تکایه‌ک له هاوڕێیانی وه‌رگێڕی (سه‌رمایه)ی مارکس .
عامر سابیر
سه‌رمایه، نامیلکه‌یه‌کی 110 لاپه‌ڕه‌یی (A5)، که له لایه‌ن هاوڕێیان (سه‌لام عه‌بدوڵا، که‌ژاڵ حه‌مه‌ڕه‌شید، شلێر عه‌زیز)ه‌وه کراوه به کوردی و مه‌کته‌بی بیروهوشیاری (ی.ن.ک) ساڵی 2006 بڵاویکردۆته‌وه.
هه‌ر خوێنه‌رێکی کورد، ئه‌گه‌ر ته‌نها له ڕێگه‌ی ئه‌م نامیلکه‌یه‌وه ئاشنا بێت به کتێبی (سه‌رمایه)ی مارکس، ئه‌وا له ڕێگه‌ی ئه‌و ڕونکردنه‌وه کورته‌ی که ئه‌م سێ وه‌رگێڕه، له سه‌ره‌تای نامیلکه‌که‌دا نووسیویانه، به‌و سه‌رئه‌نجامه ده‌گات، که هه‌موو کتێبی سه‌رمایه‌ی مارکس، ته‌نها ئه‌وه‌یه که ئه‌م هاوڕێیانه وه‌ریانگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی.
١) سه‌رمایه‌ی مارکس سێ به‌رگه، به زمانی ئینگلیزی به‌رگی یه‌که‌م 1141 لاپه‌ڕه‌یه، که له لایه‌ن Ben Fowkes کراوه به ئینگلیزی له ساڵی 1976 دا، وه به‌رگی دووه‌م 624 لاپه‌ڕه‌یه و به‌رگی سێهه‌م 1086 لاپه‌ڕه‌یه که له له‌یه‌ن David Fernbach کراوه به ئینگلیزی له ساڵی 1978 و 1981 دا.
ئه‌م دوو وه‌رگێڕه له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی که زمانی ئینگلیزی سه‌رده‌می مارکس، له گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه، بۆیه ئه‌م وه‌رگێڕانه‌یان بۆ جارێکی تر به زه‌رور زانیوه.
بۆ هه‌ر سێ به‌رگه‌که له لایه‌ن Ernest Mandel پێشه‌کییه‌کی زۆر به پێزی بۆ نووسراوه، که بۆ به‌رگی یه‌که‌م 80 لاپه‌ڕه و به‌رگی دووه‌م 67 لاپه‌ڕه و به‌رگی سێهه‌م 76 لاپه‌ڕه‌یه. سه‌رجه‌م لاپه‌ڕه‌کانی سێ به‌رگه‌که ئه‌کاته 2851 لاپه‌ڕه، ئه‌گه‌ر پێشه‌کییه‌که‌ی Ernest ی بۆ هه‌ر سێ به‌رگه‌که لێده‌ربکه‌ین، ئه‌وا 2628 لاپه‌ڕه‌ی هی مارکسه.
ئه‌مان ته‌نها له به‌رگی یه‌که‌م 74 لاپه‌ڕه‌یان وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی، واته ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌ی مارکس بکه‌ینه سی و پێنج به‌ش و نیوه‌وه ئه‌وا ته‌نها یه‌ک به‌شی لێکراوه به کوردی (1/35.5 ).
بۆیه باشتر بوو ئه‌گه‌ر ناوی ئه‌م نامیلکهیهیان بنایه (چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک له به‌رگی یه‌که‌می سه‌رمایه‌ی مارکس).
٢) به‌رگی یه‌که‌می سه‌رمایه‌ی مارکس 33 چاپته‌ره، ئه‌مان چاپته‌ری (1 و 2 و 4) یان وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی وه به خوێنه‌ری کورد ناڵێن که ئایا هۆکاری بڕینی چاپته‌ری سێ چییه؟ بۆ یه‌کسه‌ر بازیانداوهته سه‌ر چاپته‌ری چوار.
٣) له‌و سێ چاپته‌ره‌دا که ئه‌م هاوڕێیانه وه‌ریانگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی، له چاپه ئینگلیزیه‌که‌یدا 65 تێبینی به ژماره نووسراوه و 42 ڕونکردنه‌وه به ئه‌ستێره (*) نووسراوه، به‌ڵام ئه‌مان ته‌نها 10 تێبینیان به ژماره نووسیوه. وه‌رگێڕانی هه‌موو ئه‌و ڕونکردنه‌وه و تێبینیانه زۆر پێویسته و کۆمه‌کی زۆر ئه‌کات به خوێنه‌ر بۆ باشتر حاڵی بوون له باسه‌که.
٤) چاپته‌ری سێ له چاپه ئینگلیزیه‌که‌دا، خاڵی سێهه‌میان لق و پۆپی زۆری لێبۆته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر به ڕونی و ساده‌یی پۆلێنکراوه، به‌ڵام له وه‌رگێڕانه‌که‌دا بۆ کوردی که له سه‌ره‌تای نامیلکه‌که‌دا له (پێرست)یشدا نووسیویانه، زۆر تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ و سه‌رلێشێوێنه‌ره، بۆ نموونه چوار خاڵی لقێکیان له (1و2) ۆوه چۆته‌وه بۆ ( ا و ب)، وه زۆر جار ناونیشانێکی بچوک و لاوه‌کیان تۆختر و گه‌وره‌تر نووسیوه له ناونیشانێکی له‌و سه‌ره‌کیتر. ٥) هه‌موو ئه‌و (پێشه‌کی و پاشه‌کی) یانه‌ی که مارکس و ئه‌نگلس نووسیویانه بۆ سه‌رمایه، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی بۆ چاپه‌کانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی، هێنده‌ی سه‌رمایه گرنگی مێژوویی و زانستی خۆی هه‌یه، بۆیه وه‌رگێڕانیان بۆ (کوردی) یش، زۆر پێویست بوو.
٦) له کۆتایی نامیلکه‌که‌دا ته‌نها بۆ چاپته‌ری چواره‌م نووسیویانه (خولی چواره‌م)، وشه‌ی خول، نه له (پێرست)ه‌که‌دا و نه له هیچ جێگه‌یه‌کی تری نامیلکه‌که‌دا به‌کارنه‌هاتووه.
٧) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که زمانی کوردی زۆر هه‌ژارتر و که‌م وشهتره له چاو زمانی ئینگلیزی‌دا، وه هه‌رچه‌نده ئه‌م نامیلکه‌یه به خه‌تێکی زۆر درشت و ئه‌ستور نوسراوه، به‌ڵام 74 لاپه‌ڕه‌ی ئینگلیزی به خه‌تێکی ورد له 110 لاپه‌ڕه‌دا جێگای بۆته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م سه‌رنجانه، که هیوادارم له چاپی دووهه‌می ئه‌م نامیلکه‌یه‌دا ڕاستی بکه‌نه‌وه، من ده‌ستخۆشی زۆر له‌م سێ هاوڕێییه ده‌که‌م بۆ ئه‌و کاره گه‌وره و پڕ ماندوێتییه‌ی که ده‌ستیان داوه‌تێ، به هیوای ئه‌وه‌ی که ته‌واوی سه‌رمایه له داهاتوویه‌کی نزیکدا وه‌رگێڕنه سه‌ر زمانی کوردی.
٢٦/١٠/٢٠٠٧
|