په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٧\٢٠٢٥

    ترسێکی بێ ناونیشان.


تاڤگە سابیر

من دەمەوێ سەرلەسپێدان پشوویەك بەم
کەچی ئێوە گوناھبارم دەکەن
کاتێك لە کۆڵانێکی تۆزاوییەوە گوزەر دەکا
فێڵێکە ھەموومان دەیزانین
گوناھێکە ھەموومان بەشدارین
درۆیەکە لە دڵی ھەمووماندا
ئیدی ھەستدەکەم میوانی رۆژەکابم..

میوانی ئەم بێستانە کاڵانەم
ھەموو شتێك لە پێش چاومدا میوانە
ئیتر ئەڤین ئەو باخچە داخراوەیە کەس پێیناگا
ئەو گۆرانییە دوورەیە کەس نایبیستێ
ئەو دەرۆزەکەرە بێ جێیەیە
شەوێک رێی شاری لێ ون دەبێ و جارێکی تر نابیندرێتەوە
ئەی ئەندێشەکەم.. من زۆر ماندووم
ھێندەی ئەوەی بە چرکەیەک ھەموو گەردوون بگەڕێم
بەقەد ئەوەی جارێکی تر خۆشەویستیی بکەم
رامکێشێتە ساختمانە پڕ ئارەزووەکەی خۆیەوە
لەوانەیە ئەو نووسینەم جادووێک بێ لەو جەنگانەی
گوڵەکان دەیکەن لەگەڵ سوارییدا!!
جەنگێکە ئاوێنەکان لەگەڵ روخسارە پیرە دزێوەکاندا
جەنگی شەپۆڵ و کەنارە وشکە بێ ئابڕووەکانە
لەوانەیە گەمەیەك بێ تەنیا شاعیرە سەرخۆشەکان بیزانن
لەوانەیە زەنگی ئاگادارکردنەوەی گیانی تەنیایی ئێوە بێ
لە تاراوگەکانی ئەندێشەدا
ئاگادارکردنەوەی ئێوە لە ناو پەیوەندیی و ساختەکارییتان

لەم نەبوونە هەمیشەییە
لەوانەیە بۆ چرکەیەک نەخەوی و
بەر ماندوویی دێڕەکانی بکەوی
تا دەگەیتە ترسێکی بێ ناونیشان
ئەوەی من دەیڵێم خەو نییە.. بەڵام زۆر جار بە خەو دەیبینم
هوڕێنە نییە بەڵام زۆرجار لە کۆشکە رەنگاوڕەنگەکانیدا
چاولێکدەنێم
بێزارم...
ھێندەی ئەوەی شەوێك لە دارستان
جەنەڕاڵێك بێ و باڵای رەنگینی خوشەویستەکەم
دابگیرسێنێ
تەنیام و دەنگێکی نامۆ پێمدەڵێ بڕۆ...
ترس پەنچەرەکەمی گرتوە و ئێرە بەجێبێڵە
گوڵەکان قفڵێکی هەمیشەیی
لە ماچی سپێدەیان دراوە و دەڵێن بڕۆ..
سپێدان سەیری ئاوێنەکەم دەکەم
روخسارم پێمدەڵێ بڕۆ بەجێیبێلە
نائومێدیی لە حەوشەکەماندا پاڵکەوتوە و دەڵێ ئێرە
جێی شاعیر نییە
ئێرە شوێنی ئەو کچانە نییە سەراپا لە کچێتی کەوتوون و
بوونەتە وەنەوزێکی ماندوو
ئێرە نیشتیمانی ئەڤین نییە
خۆشەویستەکەم دەڵێت ماڵئاوا...
ئەی ئەو کچەی شەڕ بەو گیانانە دەفرۆشی و ماندوونابی
رۆژگاری ئەڤین تێپەڕیوە
سەر شەقامەکان دەڵێن...
بێزارین لە ھەنگاوە بێ مەبەستەکانت.

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک