| 
			 
			٣٠\١\٢٠١١ 
			
			  
			 توانەوەی 
			بەربارانێکی مەستی... 
			
			
			  
			
			شوان عوسمان 
			
			لەو دیو مینای 
			شوشەیی ، 
			قاوەخانەکە.. 
			بۆنسۆیەک ودوکەڵێکی ، 
			سوتانێک ئەبینم ، 
			لە ژوورەوەش من لە بن باری سۆتەک و 
			سوتوویەکمدا ، 
			خۆم بە گڕی ، 
			قاوەیەک نا، جگەرەیەک نا، بە پێکێک شەرابی 
			تاڵ... 
			ئازارێکی خۆم ، 
			هەڵئەدەم و  
			خۆم بەم ئێوارە تەزیوە ، 
			هەڵئەکڕوزێنم.. 
			پێکێک لە تەمەنم ئەڕژێ و 
			بەو رژانەش خۆم ئەسوتێنم....  
			لەم سوتان وبوونە خۆڵەمێشیەمدا ، 
			هەڵقرچان ودەست لێبەردانێک ، 
			چاوەڕێمە... 
			زەمەنی کۆچە ناوادەکان ، 
			قرچە قرچی دڵشکانە ، 
			ناوەختیەکان ، 
			خێسە لە زەمەنی دڵشکانم ، 
			ئەکەم... 
			سەمای سەرشێتانەو  
			سوتانی ئەو دلۆپە بارانانە ، 
			سەرشێت ترم ئەکەن... 
			کە لە سەمای سەربڕینی خۆیان ، 
			بە گریانێکی نەزیف ، 
			مەراسیمی دابارینێکیان ، 
			تێکەل بە سەمای گریانی ناوەختی من و 
			دابارینی گەڵای تەڕی تەمەنی من ئەبن... 
			ئەوان لە چاوی ئاسمانێک دائەڕژێن ، 
			کە دەریای ئەوانە ، 
			لانکی سەرخەوەو 
			سەرسنگی دایکانە.. 
			بە ماچێکی تەڕو گەرم ، 
			دەم لە دەمی ئەو خاکە وشک و 
			دڵرەقەوە ئەنێن.. 
			لە سەفەری غوربەتی دوورەوڵاتیەکدا ، 
			کۆچی بەجێهێشتن... 
			سەر هەلئەدا... 
			خۆیان بە بەردینی ئەو مەملەکەتە دڵبەردە ، 
			ئەسپێرن و 
			بە ناچاری دائەبارن و 
			ئامێزیان لێوەرئەنێن... 
			بەڵام من لە بەجێهشتنی مەملەکەتێک لە نامۆییم.. 
			لە مەنفایەک، لە دووری و 
			بزر بوون.... 
			لە ماڵێکی بە پەرتەوازە بوو ، 
			دڵ وچاوو هەناسەم بەجێئەمێنن... 
			لە سەمای جەستەیەکی رەقهەڵاتووی ، 
			بەر سایەقەی ئەو زەمەنەی ، 
			ژان لە راژەنینی رۆحدایە ، 
			برینی تەڕیش لە هەڵکۆڵینی مەسافەو 
			لەیەک دوور کردن و 
			کەرت کردنمان دایە....  
			کەوڵی ئەو رۆژانەی لە گرووانی ، 
			جەستەی شەکەتم ، 
			زامی جێماوەیەکی دیکە بۆ من ، 
			بە جێ دێلن... 
			زەمەنی ساتە نابووتەکانی رابردووم ، 
			یەکەیەکە لە دەفتەری رۆژانی عومرێکی ، 
			بە پاییز بوو... 
			خۆیان نوێ ئەکەنەوەو 
			بە بێ ماچێکی لێکدابڕان ، 
			ئەڕۆن وشۆڕ ئەبنەوە... 
			من لە سەمای ئەو رۆژانەی ، 
			باران لە حەشری تەڕ کردنم ، 
			چەترێکی ئارام بوو ، 
			جەستەمیان دائەپۆشی... 
			بە سەفای بەزمی سەرخۆش بوون و 
			سەرگەردان بە دوای ساتێک ئاسوودەیی.. 
			باکم بە هەل لەرزین وتەڕ بوون نەبوو.. 
			هەوەسم بەو داشۆرینە ، 
			زیاترو بەگوڕتر ئەبوو.... 
			بۆ ئەوەی تاوێک لە بن لێزمەی ئەو تۆفانەی ، 
			لە پاکبوونەوەی رۆحدا ، 
			گوناهەکانمان یەکە یەکە ببینم ، 
			کە لە بن رژانی تنۆکە بارانەکان ، 
			خاوێن ئەبنەوەو 
			شۆڕ ئەبنەوەو 
			لێم ئەبنەوەو 
			ئەکەونە ژێر پێم... 
			دوا قومی بنی پێکەکەم ، 
			کە خۆشترین قومە ، 
			بە داخەوە کە دەستم لێ بەر نابێت ، 
			نازانم چۆن دڵێک، لە دەستی دێت ، 
			دەست لە دڵ و 
			لەو قومە تەڕەی ماچێک ، 
			بەردات.... 
			ئەو قومە بانگم ئەکات و 
			منیش وەکو ئاشق ومەعشوق ، 
			بە هەڵقورانێکی بە پەلە.. 
			لێوم بە لێوی پێکەکە ، 
			ئەئالێنم و 
			لە پڕێک وبە فڕێک ئەو و  
			خۆشم بەو ریتمەی فڕ کردنە ، 
			تەواو ئەکەم.. 
			ئەی پێکە بەتاڵەکەی بەر دەستم ، 
			بە تاڵی تۆ تاڵی تەمەنم ، 
			بەتاڵ ئەکەم... 
			ئەمڕۆکە شەرابی کۆنینەی ، 
			رۆحی منیش ، 
			لە تەواو بوون و 
			رژان وزەمەنی خۆبەتاڵ کردنە ، 
			لە دوا پێکی هەڵداندا ، 
			بە گیانەڵایەک خۆی فڕ ئەکات.... 
			ئای لەو زەمەنە سەرشێتانەی ، 
			زۆر لەیەکتر ئەچن ، 
			دڵێک لەو ئامێزە گەرمەو 
			لەو دڵە بەرزە بەرئەبێتەوە ، 
			بەو دابارینەی تەمەن وزەمەنەش ، 
			هێشتا ئاسوودەیەو 
			گوناهی جوانەمەرگ بوونی لە خەندەی لێوێکدا ، 
			ئەبینێتەوە.. 
			دلێکیش لە لێکترازانی رایەڵەی ، 
			پێکەوە لکانی ، 
			لەگەل ئامێزێکدا.. 
			مەرگ بە چاوی خۆی ئەبینێ و 
			ئەتوێتەوە... 
			دوا تنۆکی داچۆڕاوی ، 
			دیوی دەرەوەی پێکی شەرابەکەش ، 
			بە دەم دوا ماڵئاوایی و 
			بە دەستلەملانێی تنۆکە ئارەقاویەکانی ، 
			سەر گلاسەکە ، 
			تێکەڵاوی یەکتر ئەبن و 
			بە دەست تێک ئاڵان و 
			لە بۆتەی ئاوێزانی یەکتردا ، 
			ئەبورێنەوە... 
			بەختیاریشن لەوەی بە تەنیا نین و 
			بەیەکەوە سەر ئەنێنەوە... 
			بەڵام من بە هەرای ئەو دەست لێکبەردانە ، 
			لە سەر ترۆپکی شاخێک ، 
			لە فڕینی خەونەکاندا ، 
			بەرەو بنار شۆڕ ئەبمەوەو 
			دائەخزێم... 
			لە کۆشکێکی شاهانەی زێریندا ، 
			بەرەو فەنا بوون دائەڕوخێم....  
			تاسەو رازە باڵا گرتووەکانم ، 
			لە باڵا ئەکەون و 
			هەموو زەمەن وچرپەیەکی گەرمی تەمەنم ، 
			دائەرمێنن.... 
			لەو مەملەکەتەی پڕ غوربەتەدا ، 
			جگە لە غوربەت وغرورێک ، 
			مەملەکەتێکی دیکەی مەغروریی ، 
			ئامێزم لۆ ناهێنن.. 
			ئەوەی لە ئارەقەی دامێنی ئەو پێکەدا ، 
			ئەچۆڕێتەوە ، 
			تنۆکێکی ئاسایی نیە ، 
			خوێنی چاوی ئەو شەرابەیە ، 
			کە بەدەست لێک بەردانێک ، 
			زیکری هیستریای خۆی ئەگێڕێ و 
			شین وشێتی دایئەگرێ... 
			شەپۆڵی ئاوی ئەو خاکە تەڕەش ، 
			بارانێکی ئاسایی نیە ، 
			فرمێسکی حەسرەتە کەسک وسۆرەکانی ، 
			چاوی ئەو ئاسمانەیە ، 
			کە لە لەیەکدابڕان و 
			دووری ودوورەوڵات بوونی ، 
			ئەو دلۆپە بارانەی ، 
			دەستی لە دەستیان بەربووەو 
			جارێکی تر بەرەو یەکترو 
			یەکتر نابیننەوە.... 
			ئەدی من.... 
			ئەی بارانە سەراسیمەو سەرشێتەکە... 
			هۆ پێکە شەرابە تاڵ وسەرخۆشەکە... 
			لەگەل مەرگی هەر تنۆکێک شەراب و 
			رێژنەی ژانی دابارینی ئەو بارانەدا ، 
			خشپەی پێچانەوەی لاپەڕەیەک ، 
			لە دەفتەری عومرم ، 
			دەست پێ ئەکات و 
			حەیرانی چ بەزمێکی خەڵوەتی ، 
			شێزۆفریناو 
			فەزای کامە هەوەسی ، 
			سەرمەستی ئەو ساتە دەست لێک بەردانەم ، 
			کە رۆح لەگەل جەستەدا ، 
			لێک ئەبنەوەو 
			خۆیان نوێ ناکەنەوە... 
			چ لاوەنەوەیەک هەیە ، 
			لەو وەختە بێتە هانام و 
			رۆحم بە تەپڵی ئاسوودەییەک هەڵپەڕێنێ... 
			جەستەشم بخاتە جۆلانەیەک و 
			بە چاولێکنانێکی ئەبەدی ، 
			لە بڕی قورگی خنکاوم ، 
			دەنگ هەڵبڕێ... 
			لە بڕی ناوەوەشم ، 
			ئەو کەسەرە رەشەی ، 
			هەناوم لە بن دەربکاو 
			بارانێکم بۆ هەڵبکاو 
			پێکە شەرابێکم بۆ دانێ و 
			خەمی ئەوجارەشم بە با بکات... 
			بەڵام خۆشبەختیشم لە خەمی ئەوجارەدا ، 
			بە تەنیا نیم باران وشەرابم ، 
			لەو حەشرەدا هاودەمن ، 
			هاودەم.... 
			هاودەم.... 
			
			هۆلەندا 
			
			
			ماڵپهڕی 
			شوان عوسمان  
			
			  
			
			  
			
			  
			 |