په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٨\٢٠١٢

    تکایە یار مۆڵەتم دە.

دارا ئەحمەد


دیواری خانییەکانمان لە خشتە رەشە ئەبەنووسییەکانی تاریکستان و
دەریی و پەنجەرەکانیشمان لە شێلاوی گڕکانە پڕتاوەکانی ئاورستان
         چێکردییە و
         زیندان ئاسا.. گوڵان لە نێویان سیسەبن و هەڵەپڕووکێن.
ئیدی تەواو؛

         ئەمن چیدی ئۆقرە ناگرم گوڵ لە گوڵدان زیندانیی کەن
لەسەر مێزان.. لە دوڕ تاقان.. لە نێوقەدی دیوارەکان..
لە پشت دەریی و پەنجەرەکان

                          یان لە گۆشە و پەناوپەسیوی ژۆرەکان
تەنانەت لە
    کون و قوژبنی سەرشۆرک و ئاودەستەکان..
                   پەژموردەی کەن.. هێدی ‌هێدی گیانی دەرکەن!
چارەم نەما؛ ئیدی تەواو..
تاکو زووە و هێشتا گوڵان چوون مرۆگەل وە ناخی خۆ نامۆ نینە و
       دین و دەروون نەخۆش نینە و لە خۆ ناپرسن (ئەم کینە!؟)
ئەمن هەر دەبی باغەکان.. خڕ جەنگەڵ و پێدەشتەکان
                             لە نۆژەنڕا بژیێنمەوە و ببوژێمەوە.
چارەم نەما؛ ئیدی تەواو..
تاکو زووە و هێشتا گوڵان چوون سروشتی خودی خۆیان
        راز و نیاز و دڵ و دەروون و هەست و سۆز.. خڕ هندوڕیان
هەر وا وە لای؛
شالوور و کێشکە و هۆزگەلی باڵداران و
   گوڵەستێرە و خاڵخاڵۆکە و هەنگ و کرمەبالیفۆکە و
      تیشک و تاو و مانگەشەو و ساماڵ و هەور و برووسکە و
         بەفر و کڕێوە و خووسار و تەزرە و شەختە و با و بارانە
            ئەمن هەر دەبی باغەکان.. خڕ جەنگەڵ و پێدەشتەکان
                             لە نۆژەنڕا بژیێنمەوە و ببوژێمەوە.
          *          *          *          *          *
دیواری خانییەکانمان لە خشتە رەشە ئەبەنووسییەکانی تاریکستان و
دەریی و پەنجەرەکانیشمان لە شێلاوی گڕکانە پڕتاوەکانی ئاورستان
         چێکردییە و
         زیندان ئاسا.. گوڵان لە نێویان سیسەبن و هەڵەپڕووکێن.
تکایە یار.. ئەی تاقە وار
گەر دەخوازی دادوەرییم کەی.. بێ پرسی گوڵ بڕیار مەدە
           چون هەر تەنێ ئەو دەزانی
                       ئاستی قنجیی و کرێتیی من چەند و چنە،
تکایە یار.. ئەی تاقە وار
           گەر گەرەکتە لاساییم کەی.. با هەر تەنێ جوانییانم بن
           چون ئەمن خۆم.. وە قامکی دەستی خودی خۆم..
                  دزێوییان و سەرلەبەری خامۆشییان و نەرێنییانم
                                     وە راشکاویی نیشان دەکەم،
تکایە یار.. ئەی تاقە وار
          گەر دەتەوێ داخوازییم کەی.. با هەر تەنێ جوانییانم بن
          تەنێش گولان رابسپێرە
                   با هەر ئەوانیش نێنەر و بریکاری خواستانم بن،
تکایە یار.. ئەی تاقە وار
ئەز ناخوازم، ئەز ئیدی نەما رێ بدەم.. گوڵ لە گوڵدان
لەسەر مێزان.. لە قوژبنان.. لە دوڕ چار لا دیواراندا.. پەژموردە بن..
   لەژێر باری تەپوتۆزی نێو ژۆرەکان.. وە لا دابێن
      لە نێو هاڵاوی هەناسە و باوبژی زڕەمرۆیان.. گیانیان دەرچی..
                                     تکایە یار.. ئەی تاقە وار.
          *          *          *          *          *
دیواری خانییەکانمان لە خشتە رەشە ئەبەنووسییەکانی تاریکستان و
دەریی و پەنجەرەکانیشمان لە شێلاوی گڕکانە پڕتاوەکانی ئاورستان
         چێکردییە و
         زیندان ئاسا.. گوڵان لە نێویان سیسەبن و هەڵەپڕووکێن.
ئیدی تەواو.. ئەمن ئەوهام؛
تا ئەو حەمکە دەریی و تاق و پەنجەرانە تێکنەشکێنم...
             باڵەخانە و کۆشک و تاوەر.. سەرلەبەری دیوارەکان؛
                       زیندانی گوڵ (لە بنی بنەوە) دانەڕمێنم..
تاکو تێکڕای باغ و باخچان.. خڕ جەنگەڵ و پێدەشتەکان
                                     نەژیێنمەو و نەبوژێنمەوە..
ئەمن هەرگیز بێ پرسی گوڵ جوولە ناکەم..
              تەنانەت تا قیسی ئەوەی دەستانیشم لە ئاو ناخەم.
          *          *          *          *          *
دیواری خانییەکانمان لە خشتە رەشە ئەبەنووسییەکانی تاریکستان و
دەریی و پەنجەرەکانیشمان لە شێلاوی گڕکانە پڕتاوەکانی ئاورستان
         چێکردییە و
         زیندان ئاسا.. گوڵان لە نێویان سیسەبن و هەڵەپڕووکێن..
تکایە یار.. ئەی تاقە وار
کە ئەز نەکارم لەو دووری دوورییەوەڕا
            وە دیدارت شادمان ببم و گەش ببمەوە
کە ئەز نەشێم و نەکارم
یەک گوڵ وە دەنگی هەنسک و گریە گورچکبڕەکانت سەرمەست بکەم
کە ئەز نەشێم و نەکارم
یەک گوڵ وە ئاوی رۆندکی رۆن و گەرمی سەر کوڵمانت ئاودێر بکەم
   تکایە یار.. ببەخشە لێم
   وە قوربانی ئەو چاوانە و چاوەڕوانیی چاوانی کشت و گەشت بم؛
با ئەمن هەر.. وەدووی دۆزی (ئازادییە وندابووەکانی گوڵان) کەوم..
          تکا دەکەم مۆڵەتم دەی..
          تا هەر هەمووی دەستینمەوە و گوڵبوونی گوڵ دەگێڕمەوە
                                      دەرفەتم دە.. تکایە یار..
تکایە یار.. ئەی تاقە وار
توو خۆت لە منی باشترەزانی؛
دیواری خانییەکانمان لە خشتە رەشە ئەبەنووسییەکانی تاریکستان و
دەریی و پەنجەرەکانیشمان لە شێلاوی گڕکانە پڕتاوەکانی ئاورستان
         چێکردییە و
         زیندان ئاسا.. گوڵان لە نێویان سیسەبن و هەڵەپڕووکێن.
                     دە تکایە یار.. ئەی تاقە وار.. مۆڵەتم دە.

 

نێوەڕاستی تەمووزی ٢٠١٢ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک