په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٨\٢٠٢٦

   تخووبەکانی ئاژاوە.

سۆران محەمەد

ڕێ چۆڵ کەن واوە هات
پاش مەرگی
سێبەرێکی درێژ
حەوت ڕۆحە
لە شەودا باڵای هێندەی چنار
لە ڕۆژدا بنەمۆم
خەریکە نەبینرێ لەنێو شار،
هاتەوە سەرشەقام
کوچەیە، کۆڵانێ نەما کە
سەمای فەرتەنەی تیا نەسازێ
دوێنێ مرد
ئەمڕۆ وا لەپرسەی خۆیا ئاو دەگێڕێ
دەشزانێ
کە دونیا هەر هی ئەو نییە، بە تەنیا
ڕەو مەکە زۆر نزیك گوڵانێ
نەبادا لە ناکاو ببنە دڕك
وەکو خاڵخاڵۆکە
ڕێ بکا ئەسپایی لەسەر دەست
جێ پێکانی بخورێ
کە پەنجەی بۆ دەبەی دەتەوێ هەڵفڕێ
وەكو زەنگەزۆرە دەتگەزێ!.
وتیان گوێ مەدەیە هیچ نییە،
ڕەنگە هەر جۆرێك بێ لە (بایپۆلار)
١
ڕێ چۆڵ کەن بۆ تەپەی جێپێکان
لەدوورڕا خورپەیەك لە دڵدا چێدەکا
سێگۆشە، چوارگۆشەو شەشپاڵو
واوەدێ...
تنۆکێكی بەستوی
قەدپاڵی زستانە
لێواری کەڕەبەرد
دەبینێ چی دەکا کڕێوەی نادەربەست
هیچ ناڵێ
چاوەڕێی بەهاره
دەم ودەستی وەکاو ئازاد بێ
بڕژێتە ڕووباری سەفەری بێ ئۆقره
چی دەکەی؟
بەهەڵە
ڕێت کەوتۆتە ئێرە
ئاوەها بێدەنگ و تروشکاو
لە سەرچڵێ ئەرخەوانی خامۆشی گۆڕستان،
حەشامات خرۆشاو لەمدیو وئەو دیو ڕا
لە نیوەی ڕێگەدا
پێش ئەوەی دەست بەرێ بۆ تەوقە
لەپشتڕا پێکراوێ؟
لەسەر هەر بەردەکێل
حەسرەتێ دۆشداماو بۆ گوتن
تنۆکی شۆڕبووەوەی سەرچڵێ
دەبینێ و هیچ ناڵێ
ڕاستییەکان دڵسوز بوون
حەسرەتێ باوەشی پیا کردن زوو ڕۆشتن
ئاوهایە دڵی ژین ترپەی دێ و
بەبێ خوێن ناجوڵێ
هیچ نییە گەواڵەی بەدفەرە
ئەم هەموو هاتوهاوارە چی؟
شریخەی بروسکه لە ئاسمانی ڕەشا دەبیسترێ
هەر پنتێکی گرگن سەوزەبێ
بەدەوریا کۆمەڵێ دڕکەزی دەسوڕێ
ئاوهایە حیکمەتی ئاژاوە
تا بڵێن ئەو نەبێ دارستان
وشك ئەبێ
دەریکەن لە لەشی درەختا ئەو تەنە ناقۆڵا
تەوقی سەر تا نووکی پەنجەکان
تەزووەکەی گەرمیەکا،
قوڕقوراگەی خنکاو
تژی لە خۆراکی بۆگەنیی
ئیدی هەر ئاوهاشە ناقوسی ئۆقیانووس
ملکەچی هەر ئەوەن بۆی گونجان، کە دەیکەن
دەزانێ کە دەمرێ ئەگەر پێوەی بدا
هەر دەیکا
دەزانێ کە پووچە بەرسڤی بایەلۆژ
هەر دەیکا
وتیان (ئۆکسی تۆسین)
٢
تەنیا تۆی لەسەرڕێ ڕاوەستاو
بێ چرپە دەبینی
ئەی دڵۆپی بەستوی نێو شەختە،
ئاونگی ڕوونی سەر
چرپەی لێوی سەحەر
لەم جنونی حەشرە
پێخاوس
ژیلەمۆ،
ڕێگاوبان
چۆڵ و هۆڵ
شوێنپێکان نەخشەن و
بەگشت ئاراستەیەك بێ پەروا،
كێ هەیە سەردەرکا
لە کەشی بولێڵی پڕ فەوزا؟
لە جوگرافیای تەوێڵ
لە هێڵە خواروخێچەکانی
ناولەپی هەردەوێڵ!
دۆشداماو
بێچارە
ڕێ چۆڵه، شوێنپێکان
سێگۆشە، چوارگۆشەو شەشپاڵو
واوەدێن....
پەرکەمی سەرکورسی
مەزارگەی ژوورەکان
لە باکوورو باشوور
لە کوێدا دەپرسی؟
دوودڵۆپ خوناڤی سەرچڵی
زەیتونی نیمچە تەڕ
ڕەشبەڵەك، پرسەیە؟
واقوڕماو
ماسییەك بێ ئۆقرە-
دوورە دەست بەجێماو
لە چەمی گورگەوەڕ،
هێشتاکو
چی ماوە نەیبینی
پانێڵی ڕەستاخێز؟
کەنینێ پڕ گریان؟
دووبارەو دەبارە
بەشوێنی ئەم خەونە
کەوناراوە عەوداڵ
تەفسیرێ شك نابەی
بۆ فڕینی بێ باڵ
لەم جنونی حەشرە
لەم هەموو فشارە لولەکییە ناوبۆشە
بەکام لا، ڕێ دەکەی؟
لەسەر کامە نەخشە ؟
جوگرافیای شاعیران
وێرانە خاکێكە پڕ كێشە.
چوارچێوەی هزرەکان
لاتەریك و بێ ماڵ
لەدوی خۆت دەگەڕێی
شار و کێوان عەوداڵ...
_________________________________________
١- Bipolar: دوو جەمسەریی.

٢- Oxitocin: هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک