٨\٧\٢٠١٢
تیاترۆخانە.

تەیب هۆشیار
زۆر بە پەلە، غەمبار و کەیوان هەڵدەهاتن!
بەردەوام لەم دوکان بۆ ئەو دوکان بە زمانی ئەڵمانی و بە زمانی ئینگلیزی
هەواڵی شوێنێکیان دەپرسی کە جگەرە بفرۆشێ، بەڵام لە هەموو شوێنێک
نائومێد دەبوون. بۆ ئەم شارە وەک قاقڕستانی لێهاتووە؟ یەعنی هەموو شاری
هامبوورگ لە خەودایە؟! چ قەوماوە، چی روویداوە؟ غەمبار نەشارەزا و
کەیوان شارەزا! بەڵام وا دیارە کەیوان، ئەم بەشەی هامبوورگ نەگەڕاوە...
لە کۆڵانێک گڵۆپێک کز دەسووتا، بە ئومێدی پەیداکردنی جگەرە روویان لە
گڵۆپەکە کرد، هەرچی نزیک دەبوونەوە، گڵۆپ کەم تین تر دەبوو، هەستت
دەکرد گڵۆپ دەست خراوەتە بینی، لە بەردەم دووکانەکەدا چەند کچ!
هەموویان رەشپێست بوون، غەمبار بە زمانە چەوتەکەی خۆی پرسیارە دەکا و
دەڵێ:
- لەم دووکانە جگەرە دەست دەکەوێ.
- "بەڵێ" لێرە هەموو شتێک دەست دەکەوێ، تانەنت مرۆڤیش.
غەمبار گەش دەبێتەوە و چاوی حیز دەکا! ئاوەڕ
لە منی نووسەر دەداتەوە و بە دەنگی بەرز دەبۆڕێنێ:
- دە گوو بخۆ سەخیف، کوا من چاوم حیز کردوە؟
- ئەوە نییە دەیبینم چاوت حیز کردوە بۆ ئەو ژنە؟
- نە، تۆ بۆ لە خۆڕا لە پێش چاوی خوێنەر سووکم دەکەی؟
- جا بۆ کاکە قورس بوون چییە؟ تا قورس بی یا سووک؟
غەمبار خۆی تێکدەدا و خۆی بە دووکانەکە دەکا، لە کچێک کە فرۆشیارە
دەپرسێ:
- جگەرەتان هەیە؟
- بەڵێ.
- تکایە پاکەتێک ماربرۆم بدەرێ.
- فەرموو، لە کوێ را هاتووی؟
- قەرەجم، وڵاتم نییە.
کچەکە بزەیەک دەکا. غەمبار دیسان بە تووڕەیی روو لە من دەکا و دەڵێ:
- هەتیو کوا من گوتم قەرەجم؟
- باشە کاکە تۆ وات نەگوت بەڵام من حەز دەکەم وا بنووسم بە زمانی
تۆەوە.
- ئاخر ئەوە مافی تۆ نییە بە ناوی منەوە دەست بکەی بە درۆکردن.
- باشە کاک غەمبار خۆت تێک مەدە.
غەمبار روو لە کچەکە دەکا و بە هێواشیی دەڵێ دەتوانین لێرە پشوویەک
بدەین؟
- بەڵێ ئێرە بۆ زاخاوی مێشک دروست کراوە...! دەتوانن لە سەر مێزی ئەو
ژنانە پشوویەک بدەن و دڵ و دەروون ساف بکەن!
غەمبار روو لە مێزەکە دەکا و کەیوان دوای دەکەوێ.
- دەتوانین لێرە دابنیشین؟
- فەرموو، دەتوانن بە خۆشحاڵییەوە.
کچێک لە کچەکان پشتی لە غەمبارە. کە هەستی کرد غەمبار لە تەنیشتی
دانیشت، ئاوەڕی دایەوە، (پیاو بۆ ئەوە نابێ کە پشتی لێ بکەین).
دەموچاوی کچەکە بە تەواوی تێکچووە، کلوکۆی دامرکاوە! غەمبار ئاوڕ بە
لای کەیواندا دەداتەوە، بێزی لێ دەکردەوە. کچەکە دەست دەخاتە سەرشانی
غەمبار و دەڵێ:
- ئەخلاق لە منەوە فێر بە کە ئەزموونی
هەزاران پیاوی بەڕێزم لە سینەدایە!
غەمبار تووڕە بووە و مۆڕەیەک لە من دەکا و دەڵێ:
- بۆ درۆ دەکەی، قۆشمە.. ئەو قسە قسەی خۆت بوو، نە هی ئەو کچە، بۆ
خەریکی لە پێش چاوی من و کەیوان درۆ دەکەی؟
- غەمبار گیان من نووسەرم ،بە ئارەزووی خۆم ئەسپی خۆم تاو دەدەم، بە
سەر خوێنەریشدا دەیسەپێنم کە چۆن بیر کاتەوە!
غەمبار ئاوەڕ لە کچەکە دەداتەوە؛ کچەکە بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکا
بەڵام غەمبار تێنگا، کەیوان خۆی هەڵدەداتە ناو قسەکان و بە زمانی
ئەڵمانی دەڵێ:
- ئەو کوڕە ئەڵمانی نازانێ، لەگەڵ من قسە
بکە، کەیوان چاوەکانی بریسکەی دێ!
کچەکە دەڵێ:
- لە من بێز دەکەیتەوە، وەرە با رابردووی خۆمت پێ نیشان بدەم. (دەست
بە نێو جانتاکەیدا دەکات و وێنەی خۆی دەردەهێنێ)، نموونەی جوانی...
کەیوان کە لە مێژە لە سێکس دوور بووە، دەستی بۆ وێنەکە درێژدەکا. کچەکە
وێنەکە ناداتە دەستی و دەڵێ:
- ئەم وێنە تەنیا وێنەی منە،کە گرێم
دەداتەوە بە رابردوو، داوای لێبوردن دەکەم، دەتوانی بە دەستی خۆمەوە
سەیری بکەی.
کەیوان زیاتر تامەزۆر دەبێ و دەڕوا لە کورسی پەنای دادەنێشێ. دەست
دەخاتە سەرشان و ملی کچەکە، درێژە بە قسەکانی خۆیان دەدەن، ئەوە
پەیوەندیی بە چیرۆکەکەوە نییە، چوون حەز ناکەم ئابڕووی خۆم لای خوێنەر
هەڵماڵم...! لانی کەم ئابڕووی کەیوان...
غەمبار و کەیوان و کچەکە لەبەر دەرگاکە خەریکی چەلەحانێیەکی قورسن، وا
بزانم باس باسی پارەیە! کچەکە داوای سەد یۆرۆ دەکا! کەیوان مژ لە
جگەرەکەی دەدا و دەڵێ:
- زۆرە. (ئاوڕ دەداتەوە و روو لە غەمبار
دەکا و دەڵێ):
- سەیری ناکەی، بە دەموچاوی سووتاوەوە،چەند
نرخی بەرزە!
غەمبار دەڵێ:
- پارەی رابردووی خۆی وەردەگرێ.
کەیوان دەڵێ:
- من لە ئێستەدا دەژیم.
منی نووسەر بڵێم چی؟ با خوێنەر بڕیار بدا؟
tayyeb.hoshyar@yahoo.com
|