٢٨\١٠\٢٠٢٠
تکایە
با ماکرۆدۆگان
گەمە بە هەست و سۆزت
نەکا!

دارا خونچە
لەبەرئەوەی خەڵکی کوردستان تا ئێستا لە بندەستی داگیرکەرەکانە..
ناتوانین هیچ نەخش و کارتێکردنەکمان هەبی لەسەر کێشەیەکی گەورە و
دروستکراوی وەک ئەوەی لە نێوان ئەردۆگانی ئیسلامیی و ماکرۆنی
رەگەزپەرست هەیە، لێ پێویستە خەڵکی کوردستان لە پێناو دۆزە نەتەوەیی و
نیشتیمانییەکەی بەوپەڕی توندیی دژ بە سیاسەتە فاشیست و داگیرکارییەکانی
ئەرۆدۆگان و ئیخوانییەکان و سەرجەم رەوتە ئیسلامییەکانی کوردستان
رابوەستی.
هاوکاتی ئەوەش ناشێ و ناکرێ لە ژێر هەژموونی ئەو تێڕوانینە ناوکۆییەی (کۆنە
چەپە هەڵگەڕاوەکان، لیبرالیستەکان بە هەموو رەنگەکانیانەوە،
ناسیۆنالیستە رەگەزپەرستەکان، سێکۆلاریستەکانی چینە باڵادەستەکان،
ئەکادیمیستە دەسەڵاتخوازەکان، کوردایەتیی بنەماڵەکان و بێلایەنە
پێخۆرەکانی سیستەمی باو) فریو بخۆین و ساویلکەییانە ماکرۆن چەپڵەڕێزان
بکەین.
ئاخر ئەوەی ئێستا ماکرۆن دەیکا تەنێ رازییکردنی رەگەزپەرەستەکانی
فەرەنسا و رۆژئاواییەکانە وەک پێویستییەکی ئێستای سیستەمی نوێی
سەرمایەداریی پاش داڕووخانی چەپی کلاسیک.. ئەوەش لە لایەک دەسەڵاتە
رەگەزپەرستییەکەی خۆی پێ دەپارێزی لە لایەکی دیکەش پێگەی ئەرۆگانی پێ
بەهێز دەکا لە نێو ئیسلام و ئیسلامییەکان.

سەرەنجام و بە کورتییەکەی کێشەکە لە نێوان
سێکۆلاریستەکی رەگەزپەرست (ماکرۆن) و ئیسلامییەکی رەگەزپەرست (ئەردۆگانە)ە
کە هەردووکیان زۆر زیرەکانە سەدان ملیۆن کەسیان لە پێناو پاراستنی
دەسەڵاتەکانیان هەڵخەڵەتاندیە! ئێستا زۆر ئاساییە بە هۆی ئەو
تێڕوانینەم ئیسلامییەکی کورد تیرۆرم بکا ئەگەر لە دەستی بێ.. هاوکاتیش
زۆر ئاساییە سێکۆلارەکی کورد بڵاوکردنەوەی ئەو پارچە نووسینەم لێ
قەدەغە بکا و هەرچی خراپە پێم بکا ئەگەر لە دەستی بێ!!
______________________________________________
•
ماکرۆدۆگان:
ماکرۆن و ئەردۆگان وەک یەک کەسایەتی.
•
سیستەمی ئێستای جیهان لە نێو
رەگەزپەرستیی نوقم بووە، ماکرۆنیش یەکێکە لە کەسە هەر گرنگ و
بڕیاربەدەستەکانی بەڕێوبردنی ئەو سیستەمە و هەرگیز بە رەگەزپەرستی
نەگۆتیە (لەل).. ئیدی ئەوە بەسە کە بتوانین ئەو گەمژەییەی کە دەبێژی
''ماکرۆن رەگەزپەرست نییە'' لە خۆمانی بتەکێنین!
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|