٨\٤\٢٠١٥
ترسانەکەی کاک
حوسێن.

کەبیر شەمسەدینی
ئەندازیاری ھاوڕێم، بەر لەوەی ئەو خانووانەی ئێستای بکڕێ، لە گەڕەکی
ئێمە نێزیک بوو. خانووە دوو نھۆمە کۆنەکەی لەسەر شەقامێکی
دوازدە میتریی بوو. ھەر لە بناغەڕا بۆخۆی سازی کردبوو.
ئێوارەیەکی نێوان مانگی ھاوینێ، لە ڕاستە شەقامەکەی سەردار تووشی یەک
ھاتین. ھەر بزەی دەھاتێ و سەری ڕادەوەشاند. جارناجارێکیش لەبەر خۆیەوە
ورتەیە کی لێوە دەھات و ئیتر بێدەنگیی.. لێم پرسی، شوکور کەیفت سازە.
دەکرێ بفەرمووی بە چی پێدەکەنی؟ کوتی :کوڕە وەڵا چووزانم پیاو بەدەست
خۆی نیە جاری وایە شتی وا دەبینێ، لەخۆڕا پێکەنین دەیگرێ. کوتم:"دەی
برادەری ئازیز بیڵێ بامنیش کەمێک پێبکەنم.
کوتی:"لەبەر پەنجەرەی وەتاغێ دانێشتبووم خەریکی کێشانەوەی نەخشەی خاکێک
بووم. کە لەپڕ را ڕمبەیەکی واھات ماڵە ئێمە لەرزییەوە. ھەر ڕاستەوەبووم
و لەبەر پەنجەرەڕا ڕوانیمە شەقامێ، بزانم چ روویدا،چەند ژن و منداڵ و
پیر و جحێڵ بەر لەو دەنگە، لە شەقامەکە بوون. ھێندێکیان ڕێبوار و
ژنانیش لەبن دیواران کۆمەڵیان بەستبوو،ئەوانیش ھەر گوێ قوڵاغ بوون و
چاویان بۆ ولاو ئەولای دەگێڕا. دوای خولەکێک، کاک حوسێنی دراوسێمان کە
پیاوێکی چوارشانەی سمێڵ ئەستووری زگزل بوو، لە دەرکە دووتایێکەی ماڵە
خۆیان ڕا، کە ڕاستەوڕاستی ئێمە وبەرانبەرمانە،بە ھەڵاتن وبە ڕووت
وقووتی دەرپەڕیە دەرێ. ھەتا بن دەگای ئێمە ڕایکرد و گەڕاوە و ڕوو بە
ماڵە خۆیان وێستا. ھەر کەفیشی لە سەروچاوی دەسڕیەوە و ئاوی لێدەچۆڕاو
دەلەرزی. بەدوای دەرپەڕینەکەشیدا، دەرگای ماڵەکەیان شەققەی لێوەھات
وپێوەدرا.
ھەمووی خەڵکەکە، وەیان زانی شتێکی بەسەر ھاتوە. بە ھەڵەداوان ڕوویان
تێکرد. ھێشتا نەگەیبوونە لای کەچی، دەرگای ماڵە دیواربەدیوارەکەیان
کراوەوژنێکی تەمەن گەڕاوە، بە سەروسەکوتی ئاڵۆز وتێکچڕژاو ھاتەدەرێ.
ھەر دەیکوت:"خوڵایە گیان زۆر شوکور.. بەخێر گوزەرا.. بە خوڵای خێرم
لەسەرە. خوڵایە گیان زۆر شوکور.".
خەلکەکە گەڕانەوە بۆ لای ژنە. تێی وەرووکان و دەیانەویست ڕاستی
ڕووداوەکەی لێ بزانن. دیار بوو چێشتی لەسەر ئاور بووەو ئەویش سەرقاڵی
کاری دیکە. لەبیری چۆتەوە سەری لێدا. کەپسوولی گازەکەی دەتەقێ و
سەرەگازەکە دەردەپەڕێ و ڕاست وەدیواری گەرماوی ماڵە کاک حوسێنی دەکەوێ؛
ئەوەش، تەنیا چەند خولەک بەر لە وە ڕوودەدا کە کاک حوسێن دەچێ خۆی
بشوا.
ھەتا ئەو ساتەی خەڵکەکە لەو ڕمبەیە تێگەیشتن،لە بەر خۆیانەوە ھەر
بزەیان دەھاتێ.ھێندێکیان سەریان دەبەرخۆیان نابوو تاکوو کەس نەزانێ بە
چی پێدەکەنن. کاک حوسێنی بەستەزمان کەمێک ھاتەوە سەرە خۆ و، تازە ھەستی
بەوە دەکرد، کە لە کوێ وێستاوە و دەبێ شەرمی داپۆشێ. ناچار ھەتا تکایان
لە مندالێکی وریا و پیتۆڵ کرد کە بەسەر دەرگادا بچێتە حەوشە و دەرگای
داخراویان بۆ بکاتەوە،لەچکەی خێزانەکەیان دەدەوری نێوقەدی ئاڵاند.
uloush@gmail.com
|