٨\٤\٢٠١٦
تۆ بڵێی چوارڕیانەکان بژمێردرێن و بزانین
ژمارەیان چەندن.

سەباح
رەنجدەر
من دژی تۆ لە چوار لاوە چاویان لەسەر سێرە بچووک کردووەتەوە مەبەستمە
مرۆڤ ھەمیشە مەستی و مەبەستێکی ھەیە ئەو چوارڕیانە ببڕم و لە چاوی مۆنی
گوللەدا لە خۆم بڕوانم غەریب نەبم بە خۆم خۆشحاڵیی شەھیدنەبوویەک پێی
لە شەقامی قەدەغەکراو دانا چاوی ڕکھەڵگری سەر سێرە تا لێواری تەقین پڕ
ھەڕەشە بوو بچووک بووەوە بچووک تا ژووری گلێنەی پەردەی دادرایەوە کاتێک
پێڵووی ڕقی خاوبووەوە من دەستم بە دڵمەوە گرتبوو ڕەت ببووم ژیان زۆر
درێژ بوو لەناو چوارڕیاندا چاوی ئەو کاتە چەند ڕوون بوو خۆشحاڵیی من
ھۆیەک بوو بۆ ئەوەی ڕوون بێت چاوی ئاوێنەی مەرەکەب پرشنگ لە چاوی بازی
کێوان وەردەگرێت و چلچرای یاد دادەگێرسێت
ئێستا چی دەکات
ڕابردوو چی کرد
ئەرێ دەبێ داھاتوو چی بکات
لە سەرەتای شەوەوەش ئاوێنە کوێر دەبێت بە دوو دەست لک و چڵەکانی ناو
تەمم لادا ڕۆحم بە موورتک و بەڵاڵووکی پەرژینی باخێک ھەڵواسی خۆر
بەسەریەوە پشووی دەدا میوەکانی گەیبوون گوللە لێی دەکشێتەوە و
ھەڵدەبزڕکێت مانگ ئاوا نابێت لەناو ئاودا دەخنکێت کە ھەڵدێ دەیەوێ
لەناو ئاودا بمرێت یان بەلادا بچێت و سروودی شەوی ڕوون بە ئاوازی باو
بچڕێت ئەگەر ئەستێرە سڵاوی لێ وەربگرنەوە ئەوە بێ پەروا لە بێھوودەییدا
دەمرێت ئەگەر سڵاوی لێ وەرنەگرنەوە ناوی ئەو بەردانە لەبەر دەکات کە بۆ
کێل دەتراشێن ماچی دەکەم و بەترسەوە سەیری دەوروبەر ناکەم و شەش جاری
تر ماچی دەکەم ڕوخسارێک ھەمیشە دەمەوێ بیھێنمەوە یاد وەک ڕۆژی ڕووناک
ساکار و ھێمنە سەیرکە دەبینم مانگ دەگۆڕێ مانگ گۆڕانێکی نھێنییە لە
دەروونی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر پاشان سروشت دەبێت
بزانیت جەنگی نھێنی بکەین جەنگی نھێنیی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و
پەلەوەر و زیندەوەر و سروشت
ئاسمان شۆراوە بێنەوای شەوبا ھێناو کڕنووش دەبا ناوچەوانی بە ڕوونی ناو
یاقووت دەکات گۆزە بەسەر زەویدا قڵپ دەکاتەوە و زەوی دەشۆرێت ئاسمان لە
زەویی شۆراو شەرم دەکات کەڵەکێوی گۆزە بەشاخیانەوە ھەڵدەگرن لە ئاگری
دۆزەخ پڕی دەکەن و بۆمان دەھێننە خەڵوەتی گەرم خەڵوەتگا سەری بە ئاگری
یەکەمین سووتان داپۆشراوە
چوارڕیان و شوێنی تر
گۆڕەپانی یاری و شوێنی تر
ناوەندی شار و شوێنی تر
ئێرە و شوێنانی تر و دۆزەخ و بەرزەک و بەھەشت و خەڵوەتگا بەین و
نابەینێ ھەوا دەگۆڕن و لەناکاو دەمرن کەڵەکێوی وەرە دەمەوێ دوای
خەونبینینێک بتبینم ئەو پێی گوتم لە بیرم چوو حەوت خەولێکەوتووەکە یان
حەوت تەزیوەکەی ناو ئەشکەوت ھێشتان ئاھەنگی ھەنگاویان نەگێڕاوە و
گەرمیان نەبووەتەوە ڕەنگی تیشکی خۆر و ھاوئاوازی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە
و پەلەوەر و زیندەوەر و سروشتیان نەناسیوە من بە سێ پشت لە حەوت
خەولێکەوتووەکە یان حەوت تەزیوەکەی ناو ئەشکەوت گەورەترم و ئاگری
یەکەمین سووتان لێی داوم
ئەشکەوت ھەمووی لەناو کۆتایی خەڵوەت و دەرگا داخستنی خۆیاندان
لاپەڕەکانی کتێبی ئاسمان کپن لەمێژە دەرگا خۆشاوی سڵاو نانۆشێت خەونی
پاراو لەمێژە لاپەڕەی حەوت ڕەنگی پڕبووەتەوە لەمێژە نامە ناخوێندرێتەوە
لەمێژە گەنجینە بووەتە خۆڵەمێشێکی سارد لەمێژە نقێمی ئەنگوستیلە
ئەفسوونی تێدا مردووە لەمێژە ماچی وەفا و ئاشتبوونەوە ساردبووەتەوە
لەمێژە خەوتووەکان خەون بۆ یەکتر ناگێڕنەوە و بەخەونی خۆشی یەکتر دڵخۆش
نین بەقووڵی چووینەتە ناو خەون و ھەرچی خەونمان ھەیە دەیخەینە سەر پشتی
ئەسپ و بەرەڵڵای ناو گیای تەڕی دەکەین تا دەگاتە دوا سنووری خوانی خودا
سوارچاکی سروشت دەیگرێتەوە و دەیھێنێتەوە دەرگای ماڵمان خۆشاوی سڵاوی
دەنۆشێت و خۆشحاڵی دەنوێنێت کڵۆیەک شەکربوو لە خوناوی ھەواڵێکی خۆشدا
توایەوە گیای تەڕ چرکەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر
و سروشت دەژمێرێت بولبول لە تەنیشت گوڵی پشکووتوو پەلوپۆ و پەڕوباڵی لە
ئاوی پاک ھەڵێناوە و چێژ لە پێ لەسەر عەرد دانان وەردەگرێت نیگای ئاشنا
و نیوە ئاشنای دەزووی مۆم خوێنی بەجۆش ھێنام خوێنم جۆشا دەتوانم یەکپشی
بکەومەڕێ تا گوڵی نەرم و نیانی فریاکەوێ چرپەیەک لەبەر گوێی پەپوولەی
نیشتووەوەی بەردەمی ماری کلکسەردا بکات بچێتەوە لای چرای یەکەمین
ڕووناکی و خۆرێکی گەرمی بەسەرەوە بێت خۆر یەکە و نابێتە دوو ئاگری
یەکەمین ڕووناکی نەرمە و باڵ ناسووتێنێت
ماڵپهڕی
سەباح رەنجدەر
|