په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠١١

تۆ بڵێی سەرۆک بە راستى بێ؟!

 

ناسک عه‌زیز


سەرۆکى هەرێم لە چاو پیکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسێکى ئیتاڵى ڕایگەیاند ، ئەگەر ( 50000 – پەنجا هەزار ) کەس داوام لێ بکەن واز لە سەرۆکایەتى هەرێم بهێنم منیش دەست لەکار ئەکێشمەوە . دیارە ئەم وتەیەى سەرۆک زیاد لە گریمانەیەک هەڵئەگرێت یەکێکیان ئەوەیە : تۆ بڵێیت سەرۆک لەو کاتەدا بەدمەست نەبووبێت و لە حالەتى ناهوشیاریدا نەبووبێت ؟ خۆ ئەگەر وا بێت ئەوە ڕاگەیاندنى پەشیماننامەکەى ئەبێتە پاشبەندى هەڵوێستەکەى ، یان ئەوەتا سەرۆک لە بەر ئەوەى ڕووخانى ڕژێمە دیکتاتۆرەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆتە وانەیەک بۆ خۆى و نموونەکانى ، بێگومان ئەمەش بە خۆرسکیى دروست نەبووە.

 

وا دیارە دیکاتۆریەت و دیکتاتۆرەکان وەکو هەر نەخۆشییەک کۆمەڵێ خەسڵەتى هاوبەش کۆیان دەکاتەوە ، بۆیە کاتێک مرۆڤ دووچارى نەخۆشییەکى درێژخایەنى کوشندە ئەبێت و ئەبینێت هاوەڵەکانى بە هەمان پەلەقاژەى مەرگ بەرۆکى پێ گرتوون ! و ئاکامەکانى لا ڕوون ئەبێت بیر لە چارەسەر و خۆ پارێزى ئەکەنەوە بۆ دواخستنى مەرگى حەتمییان ، جا ئەگەر سەرۆکى هەرێم زیتەڵتر بێت لە هاوەلەکانى وکو موبارەک و بن علی و قەزافى ئەوە ئەتوانێت لانى کەم مێژووى بنەماڵەکەى زیاتر ناشیرنتر نەکات و وەکو هەر مرۆڤێکى ئاسایى لە باوەشى نیشتمان بمێنێتەوە و نەکەوێتە زبڵدانى مێژووەوە ، یان ئەمەش سیناریۆیەکى دیکەى بنەماڵەیە ! بۆ ئەوەى هاوشێوەى جومعەى شادى کە بەناوى خەڵکى هەولێرەوە بەڕێخرا ، ئەمجارەش لە ڕێگەى پیاوان و ڕۆبۆتە مشەخۆرەکانى دەسەڵات و حیزبەکەیەوە ، سیناریۆکەى کۆنگرەى پارتى دووبارە ئەکاتەوە و بە ئیلحاحى دەستوپێوەندەکانى و بە پارە و داهاتى خەڵک بەرامبەر بەو ( 50000 – پەنجا هەزار ) واژۆیەى لە بۆسەدان بۆى تا ماڵئاوایى پێ بکەن لە بەرامبەردا ( 100000 – سەد هەزار ) واژۆى سوودمەندى پارەخۆر و ( 100000 – سەد هەزار ) واژۆى ساختەش نەخاتە پاڵى و بۆ چاوبەستەکى ڕاى گشتیى و چەواشەکردنى ڕاى ناوخۆ ودەرەوە پاساو بۆ پاشگەزبوونەوەى نەهێنێتەوە ؟! ئه‌مانە هەمووى گریمانەن و لەوانەیە ڕاستگۆیى سەرۆک بخەنە ژێر پرسیارەوە.

 

با سەرنجێک بدەین و بە ناو دونیاى سەرۆک بارزانیدا گەشتێک بکەین و بزانینگریمانەکەمان لە جێى خۆیدایە یان مایەى نیگەرانى و ڕەخنەیە ، ئەگەر سەرۆک ئەوەندە گەورەیى بنوێنێت و قایل بێت وێنەکانى لە کوچە و کۆڵان و شەقام و بارەگا و فەرمانگەکاندا نەمێنێت ، یاخود دەزگا هەواڵگرییەکانى بکرێن بە دەزگاى پاراستنى ئاساییشى نیشتمانى و سەرۆک و سەرجەم هاوڵاتییان بە یەکسانى بپارێزێت ، یان ناوچە گەشتیارییەکانى سەرى ڕەش و سەڵاحەدین و پیرمام و ئاکرێ کە موڵکى گشتین و بۆ خاوەنەکانى بگەڕێندرێنەوە و بکرێن بە شوێنى پێشوازیى لە ئاهەنگى نەورۆز وگەشتیارانى کوردستان پێش مردنیان بەو شوێنانە شاد ببنەوە و بە ئازادانە و بێ سانسۆر گەشتى خۆیان لەوێدا بکەن ، کە بەمەش داهاتى بوارى گەشتیاریمان بۆ زیاد ئەبێت و بە داهاتەکانى و ئەتوانین زانکۆکانى گەرمیان و هەڵەبجە و ڕانیەى پێ پێشبخەین و لاوانى ئەم گەلەى تێدا بەرهەمدارتر بکەین تا بۆ ئاییندەى وڵات سوودى گەورەتر پێشکەش بە گەلەکەیان بکەن ، تۆ بڵێى سەرۆک بەوە قایل بێت لە فڕۆکەخانەى هەولێرەوە لە برى ئەو سەرۆکیکى تر پێشوازاى لە کەسە پایەدارەکانى دنیا بکات ! کاتى ئەوە هاتووە ماڵئاوایى بکەیت پَیش ئەوەى گەل ماڵئاواییت پێ بکات و بە حوسنى موبارەک ئاسا بکەویتە ژێر فشارى برسى و بێکار و بێنەواکان ، دڵنیا بەخەڵکى ئێمە زۆر لەوە گەورەترن تا سەر ڕازى بن کەجەنابتان بە مەرسومى سەرۆکایەتییەکەت میدالیاى ئازایەتى بکەیتە ملى پاڵەوانە گەندەڵکارەکانى ئەمڕۆ و بازرگانەکانى شەڕى ناوخۆى دوێنێ و خیانەتکارە ئەنفالچییەکانى پێرێ و بکوژى خۆپیشاندەرانى سبەینێ ، تۆ بڵێیت بە ڕاستت بێت و بەڵێنەکەت ببەیتە سەر تا ئێمەش چاوپۆشیى لە هەموو نەهامەتییەکانى ئێوە بکەین و لە کەرنەڤاڵێکى نیشتمانیدا میدالیاى ڕزلێنان بکەینە گەردنى تۆ و ویسامى بوێریى بە بەرۆکتدا هەڵواسین و لە ئەم خەونەمان بێتەدى ؟ ! یاخود خەونەکانى ئێمەش وەکو سۆرانى مامەحەمە و سەردەشت عوسمان ئەبنە ئاواتێکى وەدى نەهاتوو !


دڵنیابە ئەى ئەو سەرۆکەى نە خۆتان و نە خۆمانیش نازانین لە کەنگێوە سەرۆکمانى و بە درێژایى سەرۆکایەتى کردنەکەت خوێنى سەدان ڕۆڵەى ئەم گەلە لەسەر دەستى ئێوەومانان بە سۆنگەى ڕاى جیاوازەوە ڕژاوە ، جارى وا بووە تەنها لەسەر وشەیەک سەدان گوللەتان لە تاریکیدا بە سنگى لاوێکەوە ناوە ، بۆ نازانیت دایک و باوکانى لاوانێک لە چاوەڕوانى ڕۆڵە بێسەروشوێنەکانیان بۆ دواجار چاوى ماندووى چاوەڕوانییان لێک ناوە ، ئەگەر بێت و ئەمجارە بەڵێنەکەت وەکو ئەو بەڵێندەرانەى حیزبەکەت نەبێت کە پارەى خەڵکیان ئەخستە گیرفان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانمانیان نیوەچڵ جێئەهێشت ، بێت و بەڵێنەکەت بەجێ بهێنیت ئەتکەینە گلێنەى چاومان و پارێزگاریت لێ ئەکەین ، ئەتکەینە سیمبولى گەل و شانازیت پێوە ئەکەین ، ئەبیتە هێمایەکى بەژن زراڤى خۆت و بنەماڵە و حیزب و جەماوەرەکەت ، تکات لێ ئەکەم نەکەیت وەکو حوسنى موبارەک بکەیت کە پێیان ڕاگەیاندبوو خواحافیزى لە گەلى میسر بکات ، لە وەڵامدا بە گاڵتە پێکردنەوە وتبووى : گەلى میسر بۆ کوێ ئەڕۆن تا خواحافیزییان لێ بکەم ؟ !
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک