په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٥\٢٠٢١

تیرۆری سیاسی و حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی.
- وتەیەک بۆ ‌یانزەھەمین ساڵڕۆژی تیرۆری سەردەشت عوسمان -

دەشتی جەمال     


ھەڕەشە و چاوسوورکردنەوە، ناوزڕاندن، شکاندنی کەسایەتی تا گرتن و ڕاونان و زیندانیکردن، تا کوشتن و ڕفاندن و تیرۆری سیاسی.. ھەوڵێکی نەبڕاوەی ئەحیزبی بۆرژوا ناسیونالستی کورد و حیزبە ئیسلامییەکان بووە. ئەم شێوازە قیزەون و سەرکوتگەرانەیە وەک بەشێک لە ماھییەت و سوننەتی سیاسیی حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بە درێژایی مێژوو پەیڕەوی لێکراوە، بە دیاریکراویش لەو کاتەوەی کە حیزبەکانی ئەم بزووتنەوەیە بە دەسەڵات گەیشتوون تیرۆری سیاسییان وەکو ڕێگایەک بۆ دەمکوتکردنی ڕەخنەگران و سەرکوتی نەیارانی دەسەڵات، بەدەستەوە گرتووە. بەم ھۆیەشەوە تا ئێستا سەدان کەسی لە ھەڵسووڕاوانی سیاسی و ئازادیخوازان کردۆتە قوربانی. لەلایەکی ترەوە تیرۆری سیاسی وەک نەریتێکی حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی لەبەرامبەر ڕەوتی مەدەنیەت و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و مرۆڤدۆستی و سیکۆلاریزمدا بووە، ئەمەش بۆئەوەی ھەم کۆمەڵگە بێدەنگ بکا و ھەم چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەرەوخوارەوە داشکێنێ و سەرکوتیان بکا و ترس و تۆقاندن بەسەریاندا بسەپێنێت. بێگومان ئامانجی کۆتاییش لەم کارە ڕاگرتنی دەسەڵات و سیستمە میلیشیا و عەشیرەتییەکەیانە.


لە یەک وتەدا دەکرێ بڵێین کە تیرۆر بەشێکی تەواوکەری دەزگا سەرکوتگەرییەکان و ھێزە میلیشیا و نھێنییەکانی ئەم حیزبانەیە وەکو ڕێگایەک بۆ دەمکوت و خنکاندنی ئازادی.


پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی بۆرژوازی کورد لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستاندا وەڵامدەرەوەی خواست و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی چینی بۆرژوازی کوردن و بەو مانایە بۆ پاراستنی ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان و بزووتنەوەکەیان و شەڕی دەسەڵاتی سیاسی لە ھەموو مەیدانە فکری و ئایدیۆلۆجی و سیاسی و ھونەری و فەرھەنگی و مەیدانە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن لەدژی چینی کرێکار و زەحمەتکێش و باڵادەستی خۆیان و تەواوی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆر و پاراستن و زانیاری و زێرەڤانی و لیوای پێشمەرگە و میدیای سێبەر بەدەستەوە دەگرن لەپێناو مانەوە و فکر و ئایدیا و ڕەمزەکانی خۆیان کە لە کۆمەڵگادا بەرجەستەی دەکەن وە دەیکەنە فەرھەنگی زۆرایەتی وە کۆمەڵگای پێ زنجیر دەکەن. بۆھێشتنەوەی ئەو نایەکسانییە ئابوورییەی لە کۆمەڵگادا ھەیە کۆمەڵێک سەرمایەدار و بەرپرس و خاوەن کۆمپانیا، خاوەن دەیان ڤیلا و کۆشک و تەلار و کۆمپانیا بن و زۆرایەتی خەڵک کە لەسەر ڕەنجی ڕۆژانەی فرۆشتنی ھێزی کاریان شەوانە سەر دەنێنەوە لە مەینەتی و کوێرەوەری و ژیانێکی مەمرە و مەژیدا ژیان بەسەر بەرن. لە واقعیەتێکی ئاوادا، تیرۆری سیاسی تەنھا کردەیەک نیە بۆ تەسفیەی جەسەدی ھەڵسووڕاوانێکی نەیار بە دەسەڵات، بەڵکو بۆ سەرکوتی سەراپای کۆمەڵگا و نەھێشتنی ئازادییەکانە، بۆ ڕاگرتنی ئەو ھەلومەرجە نایەکسانی و چینایەتیەیە تا سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیا و دەسەڵاتداران لە بێدەنگیدا سەرمایەکانیان کەڵەکە بکەن. ھەربۆیە تیرۆری سیاسی بە ژیانی ھەموو کۆمەڵگاوە پەیوەندی ھەیە.


نوسین و پەیامی سەردەشت عوسمان ناڕەزایەتییە بەم نایەکسانی و ناعەدالەتی و جیاوازی چینایەتییەی کە لە کۆمەڵگای کوردستان بەڕێوە دەچێت، سەردەشت لێرەوە سەرھەڵدەدات و بەستەڵەکی بێدەنگی دەشکێنێت بە قەڵەمە تیژ و بوێرەکەی پەلاماری ڕەمز و موقەدەساتەکانی دەسەڵاتێک دەدات بە جەسارەتەوە ڕەخنەی لێدەگرێت لە فۆرمی ڕۆژنامەنووسیدا، چونکە ئەو وەک لاوێک لە خێزانێکی کرێکار و زەحمەتکێش بە شەونخونی قۆناغەکانی خوێندن تێدەپەڕێنێت. لەولاوە ھاوپیشەکانی دەبینێت دوای ھەوڵ و تەقەلا و ماندووبوونی چەند ساڵە ھێشتا بەدیاری ئەوەوە دانیشتوون بەرھەمی ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان بچننەوە دابمەزرێن، سەردەشت ئەو ژیانە نایەکسانەی پێ قبووڵ ناکرێت و تەحەدایەکی ئاشکرای دەسەڵاتدارێتی عەشیرەتی کورد دەکات. پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی تا جیاوازی چینایەتی ھەبێت لەنێو ئینسانەکان، تا ستەم و سەرکوت و چەوساندنەوە ھەبێت ئەوا ڕووبەڕوو بووونەوەش مانایەکی بڵند و باڵای ھەیە. ھەربۆیە بەخۆیەوە شەپۆلێکی گەورەی لە ناڕەزایەتی بەرھەم ھێنا کە تائیستا بەردەوامە لە کوردستاندا. سەردەشت بۆتە ڕەمزێک بۆ بەرگری لە ئازادی و یەکسانی.


تیرۆری سەردەشت عوسمان کەیسی ئازادی و تیرۆری سیاسییە. کەیسێکە بۆ بیرھێنانەوەی تەواوی ئەو تیرۆرە سیاسی و تاوانانەی کە دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی لە شاخ و لە شار لە شیوەی تەسفیەی جەسەدی فەردی وەیان بەشێوەی کۆمەڵ بەرامبەر بە نەیارانی سیاسی خۆیان ئەنجامیان داوە. ھەربۆیە وەرگرتنەوەی مافی زەوتکردنی ئەو تاوانە و بەسزا گەیاندنی ئەنجامدەرانی تەنھا و تەنھا لەگرەوی ھەڵگێڕانەوەی ئەم شێوازە لە حکومڕانی بنەماڵەی عەشیرەتی و سیستەمە میلیشاییەی دەسەڵاتە دژە ئازادییەدا بەدەست دەھێنرێت.


لێرەوە با ١١ھەمین ساڵیادی سەردەشت عوسمان و سەرجەم گیانبەختکردوانی تیرۆر و ھەموو قوربانیانی دەستی ئەو حیزبانەی کوردستان کە لەپێناو ئازادی ‌و ژیانێکی ئاسودە و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستاندا ژیانیان سپارد، بکەینە ڕۆژی ھاتنەمەیدان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەڕووی ئەم تاوانانەدا، پێکەوە بەڕێگای دەربڕینی ناڕەزایەتی سنوورێک بۆ ملھوڕی و تیرۆر و کوشتار و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی دابنێین. با یادی سەردەشت عوسمان بکەینە ڕۆژی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر و سەرکوت و زیندانیکردنی ھەڵسووڕاوان و ئازادیخوان و داکۆکی لە ئازادی لە کوردستان، با بەرامبەر بە دادگای ھەولێر کە لەسەر ڕێنوێنی حکومەتەکەی کابینەی نۆدا و بەدیاریکراوی لەژێر کۆنترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بەرزانی و بنەماڵەکەیدایە، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ژمارەیەک لە ‌ڕۆژنامەنووس و ھەڵسووڕاوانی مەدەنیدا سەپاند ڕابوەستین، وە بۆ ئەمەش دەسەڵاتداران بەرپرسیار بکەین و ڕێگا نەدەین کەیسی تیرۆر و ھەڵسووڕانی سیاسی لە کوردستان لە بێدەنگیدا بخەوێنن. یادی سەردەشت عوسمانی ئازیز بەرزوبەڕێز ڕابگرین و بە ھەوڵ و خەباتی ڕێکخراوەیی و یەکگرتوویمان خەبات بەدژی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە تووند بکەینەوە.


٢\٥\٢٠٢١
ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک