٢٨\٥\٢٠١٣
ترس.

ئیسماعیل محه‌مه‌د
چوار ساڵ له‌مه‌وبەر له گوندێکی دوور و
نێوان دوو لووتکه چییای بڵند ده‌ژیاین، دوو گوندی دراوسێمان هه‌بوون
که ماوه‌ی نێوانیان بڕێک لە یەک دوور بوو، دارستانێکی چڕ و گه‌وره‌ش
له پشت چیایەکان بوو، ئه‌و گونده‌ی ئێمه
لێی بووین بیست تا بیست و پێنج ماڵ ده‌بوو که به رۆژ هه‌ر ماڵه‌و به
ئیشێک خه‌ریک ده‌بوو، منیش وه‌ک گه‌نجه‌کانی گوند له‌گه‌ڵ خوێندنی که‌ڵه‌شێری
سبەینان مێگەلم رادەدا، ئه‌و چیایه‌ی که
زۆرتر بۆی ده‌چووم زۆر ترسناک بوو، منیش تەمەنم بچووک بوو.
که به‌ره به‌ره ئێواره دادەهات لە رێگەی گەڕانەوەم بەرەو گوند
ترسێکی ئێجگار زۆر دایده‌گرتم، له‌به‌رخۆمه‌وه به‌ده‌م هەنگاونان ده‌مگوت:
- ده‌بێ ئێستاکه ئاوڕ بده‌مه‌وه دواوه شتێکی ترسناک دوام نه‌که‌وتبێ؟
یان ده‌بێ تا ده‌گه‌مه‌وه ئاوایی تووشی گیانداره دڕندەکان یان هه‌ر
شتێکی دیکەی ترسناک نەبم؟
ئیدی ئه‌وه به‌زمی هه‌موو سەرلەئێوارانێکی من بوو تا ده‌گه‌یشتمه‌وه
ئاوایی، که ده‌گه‌یشتمه‌وه دوای بێرکردن و نانخواردن شەو دادەهات..
ئیدی زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئاوایی له دیوه‌خانی ماڵان کۆده‌بووینه‌وه؛ ژنه‌کان
باسی رابردووی خۆیان ده‌کرد و پیاوان به یاریکردن کاته‌که‌یان به‌سه‌ر
ده‌برد، ئێمه‌ی نەوجەوان و گەنجانیش حیکایه‌تی خۆش خۆشمان بۆ یه‌کدی ده‌گێڕاوه..
بەو شێوەیە ورده ورده تاریکیی پتر رووبەری ئاسمانی داگیر دەکرد و
هاشوهووشی رووبار پتر دەبوو و شه‌و دره‌نگی ده‌کرد.. ئیدی یاڵا هه‌ر که‌سه‌و
بۆ ماڵی خۆی، له‌سه‌ر جێگەکه‌شم بیرم له ئێواره‌ی سبەینێ ده‌کرده‌وه
و هه‌ر به‌و ئەندێشە و بیرکردنەوانە دەخەوتم.
ئێواره‌یه‌ک که هێشتا زستان به ته‌واویی دانەهاتبوو کردیه با و
بارانێکی ئێجگار زۆر.. تا دەهات ترس پتر دەکەوتە گیانم.. هه‌ر خێرا مه‌ڕ
و ماڵاته‌که‌م خڕکردوه و به‌ره و ئاوایی لێژ بوومەوە، رێی ئاواییش به
قه‌راغ دارستانه‌که‌دا تێده‌په‌ڕی، هەر له خۆمه‌وه هه‌ستم ده‌کرد که‌سێک
دوام که‌وتووه.. ئاوڕم ده‌دایه‌وه کێیە.. چییە!؟ هیچ دەرنەدەچوو!
وامده‌زانی هه‌ر چوار لام پڕه له ده‌عبا و ئاژه‌ڵی ترسناک، گەیشتمە
نزیک دارستانه‌که.. با و باران هەر به‌رده‌وام بوو.. لەیەک خشانی
داروبارەکە پتر ده‌یترساندم، تەواو رۆچووبوومە بیرکردنەوە لە دەعبا و
ئاژەڵی ترسناک کە ئێستا نا ئێستا هێرشم بۆ
دەکەن.. لەپڕ قاچم به‌ر به‌ردێک که‌وت و تەختی سەرزەوی بووم.. یه‌ک به‌خۆ
به ده‌نگێکی به‌رز قیژاندم.. وامدەزانی په‌لاماریاندامە.. کە بە بیرم
دەهاتەوە (جار جاره شه‌وان له نێو ئاوایی له گێرانه‌وه‌ی سەربردە
ترسناکه‌کان ناوی ورچی نێو دارستانەکەیان دەهێنا...)، پتر ترس
دایدەگرتم.. چاوانم پڕ ببوون له ئاو، کاتێک ورده ورده ده‌گه‌یشتمه
کۆتایی دارستانه‌که و چراکانی نێو ئاواییم لێ وه‌ده‌رکه‌وتن ئاهێکم
وەبەردا هاتەوە و ته‌زووی شیرین شیرین وەسه‌ر لەشم دادەهات.
به هه‌ر جۆرێک هەبوو گه‌یشتمه‌وه نێو ئاوایی و دڵ و دەروونم حه‌سایه‌وه،
زۆر پەشۆکاو و بێ بار ببووم.. هەر کە دایکم
دیت پێمگوت: - دایه ئێستا زۆر ماندوومه سبەینێ دوو قسه‌ت ده‌گه‌ڵ ده‌که‌م.''.
(چوومە سەر جێگەکەم و یەکسەر خه‌و بردمیه‌وه).
سبەینەکەی نه‌چووم بۆ چیا.. بە دایکم گوت: - دایە،
بابه له کوێیه؟
گوتی: - کوڕم، چووە بۆ ناو شینایی.
گوتم: - دایه گیان هه‌ر چۆنێک بێ ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ی بابه رازیی بکه‌ی
که ئاوایی به‌جێبهێڵێن و بڕۆین بۆ شار.
من ئه‌و قسه‌یه‌م ته‌نیا لە پێناو خۆم کرد، چوکه نه‌ک هه‌ر له نێو
چیا و دارستان به‌ڵکو له نێو ئاواییش ترس به‌ری نه‌ده‌دام، ئیدی دایه
بابه‌ی رازیی کرد و پاش دە پازدە رۆژێک به‌ره‌و شار که‌وتینه‌ڕێ، من ئه‌و
کاتە تازە نەوجەوانێک بووم، ئێستا کە گەورەتر بوومە زۆر تامه‌زرۆم یه‌ک
جار سه‌رێک له‌و ئاواییە‌ی خۆمان بده‌مه‌وه.. تەنیا یه‌ک جار.. چونکه
بابه بڕیاری داوه هەرگیز نه‌گه‌ڕێته‌وه گوند.
ismael_mahamad@live.com
|