٢١\٨\٢٠١١
تکایە بۆ تەنها
یەکجار پرۆژەی نەتەوەیی و هەڵوێستتان هەبێ.

رابەر رەشید
زۆرجاری دیکەش لە رێگای میدیاکانەوە زۆرێک لە ئێمەی رۆژنامەنووس و
خەمخۆری پرسە چارەنووسسازەکانی کورد، ئەو راستییەمان خستۆتە بەردەستی
بەرپرسانی ئەم نیشتیمانە، بێ بەرپرسە، کە بەسە چیتر دوای دانەخۆرەکانی
بەغداو تراویلکە خەیاڵییەکانی بەڵێنە نەزۆکەکانی قەوارە سیاسییەکان و
حیزبەکانیان مەکەون و "کوڕی خۆتان مەکەنە قوربانی کچی خەڵکی"، کەچی وەک
ئەوەی نە گوێیان هەبێ، گوێبیست بن و نە خوێندەواریش بن، ئەو
راستییانەیان خوێندبێتەوە، هەڵە لەدوای هەڵەو کەوتن لە دوای کەوتن و
لێڵ کردنی ئاسۆی ئاییندەی کورد لە باشووری کورستان، بۆتە پیشەی بڕیار
بەدەستانی خۆیان وتەنی "ئەم هەرێمە سێ پارێزگایەی کوردستان". زۆرجاری
دیکەش وەکو کەرکوکییەکی خاک و نیشتیمان داگیرکراو و بەزۆر لکێنراو بە
عێراقی عەرەبیی پینەوپەڕۆکراوی دەستی ئیستیعمار، لە هەمبەر ئەو بێ
پاشاگەردانی و بێ بەرنامەییەی بڕیاربەدەستانی باشووری کوردستان، هێندەی
نەماوە یەخەی خۆمان دابدڕین و دادو فیغانمان گەیشتۆتە ئاسمان، لێ وەک
ئەوەی "نە با بووبێ و نە باران". هەر گوێش بە پرۆژەو پێشنیاری خەڵکانی
ئەم وڵاتە نادەن و ئەوەی لە خزمەتی بەرژەوەندیی حیزب و دەسەڵاتەکانی
خۆیاندا بێت، دەیکەن و ئەوەیتر خۆیان وتەنی: بە پاساوی"بەرژەوەندیی
باڵای گەلەکەمان و هەستیاریی بارودۆخی عێراق و ساوایەتیی ئەزموونی
کوردستان"، رێگەی جێبەجێکردنی ئەوجۆرە پرۆژەو پێشنیارانە نادرێت. من بۆ
خۆم دەمێکە ئەو گومانەم تێپەڕاندووە کە بڕیاربەدەستانی کورد لە باشووری
کوردستان، دەوڵەتی کوردی و وڵاتێکیان لە نێرگزەجاڕ بۆ دروست بکەن،
ئەگەر خۆیان سەرکردەو بنکردەی نەبن، ئەوا هەزارجار نەفرەت لەو دەوڵەتی
کوردییەو ملیۆنێک کەڕەتیش توناوتوون چێت ئەو وڵاتی نێرگزەجاڕە!!.
مایەی نیگەرانی کەسانی دڵسۆزە کە بەشێک لە نیشتیمانێکی داگیرو
دابەشکراوی میللەتێک بەمۆجۆرە بەڕێوەببرێت و رۆژ بەڕێ بکرێت، سیاسەت و
وڵات بەڕێوەبردن بە پینەوپەڕۆکردنی (کات) ء رۆژ تێپەڕاندن ناکرێت،
ئەگەر بشکرێت، ئەوا بەرئەنجامێکی پێچەوانەی دەبێت و بەرەو ئاییندەیەکی
لەوەی ئێستا تەمومژاویترمان دەبات. لە هەموو دونیادا سەرکردایەتیی
سیاسی وڵاتێکم بە نموونە بۆ بهێننەوە کە بێ کارنامەی سیاسی وڵات
بەڕێوەبەرێت!!. لە هەموو دونیادا شتی وا نییەو نەبووەو ناشبێت، چونکە
مەحاڵە ئەو دەرفەتەی بۆ بڕیاربەدەستانی کورد لە باشووری کوردستان لە
ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا رەخساوە، بۆ کەسی دیکە رەخسابێت، خۆ
ئەگەر رەخسابێتیش، ئەوا قۆستراوەتەوەو بەرئەنجامی ئەرێنی لێکەوتۆتەوە،
نەک وەک ئەوەی ئێرە، بێ کارنامەی سیاسی بوونەتە خاوەن شکۆی شکۆداری
وڵاتێکی بێشکۆ، لە سایەی خەمساردیی بڕیاربەدەستانی ئەم دەڤەرە، باشووری
کوردستان بۆتە جێ رمبازکێی داگیرکەران، هەرچی هەڵدەستێت، خۆی لێرە "بەتاڵ
و خاڵی دەکاتەوە"و ئەسپە کوێرەی خۆی تاودەدات، تەنها خودی خۆمان نەبین.
ئەم باشووری کوردستانە بۆ داگیرکەران ئاساییە تێیدا گوزەر بکەن و
بڕیاربەدەستانیش لە ئاستیاندا متەق نەکەن، لێ بۆ خودی خۆمان، سنووردار
بێت و بە مۆڵەت وەرگرتن لە شارێکییەوە بچین بۆ شارو دەڤەرێکی دیکەی.
خۆزگە ئەگەر بۆ تەنها جارێکیش دەبوو، بڕیاربەدەستانی ئێرە هەڵوێستێکی
یەکلاییکەرەوەیان دەبوو، بە داگیرکەرانیان دەگوت: تا ئێرەو بەسە کڵاو
لەسەرنان و درۆ، تا ئێرە بەسە، سۆزڕاکێشانمان بەرەو ئەو ئێراقە
عەرەبییە پینەوپەڕۆکراوەی کە جگە لە نەهامەتی، هیچیتری بۆ کورد تێدا
فەراهەم نەکراوەو هەمیشە میوانێکی رەزاقورسی ئەم وڵاتە درۆزنانەیە
بووین، تا ئێرە بەسەو چیدیکە رێگەی تۆپباران و پیاسەی دەزگا
سیخوڕییەکانتان نادەین و رێگەش نادەین کەس بۆتان ببێتە پردی پەڕینەوە.
لێرە هۆشیاریی نەتەوایەتی کوفرو ئیلحادە، ماڵی حیزب ئاوابێ!!.. هەڵوێست
وەرگرتن، زاراوەو چەمکێکی نامۆیە بە رەوتی شۆڕِشگێڕی، دیسانەوە ماڵی
حیزب ئاوابێ!!.. ئاییندەسازی و بیرکردنەوە لە ئاسۆیەکی گەش، بیرۆیەکی
هەرزەکارانەیەو دەبێ خاوەنەکەی تڕۆ بکرێت، چونکە دژی پیرۆزییە
گرانبەهاکانی حیزبایەتییە، هەمدیسان ماڵی حیزب ئاوابێ!!. دڵنیام ماڵی
ئەو حیزبە، نەک ئاوانابێ، بەڵکو لە ئاییندەیەکی نزیکدا نغرۆ دەبێت و
سەری سەردارەکانیشی دەخوات.
کەرکوک
ماڵپەڕی رابەر رەشید
|