١٢\١٢\٢٠٢٤
تراژیدیای ڕۆژهەڵات: لە داڕمانەوە بۆ داڕمان.
ئەرسەلان مەحمود
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر نەوترێ کیشوەرێکی سووتاوە، ئەوا بە
دڵنیاییەوە لە سەیر و سەمەرەترینەکانی جیهانی ئەمڕۆیە، لێرە یاسای
سروشت پێچەوانە کاردەکات - هەر سیستەمێک دەڕووخێت، سیستەمێکی دڕندەتر
دەبێت بە جێگرەوە، هەر ڕژێمێک سللاردەبێتەوە، دێوێکی ترسناکتر لە
جێگەیدا سەرهەڵدەدات، ئەمە دیاردەیەکی ڕێکەوت نییە، بەڵکو نەخۆشییەکی
قووڵە لە جەستەی کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیەدا.
سەیری نموونەکان بکە:
لە عیراق دیکتاتۆرێک ڕووخا، داعش وەک دێوێک لە دۆزەخەوە هەڵتۆقی، لە
لیبیا دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ کەوت، میلیشیاکان وەک پەتایەک لە جێگەیدا
بڵاوبوونەوە، لە یەمەن سیستەمێک هەڵوەشایەوە، حوسییەکان بوون بە مۆتەکە
و وەک دەردێک تیایدا تەشەنەیان کرد، لە سوریا ڕژێمێکی دڕندە کەوت،
ببینن چۆن وڵاتەکە دەبێت بە مەیدانی شەڕی دەرەکی و ناوخۆیی بە وەکالەت...
خەڵک و گەلانی ناو ئەم ناوچەیە چییان دەویست؟ باوەشێک سەلامەتی،
توربینێک نان، تۆزێک ئازادی. چییان بەدەست هێنا؟ وێرانەیەک. حکومەت و
دەسەڵاتەکان لێرە، هەرگێز نەیانتوانی و ناشتوانن بە عەقڵ و مەنتیق بیر
بکەنەوە، توندوتیژی ناوخۆیی ڕێگەیانە و پشتیوانی دەرەکی پەنا.
ئێستا دۆخ لەم وڵاتانەدا:
ئێران تیایاندا بە دوای وەبەرهێنانی دەسەڵاتی مەزهەبییەوە و ڕووسیا
دەریای ناوەڕاستی دەوێت، تورکیا خەونی عوسمانی دەبینێ و ئیسرائیل
خەریکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، ئەمریکا - بەریتانیا و
ئەوروپا هەر یەک باخەڵ و ئەجێندای شاراوەی خۆی هەیە.
چارەسەر چییە؟
تەنها خەڵکی خوێندەوار و تێگەیشتوو دەتوانن ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە. هەر
ئەوان دەتوانن وڵاتێک دروست بکەن کە جێگەی هەموو لایەک بێتەوە، نەک
تەنها گرووپێک، خەڵکی تێدا بژی، نەک ئایدۆلۆژیا و فاشیزم، گەشە بکات،
نەک بەدوای شەڕ و ئاژاوەدا بگەڕێ.
ئێمەی کورد دەبێت لەم دۆخە دەرس وەربگرین:
بەبێ عەقڵ و دیالۆگ و چاکسازی ڕاستەقینە، بەجۆرێک کە بە کردەوە
گۆڕانکاری گەورە لە ژیانی خەڵکدا بکات، هەموو شتێک دەڕووخێت، هەر
شتێکیش کە دەڕووخێت، لەم ژینگە شەیتان تێدا ترکیوەدا، مەحاڵە وەک خۆی
لێبێتەوە، هێزە دەرەکییەکان درۆزنن - تەنها بەرژەوەندی خۆیان دەبینن،
با پشت بە خەڵکی خۆمان و یەکتر ببەستین، ڕزگاری لە دەستی خۆماندایە،
نەک لە وەهم و درۆی دەرەکیدا.
ئەگەر راستیتان دەوێت:
لەم وڵاتە ڕژێم ڕووخاو و سیستەم گۆڕاو و دەرودراوسێ نەمر
نەژییەکانیاندا، وەک سوریای ئەمڕۆ کە پێشتریش بە مانا مەدەنی و
مرۆییەکەی نە پارە، نە دامەزراوە، نە یاسا، نە ژیان نەبووە تیایاندا تا
ئەمڕۆ هەبن و بمێنن، ئەوەی هەبووە و ئەوەی هێشتانیش ماوە، تەنها خەڵکە،
ئەگەر نەتوانین لە خەیاڵ و درۆ دەرباز ببین، ئەگەر نەتوانین بە عەقڵ
بیر بکەینەوە، ئەوا چارەنووسی ئێمەش هەر وەک ئەوانی تر دەبێت - لە
داڕمانەوە بۆ داڕمانێکی گەورەتر.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|