په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٣

    تریفەیەک لە ئاوێنەی روومدا.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١

بمبەخشە
ئەی نیشتمانی پەلکەزێرینە
لەنێو رەنگی بەهاری دڵی تۆدا
کۆترێکی بەجێماوی ، بێ مەیل هەیە
ئومێدی ئاوێنەیەکی پڕ لە تریفەی
مانگەشەوو دەنوسێتەوە
پڕە لەسەفەری دوورو
ئاسۆی تەڵخ و
کزە بای فێنک و
هەڵوەرینی گوڵەکان و
سەمای پەپولەکان.


٢
لەناو سەرما دارستانی عەشقێک هەیە
شەرم لەهەناسەی
نمەی بارانی خۆی دەکات
شەرم لەرۆحی زەردەپەری خۆرەتاوو
سپێدەی تریفەی گەشی
هەڵوەرینی ورشەی گەڵاکان و
سێبەری تەنهایی درەخت و
مانگە شەوی ئەستێرەکان دەکات.


٣
نیشتمانی دڵم پڕە
لەگۆرانی غەمگین و
نیگای پەشیمانی سروشت و
جوانیەکانی شەوانی پایزو
تەنهایی سێبەری درەخت
نیشتمانی دڵم پرە
لەکوانووی بێدەنگی ئازارو
کۆشکی شکستی خۆشەویستی
بێ مەبەست.


٤
شەقامی نیشتمانی دڵم
پڕە لەسرودی دارستان و
ناسکی گەڵای هەنارو
هەتاوی روناکی بەفرو
پڕە لە زریان و شنەی با
روومەت و قژیشم
ئاوازێکی پڕ مۆسیقا
وەکوو شەپۆلی دەریا هاژە ئەکەم
دەنگم ئەگەێنم بەخودا
دڵم ئەبێ بەئەستێرەی ئەرخەوانی
شعرم بەچرای سەرقەڵا.


٥
بڵێسەی شعر جوانترە
لە شمشاڵی بلورینی ناخی شاعیر
شعر پەرەسێلکەیەکی سپی
هێلانە بۆخۆی دەچنێتەوە
باوەش بە شەپۆلی دەریا دەکاو
بە کڕێوەی زستانەوە جوانە
بەڵام شاعیر بۆخاکەکەی
خەمێکی قووڵ لەناخیدا سەرهەڵدەدا
وەک پەپوولە دێت و دەچێت
شیلەی گوڵەکان هەڵدەمژێت
جەستەیەکی قوربانی دانە.


٦
بۆیە دەنووسم
تاکوو مانگ رووی سپی بێتەوە
تاشینایی ئاسمان
بێزاریەکانی رووناکی
ببەخشێتە دڵی زەوی
خەمی زەریای بیرچێتەوە.


٨
من وەنەوشەیەکی ئاشتیم پێیە
لەکێڵگەی سنگتا
بۆئازادی باڵا دەکات
باڵی شعرم بۆبارانی خۆشەویستی
پەڕەی پەپولەیەکی گوڵەو
بەشنەبای هەناسەکەت بادەیبات
لەچاوتەوە
خۆر شورەی کەشتیەکی نقووم بووەو
تەماشای نیگا دەکات
بۆیە هەردەم لێوم پڕە
لەووشە و نوقڵی شیرین و
عەشق داگیرم دەکات.


٨

کەتۆ لەنێو بادەدا دەبی
بەئاسۆیەکی مەست
منیش لەچاوەڕوانیدا
دەبم بەئەستێرەیەکی سەرخۆش
دەبم بە چۆراوگەی سپی
شەونمی کازیووە ئەنۆشم.

 

٩
لە دەربەندی ساباتی پڕ لە ئاگرو
کرێوەو تۆفان و پێدەشتی خەمتەوە
یاخیت و
دوای چاوڕوانیەکی بێ هودە
ئەچیتە ئەودیوو سنوری
کێوی مەرگەوە
وەک خوێنی رژاوی
گێلاس و هەنارو شاتوو
لەراستە شەقامی ناو دڵتا
سور ئەچیتەوە.


١٠

من ووشە لەپەروانەی
نیگایەکی تاڵە تیشکی
سەفەرێکی بێ ئومێدی تۆ دەنوسمەوە
پەلکەگیایەکی تەڕو پاراوی گوڵە بەرۆژە
لەکێڵگەی خەونە زیوینەکانی
بیرەوەریەکانت دەخوێنمەوە.

 
١١
یەکەم جار نیە
ووشەم بکەم بەچراوگی دیاری دەست و
شعرم بکەم بەباڵای پەیڤی قژرەشت و
خۆشم بکەم بەجۆگەلە
لەدامێنی چیایەکی بەرزدا
تۆش بکەم بەتاشەبەردی َ لەووشە.
 

١٢
لەسەهۆڵبەندانی دەربەندەکەی
رۆحتدا
فریشتەیەک گێلاسی دڵی دەنوسێتەوە
لەباخی گوڵجاری نەغمەی
قەڵەم و ووشەدا
ژوانێکی میهرەبانی رادەخا
تاکو پەلکە گیای ئەوین
بێ بە سەرما.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک