په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١٢\٢٠١٠

تراژیدیاى ئەنگوستیلەیەک.


شاخەوان برایم عەبدوڵا

- ١ -


لە چاوەڕوانى گەیشتنى پاسێکدا وەستابووم، هێندەى نەبرد بە دیارکەوت، تاکو نزیکى من بۆوە بەهۆى دابەزین و سەرکەوتنى خەڵکانێکەوە چەند جارێک وەستا. سەرکەوتمە نێویەوە. هەندێ لە سەرنشینەکان وردبوومەوەو دواتر بەبێدەنگییەوە دانیشتم، زۆربەى سەرنشینەکانى پیرو بەساڵداچووبوون، دووکەڵ و بۆنى جگەرە نێو پاسەکەیان بەتەواوى قانگ دابوو، هەرکەسەو لە لاى خۆیەوە بەدەنگى بەرز قسەى بۆ یەکێکى دیکە دەکرد و حیکایەتى خۆى بۆ دەگێڕایەوە.


هەستم دەکرد کە خەیالڕ دەیبردمەوە، بەڵام دواتر هێندەم زانى کچێک سەرکەوتە نێو پاسەکەوەو خەیاڵەکەمى پچڕاندو لەسەر کوشنەکەى لاى منەوە دانیشت و، هیچى نەگوت. جارجارە ئاوڕێکى دواوەى خۆى دەدایەوەو بە خێرایی ڕووى وەردەگێڕایەوە. لەو فریشتە ئەندێشەییانەى دەکرد کە ساڵانێکى زۆرە پیرەکان باسیان لێوە دەکەن. ئەو فریشتانەى کە مرۆڤ لە نێو خەیاڵدا بزردەکەن و هیچ کاتێکیش بەچاو نابیندرێن.


ویستم تەماشاى نەکەم، بەڵام نەمتوانى! دواتر بەنهێنییەوە لە بنى پێیەوە تاکو ئەژنۆى ڕووتیم تەماشاکرد، هەستم کرد هێدى هێدى گیانم خاودەبۆوە، خەریک بوو لەهۆشخۆم دەچووم. بۆ ئەوەى لە بیر خۆمى بەرمەوە بە خێرایی یەک بە یەکى مانشێتەکانى ڕۆژنامەکەى دەستمم خوێندەوە، بەڵام نەک خوێندنەوەکە، تەنانەت مانشێتێکیش سەرنجى ڕانەکێشام، چونکە زیاتر بیرم لاى کچەکە بوو. دووبارە سەیرم کردەوە، ئەمجارەیان چاوەکانمان بەرانبەر یەکدى مۆڵەق وەستان و بەشەرمەوە سەیرى نێو قووڵایی چاوەکانى یەکدیمان دەکرد. دواتر بە هێواشى ڕووى لێم وەرگێڕا، پێدەچوو لە مەبەستى تەماشاکردنەکەم حاڵیبووبێت. دواتر لە ژێر کوشنەکەوە پێیەکى خستە سەر پێمەوە، دڵم داخوورپاو خەریک بوو گیانم دووبارە بەرەو خاوبوونەوە بچێت، گەرماییەک بە نێو ڕۆحمدا بڵاوبۆوە. بزەیەکى بەڕوودا هەڵدام و پێیەکەى لەسەر پێم دوور خستەوە، گیانم گەڕٍایەوە دۆخى جارانى خۆی و گەرماییەکەش لە گیانم دەرچووە دەرەوە.


کەوتمە نێو بیرکردنەوەو ئیدى هۆشم لەسەر خۆم نەما، کاتێک بەئاگاهاتمەوە، کوشنەکەى تەکم بەتالڕ بوو، چاوێکم لە نێو پاسەکە گێڕا، دیار نەبوو، بگرە نیوەى سەرنشینەکانى تریشى تێدا نەمابوون، نازانم چۆن و لە کوێ دابەزیبوون، تەماشاى سەر کوشنەکەم کردەوە، کاغەزێکى جێهێشتبوو، سەرنجى ڕاکێشام و بەهێواشى هەڵمگرتەوە، تێیدا نووسرابوو:


بمبوورە لەوەى کە نەمتوانى بە ئاشکرا قسەت لەگەڵدا بکەم، بڕوابکە لە یەکەمین لەحزەى بینیت چوویتە نێو دڵمەوە و خۆشم ویستى، نازانم چۆن عاشقت بووم؟! چەند جارێک ویستم قسەت لەگەڵدا بکەم، بەڵام بەهۆى شەرمەوە نەمتوانى هەستى دڵمت بۆ دەربڕم، زۆر بەختەوەر دەبم ئەگەر ڕووبەڕوو قسەت لەگەڵدا بکەم، ئەگەر تۆ بە خۆشەویستیم ڕازیت؟! دەتوانى بەم ناونیشانەى خوارەوە بمدۆزیتەوە:


لە کۆتایی باشوورى ئەم شارە، لە بەرانبەر گەڕەکى "باران" ڕێگایەکى خۆلڕ هەیە، بۆ دەشتەکە هەڵدەکشێت، بەم ڕێگایەدا وەرە دەمدۆزیتەوە، لەسەر ڕێگاکە ڕووبەڕووى جەنگەڵستانێکى تووش و گەورە دەبیت، لە کۆتایی جەنگەڵستانەکە خانووێکى سپى، لە نێو باخچەیەکى چڕ بەر چاوت دەکەوێت، من بەتەنیا لە نێو ئەم خانووەدا دەژیم. بەهاتنت بەختەوەر دەبم، بڕوابکە ئیدى ناتوانم بێ تۆ بژیم، لەمەودوا چاوەڕێتم تاکو دەمدۆزیتەوە.. توخودا وەرە.


کاغەزەکەییم خوێندەوە، ئاوێتەى خۆشەویستى ئەو کچەبووم. سەیرێکى دەرەوەى پاسەکەم کردو دواتر لە چوار دەورى خۆم وردبوومەوە، دڵم تەنگ بوو، لە پاسەکە دابەزیم، بۆ ئەو شوێنەى کە مەبەستم بوو بۆى بچم، ڕێگام گرتەبەر. کاتێ گەیشتمە ئەوێ، نەمتوانى بۆ چەند ساتێکیش ئۆقرە بگرم و پشوویەکى کورت بدەم، بگرە هەرچى بیرکردنەوەو ئەندێشەم هەبوون هەمووى بەدواى کچەکەدا دەڕۆیشتن. چەندى خۆمم دەهێناو دەبرد نەمتوانى لە بیر خۆمى بەرمەوە، دواتر بڕیارى ئەوەمدا کە بەهەر شێوەیەک بێت بەدواییدا بگەڕێم و بیدۆزمەوە. جار جارە لەبەر خۆمەوە دەمگوت: دەبێ بەم ناونیشانەى نێو کاغەزەکە بیدۆزمەوە؟ بۆ نایدۆزمەوە؟ خۆ ئەو تەواوى هۆیەکانى دۆزینەوەى خۆى تێدا نووسیووە، ئیتر بۆ نایدۆزمەوە؟ دەبێ هەر بیدۆزمەوە.


نزیکى ئەو شوێنە بوومەوە کە لە کاغەزەکەدا ئاماژەى پێدابوو، نەمدەزانى چۆن چۆنى خۆم بەو شوێنە گەیاندووە! دواتر گەیشتمە نێو جەنگەڵستانەکە، زۆر چڕ و ترسناک خۆى دەنواند و بە دەست خۆم نەبوو لە بەردەمیدا هەستم بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکرد، دەنگى جۆرەها ئاژەلڕ و باڵندەم لە نێویدا دەبیست، بە ترسەوە تێپەڕیم. لەنێو باخچەیەک، خانووێکى سپى کەوتە بەرچاوم، هەر لەوەى دەکرد لە بەفر دروست کرا بێت، جوانترین دیمەنى هەبوو، دیمەنێکى خەیاڵى هەبوو. لە هەر لایەکم دەڕوانى گولڕ و درەختى تەڕ و جوان دەهاتنە بەر چاوم، ئارامى باڵى بەسەر ئەم هەرێمەدا کێشابوو، تەنیا گوێم لە دەنگى باڵندەو نەرما "با" یەکى فێنک دەبوو کە بەر گەڵای درەختەکان دەکەوتن. بەتەواوى ئاڵوودەى جوانى ئەو شوێنە بووم، دیمەنێک زیاتر لە هەموو دیمەنەکانى ترى نێو باخچەکە سەرنجى ڕاکێشام، ئەویش دوو کۆتربوون لەسەر درەختێکى سەوز دەنووکیان لە نێو دەنووکى یەکدی ئاخنیبوو، بە درێژایی ئەو ساڵانەى تیایدا ژیاوم دیمەنێکى جوانى لەم شێوەیەم نەدیبوو، هەرچەندى لە خانووەکە دەچوومە پێشەوە زیاتر ترسم لێدەنیشت، هەوڵمدەدا خۆم لە ترس دوور خەمەوە، بەڵام نەدەمتوانى، چونکە لە ئیرادەى من بە دەربوو، هەستم دەکرد ئەژنۆکانم خاودەبوونەوەو هەندێجاریش دەلەرزین. مرۆڤ بەدەست خۆى نییە کە هەندێجار ترس دایدەگرێت، کاتێک ڕووبەڕووى بیابان و پێدەشتێکى دوور یان باخچەیەک دەبێتەوە، لە ئیرادەى مرۆڤەکە بەدەرە، بەڵکو هێزێک لە سەرووى ئیرادەى ئەوەوە بوونى هەیەو بەدواى خۆیدا پەلکێشى دەکات.


ترس ئاوێتەى گیانم بوو، زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە لەبەر خۆمەوە دەمگوت: دەبێ هیچ پلانێکیان بۆم نەنابێتەوە؟!


لەبەردەم خانووەکە وەستام، دەرگاکەى داخرابوو، هەندێ چاوم بە چوار دەورى خۆم گێڕا، کەسم نەبینى، ویستم لە دەرگاکە بدەم، بەڵام نەمتوانى! خەریک بوو دەکەوتمە نێو خەیاڵەوە. لەپڕێکدا بە ئەسپایی دەرگاکە کرایەوەو سەیرى نێو درزى دەرگاکەم کرد، ڕووناکییەک دەرکەوت، لە ڕووناکى مانگى دەکرد کاتێک لە نێوانى پەنجەى هەورەکانەوە دەردەکەوێت و ڕووناکى بە دونیا دەبەخشێت، هەندێجاریش لەو فریشتە وەهمییانەى دەکرد کە هیچ کاتێک بەچاو نابیندرێن و مرۆڤ لە نێو وەهمى جوانییاندا سەرسام دەکەن.


نزیکى بوومەوە، هەستم دەکرد ڕووناکییەکەى جارانى نەدەماو ئاسایی بۆوە. هەمان کچەکەى نێو پاسەکەبوو، سەیرى کردم، منیش بە شەرمەوە سەیرم کردەوە. چاوەکانمان بەرانبەر یەکترى مۆڵەق وەستان، ترسام لەوەى کە کەسێک بەم دیدارەى نێوانمان بزانێت و ئیدى ڕووبەڕووى کێشەو ئاستەنگمان بکاتەوە، چونکە لەم هەرێمەى ئێمەدا بە هەزاران مرۆڤى بێ تاوان کوژراون، تەنیا لەبەر ئەوەى پەیوەندى خۆشەویستییان خووڵقاندووە. عەشق لێرە وجودى نییە، پیاوەکان هەیبەتى خۆیان بەژنەکانیانەوە پەیوەست کردووە، ئەمەیە کارەسات، مرۆڤ بەهۆى خۆشەویستییەوە بکوژرێت. بەختەوەرى لەوە دایە مرۆڤەکان بە یەکەوە بژین و بیر لە کوشتنى یەکترى نەکەنەوە و ڕێگا نەدەن ڕق ڕۆبچێتە نێو ڕۆحیانەوە. خۆشترین ئەو ساتانەى دوو مرۆڤى عاشقیش، ئەو ساتانەن کە لە ژووانگەیەک بێ ترس و بە ئارامى سەیرى نێو قووڵایی چاوەکانى یەکدى بکەن و ژیان بە جوانى ببینن. دەبێ لە ئاییندەدا مرۆڤەکان بتوانن جیهانێک لە عەشق دروست بکەن؟!
ئەویش گوتى:


کارێکى زۆر باشت کرد کە هاتى، فەرموو وەرە ژوورەوە، لەو کاتەوە چاوەڕێتم، بۆ وەڵامم نادەیتەوە؟ حەزدەکەم گوێم لەدەنگت بێت!


بە ئاسپایی ڕۆیشتینە ژوورەوە، کاتێ چووینە ئەودیوى دەرگاکەوە، جۆرەها تابلۆى جوان سەرنجیان ڕاکێشام، نەمدەزانى سەیرى کامیان بکەم، لە هەر کامێکییانم دەڕوانى بۆ خۆى دونیایەک لە خەیاڵاتى سەیر سەیرى لە نێو خۆیدا هەڵگرتبوو. بەنێو چەند ڕاڕەوێکى پێچاو پێچدا بە هێواشى هەنگاومان هەڵێنا، بە بێدەنگى بە دواییدا ڕۆیشتم، لە کاتى سەرکەوتنمان بە پەیژەکەدا هەموو گیانى نەرم و شلیم لە نێو کراسە تەنکەکەیدا کەوتە بەر چاو، لەشى دەجوڵایەوە، قژى هەر وەکو تاڤگەیەک بەسەر باڵایدا بەرەو خوارەوەى تاکو نزیکى ئەژنۆى شۆڕببۆوە، لە سیحرى جوانى حاڵینەدەبووم. لەبەر خۆمەوە دەمگوت: من تێناگەم دەبێ مەبەستى ئازاردانمى نەبێت؟! خۆ لەوانەیە پێویستى بەکەسێکى وەکو من هەبێت، بۆ ئەوەى لە ژیانى تەنیایی ڕزگارى بکات و ڕۆحى ئاوێتەى ڕۆحى بکات.


چووینە ژوورەوە، دەنگى مۆسیقایەکى ئارام بڵاوببۆوە، ژوورەکە پڕ ببوو لە دەنگى مۆسیقا، بەقەد دیوارەکانیشەوە چەندین وێنەى کۆن هەڵواسرابوون، هەندێ لێیان وردبوومەوە، کەوتمە نێو خەیاڵاتەوە، هەر لە خۆمەوە هەستم دەکرد کە ئاشنایەتییەکى کۆنم لەگەڵ هەندێ لە وێنەکاندا هەیە، بەڵام نەمدەزانى کات و شوێنى ئەو ئاشنایەتییەم کەى و لە کوێ بووە. دواتر بەهەر شێوەیەک بوو لە بیر خۆمم بردنەوە. بەشڵەژانەوە لە چوار دەورى خۆمم ڕوانى و ئاراستەى چاوم کەوتە سەر ئەوەوە، ئەویش بەدیار سەیرکردنى وێنەکانەوە خەیالڕ بردبوویەوە، وردە وردە سەیرى نێو چاوەکانیم کرد، فرمێسک بەڕوومەتیدا ڕێچکەى بەستبوو. لەوە دەچوو دەیان یادگارى و بیرەوەرى خۆش و ناخۆشى لەگەڵ هەر یەکە لە وێنەکاندا هەبووبێت، چاوەڕێى ئەوەبووم کە فەرمووى دانیشتنم لێ بکات، بەڵام هۆشى لەسەر خۆى نەمابوو و ئاوێتەى نێو پانتاییەکى گەورەى خەیاڵات ببوو.


تاکو هۆشى هاتەوە بەر خۆى بەدیارییەوە وەستام. دواتر داواى لێبووردن و فەرمووى دانیشتنى لێ کردم. دەنگى مۆسیقاکە زیاتر ئارامى بە نێو ژوورەکەدا بڵاو دەکردەوە، شەرم و بیرکردنەوەم ئاوێتەى یەکتر ببوون، بۆ ماوەیەک بێدەنگى باڵى بەسەرماندا کێشا.


دواتر من بێدەنگییەکەى نێوانمانم شکاندو گوتم:


دەکرێ لە نهێنى ئەو وێنانە بگەم، نازانم بۆ هەر لە خۆمەوە ئاوێتەیان بوویمەو هەستدەکەم سیحرى کێشکردنیان هەیە، حەزدەکەم هەندێ زانیارى لە بارەیانەوە بزانم.


وێنەى هەندێ لە ئەندامانى خێزانەکەمانن، چەند ساڵێک دواى شاڵاوەکە پیرەژنێک کە تەنیا خۆى لە نێو خێزانەکەیاندا مابۆوە، لە نێو خانووە رووخاوەکەماندا ئەو وێنانەى دۆزیبۆوەو لاى خۆى هەڵیگرتبوون، تاکو دواتر دایەوە من و ئیدى ئەو بەهۆى پیرى و خەمەوە سەرى نایەوە.


ئەى خوشک و برات نییە؟


تەنیا برایەکم هەبوو، بەڵام نازانم ئێستا چى لێهاتووە، من و دایکم و باوکم بەر شاڵاوەکە کەوتین، بەڵام ئەو چەند ڕۆژێک بەر لە شاڵاوەکە چووبووە شار، بۆ ماڵى پوورم، ئیدى نەمبینیەوە، هەمیشە بیریان دەکەم، بەتایبەت براکەم ، چونکە ئەو بەر شاڵاوەکە نەکەوتووە، بەڵام نازانم دواى ڕووداوەکە چی بەسەرهاتووە! شەو و ڕۆژ بە بەر چاوم دێن و دەچن، دایکم حەسارەکە خاوێن دەکاتەوە و باوکیشم مەڕ و بزنەکان بۆ دەشت و بنارى چیاکان پێش خۆى دەدات. هەمیشە لە ژیانمدا بە هیواى بینینەوەیانم، بەڵام ئەفسووس کە ئێستا نازانم چییان بەسەر هاتووە. حەزم دەکرد منیش لەگەڵ ئەواندا بوومایە، بۆ ئەوەى ئازارى چاوەڕوانى و تەنیاییم نەچەشتبووایە، چونکە چەندین بیرەوەرى خۆش و ناخۆشم لەگەڵیاندا هەیە. ناخۆشترین شت، هەستى چاوەڕوانى مرۆڤە، بۆ ئەو مرۆڤانەى کەنازاندرێت ئاخۆ جارێکى دیکە دەبیندرێنەوە یاخود نابیندرێنەوەو کەى و لە کوێ بە یەکدى ئاشنا دەبنەوە!


بەرەو لاى پەنجەرەکە چووم، باڵندەکان بەسەر درەختەکانەوە هەڵنیشتبوون و چریکەى دەنگیان تێکەلڕ بە مۆسیقاکە دەبوو، هەمان کۆترەکانى بەر دەرگا کەوتنەوە بەرچاوم، ماچى نێو دەمى یەکدییان دەکرد و جارجارەش گۆرانیان بۆ جوانییەکانى سروشت دەچڕى.


هێندەم زانى ئەویش بەرەو لاى من هات و گوتى:


ئەوە سەیرى چى دەکەیت؟


سەیرى عەشقى ئەو کۆترانە.. زۆر پاکن، زۆربەى مرۆڤەکان لە پیرۆزى عەشق تێناگەن کە عەشق مرۆڤ و هەموو گیانلەبەرێک لە پیسى پاکدەکاتەوەو ڕەوتى ژیانیان دەگۆڕێت.


ئەویش بە بزەیەکەوە گوتى:


ڕۆژانە دەیانبینم بەیەکەوەن و نزیکى هیچ جۆرە باڵندەیەکى تر ناکەون، کاتى زەردەپەڕى ئێوارە ئێرە بەجێ دەهێڵن، ئیدى نازانم بەرەو کوێ دەڕۆن، هەرکە دونیا ڕووناکدەبێتەوە ئەوانیش دەگەڕێنەوە نێو ئەو باخچەیەو کەرنەڤاڵى ماچکردنى یەکدى دەست پێدەکەنەوە. خۆ عەشق هەر بەتەنیا لاى باڵندە بوونى نییە، بگرە لاى ئەو مرۆڤانەش بوونى هەیە کە هەموو ژیانى خۆیان لە بەرەکانى جەنگدا بەسەر بردووە، خۆ لەوانەیە بە ئارەزووى خۆیان نەچووبن بۆ جەنگەکان و کوشتنى کەسانى دیکە. بەڵکو هێزێکى سروشتى ناچارى کردوون مرۆڤى دیکە بکوژن. مرۆڤ هەیە لە نێو جەنگ و کوشتاریشدا باس لە خۆشەویستى و بەختەوەرى کەسانى دیکە دەکات، ئەوەیە مرۆڤ بە دواى ئارامیدا دەگەڕێت و خۆى لە کوشتنى کەسانى دیکە بەدوور دەگرێت، بەڵام بیرکردنەوەى بەرانبەرەکەى جیاوازە لەو و هەرکە پێى گەیشت، ئیدى ژیانى پی َڕەوا نابینێت.


ئەوەیە سروشتى مرۆڤەکان، هەندێ بیر لە ئارامى دەکەنەوەو هەوڵى خۆشبەختى لە ژیان دەدەن، هەندێکی دیکەش بیر لە مەرگى کەسانى دیکە دەکەنەوە.


زۆر ڕاستدەکەیت، مرۆڤ تاکو ئەم لەحزەیەش لە پیرۆزى عەشق حاڵینەبووە، عەشق مرۆڤەکان کاملڕ دەکات و مانا بە ژیانیان دەبەخشێت و لە ژیاندا بەختەوەریان دەکات. عەشق وەکو پەیژەیەک وایە مرۆڤەکان بە خۆشەویستى و ئارامى دەگەیەنێت و بۆ بەرزاییەکانى بەختەوەرى سەریان دەخات.


بە هێواشى بەرەو شوێنەکەى خۆم گەڕامەوە و بەمەبەستى پشوودان دانیشتم، ئەویش هات و لە نزیکى منەوە دانیشت، سەیرى نێو قووڵایی چاوەکانیم کرد، پر ِبوون لەئاو، پێدەچوو لە ناخى دڵەوە بگرى و ئازار بچێژێت. بۆ ماوەیەک بێدەنگ بووین، لەوەى دەکرد هەردووکمان لە چاوەڕوانى هەڵگیرسانى شۆڕشێکى جەستەیی و ڕۆحى بەهێزدا بین. لەپڕێکدا گەرماییەک ختووکەى گیانمیداو دەستى ئاڵاندە ملمەوە، دڵم داخوورپا، بە هێواشى دەستى بۆ نێو سنگم برد و یارى بە مووەکانى لەشم دەکردو جارجارەش بەڕاکێشانى مووەکان دەیوسیت ئازارم پێ بگەیەنێت، بەڵام بەپێچەوانەوە من لەززەتم لە ئازارەکانم وەردەگرت، چونکە هەندێ لە مرۆڤەکان، سروشتیى وان کە لەززەت لە ئازار و ئەشکەنجەدانى خۆیان و بەرانبەرەکەیان وەردەگرن.


دواتر دەستەکانیم هێنایە خوارەوە و گوتم:


خۆشەویستى تەنیا ماچکردنى یەکدى نییە، بگرە دەبێ لەناخەوە هەست بەخۆشەویستى بکرێت و ڕۆحەکان ئاوێتەى یەکترى ببن، ئیدى نەتوانن بێ یەکترى ژیانى ئاسایی بگوزەرێنن. ژیانى مرۆڤ بێ خۆشەویستى ماناى نییە، کاتێک خۆشەویستى چووە نێو دڵى هەر مرۆڤێکەوە ئیدى بیر لە کوشتنى کەسانى دیکە ناکاتەوەو هەمیشە حەز بە بەختەوەرى مرۆڤەکانى دیکە دەکات. ئەوەیە کارەسات، مرۆڤ بەهۆى جەنگى میر و خێڵەکییەکانەوە تاکو ئێستا بەهەزارانى لێ کوژراون. جەنگ کۆتایی بەهەموو شتێک دەهێنێت و خۆشەویستى لەڕەگ و ڕیشەوە دەردەهێنێت و بەپێچەوانەوە، خۆشەویستى جەنگاوەرەکان ترسنۆک دەکات و تفەنگ و ئەو سەنگەرانەى کە لایان پیرۆزبوونە، بۆ هەمیشە تێکیدەشکێنێت و ئیدى ڕەوتى ژیانى مرۆڤەکان ئارامى بەخۆوە دەبینێت.


ویستم بڕۆم، بەڵام ئەو بە قۆڵمى گرت و ئیدى داینیشاندمەوە شوێنەکەى پێشووترم. تیشکى زیوینى خۆر بە هێواشى لە درزى پەنجەرەکەوە خۆى خزاندە نێو ژوورەکەوە، هەستم کرد کە گەرماییەک بەر


جەستەم دەکەوێت و بەنێو ڕۆحمدا ڕۆدەچێتە خوارەوە، لەشم خاودەبۆوە، ئیرادەم لەدەست خۆم نەدەما. هێندەم زانى خۆى هەڵدایە سەر جەستەم و بە هێواشى جلەکانى لەبەر کردمەوە، لەشمى وەکو ڕۆژى لە دایکبوونم ڕووتکردەوە، شەرم دایگرتم و سەراپاى بەدەنم عارەقى دەردا. هێدى هێدى هۆشم لەسەر خۆم نەماو دواى ماوەیەکى کەم بەئاگاهاتمەوە، خۆم لەدەستى ڕزگارکرد و بەرەو لاى پەنجەرەکە ڕۆیشتمەوە. کۆترەکان لە کەرنەڤاڵەکەى جاران دابوون و نێو دەمى یەکترییان ماچدەکرد.


هەستم بە خێرایی لێدانەکانى دڵم دەکرد. لە ئاوێنەکەوە سەیرێکى ڕووخسارى خۆمم کرد، زەرد هەڵگەڕابوو، دواتر لە ئاوێنەکە دوور کەوتمەوە و دووبارە بەرەو لاى پەنجەرەکە گەڕامەوە، دونیا بێدەنگ بوو، باڵندەکان خەریکى یاریکردن و هەڵفڕین بوون بەنێو باخچەکەدا، پێدەچوو بیانەوێت بەرەو شوێنەکانى خۆیان بگەڕێنەوەو ئەوێ بەجێبهێڵن.


بە هێواشى تاریکى باڵى بەسەر ئەو ناوەدا کێشا، ویستم بڕۆم، بەڵام ئەو نەیهێشت.


دواتر چووە ژوورەکەى دیکەو دواى چەند خولەکێک بە خۆى و سینیەک میوەى جۆراو جۆرەوە گەڕایەوە و فەرمووى خواردنى لێکردم. چاوەکانمان بەرانبەر یەکدى مۆڵەق وەستان، دووبارە بێدەنگى کەوتەوە نێوانمان، دەنگى مۆسیقاکەش نەدەبیستراو، بەهۆیەوە بێدەنگى بە نێو ژوورەکەدا بڵاوببۆوە. پاشان بەڕوویەکى خۆشەوە گوتى:


فەرموو ئەو سێوە بکەرە دوو کەرت و هەریەکەو پارچەیەکمان.


داواکەییم قەبوولڕ کرد و ئیدى هەستم دەکرد کەوا خەریکە بەتەواوى دەکەومە ژێر کاریگەرى عەشقى ئەوەوە. ماوەیەکى تریش بە خواردنى میوەکانەوە خەریک بووین، جارجارە هەستم بەوە دەکرد کە خەریکە ترس و شەرم دەمخۆن.


بەپێکەنینەوە گوتى:


دەڵێى دەترسیت؟! ترسى بۆ چییە، ئەمە عەشقەو ئێمەى گیرۆدەى خۆى کردووە. من کەسم نییە تاکو تۆ لێى بترسیت، هەموویان بەهۆى شاڵاوەکە بزربوون، بگرە ئێستا خۆم هەموو کەسێکى خۆمم. دەمەوێت بۆ هەمیشە لێرە، لە لاى من بمێنیەوە، بەختەوەر دەبم، تەنیایی هێندەى نەماوە بمخوات، تۆ ئێستا بۆ من وەکو فریشتەیەک وایت، تازە ژیانى منت پەیوەست کردووە بەخۆتەوە، خۆ ئەگەر بڕۆیت، تەنیایی بۆ دوایین جار لەنێو قووڵایی خۆیدا بزرم دەکات! توخودا مەڕۆ، بەجێم مەهێڵە، تازە بێ تۆ ناتوانم بژیم.. توخودا جێم مەهێڵە.


هەستم دەکرد ڕەنگ و ڕووى بەهێواشى لەبەر چاوم دەگۆڕێت. لێم نزیک بۆوە، دەستى خستە ملمەوەو دواتر هاتە نێو باوەشمەوە، وەکو بوڕکان بەسەر جەستەمدا توایەوە، بوڕکانێکى بێ ئازار و پڕ لەززەت بوو. لەپڕێکدا هێندەم زانى کە دەستم بۆ یەخەى کراسەکەى برد و وەکو مندالڕ گۆى مەمکەکانیم مژى، زیاتر توایەوە، ڕۆحمان ئاوێتەى یەکترى بوون، ئاگامان لەخۆمان نەماو کەوتینە نێو پانتایی خەوێکى قووڵەوە.


کاتێ ڕووناکى بەیانى بڵاوبۆوە ئیدى جلەکانمان کردەوە بەرمان و بڕیارماندا کە بەمەبەستى پیاسەکردن بڕۆینە نێو باخچەکەوە. بەنێو درەختە چڕەکاندا گەڕاین، هەستمان بە ئارامى دەکرد، گوڵێک سەرنجى بۆ خۆى ڕاکێشام و دواتر لە درەختەکەییم کردەوەو وەکو دیارى پێشکەشی ئەوم کرد. کۆترەکانیش لەسەر درەختێک سەیرى ئێمەیان دەکرد. تاکو لێیان تێپەڕین چەند جارێکى دیکە سەیریانم کردەوە، هەر خەریکى سەیرکردنى ئێمەبوون.


لەنێو قووڵایی چاوەکانیدا تنۆک تنۆک فرمێسکى عەشق و خۆشەویستى بەڕوومەتیدا دەهاتە خوارەوە، لە فرمێسکى ئەو دایکە شەهیدەى دەکرد کە بەدیار تەرمى کوڕەکەیەوە دەگرى و نیشتمانەکەشى دەکەوێتە ژێر دەستى کەسانێکى بێگانەوەو کەسێکى چنگ ناکەوێت لە ئەسپاردەکردنى تەرمى کوڕەکەیدا هاوکارى بکات.
بەدەم بڕینى ڕێگاوە گوتى:


دەمەوێت ببینە هاوسەرى یەکدى و ژیانى هاوسەرى پێکەوە بنێین، تۆش ئازادى لەوەى کە من وەکو هاوسەرێک قەبوولڕ دەکەیت، یان قەبووڵى ناکەیت. بەڵام دەمەوێت بەر لە هەر قسەیەک ئەوە بزانیت کە تازە ژیانى من بێ تۆ هیچ مانایەکى نییە. تۆ فریشتەى بەختەوەرى ژیانى منیت، حەزدەکەم ڕۆبچیتە نێو ڕۆحمەوەو بۆ هەمیشە ئاوێتەى گیانم بیت، دەمەوێت وەکو خوێن بەنێو موولوولەکانمدا بسووڕێیتەوە، بۆ ئەوەى نەتوانم بێ تۆ بژیم، وا هەست دەکەم لەمەودوا مەرگ خۆشتربێت لە ژیانى بێ تۆیی، تاوان بەتەنیا ئەوە نییە مرۆڤێک بە چەقۆ، یان هەر شتێکى دیکە بکوژیت، بەڵکو ئەوەش جۆرێکە لە تاوان، کاتێک لەناخى دڵەوە یەکێ خۆشتی بوێیت و کەچى خۆشەویستیەکەى قەبوولڕ نەکەیت.


- ٢ -


لەنیوە شەوێکى تاریک و دوور لە هەموو مرۆڤەکانى دونیاو لە نێو دەنگى مۆسیقایەکى ئارام کچەکەمان لە دایک بوو. لە نێو چاوەکانیدا جۆرەها نهێنى دەخوێندرایەوە، هەستم بەوە دەکرد کە لە ئاییندەدا ڕەوتى ژیانمان دەگۆڕێت. هەمیشە ئاراستەى چاوەکانى بە دواى دۆزینەوەو بینینى شتى بچووک بچووکەوە دەگێڕا، تەنانەت سەیرى ڕۆیشتن و هەنگاوەکانى مێروولە و فڕینى مێشوولەشى دەکرد. ئەوەى کە زیاتر سەرنجى ڕادەکێشام ئەوەبوو کە هەمیشە تەماشاى ئێمەى دەکرد و بەوردى لێمان ڕادەما.


لە کۆتایی هەموو هەفتەیەکدا، هەر جارەو بۆ سەیرانگەیەکى هەرێمەکەى خۆمان دەچووین، ئەوەش بڕیارێکى هاوبەش بوو لە نێوانماندا دابوومان بۆ ئەوەى چیتر بیر لە خەمەکانى ژیان نەکەینەوە و ژیانێکى بەختەوەر و نوێ بخوڵقێنین، ژیانێک جیاوازتر لە ڕابڕدوو، کە تەواوى چرکەکانى ژیانمان لە نێو تەنیایی و ئازارى چاوەڕوانیدا بەسەر برد بوو. بگرە تەواوى ژیانمان بۆ خۆشبەختى و بەختەوەرى تەرخانکرد.


هێدى هێدى ڕێگامان بڕى بۆ هەرێمێکى تر کە لە هەرێمەکەى خۆمان نەدەچوو، بگرە زمان و جۆرى درەختەکان و ڕەنگى مرۆڤەکان و .... هەموویان جیاوازبوون و بە ئێمە نامۆبوون. دارخورما ڕووبەرێکى زۆرى ئەو هەرێمەکەى داگیرکردبوو. تەماشاى هەر شتێکى ئەوێمان دەکرد ئارامیى پێمان نەدەبەخشى، بێزارى دایگرتین، ویستمان بگەڕێینەوە، بەڵام نازانم چ هێزێکى سروشتى بوو کە هێزى گەڕان و سووڕانى پێدەبەخشین!


بە لاى چەندین جەنگەڵستاندا تێپەڕین، ب ەپانایی دەشتەکە دارخورما بەرەو ئاسمان هەڵکشابوون، ماوەیەک بە سوارى ئۆتۆمبێلەوە بەرێگاوەبووین. دواتر ئۆتۆمبێلەکەمان لە نزیکى باخچەیەکى گەورەى پەرژینکراو وەستاند و ئیدى بە چوار دەورى باخچەکەدا کەوتینە پیاسەکردن، هەر لە خۆمەوە هەستم بەوەدەکرد کە خەریکە ڕەوتى ژیانم بەرەو گۆڕان دەچوو، دڵم توندبوو، خەیالڕ دایگرتم و لەبەر خۆمەوە جارجارە دەمگوت:


ئێمە بۆچى لێرەین، خۆ ئێمە بە دواى بەختەوەریدا دەگەڕێین، کەچى لێرە بوونى نییە، نازانم بۆ لێرە هەست بەبەختەوەرى ناکەم؟!


لەم بیرکردنەوانە دابووم، لەپڕێکدا کچەکەم لەم خەیاڵانەى وەئاگاهێنامەوە.. باوکە، باوکە ئەو شتە جوانەم دۆزییەوە، سەیرکە باوکە چەند جوانە! زەرد زەردە!
بە دڵخۆشییەوە دایە دەستم، ئەنگوستیلەیەک بوو، کاتێ سەیرم کرد لەوەى دەکرد کە چەند ساڵێک بووبێت لە ژێر خۆلڕ کەوتبێت، چونکە ڕەنگى خۆڵى گرتبوو. کچەکەشم بە پێکەنینەوە دەیگوت: زۆر جوانە باوکە، ئەوە چییە؟!


کچم ئەوە ئەنگوستیلەیە، بابچین بۆ ئەو شوێنەى کە لێیت دۆزییەوە، بۆ ئەوەى بزانم چۆنت دۆزییەوە.


چەند هەنگاوێک گەڕاینەوە بۆ دواوە، بردمیە ئەو شوێنەى کە لێى دۆزیبۆوە. کونێک بوو، بە چوار دەوریدا خۆڵێکى زۆر هەڵدرابووە دەرەوە، لە کونى جورجى دەکرد. هەندێ لە کونەکەو خۆڵەکەى چوار دەورى وردبوومەوە، دڵنیابووم لەوەى کە لەگەلڕ هەڵدانە دەرەوەى ئەو خۆڵەى کە جورجەکە فڕێیداوە ئەویش هاتۆتە دەرەوە، بەڵام ئەوەى کە سەرسامى دەکردم ئەو پرسیارە بوو کە لە خۆمم دەکرد: بۆچى دەبێ ئەنگوستیلەیەک لەقووڵایی زەویدا کەوتبێت؟!


لەم بیرکردنەوانە دابووم هاوسەرەکەم گەیشتە لامان و گوتى:


ئێوە خەریکى چین؟


دەزانى ژنەکە، ئەو ئەنگوستیلەیە لەگەلڕ فڕێدانى ئەو خۆڵەو لە نێو ئەو کونە جورجە هاتۆتە دەرەوە، ئەوەى کە زیاتر سەرسامى کردووم، ئەویش ئەوەیە کە لە قووڵایی زەویەکەدا هاتۆتە دەرەوە، ئەمەش بەوەدا دیارە کە جورجەکە زۆر بە هێواشى خۆڵەکەى فڕێداوەتە دەرەوە و کونەکەى بەرەو قووڵایی زەویەکە هەڵدڕیوە، ئەگەر لە ژێر ئەو خۆڵە هەڵدراوە بووایە، ئەوا کەمێک لە ژێر زەویەکەدا بووە. بەڵام لەسەر خۆڵەکە دۆزیویەتییەوە، کەواتە لە قووڵایی زەویەکەدا بووە، بۆ دەبێ لە قووڵایی زەویەکەدا بووبێت؟!


ئەویش هەندێ سەیرى ئەنگوستیلەکەى کرد، بە دیارییەوە سەرسام بوو، بگرە لە سەیرکردنى بێزار نەدەبوو، دەتگوت نهێنییەکى دۆزیوەتەوە. کەوتە بیرکردنەوە و لەبەر خۆیەوە دەیگوت: دەڵێى ئەو ئەنگوستیلەیەم جارێکى دیکە و لە شوێنێکى تر بینیوە؟!


دواتر لەپڕێکدا گوتى:


ئەو ئەنگوستیلەیە لە ئەنگوستیلەکەى دایکم دەچێت.


کەمێک بێدەنگ بووم. ئەو بەدەم سەیرکردنەوەوە ئەنگوستیلەکەى هەڵگێڕ و وەرگێڕ دەکرد، ئەمجارەیان گوتى:


دڵنیام کە ئەنگوستیلەکەى دایکمە. بیرم کەوتەوە لە کاتى شاڵاوەکەدا دایکم ئەو ئەنگوستیلەیەى لە پەنجەدابوو، خۆ جارێکى تریش لە نێو حەسارەکەى خۆمان بزریکردبوو، من خۆم بۆیم دۆزییەوە، من نازانم ئەو ئەنگوستیلەیە بۆ لێرە فڕێدراوە؟!


ئەنگوستیلەکەم لێ وەرگرتەوەو دووبارە لێى وردبوومەوە، زۆر بەوردى تێى ڕامام، بیرم کردەوەو لەبەر خۆمەوە هەستم بەوە دەکرد کە منیش ئاشنایەتییەکى کۆنم لەگەلڕ ئەو ئەنگوستیلەیەدا هەیە، هەندێ بیرم کردەوە، دواتر بۆم ڕوون بۆوە کە لە ئەنگوستیلەکەى دایکى من دەچێت، نەک ئەنگوستیلەى دایکى ئەو. زیاتر لێى وردبوومەوە، تەواو دڵنیابووم لەوەى کە ئەنگوستیلەکەى دایکمە، شڵەژام و ئاو بە چاوەکانمدا هاتە خوارەوە، ئەویش هەستى بە ناڕەحەتى من دەکرد. ڕووخسارى دایکمم کەوتەوە بەرچاو، دەهات و دەچوو و حەسارەکەى پاک دەکردەوە، مەڕو بزنەکانى ئاو دەداو دەیانى دۆشی.


لەم بیرکردنەوانە دابووم لەپڕێکدا گوتى:


بۆ شڵەژاوى؟ خۆ قسەیەکى خراپم نەکردوە، تەنیا گوتوومە ئەو ئەنگوستیلەیە، ئەنگوستیلەکەى دایکمە، خۆ چیترم نەگوتووە.


منیش گوتم:


دەزانى تۆ بەهەڵەداچوویت، لەوەى کە ئەو ئەنگوستیلەیە، بەئەنگوستیلەى دایکت دەزانیت، بەپێچەوانەوە من سەدان جار ئەو ئەنگوستیلەیەم لە پەنجەى دایکمم بینیووە، دڵنیام هى دایکى منە، بەڵگەشم ئەوەیە کە چەند ڕۆژێک بەر لە شاڵاوەکە من ڕۆیشتبوومە شار بۆ ماڵى پورم، بیرمە ئەوکاتەى دایکم بەڕێى کردم، ئەو ئەنگوستیلەیەم لە پەنجەیدا بینى. نازانم بۆ ئەوکات ئەو ئەنگوستیلەیە سەرنجى بۆ خۆى ڕاکێشام!


هەر هێندە دەزانم بۆ ماوەیەک لێى ڕامام.. بەڵێ خۆیەتى! زۆر باشى دەناسمەوە.


بەڵام ئیدى دایکم و باوکم و خوشکە بچووکەمم نەدۆزینەوە، چونکە بەر شاڵاوەکە کەوتن، زۆر هەواڵیانم پرسى و بەدوایاندا گەڕام، بەڵام بێ سوود بوو، دواتر لە دۆزینەوەیان بێ ئومێدبووم و چیتر بەدوایاندا نەگەڕام.


ئەویش گوتى:


دەمێکە دەمەوێت هەندێ زانیارى لەبارەى خێزانەکەتانەوە بزانم، بەڵام حەزم نەدەکرد پرسیارت لێ بکەم، نەک نیگەران بیت، ئێستا دەکرێ هەندێ زانیاریم لەبارەیانەوە پێ بدەیت؟ چونکە کاتى ئەوە هاتووە کە دەربارەیان هەندێ شت بزانم.


ناوى دایکم و باوکم و خوشکەکەشمم پێى گوت. هەرکە گوێى لەم ناوانە بوو هەستم دەکرد ڕەنگى لەبەر چاوم دەگۆڕاو دواتر فرمێسک ڕژایە نێو چاوەکانییەوە. بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو، تەماشایەکى ئەنگوستیلەکەى کردەوە، لەوەى دەکرد کەوتبێتە نێو دەریایەک لە بیرکردنەوە، هەستم دەکرد نە ئاگاى لە من و نە لە دەوروبەرەکەشى نەماوە.


لەپڕێکدا بەئاگاهاتەوەو گوتى:


خۆ ئەندامانى خێزانەکەى ئێمەش هەمان ئەو ناوانەیان لێ بوو، ئێمەش لە چوار کەس پێکهاتبووین، هەموومان بەر شاڵاوەکە کەوتین، تەنیا برایەکم نەبێت، چونکە ئەو چەند ڕۆژێک پێش شاڵاوەکە سەفەرى شارى کردبوو، بۆ ماڵى پورم، ئیدى نەمدۆزییەوە.


دڵم زیاتر توندبوو، بیرم کردەوەو لە خۆمم پرسى:


بۆ دەبێ ناوى ئەندامانى خێزانەکەى ئەویش هەمان ناوى ئەندامانى خێزانەکەى ئێمەیان لێ بێت و ژمارەى ئەندامانى خێزانەکەشیان هەمان ژمارەیان هەبێت!


دواتر گوتم:


تۆ کە بەر شاڵاوەکە کەوتی، ئیدى چۆن خۆت ڕزگار کرد؟ خۆ ئەوان کاریان بەسەر مندالڕ و پیرو گەنجەوە نەبوو، بگرە هەر کەسێکیان بەر دەست بکەوتابووایە وەکو ئاژەلڕ دەیان خستنە نێو زیلە بۆرەکانیان و دەیان بردن بۆ ئەو شوێنەى کە تەنیا خۆیان دەیانزانى کوێیەو چى بەسەر مرۆڤەکان دەهێنن.


کاتێ گوێى لەم قسانەى من بوو، چاوەکانى دووبارە پر ِبوونەوە لە فرمێسک و دواتر بە گریانەوە گوتى:


نزیکەى چەند رۆژێک دواى ئەوەى کە ئێمەیان برد بۆ ئەو شوێنەى کە نازانم کوێ بوو، هێندە دەزانم جگە لە ئێمە کەسى ترى لێنەبوو. ئەفسەرێک و چەند سەربازێک کە جلى سەربازیان لە بەر دابوو منیان لە دایکم و باوکم و خەڵکەکە جیاکردەوە و دواتر بە پارچە پەڕۆیەکى پیس چاویان بەستم و ئیدى سوارى ئۆتۆمبێلێکیان کردم و ماوەیەکى زۆر بێ ئەوەى لەهیچ شوێنێک یان گوێم لە دەنگى هۆڕینى هیچ ئۆتۆمبێلێک بێت، ڕێگامان بڕى، هەستم دەکرد کە بە بیاباندا دەڕۆین، دەترسام لەوەى بمکوژن، بەڵام هەر لەبەر خۆمەوە دەمگوت:


خۆ ئەگەر بیانەوێت بمکوژن دەتوانن لە هەر کوێیەک بیانەوێت کارى خۆیان بکەن و دواتریش بمکوژن.


کاتێک چاویان کردمەوە لە نێو کۆشکێکى گەورە دابووم، ئەوکات زانیم کە فرۆشراوم، کۆشکەکە بەروواڵەت جوان بوو، بەڵام بە لاى منەوە هیچ جوانیەکى پێوە دیار نەبوو، بگرە هەر لە زیندانى دەکرد. ئیدى سەربازەکانم نەبینییەوە، نە لە زمانى سەربازەکان و نە لە زمانى خێزانەکەى نێو کۆشکەکە حاڵینەدەبووم، دواى چەند ساڵێک مانەوەم لەو ماڵە، بۆم دەرکەوت کە ماڵە شێخێکى دەوڵەمەندەو کەمێکیش فێرى زمانیان بووم. تەنیا خزمەتى مالڕ و منداڵیان پێم دەکردو وەکو کۆیلەیەک هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکردم و بەهیچ شێوەیەکیش مافى ئەوەم نەبوو کە بەنێو گوندەکەدا بگەڕێم و هاموشۆى خەڵکى بکەم. هێدى هێدى گەورەو کاملڕ بووم. ڕۆژێکیان کەس لەماڵ نەبوو، تەنیا کوڕە گەورەى شێخ نەبێت، بینیم دوو پەرداخ ئاوى لەسەر سنیەکەوە بە دەستەوە بوو، هاتە لام و لەسەر مێزەکەى نزیک منى داناو لە تەکمەوە دانیشت، داواى لێکردم کە ئاوەکە بخۆمەوە، بەڵام من نەمخواردەوە، چونکە هەستم دەکرد کە ماددەی هۆشبەرى تێکراوە بۆ ئەوەى کارى بەدڕەوشتیم لەگەڵدا بکات. هەر چەندى هەوڵیدا بەفێڵ ئاوەکەم دەرخوارد بدا، بەڵام هەر نەمخواردەوە، لێم تووڕە بوو، دواتر دەستدرێژى سێکسیی کردە سەرم، ئەوەى کە زیاد لە هەموو شتێک لەکاتى دەستدرێژییەکەدا ئازارى پێدەگەیاندم، ئەوە بوو کە لە دواوە کردارەکەى لەگەڵم ئەنجامدا.


ماوەیەک دواى دەستدرێژییەکە دیسانەوە کەس لەمالڕ نەبوو، دواى کوڕەکەى شێخ هاتەوە بۆ ماڵەوە، ئەفسەرێکى لەگەڵدابوو، تەواوى دەرگاکانیان داخست و بەرەو لاى من هاتن، دڵم ترسا، هەستم بەوەکرد کەدەیانەوێت دەستدرێژیم بکەنەسەر، دواى ئەوەى کە شەرابییان نۆشى، ئینجا منیان لەسەر ئەژنۆ وەستاندو هەر جارەو یەکێکیان لەدواوە خەریکم دەبوو، لەهۆشخۆم چووم، کاتێک بە ئاگاهاتمەوە لەشم ڕووت کرابۆوە و ئەوانیش خەریکى شەراب خواردنەوە بوون و بەدەنگى بەرز گۆرانییان دەگوت و پێدەکەنین.


دواى ئەم ڕووداوانە بیرم لەوە کردەوە کە هەڵبێم و ئەو مەملەکەتە بەجێبهێڵم. بەیانییەکى زوو، هەموویان خەتووبوون، دڵنیابووم تاکو درەنگانێک لە خەو هەڵنەدەستان، چونکە شەو هێندەیان شەراب خواردبۆوە لە شوێنەکانى خۆیان بێ هۆش کەوتنە سەر زەویەوە، دەیان جاری تریش شەوان بە کۆمەلڕ شەرابیان دەخواردو ئیدى تاکو درەنگانێک بەئاگا نەدەهاتنەوە. بەم بەیانییە ماڵى شێخم بەجێهێشت و دواى ماوەیەکى زۆر لە گەڕان و سووڕان و ژیانێکى پڕ لە ناخۆشى و سواڵکردن، ئینجا گەیشتمەوە هەرێمەکەى خۆمان. خۆم گەیاندەوە کۆنە ماڵەکەى خۆمان، بەڵام بەداخەوە خانووەکەمان ڕووخێندرابوو، کەسیش لە گوندەکەمان نەدەژیا، تەواوى ماڵەکانى تریش خانووەکانیان ڕووخێندرابوون.


بەمەبەستى دۆزینەوەى براکەم.. ئەو برایەم کە گوتم بەر شاڵاوەکە نەکەوت، چوومە ماڵى پورم، ئەوانیش لە شوێنەکەى خۆیان نەمابوون، کەسێک سۆراخیانى نەدەزانى، لە هەر کەسێکى ئەو شارەم دەپرسى کەس نەیانى دەناسین، تاکو ئەم لەحزەیەش براکەمم نەدۆزییەوە.


دڵم ترساو کەوتمە بیرکردنەوەو پرسیارکردن لەخودى خۆم:


بۆ دەبێ هەر دووکمان ئەو ئەنگوستیلەیە بە ئەنگوستیلەى دایکى خۆمان بزانین؟! تەنانەت ناوى دایک و باوکیشمان هەمان ناوى یەکدیان هەبێت! تەنانەت ناوى گوندەکەشمان هەر هەمان ناوى لێبێت، ئەوە چ نهێنییەکە ئێمە نایزانین، ئەو دەڵێ برایەکم هەبوو چەند ڕۆژێک بەر لە شاڵاوەکە سەفەرى شارى کردبوو، بۆ ماڵى پورم! خۆ منیش هەمان ناوى براکەییم لێیەو چەند ڕۆژێکیش بەر لە شاڵاوەکە سەفەرى شارم کردبوو، بۆ ماڵى پورم، خوشکە بچووکەکەى منیش هەمان ناوى ئەوى لێیەو جارجارەش هەست بەوە دەکەم کە ڕەنگیشیان لەیەکدەچێت، تۆ بڵێى ئێمە خوشک و برای یەکدى نەبین و بەڕێککەوت نەگەیشتبێتینەوە یەکدى و یەکترمان نەناسیبێتەوە؟!


هەموو ئەو پرسیار و بیرکردنەوانەى نێو قووڵایی دڵى خۆمم بۆى گێڕایەوەو پێیم گوت:


من هەست دەکەم ئێمە خوشک و برای یەکتریین، چونکە ناوى دایک و باوکمان هەمان ناوى یەکدییان لێیە. ئەوەشم پێى گوت کە تۆ برایەکت هەبووە، بەر لە شاڵاوەکە لە شاربووە، لەماڵى پورت ، خۆ منیش هەمان ناوى براکەتم لێیەو ئەوکاتە لەشاربووم، لە ماڵى پورم، منیش خوشکێکم بەناوەکەى تۆ هەبوو، لەگەلڕ دایکم و باوکم بەر شاڵاوەکە کەوت، تۆش دەڵێى بەر شاڵاوەکە کەوتبووم، بەڵام فرۆشراوى بەماڵە شێخێک و دواتر هەڵاتووى.


کاتێ ئەو قسانەم بۆى گێڕایەوە هەستم کرد دڵى توندبوو، شڵەژاو چاوەکانى پڕبوون لە ئاو، پاشان بورایەوە، هێندەى پێنەچوو هاتەوە هۆشخۆى و تەماشاى نێو کونەکەى کردەوەو دەستى کردەوە بەگریان. چاوەکانمان بەرانبەر یەکدى مۆڵەق وەستان، هەستم کرد چرکە بە چرکە ژیانم ڕەوتى ئاسایی خۆى نامێنێت و دەگۆڕێت. ئەویش بەچاوى پڕ لە فرمێسک و گریانەوە گوتى:


منیش هەر وەکو تۆ بیر لەم ڕووداوە دەکەمەوە، گومان خەریکە دەمخوات، هەست دەکەم لە پێش چاوم دەگۆڕێیت و لە هاوسەرەوە دەبیتەوە بە برام، دەبیت بەو کەسەى کە هەمیشە بە هیواى ئەوەوە بووم کە جارێکى دیکە بەیەکدى ئاشناببینەوە، ئێستاکە هیواکەم هاتەدى و بەیەکدى ئاشنابووینەوە.


لە نێو باخچەکەى نزیکمان بێڵێکمان هاورد، بۆ ئەوەى کونەکەى پێ هەڵدڕین. کونەکەمان هەڵدڕى، تادەهات قووڵتر دەبوو، خەریک بوو لە دۆزینەوەى هەر شتێک بێ ئومێدبین، ویستمان دەست لە هەڵکۆڵینى هەڵگرین، بەڵام هێزێک لە سەرووى ئیرادەى خۆمانەوە ناچارى دەکردین کە کونەکە هەڵدڕین، کاتى هەڵدڕینى کونەکەمان لە نێوان خۆم و ئەودا دابەش کردبوو، کچەکەشمان بە حەپەسانەوە سەیرى ئێمەى دەکردو هیچى نەدەگوت. پێم وابێ نەیدەزانى ئێمە خەریکى چین. لەپڕێکدا دەمى بێڵەکە بەر شتێکى ڕەق کەوت، ئومێدێک کەوتە دڵمەوە، بە هێواشى، بەیەکەوە خۆڵەکەى سەر شتەکەمان لادایە لایەکى ترەوە، چەند تەرمێک بوون، هەندێ لە جلەکانیان ورد بووینەوە، چەند ژن و پیاوێک بوون، دواتر بە ئاسپایی دەستم بردە گیرفانى تەرمێکەوە، ناسنامەیەکى کۆن و تۆزاوییم تێیدا دەرهێنا، بەحالڕ دەخوێندرایەوە، ماوەیەک بە خوێندنەوەى ناسنامەکە خەریک بووم، دواتر بۆم دەرکەوت کە ڕووێکییان ناوى تەواوى باوکم و ڕووەکەى تریشى ناوى تەواوى دایکمى بەسەرەوە بوو، بەهەر شێوەیەک بوو وێنەکەشیمان ناسیەوە، وێنەى باوکمان بوو. چاڵەکەمان پڕ کرد لە دەنگى گریان. لە نێو دەنگى گریاندا گوێم لێ بوو کچەکەمان بانگى ئێمەى دەکرد:


باوکە، دایکە.. ئێوە خەریکى چین؟ بۆچى دەگرین؟!


لە 12\11\2003 تا 30\11\2007
ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا