٢٧\٣\٢٠١٧
تکایە زمانەکەت
وەخێوە بکە تا وەخێوت بکا!

دارا خونچە
هێ١
لە هەندەک نووسەر و کۆشانی هەندەکی دیکە - کە زۆر هندکن٢
- زۆرینەی نووسەرانی کورد فرە کۆلەوار و بێ بارن یان لە راستییدا
دەکارین٣ بێژین هەر لە بنەوە
نووسەر نین و لە بێکارییەوە خۆیان وە٤
نووسیندا شۆڕکردیتەوە، ئەویش لەبەرئەوەی نزانن٥
وە زمانەکەی خۆیان یان هیچ نەبی بەو زارەی یان بن زارەی کە لە
دایوبابیان فێربوونە بنووسن، ئاخەر نووسین هاوکات دەگەڵ هەبوونی کەرستە
هزریی و فەرهەنگییەکانی دیکە یەکەم جار و دووەم جار و تا کۆتاییش هەر
زمانە و هیچی دیکە.. جا چی پێ
دەنووسی و کووی پێ دەنووسی
ئەوانە کاری دیکەن، نووسەری بێ
زمان چوون٦ ئەو زارۆکە ساوایەیە
کە دەست دەباتە سەر ئامیری چاپکردن و وە ئارەزووی خۆی پەنجە لەسەر
پیتەکان دادەگری.
دوو هەزار و چەند سەت ساڵەکە کوردان لە لایەن
دەسەڵاتدارانی میللەتانی دراوسێوە
دەچەوسێندرێنەوە و هاوکات زمانەکەشیان لە دەست دا - کە ئەتوو زمانی
میللەتانی دیکەت وەکاربرد و خۆت زمانەکی ناوکۆیی نووسینت نەبوو واتە بێ
زمانی -، هەژموونی یەک لە دوو یەکی زمانەکانی فارسی و عارەبی و تورکی
زمانی کوردیان لە گۆڕ نا تا وە هەنووکەشەوە، هەر کەسەک دان وە
راستییەکاندا بنێ هەرگیز ناتانی٧
بەو دەقە کەم و تاکوتەرایانەی پێشتر و کۆششەکانی زندییکردنەوەی نووسینی
کوردی وە زاراوەکانی کرمانجی (سەرێ و خوارێ) و هەورامی و ئەوانیدی لەو
سەت ساڵەی دوایی بێژی ئیدی ئەوە زمانی کوردییە و بڕایەوە، ئێستا ئەگەر
بەرهەمەکانی مەلا نالی - یان هەر مەلایەکی دیکەی لەو باتەی کورد کە
کاریان دین بووە نەک زمان و نووسین وە شێوەیەکی گشتگیر - بدەیە دەست
هەر
خوونەرەکی کورد تەنانەت خوونەرەکی دەڤەری شارەزووریش کە زێدی نالی
خۆیەتی هیچیان لێ تێناگا ئەگەر چەند فەرهەنگەکی زمانانی دیکەی ناوچەکەی
- وە تایبەتییش زمانی عارەبی - لەبەردەست نەبی، یان لە باشترین باردا
هەر دەقەکی نالی یان ناری و سافی و تاری ماری و ئەوانیدی وەربگێڕیە سەر
کوردی ئەوە رێک چوون دەقە کوردییەکەی (قورئان)یان لێ وەسەردێ کە سەرجەم
هێز و پێز و هەژموونی رستە و دەستەواژاەکانی دەقە عارەبییەکەی لە نێو
بردیە و لە پەرتووکەکی لاواز و سەربردەئامێزی بێ سەروبەر بترازێ هیچی
دیکەی لێ نەمایتەوە.
نووسینی کوردی لەو دواییانەدا کە وە هەردوو شێوە نووسینی پیتی عارەبی و
لاتینی و وە هەر دوو بنزاری کرمانجی هەن:
- پڕاوپڕن لە هەڵەی رێنووس و خاڵبەندیی و کۆپڵەڕیزیی و داڕشتن و
لایەنەکانی دیکەی زمانەوانیی!
- پڕاوپڕن لە وشە و دەستەواژە و پەندی بێ کەلکی گوندیی و خێڵەکیی و
دینیی!
- پڕاوپڕن لە وشە و دەستەواژە و پەندی توندوتیژ و هێرشکردنە سەر
مافەکانی ژنان و منداڵان و مافەکانی ئاژەڵان و تەنانەت بێ بەها
نیشاندانی ژینگە و سروشتیش!
دیارە پێویست وە ئاماژەپێدان ناکا.. چون٨
لە هەر یەک لەو لایەنانە نموونەگەلەکی دیار و زۆروزەوەند هەن و رۆژانە
نەک هەر لە لایەن نووسەرە لاواز و بێ ئەزموونەکان بەڵکە لە لایەن
نووسەرە هەرە دیارەکانیشەوە دووبارە و چەندبارە دەکرێنەوە.
سەرەڕای ئەوانەش، ''ماڵ لە خۆی نەبوو.. مێوانیشی هات!''؛ چوون ئەو
دەردەی زمانەکانی عارەبی و فارسی و تورکی وەسەر زمانی کوردیان هینا و
لە پەلوپۆیان خست.. ئێستا لەو دوو دەیەی دوایی خەریکە زمانە
رۆژاواییەکان وە تایبەتییش زمانی ئینگلیزی هەمان دەرد وەسەر زمانی
کوردی دەهینن، زمانی ئینگلیزی کە خۆی - ئەگەر باڵادەستییە زانستیی و
تەکنەلۆژیایی و داگیرکارییەکەی لێ دەربکەی - زمانەکی فرە لاواز و بێ
سەروبەر و قورس و پڕ گەڕەلاوژێیە.. ئاخەر ئێستا دەرچووانی
زانکۆیەکانیان تەنانەت مامۆستایەکانیشیان ئەگەر کۆمپیوتەر و
بەرنامەکانی راستکردنەوەی پیتڕێژیی٩
و چاککردنی نووسینیان لەبەردەست نەبی ناتانن نامەیەکی ئاسایی بێ هەڵە -
هەڵەی پیتڕێژیی و خاڵبەندیی و کۆپڵەڕیزیی و داڕشتن و لایەنەکانی دیکەی
زمانەوانیی - بنووسن! ئەوان خۆیان وە دەست زمانەکەی خۆیان گیریان
خواردیە و نزانن چی لێ بکەن! کەچی تازە وە تازە نووسەرانی خۆمان کە
زۆربەیان کۆلەوارن لە زمان لە ژێر کاردانەوەی جیهانگیریی سەرمایەداریی
و هەژموونی خۆسپێنەرانەی فەرهەنگی رەگەزپەرستانەی ئینگلیزیی راست و چەپ
وە نێو زمانەکەی خۆیان کەتینە و وە هیچ شێوەیەک دەست ناپارێزن لە
وەکاربردنی وشە و دەستەواژەی ئینگلیزی و زمانانی دیکەی رۆژاوایی
تەنانەت لە جێی ئەو وشە و دەستەواژە کوردیانەش کە فرە جوان و پڕ واتان
و جێی خۆیان گرتیە.. ئەویش هەمووی لە پێناو ئەوەی کە خۆیان وەها نیشان
بدەن کە رۆشنبیر و پڕ فەرهەنگن و بەوەش کارەک پەیدا بکەن.. رێک چوون
ئەوەی کە ئێستا خەڵک وە شێوەیەکی گشتیی لە هەموو جیهان وە تایبەتییش لە
کوردستان لەبەرئەوە ناخوونن کە ئاستی فەرهەنگیی خۆیان بەرز بکەنەوە
بەڵکە لە پێناو ئەوەیە کە خۆ وە رۆشنبیر پیشان بدەن و دواییش کارەکی پێ
پەیدا بکەن! ئیدی لێرەدا وە چەند رستەیەکی جوان و سەرنجڕاکێشی (عەدنان
بەهرەوەر) لە ژێر ناوی (پۆزی ''ئیزم''ی) کۆتایی بەو بابەتە دەهینم:
[هەندێ له رۆشنبیرانمان به شێوازێک تەقله به وشە لێدەدەن و لهگەڵ رسته
زۆران دەگرن و هێندە وشەی ''ئیزم، ئیزمی'' تێکەڵ نووسراوەکانیان ئەکەن،
ئیتر مەگەر خۆی و دوو کەسی دیکه له نووسراوەکانیان تێبگەن.. جا ئەڵێن:
''هەر ئەو دوو کەسە بەسه که تێبگەن'' بەڵام خۆ نازانن ئەو دوو کەسە له
لا سەرووی (ئیزمخانە)که دانیشتوون و پێویستیان بەو نووسراوەش نییه.
دەی کە وای لێهات تۆزێ هێواش و تەپ و تۆزی ناوێ با چوار لاوی خولیای
فێربوون تێبگەن لێتان و هەندێ جاریش ژێر دیپلۆم قسە بکەن لێتان کەم
نابێتەوە، جەنابانی پرۆفیسۆرزادەکان!!].
_______________________________
١-
هێ: بێ،
بێجگە، جگە.
٢-
هندکن:
کەمن.
٣-
دەکارین:
دەتانین، دەتوانین.
٤-
وە: بە.
٥-
نزانن:
نازانن.
٦-
چوون: وەک،
مینا.
٧-
ناتانی:
ناتوانی. ناکاری،
٨-
چون:
چونکە، چونکێ.
٩-
پیتڕێژیی:
(سپێڵ)، (ئیملا).
٢٧\٣\٢٠١٧
- لەندەن
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|