٤\١١\٢٠١٠
تیۆرى توندوتیژیی
رەمزیی لاى پیێر بۆردیۆ.

عەبدلموتەڵیب عەبدوڵا
چەمکى توندوتیژیی وەک مەسەلەیەکى مێژوویى بەو هێزەوە بەندە کە لە
سرووشت، یان خواوەندەوەیە، وشەى (violence)
لە وشەى لاتینى (violentia) وەرگیراوە و
ماناى توندوتیژیی دەگەیەنێت. وشەى ناوبراو لە فۆڕمە فیزیکیەکەیەوە لە
وشەى (vis) هەڵێنجراوە و تەعبیر لە هێز
دەکات. ئەو مانایەش لە زۆربەى فەرهەنگە جۆراوجۆرەکانى زمان بە ئەسڵى
وشەى یەکەمەوە بەندە، وەک فەرهەنگى (لاروس Larousse)
ئەو فەرهەنگە توندوتیژیی وەک خەسڵەتێک بۆ هەموو ئەو کارانەى کە بەهێز و
تووندیى پەرگیر ِو دڕندەییەوە بەندە دەخاتە روو، بە خەسڵەتێکى
دوژمنکارانەى دادەنێت، خەسڵەتێک کە تەعبیر لەوپەڕى تووندى دەکات و بە
زاراوەو رەفتاردا گوزەر دەکات و لە بەکارهێنانى هێزدا رەنگدەداتەوە.
مەوسوعەى (Universalis) فەرهەنگى،
توندوتیژیی لە کردەیەکى دیاریکراودا دەیبینێ کردەیەک چ وەک قسە یان
کردار، کە لەلایەن تاکێک لە بەرانبەر تاکێکى دیکە، یان چەند تاکێک و
لایەنێک لە بەرانبەر چەند تاکێک و لایەنێکى دیکە پرۆسیسەى دەکەن... ئەو
کردە تووندە خۆى لە هێزدا هەڵدەگرێتەوە جا چ فیزیکى بێ، یان رەمزیی.
توندوتیژیی رەمزیی.
توندوتیژیی رەمزیی لاى (بۆردیۆ) تووندوتیژییەکى لەسەرەخۆى رازیکەر و
شاراوە و نەبینراوە، خۆى وەک رێکخستنێک لە دەرککردنى رەوا و چێژى
هونەرى و بنچینەکانى ئەدەب هەڵدەگرێتەوە... بۆردیۆ ئەو پێناسەیە وەک
ئەزموونێکى خودى و ژانوژوارى تاک نیشان نادات، بەڵکو وەک کۆمەڵێک
دیاردەى سیاسى بەرجەستەى دەکات، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بایەخى
توندوتیژیی رەمزیی سەرنجمان بۆ خۆى رادەکێشێ، لە شێوەکانى توندوتیژیی
رەمزیی بۆ نموونە: گوتارى دژ بە بێگانە و رەگەزپەرستى و لووتبەرزى
ئەرستۆکراتى، ئایدیۆلۆژییەتى شەعبى هەڵبژاردە، یان چینى حاکم،
هەژموونگەرایى نێرانە....
پێناسەى توندوتیژیی رەمزیی.
بۆردیۆ لە بارەى توندوتیژیی رەمزیی وەک تووندوتیژییەکى نا فیزیکى قسە
دەکات و پێیوایە هەر لە بنەڕەتەوە دەشێ ئەو تووندوتیژییە لە رێگەى
پەروەردە و فێرکردنى مەعریفە و ئایدیۆلۆژییەوە پرۆسیسە بکرێ، ئەو
تووندوتیژییە شێوەیەکى نەرم وەردەگرێ و هەستى پێناکرێ، وەک چۆن بە
نسبەت قوربانییەکانیش بە نەبینراوى دەمێنێتەوە. بۆردیۆ رەخنە لە فیکرى
مارکسى دەگرێ چونکە بەڕاى بۆردیۆ فیکرى مارکسى بایەخى بە شێوە
جۆراوجۆرەکانى توندوتیژیی رەمزیی نەداوە و زێتر شێوەکانى توندوتیژیی
مادى و ئابورى بە هەند هەڵدەگرێ. چونکە بۆردیۆ پێیوایە توندوتیژیی
رەمزیی بە شێوە جۆراوجۆرەکانییەوە کاریگەرى لە بوارى ئابوریشدا هەیە.
وەک دەزانین توندوتیژیی رەمزیی لەسەر دوو بکەرى کۆمەڵایەتى و بە
رەزامەندییەوە پرۆسیسە دەکرێ، بۆیە ئەو تووندوتیژییە دانپێنەنراوە و
هەر تەنها وەک مەسەلەیەکى بەڵگەنەویست تەماشا دەکرێ و دەکەوێتە نێو
هۆیەکانى پەروەردە و نماکردنە کۆمەڵایەتى و شێوەکانى پەیوەندیکردنى نێو
کۆمەڵگەوە. لەو روانگەیەوە دەشێ وەک بۆردیۆ لەو بنەڕەتە حەقیقییە بگەین
کە دەسەڵاتى سیاسى یان هێزى زاڵ بۆ دەستبەسەراگرتن و هەژموون
درووستکردن پشتى پێدەبەستێ، هەڵبەتە پشت بەستن بەو میکانیزمەى کە لە
میانى توندوتیژیی رەمزییەوە خۆى هەڵدەگرێتەوە بە ئاسانترین شێوە
پراکتیزە دەکرێ، بە تایبەتى وەک دەزانین هەمیشە هاوگونجانێک لەنێوان
بونیادە بابەتگەرایە باوەکان و ئەو بونیادە عەقڵییانەوە هەیە کە لە
ئاستى فیکردا بەدەست دێت.
بەمجۆرە دەبینین توندوتیژیی دوو شێوەى سەرەکى هەیە، یەکەم توندوتیژیی
مادى، بە دیاردە جۆراوجۆرەکانى. دووەم توندوتیژیی رەمزیی کە بۆردیۆ لە
میانى هەندێ هۆکار و بوارى چالاکییەکاندا روونى دەکاتەوە و پێیوایە
دەوڵەت و دەسەڵاتى سیاسى بۆ کۆنترۆڵکردن و هەژموونگەرایى پشتى
پێدەبەستێ. بەو مانایەش مەحاڵە قسە لە کۆمەڵگەیەکى مرۆیى بکەین، کە
خاڵى بێ لە توندوتیژیی ئەوەش دیاردەیەکە لە دیاردەکانى مێژووى کۆمەڵگەى
مرۆیى.
توندوتیژیی رەمزیی دامەزراوە فێرکارییەکان.
توندوتیژیی رەمزیی لە نمایانکردن و پێناسەکردنى بە دەوڵەتەوە واتاى ئەو
پاڵەپەستۆ، یان سەپاندن یان کاریگەرییە کە دەوڵەت بە شێوەى فەرمانى
ناڕاستەوخۆ بەسەر تاکەکان و گروپەکانیدا پرۆسیسەى دەکات. ئەوەش زۆر بە
جوانى لە پەروەردە و فێرکردن بەرجەستەیە، بەو مانایەش دەشێ بڵێین
سیستەمى خوێندن تەعبیر لە بیروباوەڕە بەڵگەنەویستەکانى سیستەمى سیاسى
دەکات. یان خستنە نێوەوەى پەیوەندى دەسەڵاتە بۆ نێو دەروونى تاکەکان،
وەک ئەوەى هەر لە بنەڕەتەوە ئەو پەیوەندییە پەیوەندییەکى سرووشتى نێوان
ئەو دوو لایەنە بێت.
هەڵبەتە بۆردیۆ بەردەوام دژى سیستەمى پەروەردەو فێرکردن و میتۆدى
خوێندن دەبێتەوە. بەپێى بیروباوەڕى ئەو ئیتر دەوڵەت با واز لە فێرکردنى
فێرکردن و راهێنانى خەڵک بۆ بەدەستهێنانى زانیارى و مەعریفە بهێنێ.
قوتابخانە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا وەک یەکێک لە دامەزراوە بنەڕەتییەکانى
کۆمەڵگەى مەدەنى خۆى دەنوێنێ، کە بەردەوام لە ناوکۆییەکى تەواو گشتگیر
لە کۆمەڵگەدا بەپێى رێسایەکى دیاریکراو خۆى رێکدەخاتەوە و تایبەتمەندى
قوتابخانەش بەشێوە مێژووییەکەى دەکەوێتە کایەى پرۆسیسەکردن و فێرکارى و
رۆشنبیرییەوە، بەمجۆرە قوتابخانە لە بوارى نماکردنى کۆمەڵایەتى و
رۆشنبیریى لەگەڵ دامەزراوى خێزان کارفرماى خۆى بە ئەنجام دەگەیەنێت.
کەواتە قوتابخانە لە کۆمەڵگەى مرۆییدا شێوەیەکە لە شێوەکانى دەوڵەت و
وەک ئەلتەرناتیفى خێزان خۆى رادەگەیەنێت. بەو مانایەش فوتابخانە لە
بوارى کردەى فێرکارییەوە یەکێکە لە پیداویستییە ئایدیۆلۆژییەکانى
دەوڵەت. مارکس دەڵێت: فیکرە باوەکان فیکرى چینە باوەکانە، هەر ئەوانیشن
کە هەژموونیان هەیە. ئەو خەسڵەتە باو و ستەمگەرانەى کە دەست بەسەر
دامەزراوە فێرکارییەکاندا دەگرن، ئەو خەسڵەتە ستەمگەرایەیە کە لە
سیستەمى فێرکارى تەقلیدى ماوەتەوە و بورژوازییەت لەدواى سەربەخۆبوونى
درێژەى پێدەدات. بەمجۆرە سیستەمى پەروەردە و فێرکردن لەسەر ئاستى
مۆبیلیزەکردن و ئاراستەکردندا وەک پاشکۆى سێنتەرى کۆلۆنى بە پارچە
پارچەیى ماوەتەوە، بەدیوەکەى دیکەش چینى دەسەڵاتدار بەشێوەیەکى
بەرفرەوان بۆ بەدەستهێنانى ئەو ریکوپێکییە بەردەوام لەرێگەى ئەو
دامەزراوەوە دەسەڵاتى خۆى درێژ دەکاتەوەو هەر لەوێشەوە سانسۆرى خۆى
پیادە دەکات.
کەواتە ئەمڕۆ قوتابخانە رۆڵێکى بنەڕەتى لە دووبارە بەرهەمهێنانى
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە باوەکانى نێو کۆمەڵگە دەگێڕێ، لە رێگەى
هەژموون و هێزى دەوڵەت و دەسەڵاتەوە و ئەوەش هەمیشە شێوەى رازیکردن و
قبوڵکردن لەخۆ دەگرێ وەک (گرامشى) دەڵێ. یان لە رێگەى توندوتیژیی و
زۆرلێکردن بەشێوە رەمزییەکەیەوە، وەک بۆردیۆ قسەى لێدەکات.
توندوتیژیی و جیاکاریی.
هەموو تووندوتیژییەکى دژ بە ئافرەت وەک پێویست جۆرێکە لە جیاکارى. وەک
دەزانین لە بنەڕەتدا ئەو جیاکارییە دەلالەت لە رەگەز دەکات، یان ئەو
تووندوتیژیەیە دەگەیەنێت کە رەگەزى نێر بەرانبەر بە رەگەزى مێ پیادەى
دەکات. کەواتە ئافرەت لەبەر ئەوەى وەک رەگەز جیا دەکەوێتەوە و جۆرێکى
دیکەى تایبەتە، بۆیە ئەوى دیکەى نێر وەک سەرچاوەى فیتنە سەیرى دەکات.
کەواتە لە نێوان جیاکارى و توندوتیژیی پەیوەندییەکى بنەڕەتى هەیە، ئەو
پەیوەندییەش خۆى لەو خاڵانەى خوارەوەدا دەدۆزێتەوە:
- کردەى توندوتیژیی دژ بە ژنان وەک جیاکارییەک خۆى لە بێنرخکردنى
ژناندا دەبینێتەوە.
- هەموو جیاکارییەک بەرەو توندوتیژیی دەچێ... پرنسیبى ملکەچبوونى ژن بۆ
مێردەکەى دەرفەتێکى بەرفرەوان بۆ پیاو دەکاتەوە تاکو لەوێدا بەشێوەیەک
لە شێوەکان ئازار بە ژنەکەى بگەیەنێت، ئەو ئازاردان و تووندوتیژییەش لە
بوارى یاساى تاوان بە تایبەتى لە سیستەمە باوکسالارییەکاندا دەکەوێتە
میانى "تاوانى شەرەف"ەوە، ئەوەش وەک بەڵگەیەک بۆ توندوتیژیی دژ بە
ئافرەتان و هاندانى پیاوان بۆ نواندنى توندوتیژیی دژ بە رەگەزى مێبنە
خۆى دەنوێنێ.
- توندوتیژیی دەبێتە پشت و پەناى جیاکارى، زۆربەى پیاوان ئەو
تووندوتیژییە جەستەییە وەک ئامرازێکى تەقلیدى و شێوازێک لە شێوازەکانى
تەمێکردنى ژنان بەکار دەهێنن.
توندوتیژیی رەمزیی تەلەفزیۆن.
هەڵبەتە ئەمڕۆ تلغزیۆن رۆڵێکى بنەڕەتى گرنگ لە ژیانى رۆژانەماندا
دەگێڕێ، ئەویش لە رێگەى بەدواداچوونى رۆژانە و سەیرکردنى بەرنامەکان و
هەواڵ و یان بە مانایەکى دیکە تەماشاکردنى بەپێى ئارەزوو... بۆیە ئەو
ئامێرە بە "میوانى ناچارى" ناو دەبرێت. بێگومان زیادەڕۆى نییە ئەگەر
بڵێین تەلەفزیۆن بەشدارییەکى ئەکتیفانەى راستەوخۆ و ناراستەوخۆى لە
پەروەردەکردن و ئاراستەکردن و دوارۆژى منداڵەکانماندا هەیە، لەلایەکى
دیکەش دەشێ ئاماژە بە زنجیرەیەک میکانیزم بکەین، کە دەیسەلمێنن
تەلەفزیۆن دەستى لە جۆرێک لە جۆرەکانى توندوتیژیی رەمزیی ئازار بەخش و
خراپەکاردا دەبینێ، یەکێک لەو دیاردانەى ئەو تووندوتیژییە رەمزییەى کە
تەلەفزیۆن رۆڵى تێدا دەبینێ ئەوەیە کە کاتەکان بە کۆمەڵێک شت پڕ
دەکاتەوە، کە نە هیچ بایەخێکیان هەیە و نە هیچ سوودێک و نە وەک
پێداویستییەکى ژیانیش تەماشا دەکرێن، بەڵکو هەموو هەر تەنها کاتێکى
بەنرخى ئێمە بە شتى بێ نرخ ئیستهلاک دەکەن، بەو مانایەش تەلەفزیۆن
دەستى لە وێرانکردنى ئاگایى و هوشیاریدا هەیە و لە هەمان کاتیشدا
ئاگاییەکى درۆزنانەمان پێدەبەخشێ، یان کۆمەڵێک زانیارى لە ژێر پەرەدەى
یارییەک دەشارێتەوە، کە بە "یارى شاردنەوە بە هۆى نمایشکردن" ناو
دەبرێت.
هەندێجار کۆمەڵێک شت لە تەلەفزیۆن دەبینین بەڵام ئەو شتانە هیچ روون
نین، یان بە شێوەیەک نمایان دەکرێن کە هەست بە شاردنەوە و پەناکردن و
پێچاوپێچییان دەکرێ، هەڵبەتە هەموو ئەو مەسەلانە لە رێگەى وشەى گەورە و
وێنەى سەرنج راکێشدا، وێنە و وشەیەک کە بشێ زۆرترین سەرنجى خەڵک بۆ خۆى
رابکێشێ، بەمجۆرە وشە و وێنە هەژموونى خۆى بەسەر بینەردا دەسەپێنێ، هیچ
وێنە و وشەیەک نییە بەبێ بەکارهێنانى جولە بتوانێ راڤەو لێکدانەوەى
پێویست و خوێندنەوەى پێویست هەڵگرێ، کەواتە تەلەفزیۆن هەمیشە بە
جولەکانى بەرەو خۆى کێشمان دەکات.
بۆردیۆ پێیوایە تەلەفزیۆن ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنى رەمزیی. ئەوەش وەک
دەزانین بەپێى ئاستى رۆشنبیریى لە سەیرکەرێکەوە بۆ سەیرکەرێکى دیکە
دەگۆڕێ... بەڵام ئایا دەشێ وەک ئامرێکى دیموکراسى راستەوخۆ هێزێک بێ بۆ
سەربەخۆیى و هەر لەوێشەوە ئاستى مەعریفەى زانستى بینەران بەرز بکاتەوە؟
بێگومان هەموو ئەو مەسەلانە راستەوخۆ پەیوەندى بەو دیوو بینینەوە هەیە،
واتە دەکەوێتە پشت تەلەفزیۆنەوە و پێویستى بە بەرنامە داڕشتن و کەسانى
پسپۆر و شارەزاى بوارە جیا جیاکانى کایەکانى مەعریفە و رۆشنبیرییەوە
هەیە، بە مانایەکى دیکە دەکەوێتە دووتوێى ئەو سیستەمە رەمزییە
نەبینراوەى کە تەلەفزیۆن لە رێگەیەوە دەجولێتەوە، دەبێتە بینین بۆ
بینەران. کەواتە ئەوەى لە پشت تەلەفزیۆن راستەوخۆ ئامادەیى دەنوێنێ ئەو
بیروباوەڕ و شێواز و نۆرمەیە کە دەسەڵاتەکان هەر یەک بەپێى
جیاوازییەکانى خۆى پراکتیزەى دەکات، بەو مانایەش دەشێ بڵێین لە پشت
تەلەفزیۆن سیستەمى سیاسى و کۆمەڵایەتى رۆڵى سەرەکى پیادە دەکات. لێرەوە
دەگەینە ئەوەى کە تەلەفزیۆن هەر تەنها ئامرێک نییە بۆ تۆمارکردنى
واقیع، تەلەفزیۆن هەر تەنها ئامرێک نییە بۆ نیشاندانى حەقیقەت و
درووستکردنى حەقیقەت و تەحەکومکردنى مەسەلە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکان،
هەر تەنها ئامرێک نییە بۆ گەیاندنى بیرکردنەوەى خێرا و خۆراکى
رۆشنبیریى خێرا... بەڵکو لە زۆربەى کاتەکاندا دەسەڵاتى سیاسى ئەو
ئامێرە بۆ بەرژەوەندییە سیاسى و ئایدیۆلۆژییەکانى خۆى بەکارى دەهێنێ و
هەمیشە لە رێگەى ئەو ئامێرەوە جوانییەکان و بەخششەکانى خۆى بە چەندان
رەنگ و دەنگى جیاواز نیشان دەداتەوە و ئەگەر پێویستیش بکات راستییەکان
بە شێوەیەک دەشێوێنى کە زۆرانێک بە هەڵە بڵێین راستى و بە راستى بڵێن
هەڵە، تەلەفزیۆن لە زۆربەى کاتەکاندا پرۆژەى ئەو هێزە زاڵەیە کە دەستى
بەسەر کۆى کەناڵەکانى ژیاندا گرتووەو بە ئارەزووى خۆى خەڵکى ئاڕاستە
دەکات و بە ئارەزووى خۆى رایدەهێنێ.
بۆردیۆ لە کتێبى (تەلەفزیۆن، میکانیزمێک بۆ گەمەکردن بە عەقڵ) دەڵێ:
یەکێک لەو کێشە گەورانەى کە تەلەفزیۆن دەیخاتە روو، پەیوەندى نێوان
بیرکردنەوە و خێراییە. ئەو دەپرسێ ئایا دەشێ لە هەڵپەکردندا بیر
بکەینەوە؟ وەک دەبینین لە زۆربەى جاران بەرنامەکانى تەلەفزیۆن داوامان
لێدەکات بە خێرایى بیر بکەینەوە، واتە دەرفەتێک کورتمان پێدەدا بۆ
بیرکردنەوە و وامان لێدەکات لەو ماوە کورتەدا بیر بکەینەوە، بەڵام ئەوە
نەک هەر کوشتنى بیرکردنەوەیە، بەڵکو ستەمێکە لە بیریاران دەکرێ، هەر
لەو رێگەیەشەوە دەیانەوێ بیرکردنەوە و بیرکەرەوە بخەنە نێو
چوارچێوەیەکى دیاریکراوەوە، یان بە مانایەکى دیکە دەیانەوێ
بیرکردنەوەکان بە ئارەزووى خۆیان دەستکارى بکەن و بچووک بکەنەوە.
_______________________________
سەرچاوەکان:
1.
بيار بيرنبوم، معجم علم السياسة والمؤسسات السياسية.
2.
د.
العطري عبد الرحيم العلوم الاجتماعية و التحولات السياسية : في الحاجة
إلى السؤال السوسيولوجي.
3.
علي سالم/ عن جريدة: النهار، الجمعة 8 شباط
2002.
4.
صبحي درويش كاتب سوري عن انترنيت.
5.
شبكة
النبأ المعلوماتية- الثلاثاء 24 نيسان/2007 -7/ربيع الثاني/1428.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|