٢٩\١١\٢٠١٣
تیرۆریزم ئاوەها
بنەبڕ ناکرێ.

رۆژ عەزیز
لەم چەند رۆژەی رابوردوودا دەوڵەتی ئەنگۆلا
بە فەرمیی ئاینی ئیسلامی لەو
وڵاتە قەدەغە کرد و کەوتە
رووخاندنی مزگەوتەکانی ئەو وڵاتە بەم کارەش
دەسەڵاتی زۆرینە کەمینەی لەم وڵاتە سەرکوت کرد.
موسوڵمانانی ئەم وڵاتە لە بەرامبەر مەسیحی
ئاینەکانی دیکەدا کەمینەن، هەمیشە لەژێر دەسەلاتی ئەو
رژێمانەدا زۆرینە حوکم دەکات کەمینە سەرکوت کراوە، حوکمەتی ئەنگۆلا
لەوە دەچێت تازە بە ئاگا هاتبێتەوە کە ئاینی
ئیسلام ئاینی دادپەروەریی و
ئاینی هەوڵدان نییە بۆ مافی مرۆڤ و
مرۆڤایەتی، بەڵام ئەمرۆ بە ئاگا هاتۆتەوە
بەم بیانووە مەزهەب لەو وڵاتە قەدەغە دەکات.
خۆ ئەگەرێکیش هەبێ دەوڵەتی ئەو ولاتە تازە بە
تازە بیری کردبێتەوە کە مەزهەب و
تیرۆریزم مەترسیین بۆ سەر کۆمەڵگاکەی. بەڵام
بە بروای من ئەم کارەی دەوڵەتی ئەنگۆلا
پێشێلکردنی ئازادیی کەمینەیە و لەم نێوەشدا
نەک تیرۆریزم ومەزهەب پاشەکشە پێ ناکات بەڵکو ئەوەندەی دیکە تیرۆریزم
هار دەکات و نارەزایەتی رەوتی ئیسلامی سیاسی
بەهێز دەکات.
هەر ئێستا رەخنەگرانی مەزهەب و تیریرۆزم رەخنە لە موسوڵمانان دەگرن بۆ
خوا ماڵی خۆی ناپارێزێت، یاخود دەڵێن موسوڵمانان بۆ ناچن جیهاد بکەن لە
دژی رژیمی ئەنگۆلا کە ئیسلامی قەدەغە کردوە مزگەوتەکانی رووخاندوە.
من هیج گومانم نیە لەوەی ئەگەر موسوڵمانان یەک تۆز
دەستیان بەو ولاتە بگات و هێزیان هەبێت دەولەت و
تێکڕای خەڵکەکەی کوشتوبڕ دەکەن، چونکە پیرۆزیەکانی ئیسلام
و موسڵمانانیان (بە گۆتەی خۆیان) رووخاندوە،
جارێ سەرەتایە و دەبێت دەوڵەتی ئەو وڵاتەش
چاوەرێی کاردانەوەی موسوڵمانان بکات.
جا تا چەند ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزم دەستی
بەو وڵاتە دەگات ئەوە شتێکی دیکەیە ، بەڵام بەبروای من تیرۆریزم هەر وا
بێ دەنگ نابێت، بە دووریشی
نازانم دەولەتانی زلهێز تیرۆریزم بەر بدەنە گیانی خەڵکی ئەو وڵاتە چۆن
لە ئەفغانستان ئەمەریکا ئوسامە بن لادنی بەردایە گیانی نەجیبوڵای
کۆمۆنیست سەرەنجام نەجیبوڵا لە پاکستان لە نێو بارەگای
نەتەوەیەکگرتوەکان هێندرایە دەر و کوشتیان.
سەرمایەداری و مەزهەب و نەتەوەپەرستی بێ
یەکتری ناژین بۆیە پیویستیان بەیەکە، دەولەتانی ملهوریش بەهۆی
تیرۆریزمەوە یاخود بە ناوی شەری تیرۆریزمەوە ملهوری زیاتری خۆیان
دەسەپێنن و شەرعیەت دەدەن بە جەنگ و کاولکاریی،
بۆ ئەوەی هەم سامانەکانیان کەڵەکە بکەن هەم هەیمەنەی خۆیان بەسەر
دنیادا بسەپێنن.
سەرمایەداری و ناسیونالیزم تا ئێوارە هاوار بکەن و بڵێێن ئێمە دژی
تیرۆریزمین بێجگە لە درۆیەکی گەورە، هیچی دیکە نیە ئەوان خۆیان
سەرچاوەی تیرۆریزم بوون، خۆیان تیرۆریزمیان پەروەردە کردوە . تیرۆریزم
بەچەک و جەنگی خوێناوی کۆتایی نایات بە
روخاندنی مزگەوت و قەدەغە کردنی مەزهەب کۆتای نایەت،
کەم نین ئەو دەوڵەتە زلهێزانەی دژی تیرۆریزم دەجەنگن کەم نین ئەو
دەوڵەتانەی هەمیشە دەستیان لەسەر بەلەپیتکەی تفەنگەکانیانە لە دژی
تیرۆریزمی ئیسلامی دەجەنگن.
ئەم زلهێزانە رۆژێک جەنگ بەرپا دەکەن لە دژی ئیسلامی سیاسی رۆژێک بە
ملیۆنان دۆلار دەبەخشنە دەسەلاتدارانی ئەم رەوتانەو دەستەو تامە
تیرۆریستیەکان رۆژێک بەسەدان مزگەوتیان بۆ دەکەنەوە رۆژێک دەیان
روخێنن.رۆژێک لە حوجرە دەرسی مەزهەبیان بۆ ساز دەکەن رۆژێک لە
مزگەوتەکاندا دەست بەسەریان دەکەن.
رۆژێک رۆژێک مەلا بەردەدەنە گیانی خەڵک وپارەیان بۆ هەڵدەڕژن رۆژێک بێ
دەنگیان دەکەن ، ئەمە کار و پیشەی ئەم
رژێمانەیە کە جار دەدەن کە دژی تیرۆریزمین ، بۆیە هیچ کات بەم رژێمە
بەم ریاکارانە تیرۆریزم کۆتای نایات.
بە بروای من دەتوانین کۆتای بە تیرۆریزم
بهێنین بەبێ چەک و خوێنڕشتن
بەبێ روخاندنی مزگەوت وبەبێ قەدەغە کردنی ئاینی ئیسلام، بەڵام با
بزانین چۆن؟؟
بە بروای من
سیستەمی عەلمانی و یاساو رێساکەی دەتوانێت کۆتایی
بە حکومی شەریعەتی ئیسلامی بهێنێت، ئێمە کە دێینە دنیاوە مەزهەب
ناناسین دیندار نین ئەوە کۆمەڵگایە ئەوە سیستەم و
پەروەردەی فێرکردنەوە ئێمەی وا فێر کردوە دەبێت ئەو سیستەم و
پەروەردەیە لابەرین، دەبێت منداڵان و
کۆمەڵگا لەسەر بنچینەی مرۆڤدۆستیی
پەروەردە بکەین دەبێت یاساو رێسای عەلمانی
بێتە بوون.
ئاخر ئێمە تاوانمان چیە مۆری نەتەوەپەرستی بە نێوچەوانمانەوە
دەلکێندرێت خۆ ئێمە لە ئەزەلەوە ئەمانەمان نەهیناوە، کاتێک دێێنە
دنیاوە هەژار بوون و دەولەمەند بوون ناناسین
ئەوە مرۆڤەکانن یەکتری دەچەوسێننەوە ئەوە سەرمایەداریە ئێمەی فێر کردوە.
دەبێت ئەم دەستانە کۆتا بکرێن، کام لە ئێمە مزگەوتمان ناسیوە مەزهەب و
کەلتورمان ناسیوە بەو جۆرە ئەوە کۆمەڵگایە فێرمان دەکات،
ئەوە کۆمەڵگایە ئەوە سیستەمە ئەوە یاسا
و رێسایەکانیەتی ژن و
پیاوی پلەیەک و دوو کردوە دەبێت
ئەمانە تووڕ هەڵدەین ئینجا دەستی مەزهەب
کۆتا دەکرێت.
ئاخر هەموو ئەم نەهامەتیانەن مرۆڤەکانی لەسەر تیرۆرو کوشت وکوشتار
بەرهەم هێناوە، ئاخر مرۆڤێک لە ژیان بێزار نەبێت ولە خۆشیەکانی مرۆڤ
بێبەش نەبێت بۆ دەست بۆ کاری تیرۆریستی و خۆ کوژی دەبات. ئاخر مرۆڤ
ئەگەر بەختەوەر بژی ئەگەر رژێمەکان مرۆڤەکانیان بەهرەمەند کردبێت لە
هەموو پێداویستیەکانیان ئیتر بۆ مرۆڤ وا تووشی رق دەبێت دەست بۆ خۆ
کوژی ودەست بۆ تیرۆر دەبات. ئاخر دەست بردن بۆ تیرۆر هۆکاری هەیە دەبێت
ئەو هۆکارانە بنەبڕ بکرێن.
ئاخر ناکرێت رۆژانە لە عێراقدا بە ملیۆنان بەرمیل رەوانەی دەرەوە بکرێت
کەس نەزانێت پارەکەی چی بەسەر دێت بۆ کێ دەبێت بۆ کێ سەرف دەکرێت. ئاخر
دەسەلاتێک هەموو سەروەت و سامانەکەی بۆ خۆی
قۆرغ کردبێت، دانیشتوانەکەشی نان نەبێت بیخۆن ئیتر کابرا چی بکا هەر
ئەوەی لەدەست دێ دەست بۆ خۆ کوژی ببا ناشوێرێت بێتە سەر جادەو
نارەزایەتی دەبڕێت یان دەیکوژن یان زیندانی دەکەن.
سەرانی کوردیش رۆژ نییە گرێبەست ئەنجام
نەدەن رۆژ نیە بەسەدان وهەزاران بەرمیل نەوت ئاودیوی سنوورەکان نەکەن
کەچی خەڵکەکەی لێی بێبەش بن کەس نەزانێت پارەکەی بۆ کێ دەبێت چی بەسەر
دێت، کەچی لەو لاوە بە سەدان هەزار دۆلار مزگەوت دەکرێتەوە، بەڵام
قوتابخانەکان خەریکن دەروخێن بەسەر قوتابیەکاندا بەڵام مزگەوتەکان کە
جێگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆریزم خزمەتیان دەکرێت پارە بەمەلا دەدرێت
تاوەکو باش خەڵک پەروەردە بکات بۆ جیهاد و
تیرۆریزم، بەڵام مامۆستایەکی قوتابخانە بە مووچەیەکی
کەمەوە داوام دەکات.
ئەو دەرسەشی دەیڵێتەوە یان باس باسی دینداریە یان باس باسی ئەی رەقیبە
ماوە قەومی کورد زوبان و، یاخود تۆ کوردیت یاخود عەرەبیت یاخود سونەیت
یان شیعەیت یان مەسیحی، ئەمە باری ئەو
کۆمەڵگایانەیە کە تیرۆریزم گەشە دەکات و هەرەشە لە گیانی خەڵک دەکات.
من هیچ گومانم نییە لەوەی کە مرۆڤەکان
ژیانیان خۆش بێت بتوانن ژیانی هاوسەری پێک بهێنن بتوانن بەخواستی خۆیان
هاوسەر دیاری بکەن، بتوانن خۆشبەخت بژین ئیتر نە بۆ حۆری خۆیان دەکوژن
نە بۆ ئەو دنیای ئەندێشە و
بەهەشتە.
بۆیە باشترین رێگا بۆ دەرباز بوون لە تیرۆزیرم ولە کوشت و
کوشتار ئەوەیە نە مزگەوت برووخێنن نە
مەزهەب قەدەغە بکەن وە نە جەنگ بە ناوی تیرۆرەوە بەرێ بخەن،
بڕۆن سیتەمی پەروەدەو کەلتوور
و دابونەریتی دواکەوتوانە بگۆرن برۆن
یاسە کۆنەپەرستەکان بگۆڕن،
لە جیگەی ئەو یاسایانە سیستەمێکی مەدەنی و
عەلمانی و پەروەردەیەکی مرۆڤدۆستانە بەرهەم بهینن. ژیان و
گوزەرانی خەڵک جاک بکەن عەدالەتی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵک دباین بکەن.
کۆتایی بە
هەڵاواردنی رەگەزیی و هەڵاواردنی
نەتەوەیی و
مەزهەبی بهێنن من هیچ گومانم نیە تیرۆریزم کۆتای دێت. نە جەنگی دەوێت
نە قەدەغەکردن با هەموو مرۆڤەکانیش ئازاد بن چ دینیکیان هەیە یاخود
دینیان نییە. نەک لە
جێگەیەک خەڵک فریو بدەن دژی تیرۆریزم لەو لاشەوە تیرۆریزم بەخێو
بکەن لە دژی بەرەی ئازادییخوازیی و
یەکسانییخوازیی.
رەنگە کەسانیک پێیان وابێت ئەمە بەدی نایەت، بەڵام پێیان وایە بەدەیان
ساڵی دیکە تیرۆریزمی ئیسلامی کۆتای دێت بەشەریەت دەحەسێتەوە، بە
بروای من کۆتاییهێنان بە تیرۆریزم لەسەر دەستی بەرەی
ئازادییخوازیی و یەکسانیخوازیی
کۆتایی دێت نەک بە دەوڵەتانێک ریاکارانە
دەڵێن جەنگی تیرۆریزم بەردەوام دەبیت تا کۆتایی
بە تیرۆر دەهێنین.
nawzadidalak@yahoo.com
|