەکەم سەرۆک کۆماری
وڵات لە مێژوودا.
لەو کاتانە شۆڕشی ڤێتنام لە لوتکەی سەرکەوتندا بوو، بۆیە ئەمەریکا
رێگای نادا وڵاتێکی دیکەی کۆمۆنیستی لە ناوچەکە بە پشتیوانی حکومەتی
چینی میلی دامەزرێت، ئەنجومەنی ئاسایش داوای راوەستان و کۆتایی ھێنان
بە داگیرکاری تەیمووری کرد لە لایەن ئەندەنوسیاوە، وەلێ ئەمەریکا رێگای
نەدا سزا بسەپێنرێت بەسەر ئەندەنوسی، لەوەش زیاتر ئوسترالیا و ئەمەریکا
و ژاپۆن ھاوکاری ئەندەنوسایان کرد لە پەلامارەکەی بۆ سەر گەلی تەیموور
کە ئەندەنوسیا کردییە پارێزگاری ٢٧ی وڵات ، ھەرچەندە لە روی یاساییەوە
تەیموور ھێشتا بەشێک بووو لە وڵاتی پورتوگال ، ھاوکارییە دارایی و
سەربازییەکان تا روخانی حکومەتی سوھارتۆ بەردەوام بوو.
دوای داگیرکردنەوەی تەیموور فالینتیل باڵی سەربازی فریتیلین ، خەباتی
پارتیزانی دەست پێکرد ، لە ساڵی ١٩٧٥ ەوە بۆ ساڵی ١٩٩٩ بەرگری
چەکدارانە بۆ سەربەخۆیی بەردەوام بوو ، لە جەرگەیدا زیاتر لە ١٠٢،٨٠٠
کەس کوژرا ، ٢٠٠ھەزار کەس لە برسان مردن و ١٦٨٠٠ کەس بە کاری تیرۆریستی
گیانیان بەخشی ، لە ناویاندا ژمارەیەک زۆر لە سەرکردەکانی فریتلینی
تێدا بوو ، چاودێران پێیان وایە زیاتر لە سێیەکی ھاووڵاتیانی تەیموور
لە لایەن ئەندەنوسیاوە لەو پرۆسەیە کوژران .
راپرسی و سەربەخۆیی.
لە ئازاری ١٩٧٣ ھەڵبژاردنێکی روکەش لە تەیمووری رۆژھەڵات بۆ یەکەمجار
ئەنجامدر، تەنھا ھاووڵاتیە پورتوگالییەکانی دانیشتوی تەیموور ئەوانەی
سێ ساڵ زیاتر بوو دانیشتوی بوون ، وە خوێندەوارو زمانی پورتوگالی
باشیان دەزانی مافی دەنگدانیان ھەبوو ،پەرلەمانێکی ٢٤ کورسیان ھەڵبژارد
، لە کۆی ٦١٠٥٤١ ھاووڵاتی دانیشتوی تەیموور ، تەنھا ١٢٤٤٤ خۆیان
ناونوسکرد بۆ دەنگدان و ئەو مافەیان ھەبوو، لەوانە تەنھا ١١٠٥٢ کەس
بەشداری دەنگدانەکەیان کرد ،لەو مێژووە پێک ھێنانی پارتی سیاسیش قەدەغە
بوو چ لە پورتوگال و چ لە وڵاتە ژێردەستەکانی ، واتا لە ھەردوو سەردەمی
پێش شۆڕشی گوڵ و دوای داگیر کردنەوەی تەیموور شتێک نەبوو ناوی دەنگدان
و ھەڵبژاردن بێت لە تەیموور ، رێگایەک جگە لە خەباتی نھێنی و چەکداری
نەمابوەوە بۆ گەل .
لە ١٢ ی نۆڤەمبەری ١٩٧١، بە بەرچاوی دوو رۆژنامەنوسی بیانییەوە ،
کوشتارگەی سانتا کروز لە شاری دیلی پایتەختی تەیمووری رۆژھەڵات
ئەنجامدرا تیایدا ٢٧١ ھاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی تاوانەکە، کە نە
یەکەم و نە دوا کوشتارگە بوو ، وەلێ ئەوە یەکەم جار بوو رۆژنامەنوسانی
بیانی بیبینن و ھەواڵەکە بگوازنەوە بۆ دەرەوەی تەیموور، پێشتر بە
بێدەنگی تاوانەکان لەم دورگە دور دەستە ئەنجام دەدر،ئەمەریکا و ژاپۆن و
ئوسترالیا و ھۆڵەندا لە پاڵ کۆمەڵە تەرمی تەیموورییەکان بە دوای نەوت و
گازدا دەگەڕان و شاباشی تاوانەکانی سوھارتۆیان دەکرد، وەلێ لە پاڵ ئەم
حکومەتانەوە ، رۆژنامەنوسان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ تاوانەکەیان
گواستەوە، دژ بەو تاوانانە ھەڵمەتی جیھانی بەڕێوە چوو ، لە پایتەختی
ئەو وڵاتانەی حکومەتەکانیان بێزراوترین تاوانیان ئەنجام دەد،کوشتارگەی
دیلی بوووە خاڵی وەچەرخان لە خەباتی گەلی تەیمووری رۆژھەڵات ، بە دوای
شۆرشی قوتابیان لە ئەندەنوسیا ، لە ٢١ی ئایاری ١٩٩٨ سوھارتۆ لە دەسەڵات
دور خرایەوە ،یوسف حەبیبی جێگیری شوێنی گرتەوە، زەمینە بۆ
تەیموورییەکانیش رەخسا پەرە بە خەباتی ئاشتیانەی خۆیان بدەن ، ئەوە بوو
لە ٣٠ ی ئابی ١٩٩٩ لە تەیمووری رۆژھەڵات راپرسی بۆ ئۆتۆنۆمی بە چاودێری
نەتەوە یەکگرتووەکان کرا ،لە راپرسییەکەدا ٧٨،٥٠٪ی ھاووڵاتیان
رەتیان کردەوە لە ئەندەنوسیا بمێننەوە ، لە کۆی ٤٥١٧٩٢ ھاووڵاتی مافی
دەنگدانی ھەبوو ، ٤٣٨٩٦٨ کەس بەشداری ریفراندۆمەکەی کرد، ٣٤٤٥٨٠ کەس دژ
بە مانەوە بوون لە ئەندەنوسی، ٩٤٣٨٨ کەسیش لە گەڵ مانەوە بوون، بەمە
بەرەی نەخێر بۆ مانەوە لە گەڵ ئەندەنوسیا سەرکەوت ، لە کۆتایی ھەمان
ساڵ نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدارەی تەیمووری دا تا یەکەم ھەڵبژاردن لە
٣٠ی ئابی ٢٠٠١ ئەنجامدراو حکومەت پێک ھێنرا.
لە ھەڵبژاردنەکە گەل پاداشتی خەبات و تێکۆشانی پارتی فریتلین - بەرەی
شۆرشگێڕی رزگاری تەیمووری دایەوە ، ٥٧،٣٧٪ی دەنگەکان و ٥٥ لە
کۆی ٨٨ کورسی پەرلەمانی ھێنایەوە ، یەکەم حکومەتی تەیمووری رۆژھەڵاتی
پێک ھێنا.
لە کۆتادا سەرۆکی ئەندەنوزی عەبدولڕەحمان وەحید داوای لێبوردنی لە
تەیموورییەکان کرد بەھۆی ٢٤ ساڵ داگیر کردنی وڵاتەکەیان و ئەنجامدانی
تاوانەوە بە تایبەتیش لە کەسوکاری قوربانیانی سانتا کروز ، ئەم داوای
لێبوردنەی سەرۆکی ئەندەنوسی لە کاتی سەردانیدا ھات بۆ تەیمووری
رۆژھەڵات و دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری قوربانیان لە سانتا کروز،
ئەمە لە کاتێک بوو تەیموورییەکان داوای قەرەبوی سەردەمی داگیرکاریان
دوای سەربەخۆیی لە بیرنەچۆتەوە.
alimahmud2001@yahoo.com
|