١٦\٥\٢٠١٤
تراژیدیای کانە
خەڵووزی سۆما، دووپاتکردنەوەی راستییەک.

حەمە غەفور
ئەگەرچی ماسمیدیای بێشەرمی بۆرژوایی، بە
تورکیو جیهانیشییەوە، کەم تا زۆر بە خەمساردییەکی زۆرەوە واقعییەتی
تاڵی چیرۆکی کارەساتێکی مرۆییان گواستەوە، کە بەرەوڕووی سەدان کرێکاری
کانە خەڵوزەکانی ناوچەی سۆمای تورکیا بوویەوە، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە
تونێڵەکانی ڕێگای مەرگی ئەو سەدان کرێکارەدا، بەڵام چیرۆکە
ڕاستییەکەیان پەردەپۆش کردو زیاتر وەکو ڕووداوێک بەنیازن دەرخواردی ڕای
گشتیی بدەن.
بەڵام ئەسڵو بنەڕەتی چیرۆکە ڕاستییەکە شتێکی دیکەیەو میدیای نۆکەری
بۆرژوازی بێگومان تەنیا ئەرکی شاردنەوەی هەڵگرتووە. بۆیە من هەوڵ ئەدەم
بەکورتی تیشکێک تابان کەمە سەر ناوەرۆکی واقعیی چیرۆکی دڵتەزێنی مەرگی
بەکۆمەڵی سەدان کرێکاری خاوەن شکۆو سەربەرزو سەرفرازی کانە خەڵوزەکانی
سۆماو ئاماژەیەکیش بکەم ڕەوشی بە هاوچینەکانمان لەجیهان.
چیرۆکە ڕاستییەکە ئەوەیە، لەم جیهانەی نوقمی سەروەتو سامانە،
لێوانلێوە لە نازو خۆشیو ئیمکانات، ملیۆن ملیۆن ئینسانی کرێکارو
ڕەنجدەر بۆ پەیداکردنی نانو نەوایەک، بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی
کولەمەرگی، ناچارکراون لەناو دۆزەخدا کاربکەن. سەرباری ئەوەش بەرهەمی
ڕەنجو زەحمەتیان ئەبێتە هۆی بەرقەراربوونی ژیانی شاهانە بۆ ژمارەیەک
خاوەنکاری چاوچنۆکو بۆ خۆشیان نائەمنیو کارەساتو دڵەڕاوکێی هەمەڕۆژە.
نەک هەر هێندەش، بەڵکو کارەکانیان لەگەڵ بەرهەمی ڕەنجی ژیانی
ڕۆژانەیاندا، لەجیاتی ببێتە هۆی حەوانەوەو ژیانێکی سەرفراز بۆ خۆیانو
خانەوادەکانیان، ئەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتو باڵادەستیی چینەداراکانو
دەوڵەتەکانیان. پاشان ئەبێتە دێوەزمەیەک بەسەر ژیانی چینی کرێکارانو
بگرە بەسەر تەواوی کۆمەڵگاشەوە. سوپای بێئەژماری ئینسانی ڕەنجدەری
جیهان ئەگۆڕێن بۆ کۆیلە نوێکانی سەردەمی لوتکەی شارستانییەتو پێشکەوتن.
ئەم هاوکێشە پێچەوانەیە ئەسڵی چیرۆکی کارەساتی تەقینەوەی کانە
خەڵوزەکانی سۆمایە لە ڕۆژئاوای تورکیا.
بەڵام پرسیاری سەرەکی لەبارەی کارەساتی کانە خەڵوزەکانی سۆما ئەوەیە،
ئایا پێشکەوتنو تەکنۆلۆژیا هێشتا لەو ئاستەدا نییە کە مرۆڤایەتی ئەم
کارە دۆزەخیانەی لەنێو قووڵایی هەزاران مەتر لەژێر زەویدا ئەنجام ئەدرێ،
وە ژیانی سەدان هەزار کرێکاری جیهانی لەبەردەم مەرگی موحەقەقدا
ڕاگرتووە، کۆتایی پێبهێنرێتو شکۆمەندییەکی زیاتر بۆ ئینسانی کرێکار
هەمواربکرێت!؟ بەڵام نەخێر، دڕندەیی سەرمایەو سەرمایەدارانو
دەوڵەتەکانیان هیچ بایەخێک بۆ ژیانی ئینسان دانانێن، بەتایبەتی چینی
کرێکار لە کۆیلەی کارو سەرمایە زیاتر تەماشاناکرێن کە بۆ بەرهەمهێنانی
قازانجو کەڵەکەی سەرمایە بەهەر شێوازێک بێت هاتوونەتە ژیانەوە.
تەنانەت بە هەرزانترین کرێو هەقدەستیش ئەم کارە ترسناکانەو چەندینی
تریش بە کرێکاران ئەنجامئەدرێن، هەمووشی لەپێناو قازانجی زیاترو زیاتر
بۆ مشتێک سەرمایەدارو تەمەڵو تەوەزەلی کۆمەڵگا کە بەگوێرەی یاسا
دۆزەخییەکانی خۆیان، دەسەڵاتو فەرمانڕەوایی خۆیانیان سەپاندووە بەسەر
کۆمەڵگادا!
ئەم هاوکێشە پێچەوانەیە بە حوکمی لۆژیک تەنیا هێزێک ئەتوانێت
تێکیبشکێنێتو بیخاتەوە جێگای واقعیی خۆی، بیخاتەوە سەرپێیەکانی خۆی،
ئەو هێزەش چینی کرێکارە. بەڵام چۆن؟ هێزی چینی کرێکار لە یەکگرتنو
یەکڕیزیدایە. پەرچەمی شۆڕشێکی کرێکاری ئەتوانێت چینی کرێکارو تەواوی
کۆمەڵگای شارستانی لەدەوری بەرنامەیەکی کرێکاریو کۆمۆنیستی یەکگرتوو و
ڕێکخراو بکات. چونکە ڕەگو ڕیشەی مێژووییو کەلتووریو کۆمەڵایەتیی
سیستەمی چەوسانەوەی سەرمایەداری گەلێک قووڵەو بەتوندی چنگی لە جومگە
هەستیارەکانی کۆمەڵگاو ژیان گیرکردووە، بە ئاسانی لانادرێت. تەنیا
شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بە ڕابەرایەتی چینی کرێکاری کۆمەڵگاکان ئەتوانێت
ئەم پاشماوە قێزەونەی مێژووی چەندین سەدەی ڕابردوو ڕاماڵێو لەسەر
وێرانەکەی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگاو ژیانێکی شکۆمەندانەو
شەرافەتمەندانە بۆ هەمووان بێ جیاوازی دابنێت.
١٥\٥\٢٠١٤
ماڵپهڕی حهمهغهفور
|