٢٨\٨\٢٠١٢ تۆ بڵێی دەسەڵاتی کوردی لە دیموکراتی تێگەیشتێ؟
جۆرێکیان پێیان وایە دیموکراتییەت لە بتەڕەتدا تیۆرێکی گەندەڵ و خراپەکارە و چاک نابێ و هەوڵدەدەن ریسوای بکەن، خاوەنی ئەم رەخنانە هەر یەک لە رەهەند و گۆشەنیگای جیاوازەوە دەڕواننە دیموکراتییەت.
جۆری دووەمی رەخنەکان مەبەستیان دیاریکردنی ئەو کەموکوڕییانەیە کە لە کاتی پڕاکتیزەکردنی دیموکراتیدا سەرەهەڵدەدەن تاوەکو چارەسەری گونجاو و دروستیان بۆ بدۆزێتەوە و جێگیرتری بکەن و پاکی بکەنەوە.
خاوەنی ئەم رەخنانە دیموکراتییەت رەت ناکەنەوە بگرە پاڵپشتی لێدەکەن، چونکە لەو بڕوایەدان هەرچەند ناکامڵیش بێ، بەڵام لە سیستەمەکانی تریشەوە دژی سەروەریی گەل نین و دژی ئەوە نین جەماوەر بۆ خۆیان دەسەڵاتدارانی خۆیان دەستنیشان بکەن، بەڵام لەو بڕوایەدان لە کاتی پراکتیزەکردنی دیوکراتییەتدا هەندێک کۆسپ تەگەرە هەیە، ئەگەر دیموکراتییەت لەناویان ببا بە تەواوەتی لەو ئامانج و مەبەستانە نزیک دەکەوێتەوە کە لە پێناویاندا هاتۆتەدی ئەوەیش بریتییە لەوەی هاوڵاتیان بە کرداریی و بە راستیی خۆیان دەسەڵاتداری خۆیان بن و دەسەڵات بکەوێتە دەست کۆمەڵگا و لە پێناو بەدیهێنانی ئامانج و بەرژەوەندیی گشتییدا بێ، نەوەکو ببێتە ئامێرێک لە پێناو سەپاندنی دەسەڵاتی توێژێک بەسەر چین و توێژەکانی تردا، هەندێک هەن و توێژ لەسەر بۆ چوونی سەروەریی گەل دەکەن و پرسیاری ئەوە دەکەن کە تا چ رادەیەک راست و دروستە و چەند دەکرێ لە واقیعی سیاسییدا پراکتیزە بکرێ؟ ئایا ئەو گەلەی، کە ئەم سەروەرییەی پێداروە خاوەنی کەسایەتییەکی یاساییە؟ ئایا کەسایەتی هەر گەلێک هەمان کەسایەتی یاسایی دەوڵەتە؟ یا هەر هەردووکیان کەسایەتییەکی مەعنەویی سەربەخۆ و جیاوازن؟ باشە ئەی ئەگەر گەل خاوەنی سەروەرییە، بۆچی دەسەڵات و حکومەت لە دەست زۆرینەدایە؟ بۆچی دەبێ کەمایەتی ملکەچی دەسەڵاتی زۆرینە بن؟ لە لایەنی عەقڵییەوە چۆن ئەوە راڤە بکەین، کە ویستی کۆمەڵە کەسێک بەرزتربێ لە ویستی کۆمەڵێکی تردا ئەگەرچی لە بنچینەدا بە پێی یاسا و ماف یەکسانن؟
ئەو پرسیار و دیالۆگە فەلسەفیی و سیاسیی و یاسایی و هزرییە بە مەبەستی ڕووخاندن و لە ناو بردنی دیموکراتییەت نییە وەکو سیستەمی سیاسی، بەڵکو بە مەبەستی باڵاکردن و بەرزکردنییەتی تاوەکو بنەما و بنچینەی فەلسەفیی و سیاسیی نوێ دابهێنن و ئەو کەموکوڕییانە لەناو ببەن کە رێگە لەو دەسەڵاتانە دەگرن کە بە ناوی سەروەریی گەل هەوڵی سنووربەندکردن و سەرکوتکردنی تاکە کەس دەدەن، بەڵام لێرەدا دان بەوەش دابنێین ئەگەر هەرچەندە رەخنە لەم مەسەلانە و دەسەڵاتی زۆرینە بگرین ئەوە ئەلتەرناتیڤی دەسەڵاتی زۆرینە دەسەڵاتی کەمایەتییە؟ ئەوەش مانای داڕمان و لە ناوبردنی دیموکراتییەتە چونکە خۆ ناشێ ئێمە دەسەڵاتی زۆرینە بەلاوە بنێین، کەچی لەبری ئەو بە دەسەڵاتی کەمایەتی ڕازی بین واتا لێرەدا یان دەبێ بە بۆچوونی سەروەریی گەل وەکو لەو واقیعدا هەیە و خۆی لە دەسەڵاتی زۆرینە بەرجەستە دەکا ڕازی بین یان دەبێ دەسەڵاتی زۆرینە ڕەت کەینەوە و بەلاوەی بنێن، بەم جۆرەش لە خانەی دیموکراتییەتەوە دەردەچین، بەڵام خودی دیموکراتییەت بانگەشەی دەسەڵاتی زۆرینە دەکا، کەچی لە واقیعدا ئەوە ڕاست نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەسەڵاتی کەمایەتییە، بەڵام بۆ لە کاتی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردندا سەرجەم گەل بەشداریی تێدا ناکەن، چونکە پڕۆسەی هەڵبژاردن یاساو ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە گریمان ئەوانە زۆرینەی جەماوەرن و ئەو نوینەرانەی هەڵدەبژێردرێن بەشێکی یەکجار کەمن لە ئاست ژەمارەی دانیشتوان و دەنگدەراندا، جگە لەوەش ئەوانە لەنێو خۆشیاندا بڕیار دەدردەکەن دەنگی زۆرینە دەسەڵاتدارە و کەمایەتی بەلاوە دەنرێ، کەواتە پەیکەری هەڕەمیی دەسەڵات هێدی هێدی تەسک دەبێتەوە تاوەکو لە کۆتاییدا چەند کەسانێک دەسەڵات دەگرنە دەست گوایە نوێنەری زۆرینەی جەماوەرن، بێگومان کەس پێی وانییە دەسەڵاتی دیموکراتی ئاوا نییە و هەموو لەسەر ئەوە کۆکن. شێوازی گونجاوتر بە دەستەوە نییە، کەواتە چارەچییە؟
هزرڤان و بیریاران چارەسەری ئەم کێشەیە لە پەروەردەی سیاسییدا دەبیننەوە ئەوە لە لایەک لە لایەکی تریشەوە لە بە هێزیی و کاریگەریی ڕای گشتییدا بەدی دەکەن پەروەردەی سیاسیی دەکرێ زیاتر جەخت لەسەر مەسەلە گشتییەکان بکاتەوە و بایەخی زیاتر بە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن بدا و زیاتر هەوڵدا بە داوی لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی بۆچوونەکاندا بگەرێ و ئاشکرایان بکا، چونکە لە ڕێگای پەروەردەی سیاسییەوە مرۆڤ دەتوانێ ئەو کەسە هەڵبژێرێ، کە مافی هەیە متمانەی پێ بدرێ و نوێنەرایەتی خەڵک بکا.. سەبارەت بە رای گشتییش ئەوە دیارە دەکرێ لە سایەی دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەو رادیۆ و تەلەفزیۆن و کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان خۆیان دەربخەن و مەسەلە پڕبایەخەکان ئەنگێزە بکەن و بیانکەن بە دروشمی جەماوەر و بەسەر ئەنجومەنی نوێنەرانیدا بسەپێنن (پەرلەمان) تاوەکو بڕیاریان لەسەر بدەن و بایەخیان پێ بدەن هەندێکی تر پێیان وایە سیستەمی فرە حیزب کەوا هاوشانی دیموکراتی و رۆحی دیموکراتییەتە یەکێکە لەو هۆکارانەی دیموکراتییەت بەرەو خراپیی ئاڕاستە دەکا و لە مەبەست و ئامانجەکانی خۆی دووری دەخاتەوە، چونکە ئەوانەی پێوەندیی سیاسییان بە حیزب و ڕێکخراوێکەوە هەیە ئەوە راستەوخۆ پشتگیریی لە بەرنامە و سیاسەتی حیزبیی خویان دەکەن و دژی راوبۆچوونی حیزبەکانی تری سەر گۆڕەپانی سیاسیی دەوەستن و جۆرە ئاڵۆزیی و دژایەتی کردنێک سەرهەڵدەدا لەبری ئەوەی تەبایی و یەکێتی بچەسپێ.. ئینجا ئەو مرۆڤ حیزبییانە دوور لەوەی ئایا بۆچوونی حیزبەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتییدا دەگونجێ یان ناگونجێ کوێرانە بانگەشەی راوبۆچوونەکانی خۆیان دەکەن.
لە لایەکی تریشەوە بونیادی پەیکەری حیزبی هاوچەرخ وا دامەزراوە، کە لە کۆتاییدا هەموو دەسەڵاتەکان دەدرێنە دەست چەند کەسانێک یان سەرکردەی حیزب گوایە سەرکردەی حیزب دەربڕی ویست و بۆچوونی ئەندامەکانیەتی، بەم شێوەیەش هەمدیسان لە سیستەمی فرە حیزبییشدا زۆرینەی ئەندامان بێ، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرجار سەرکردەی حیزب بڕیاری وا دەربکا نەوەکو هەر تەنیا جەماوەر و لایەنگرانی بگرە کادیرە بەرزەکانیش بەم بڕیارە ڕازی نین، لەگەڵ ئەوەشدا ناچارن داکۆکی لێ بکەن و بیانووی پڕوپووچی بۆ بدۆزنەوە ئەم رەخنەیەش لە سیستەمی فرە حیزبیی زۆر راست و دروست و لە جێگای خۆیەتی، بەڵام ئەوە زیاتر پەیوەستە بە کولتوور و ڕۆشنبیریی سیاسیی بە تایبەتییش لەنێو ئەو وڵاتانەدا روودەدا، کە دیموکراتییەت ڕەگ و ڕیشەی قووڵی نییە.
لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێین بوونی سیستەمی
فرەحیزبیی لە پێناو بوار
رەخساندنە بۆ سەرجەم توێژ و چینەکانی
کۆمەڵگا تاوکو هەر یەک لە سایەی بیروبۆچوونێک
و ئایدیۆلۆژیایێکدا بێتە سەر گۆڕەپانی سیاسیی بۆ
ئەوەی زۆرینە پشتگیریی لێ بکا بۆ
ماوەیەکی دیاریکراو دەسەڵات بگرێتە دەست،
بوونی سیستەمی فرەحیزبیی دەبێتە هۆی
دانانی سانسۆر لەسەر کار
و کردەوکانی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتی زۆرینە لە
لایەن کەمایەتییەوە تا هەڵە
و لادان و چەواشەکارییەکان ئاشکرا بکرێن و ڕاستییەکان بخرێنە
بەردەم جەماوەر و لێیان نەشاردرێتەوە، بەم
جۆرەش جەماوەر بۆیان هەیە لە نێو کۆمەڵێکدا دەنگ بەو حیزبە بدەن کە
لە پێناو بەرژەوەندیی
ئەواندا کار دەکا، لێرەدا کارکردن لە پێناو پەرژەوەندیی
چین و توێژێکدا واتای دژایەتییکردنی
چین و توێژەکانی تر ناگەیەنێ.
|