په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

تیشکێک لە (بەسەرکردنەوە)دا.


رێناس نەورۆزی

 


(بەسەرکردنەوە) بیست و چوار بابەتی ئەدەبی و رۆشنبریییە، کە لە دوو توێی کتێبێکی (224) لاپەڕەییدا لەلایەن کاک (ئیسماعیل تەنیا) نووسراوە و ساڵی 2005 لە شاری هەولێر چاپکراوە. ئەم کتێبەدەیەمین کتێبی نووسەرە و بریتییە لە کۆمەڵێک بیروبۆچوون و سەرنجەکانی نووسەر کە بەشێکیان بۆ یەکەمجارە بڵاویکردوونەتەوە و بەشێکیشیان پێشتر بە شێوەی جیا جیا لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ناوە وە و دەرەوەی وڵات بڵاوبوونەتەوە.
بابەتەکانی (بەسەرکردنەوە) بریتین لەم سەرنج و وتار و لێکۆڵینەوانەی خوارەوە:
• وێنەی شیعری لای (ئەحمەدی خانی)
• بەسەرکردنەوەی (زەنگی هەتاو) و خامۆشی شاعیر
• نەهاوەند.. یان مەملەکەتێکی خاپوورکراو
• (ئەدەبی تاراوگە) و خەونی ئاوارەکان
• رۆمانۆکەی (ونگە) یان بەشێک لە بیرەوەرییەکانی (عەبدوڵڵا سەراج)
• (رێگای ئازادی) یەکەم رۆژنامەی دوای راپەڕین بوو
• پەراوێزێک بۆ یەک دوو لاپەڕەی (چێشتی مجێور)
• ئاواز و گۆرانی کوردی لە دووڕیانی مانەوە و تاڵانکردندا
• (ناڵەی پێشمەرگەیەک بۆ مێژوو) و چەند پەراوێزێکی واقیعیانە
• لە پەراوێزی (بیرەوەرییەکانم)ی بانیخێلانیدا: هەڵە و کارەسات.. پەند وەرگرتن.. دووبارە نەبوونەوە..
• رۆژنامەگەری شاخ و نهێنی لە باشووری کوردستاندا (کارەساتی 1975 تا راپەڕین 5/3/1991)
• رۆژنامەی (سەکۆ) چۆن سەریهەڵدا و چۆن لە کارکەوت؟
• لە مزگەوتەوە بۆ قوتابخانە
• چەپکێک خۆشەویستی لە دوور وڵاتەوە بۆ گلکۆی (باوکی گۆران)
• گەلی کورد؛ چاکەی دۆستەکانیان لە چاودایە
• ململانێی هاوکێشەکان
• پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و کەنالە عەرەبییەکان
• پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و راگەیاندنی تورکی
• لە پێناوی رۆژنامەیەکی سەربەخۆدا
• رۆشنبیری نیشتمانپەروەری
• وەڵامێکی هێمنانە بۆ کاک (عەزیز سامانچی)
• لە پەراوێزی راپرسیەکەی (گالوب)ەوە
• رۆژ ئاوا و ئیسلامییە ڕاکردووەکان
• کۆمەڵگا و کولتوورە باوەکان

ئەو بابەتانەی کە نووسەر بڵاویکردوونەتەوە هەوڵ و ماندووبونیەکی زۆری پێوەدیارە و گرنگیەکی تایبەتی خۆیان هەیە، هەم بۆ ئەمڕۆ، هەم بۆ دوارۆژیش کە رووناکییەکی زیاتر دەخاتە سەر لاپەڕەکانی مێژوومان. بۆ زیاتر رووناککردنی لاپەڕەکانی ئەمڕۆ و بەیانیمان، چەند سەرنج و تێبنییەکەم سەبارەت بە هەندێک لە بابەتەکانی (بەسەرکردنەوە) هەیە.


نووسەری هێژا کاک (ئیسماعیل تەنیا) لە لاپەڕە 69-74ی بەسەرکردنەوەدا لەژێر ناونیشانی (رێگای ئازادی، یەکەم رۆژنامەی دوای راپەڕین بوو)، لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و دەستنیشانی ئەوەیکردووە کە (رێگای ئازادی، ئۆرگانی ناوەندی حزبی سۆسیالیستی کوردستان بوو..، کە شەرەفی یەکەم رۆژنامەی دوای راپەڕینی پێبڕا...). بەڵێ راستە رۆژنامەی (رێگای ئازادی) یەکەم رۆژنامەی دوای راپەڕینە جەماوەرییەکەی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان بوو، بەڵام ژمارە (70)ی کە لە مانگی 10/1991 دەرچووە، یەکەم ژمارەی دوای راپەڕین نەبوو، بەڵکو دووەم ژمارەی رۆژنامەکەبوو، یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (رێگای ئازادی) ژمارە (69)بوو کە لە مانگی 7/1991 بە (8) لاپەڕەی قەوارە گەورە لە چاپخانەی پەروەدەی هەولێر چاپکرابوو. بەوەش (رێگای ئازادی) یەکەم رۆژنامەشە کە لە چاپخانە سەرەکی و ناوەندییەکانی هەولێر بە ئازادی چاپبکرێت. لە دوای راپەڕین سەرجەم رۆژنامە و گۆڤارە رەسیمییەکانی باشووری کوردستان لە هەر سێ چاپخانە ناوەندییەکانی هەولێر چاپدەکردان (چاپخانەی رۆشنبیری، چاپخانەی پەروەردە، چاپخانەی زانکۆ)، جگە لەو چاپخانانەش ژمارەیەک رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە بە فۆتۆکۆپی و بە رۆنیۆ و شێوازەکانیتر چاپ دەکران. ژمارە: (86)یش دوا ژمارەی بوو کە بەناوی (رێگای ئازادی) لە مانگی 6/1994 دەرچووە، دوای ئەوە ش رۆژنامەی (رێبازی ئازادی) وەک درێژە پێدەری (رێگای ئازادی) شوێنی ئەوی گرتەوە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ژمارە: (1)ی رۆژنامەی (رێگای ئازادی) لە رۆژی 25/5/1981 لە ناوچەی دۆڵەتووی سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەرچووە. ژمارە: (68)یش دوا ژمارەی بووە کە بەر لە راپەڕین لە شاخدا دەرچووە.


هەر لێرەدا پێم خۆشە ئاماژە بەو گۆڤار و بڵاوکراوانەیتریش بکەم کە یەکەمین بڵاوکراوەکانی دوای راپەڕین بوون وەک نمونە:
گۆڤاری قەڵا: یەکەم ژمارەی لە 11/2/1991 بەر لە راپەرین لە شاری رواندز دەرچووە، ژمارە: (2)ی لە کاتی راپەڕیندا لە مانگی 3/1991 دەرچووە و ژمارە: (3)یش یەکەم ژمارەی دوای راپەڕینی ئەم گۆڤارەیە کە لە مانگی 4/1991 دەرچووە، بەمەش گۆڤاری قەڵا دەبێتە یەکەم گۆڤاری دوای راپەڕین.


گۆڤاری بەیان: یەکەم ژمارەی لە بەهاری 1991 لە هەولێر دەرچووە.
بڵاوکراوەی میلکان: یەکەم ژمارەی لە 1/5/1991 لە گەرمیان دەرچووە.
گۆڤاری خابوور: یەکەم ژمارەی لە مانگی 6/1991 لە زاخۆ دەرچووە.
بڵاوکراوەی پێنجی ئازار: یەکەم ژمارەی لە مانگی 7/1991 لە رانیە دەرچووە.
گۆڤاری پێرس: یەکەم ژمارەی لە گەڵاوێژی 1991 لە ئاکرێ دەرچووە.
بڵاوکراوەی پەیامی کرێکار: یەکەم ژمارەی لە مانگی 7/1991 لە سلێمانی دەرچووە.
گۆڤاری هەنگاو: یەکەم ژمارەی لە مانگی 8/1991 لە قەڵادزێ دەرچووە.
گۆڤاری تیرۆژ: یەکەم ژمارەی لە مانگی 8/1991 لە سێمێل دەرچووە.


بابەتێکیتر کە بە پێویستی دەزانم تیشکی بخەمە سەر، ئەو بابەتەیە کە نووسەری بەڕێز لەلاپەڕە 81-85ی (بەسەرکردنەوە)دا لە ژێر ناونیشانی (ئاواز و گۆرانی کوری لە دووڕیانی مانەوە و تاڵانکردندا) ئاماژەی بە کۆمەڵێک سەرنجی گرنگ کردووە و لە کۆتاییشدا بۆ پێشگرتن لە تاڵانکردنی هونەر و ئاوازی کوردی چەند بۆچوون و پێشنیارێکی خۆی خستۆتە ڕوو، منیش بە تەواوی لە گەڵ بۆچوونەکانیدام، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی پێبکەم و بیخەمە سەر ئەو بابەتەی نووسەر ئاوردانەوەیەکی خێرایە لە رەگەز و بنچینەی تورکەکانی تورکیای ئەمڕۆ. هەروەک نووسەرخۆیشی ئاماژەی پێکردووە (بەپێی دەستووری بنچینەیی تورکیا، ئەوەی لە تورکیا بژیت تورکە، بەو پێیشەش جگە لە زمان و کولتووری تورکی شتێکیتر بوونی نییە...!).


دیارە تورکەکان هەر لەسەرەتای هاتنیانەوە لە بیابانەکانی ناوەڕاستی ئاسیاوە بە مەبەستی تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتن و مانەوە ڕوویان کردۆتەوە ناوچە. لەسەردەمی (سەلجوق بەگ)دا سەرەتا لە ئێران نیشتەجێبوونە و زۆرشتیان وێرانکردووە، پاشان هەوڵیانداوە ڕووە و کوردستان ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بڕۆن، وەک تورکەکان خۆیان لە مێژووی خۆیان ناویان ناوە (فەتح کردن). داگیرکردنی کوردستان بۆ یەکەمینجار لە ساڵی 1015ی زایینی دەستیپێکرد. تورکەکان لە ساڵی 1071ی زایینی لە شاری (مەلازگرد)ی باکووری وان بە رووبەڕووی بێزەنتییەکان بوونەوە دواتریش توانیان بگەنە ناوچەی ئەرزۆم و لە رووباری فورات بپەڕنەوە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بێزەنتیەکان داگیربکەن. لە سەدەکانی دوازدە تا پازدەی زایینی هێرش و کۆچی بە کۆمەڵی تورکەکان لە بیابانەکانی ناوەڕاستی ئاسیا بۆسەر کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین بەردەوامبووە، کە لەبەردەمخۆیاندا هەموو شارستانیەتێکیان تاڵان و وێرانکردووە. تورکەکان دوای ئەوەی شاری کۆستەنتینیەیان داگیرکرد و بێزەنتیەکانیان لە وێ دەرپەڕاند و ناوەکەشیان گۆڕی بۆ (ئەستەنبول) و کردیان بە پایتەختی دەوڵەتە تازەکەیان (عوسمانی). پاشان روویان کردە ناوچەکانی موسل و بەغدا و بەسرە و شام و سعودیە و میسر و یەمەن.


نامەوێت زۆر بچمە ناوەڕۆکی مێژووەوە، بەڵام دوای بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەیان تورکەکان ئایینی ئیسیلامیان کرد بە ئایینی رەسمی ئیمپراتۆریەتەکەیان، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک هۆزەکانی کوردیان کرد بە کاربەدەستی گەورە، وەک نمونە کورد کران بە (سەدری ئەعزەم) کە هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانی ئێستایە، هەروەها ژمارەیەکی زۆری سەرلەشکری هێزەکانی عوسمانی کورد بوون، وەک نمونە (خەسرۆ پاشا، ئەنوەر پاشا، محەممەد عەلی پاشا، ئەحمەد جەمیل پاشا....هتد). باوکی محەممەد عەلی پاشا کە کوردێکی خەڵکی ئامەد (دیاربەکر) بوو کرا بە والی میسر، هێندەی پێنەچوو لە عوسمانییەکان هەڵگەڕایەوە و سەربەخۆیی میسری راگەیاند. هەروەها (ئەحمەد جەمیل پاشا) کە ئەویش خەڵکی دیاربەکربوو کرا بە والی یەمەن، لە ترسی ئەوەی نەوەک ئەویش وەک محەممەد عەلی پاشا سەربەخۆیی یەمەن رابگەیەنێت پۆستەکەیان لێوەرگرتۆتەوە و ناردوویانەتەوە بۆ دیاربەکر، ناوبراو باپیرە گەورەی (قەدری جەمیل پاشای دیاربەکری) و (ئەکردەم جەمیل پاشا)ی دیاربەکرییە.


لە دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، مستەفا کەمال کە لە دایکبووی یۆنانە، لە ساڵی 1919 بە دانی بەڵێن بە سەرۆک هۆزە کوردەکانی ئەرزۆم و ئەرزەنجان و سیواس و هەندێک لە کوردەکانی ناوچەکانیتر توانی کۆماری تورکیا لە ساڵی 1923 دابمەزرێنێت و بڕیاری گواستنەوەی پایتەخت بدات لە ئەستەنبوڵەوە و بۆ ئەنقەرە، هەر ئەویش بوو بڕیایدا رێنووسی لاتینی بۆ زمانی تورکی بەکاربهێندرێت. کوردێکی ناسراوی خەڵکی دیاربەکر (زیا گۆک ئالپ) کە بەر لە یەکەم شەڕی جیهانیدا لە پێناوی ئازادی کورددا خەباتی دەکرد، دوای شەڕ بوو بە نزیکترین دۆستی مستەفا کەمال و هەر ئەویش بوو بڕیاری بە تورککردنی کوردی دەرکرد، ئەوەش لە پێناوی دەسەڵات و ئەو بەڵێنانەبوو کە مستەفا کەمال پێیدابوو.


تورکەکان بە بەلگەی ساختە و دروستکراویان هوری و سوباری و ئورارتوو و هیتییەکانیان بە باپیرە گەورەی خۆیان دادەنێن و خۆیان بە نەوەی ئەوان دەزانن. من دژ بە هیچ گروپ و نەتەوەیەکی ئەم جیهانە نیم، بەڵام شتێکی روون و ئاشکرایە کە بە گوێرەی سەرچاوە زانستییەکان رەگەزی تورکەکانی تورکیا جێگەی گومانە و زمانی تورکیش هیچ بنەمایەکی سەربەخۆی نییە، زمانی تورکی ئاسیای ناوەڕاست جیاوازییەکی یەکجار زۆری هەیە لەگەڵ زمانی تورکی تورکیا کە پێکهاتەیەکی گەورە و روون و ئاشکرای زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی و ئەرمەنی و چەرکەس و لازەکانە و بە رێژەیەکی زۆر کەم شێوە کۆن و رەسەنەکەی ئەو تورکییەی کە لە ئاسیای ناوین پێی دەدوێن بەدی دەکرێت، وەک نمونە بۆ زمانی کوردی نمونەی سەدان وشەی رەسەنی کوردی لە زمانی تورکی دەدۆزییەوە. هەروەها زمانی تورکی تاکە زمانی دەرەوەی زمانەکانی هندۆ-ئەوروپییە کە رێنووسی لاتینی بەکار دەهێنێت.
لە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە لە 1923 بەگوێرەی یاسا بە رەسمی و نا رەسمی هیچ شتێک جگە لە تورک، بوونی نییە، ئەوەی هەیە هی تورکە!!! دیارە سەپاندنی زمانی تورکی لەسەرەتاوە بەسەر کورد و نەتەوەکانیتری تورکیا وەک ئەرمەن و چەرکەس و لاز و ئاشوری و یۆنانی و عەرەب لەلایەک و لەلایەکیش دامڕکاندنەوەی بزووتنەوە و راپەڕینەکانی کورد و بە کۆمەڵ کوشتنی ئەرمەنەکان و لە سێدارەدانی خەڵکانی ناتورک و ناو و پاشناو گۆڕینی سەرجەم خەڵککە بۆ ناو و پاشناوی تورکی، ماوەیەکی درێژ ترس و دڵەڕاوکێی لەلای زۆربەی خەڵکانیتری تورکیا دروستکردبوو.
هەموو کەسایەتی و خەباتگێڕە کوردەکان هەر لەسەرەتای دامەزراندنی تورکیاوە ئەو وڵاتەیان بەجێهیشت و بۆ دەرەوە رایانکرد وەک نمونە (بەدرخانییەکان، جەمیل پاشاکان، عوسمان سەبری، نورەدین زازا، مەولانا رەفعەت زادە،.... و هەزارانیتر). ئەوەی مایەوەش یان ئەوەتا دەبووایە خۆی بە تورک بنووسیبوایە، یان ئەوەتا ناو و پاشناوی بنەماڵەکەشیان بگۆڕی بووایە، زۆر ن ئەوانەی ئەمڕۆ لە ناو تورکیادا خەڵکی ناسراون کە بەرەگەز کوردن، هەر لە کاربەدەستانی سیاسیەوە بگرە تا کەسانی ناو راگەیاندن و هونەر و نووسین. دوای کودەتای سەربازی 12/9/1980ی تورکیا یەکەم وەزیری رۆشنبیری تورکیا (جیهاد بابان) بوو، ناوبراو کوردێکی نەوەی بابانەکانی شاری سلێمانی بوو کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم بنەماڵەکەیان روویان کردبووە ئەستەنبوڵ و ئەوان لە تێکۆشەرە کوردەکانی ئەو سەردەمەی کورد بوون، جیهاد بابان لە کاتی بوونی بە وەزیری رۆشنبیری زۆر بێ شەرمانە باسی لە تورک بوونی خۆی و بنەماڵەکەی دەکرد، بە هەموو شێوەیەک دژ بە ئەوەبوو جگە لە زمانی تورکی هیچ زمانێکیتر لە تورکیا بوونی هەبووبێت. (پرۆفیسۆر ئیمرە گونەنسای) کچەزای عەبدولڕەحمان بەدرخانی دووەم سەرنووسەری یەکەم رۆژنامەی کوردی کوردستانە و بەتەواوی خۆی لەناو بۆتەی تورکدا تواتندۆتەوە، تورگۆت ئۆزالی سەرۆک کۆماری پێشووتری تورکیا لە دوا ساڵەکانی دەسەڵاتیدا بەرەسەن کوردبوونی خۆی ئاشکراکرد و بەکردەوەش هەوڵی چارەسەری کێشەی کوردیدا، سەرئەنجام لە رووداوێکی نادیاردا لە نێوبردرا. بلند ئەجەویدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا کە دەیان ساڵ خەباتی دژ بە گەلی کورد بەڕێوەبردووە و پیلانی بە تورک کردنی هەموو کوردی دارشتبوو، لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا لە نەخۆشخانەدا و لەسەرە مەرگیدا دان بەوە دادەنێت کە باپیری گوتەیەتی (ئێمە کوردین!). ئەشرەف بێدلیسی کە سەرلەشکری پیادەی تورکیا بوو لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو هەر کوردبوو، (عەبدولقادر ئاکسۆی) کە نەوەی شاعیری ناسراوی کورد (عەبدولرەحیم هەکارییە)، ئێستا یەکێکە لە پایەبەرزەکانی پارتی دەسەڵاتداری ئەکەپە و هاوڕێیەکی نزیکی سەرۆک وەزیرانە. ئەوە هیچ باس لە گۆرانیبێژ و ئەکتەرە بەناوبانگەکانی تورکیا ناکرێت، کە زۆربەیان کوردن و بەردەوامیش خەریکی دزین و گۆڕینی فەرهەنگ و هونەری کوردین بۆسەر فەرهەنگ و هونەری تورکی. لە ناو نووسەر و رۆژنامەوانیشدا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بە رەسەن کورد دەبینرێت، سەرۆکی میدیای تورکی کە سەرپەرشتیاری رۆژنامە گەورەکانی (حورییەت، میللیەت، سەباح و تەلەفزیۆنە گەورەکانی تورکیا)یە چەند مانگێک لەمەوبەر لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا دانی بەوەدانا کە بە رەسەن کوردە! کەچی ناوبراو بەهەموو شێوەیەکیش میدیای تورکی دژ بە هەبوونی کورد بە کاردەهێنێت.


نمونە زۆرن، بەڵام ئەمانە هەموو بنەمان، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر، لێکۆڵینەوە زانستییەکانی سەر شێوەی مرۆڤن، دیارە جیاوازی لە نێوان شێوەی مرۆڤێکی کورد و مرۆڤێکی تورکی تورکیا یان تورکێکی ئەوروپا زۆر بە زەحمەتی بە دی دەکرێت، کە لە تورکیا و لە ئەورپاشدا دوو شێوەی تورک بەدی دەکرێن، یەکەمیان شێوەکەی لە کورد و خەڵکە سپی پێست و زەرد پێیستەکەی رۆژهەڵاتی ناوین دەچێت، ئەوەی تریشیان ئەگەر باش لێی وردبیتەوە بە باشی دەزانیت کە ئەوە لە خەڵکی تورکمانستان و مەنگۆلیا و کازاخستان دەچن، ئەگەرچی ئەو شێوەیان تا رادەیەک لە شێوەکەیتر کەمترە، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی بەردەوامیان لەگەڵ شێوەکەیتر باشتر دەناسرێنەوە، بۆ ئەمە من بۆ خۆم چەندین نمونەم لەلایە، لە ئاییندەدا بە نیازم ئەو وێنە بەراودکاریینە بە لێکۆڵینەوەیەکی فراوان بڵاوبکەمەوە.


لەسەدەی یازەدەمەوە تا ئەمڕۆتوانەوەی کورد لە ناو بۆتەی نەتەوەیەکی بێ فەرهەنگ و بێ کولتووری وەک سەردەستی تورک، وای کردووە کە هەر لەسەرەتاوە موزیک و فەرهەنگی کوردیش لەناو نەتەوەیەکی سەردەستی بێ فەرهەنگ و هونەری وەک تورک بتوێتەوە. ئەمڕۆش موزیک و هونەر و فەرهەنگی تورکی بە تەواوی لە ژێر کاریگەری موزیک و فەرهەنگی نەتەوەی کورد دایە. وەک کاک ئیسماعیل تەنیا لە بەسەرکردنەوەدا ئاماژەی بە هەوڵدان بۆ گێڕانەوە و نووسینەوەی گۆرانییە کوردییەکان کردووە و دەبێت گیانی کوردێتی وەبەر ئاوازە دزراوەکان بندرێت.


دیارە ئەمەش ئەرکێکی بەپەلە و هەنووکەیی سەرجەم هونەرمەندانی کوردە، کە لە پێناوی پاراستن و کۆکردنەوە و گێڕانەوە و سەرلەنوێ زیندوکردنەوەی ئاواز و گۆرانی رەسەنی کوردی تێبکۆشن. لەلایەکیتر کارکردن و ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی زانستیانە لەسەر دیرۆک و بنچینە و رەگەزی تورکەکانی تورکیا و لێکۆڵینەوە لەسەر زمانێکی تیکەڵاوی وەک زمانی تورکی، کە تا کۆتایی سەدەی نۆزدە زیاتر وەک زمانی عوسمانی (عوسمانلی) ناسرابوو.


بێگومان هەریەک لە بابەتەکانی کتێبی (بەسەکردنەوە) ئەوە دەهێنن تیشکی زیاتریان بخرێتە سەر و بەدواداچوونی زیاتریان لەسەربکرێت. بەکورتی ماوەتەوە بڵێم نووسەری (بەسەرکردنەوە) جێگای دەستخۆشی و رێزلێنانە.