تۆپبارانکردنی باشووری کوردستان ده‌بێ رابوه‌ستێ.
کۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵکی کوردستان! ئازادیخواز‌و سه‌ربه‌خۆخوازانی جیهان! کۆڕ‌و کۆمه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان!
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکه تۆپخانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران خاکی باشووری کوردستانیان کردۆته ئارمانجی خۆیان و کوێرانه گوند‌و ئاواییه‌کانی ده‌ڤه‌ری بیتوێن و پشده‌ر تۆپباران ده‌که‌ن و زیان به خه‌ڵکی ناوچه‌که ده‌گه‌یه‌نن، به‌وهۆیه‌وه ژماره‌یه‌کی زۆر له دانیشتووانی گونده‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه هه‌ڵاتوون و روویان له شارۆچکه‌کان کردوه. تۆپخانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ژێر هه‌مان بیانۆو پاساو خاکی باشووری کوردستان تۆپباران ده‌کات که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر سوپای تورکیا ئۆپه‌راسیۆنی بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان ئه‌نجام دا‌و به لووت شکاوی گه‌ڕایه‌وه.
تۆپبارانکردنی باشووری کوردستان له‌لایه‌ن تۆپخانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاته له‌گه‌ڵ ئه‌و رهشهکوژیهی که هێزه‌کانی تورکیا و رژێمی سوریا دژ به کورد به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز له کوردستانیان تاڵ ده‌که‌ن و ئاهه‌نگه‌کانیان بۆ شین و پرسه ده‌گۆڕن، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی هاوهه‌نگی له‌نێوان هه‌رسێ حکومه‌تی ئهنکاراو دیمه‌شق و تاران دژ به کوردستانیان خۆ‌یا ده‌کات. له‌م پێوه‌نده‌دا ئێمه وه‌کو چوار لایه‌نی کوردستانی زۆر به توندی تۆپبارانکردنی خاکی باشووری کوردستان له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه ریسوا ده‌که‌ین و ده‌خوازین که ده‌ست به‌جێ تۆپبارانکردن رابوه‌ستێ و هه‌ڕه‌شه‌کان کۆتا بکرێن، هاوکات داوا له گشت مرۆڤدۆستانی جیهانی ده‌که‌ین که به‌رانبه‌ر به‌و تاوانه به‌رده‌وامانه‌ی که دژ به نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ڕێوه ده‌چن بێده‌نگ نه‌بن و ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز بکه‌نه‌وه.
ئێمه دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه که دۆستایه‌تی گه‌لانی ناوچه‌که ئامانجی سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌ی کورده، به‌ڵام پیلانێکی نێوده‌وڵه‌تی گه‌وره بۆ خۆشکردنی شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین له ئارادایه، گه‌له‌کۆمه‌کی له نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌کرێ، ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌که به هۆشیاری و وردبینیه‌وه ره‌فتاری ده‌گه‌ڵدا نه‌که‌ن به زیانی گه‌لانی ناوچه‌که‌و به قازانجی به‌رژه‌وه‌ندخوازان و دیکتاتۆران ته‌واو ده‌بێ.
ئه‌وانه‌ی ئاگری شه‌ڕ خۆش ده‌که‌ن ریسوا‌و شه‌رمه‌زار بن. خه‌باتی سه‌ربه‌خۆخوازانه‌ی گه‌لانی بنده‌ست سه‌رکه‌وتووبێ.
حزبی ڕزگاریی کوردستان پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان ٣ ی نه‌ورۆزی ٢٧٠٨ ی کوردی
|