په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٤\٢٠١٧

تۆ بڵێی یەکێتیش گۆڵی خۆی کردبێ!؟


عەبدوڵا ساڵح    


مێژووی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی پڕە لە کارەسات و نەهامەتی بۆ جەماوەری کوردستان، ئەوەی وای کردوە لەم دە دوانزە ساڵەدا ئەم ململانێیە خوێنی تیدا نەرژێ، دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامانی کوردستانە کە هەردووک لا مۆڵ بوون لەسەری و ناپەڕژێنە سەر بابەتی تر.


گەورە بەرپرسانی یەکێتی، بەتایبەتی دوای نەخۆشیەکەی جەلال تاڵەبانی، زیاتر سەرقاڵی خۆ دەوڵەمەند کردن بوون تا سیاسەت، پارتی باش لەوە گەیشت وهەلەکەی قۆزتۆتەوە، مەیدانی گەندەڵی زیاتر بۆ ئاوەڵا کردن، گرەوی خۆی لە مەیدانی دەسەڵات و سیاسەت دا لە یەکێتی بردەوە و گۆڵی خۆی کرد، نیشانەکەشی بە ئاشکرا دیارە کە ئەمڕۆ پارتی زوربەی چمکی دەسەڵات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگای بەدەستە ، ئەو تەونە ئابوریە جاڵجاڵوکەیەی ژێر بەژێر ئەم دوو هێزەی کۆکردۆتەوە زۆر لەوە ئاڵۆزترو گرنگ ترە بۆ سەرانی یەکێتی تا ئەوەی لەسەر ملهوڕی پارتی وەدەنگ بێن.

لە قۆناغی ئەمڕۆدا کە داعش، لەباری سەربازیەوە، بەرەو نەمان دەڕوا، وە یەکێتیش هێزێکی بەرچاو بووە لە شەڕی داعش دا بەتایبەتی لە ناوچەی کەرکوک و بەشی زۆری چمکی دەسەڵاتی ئەو شارەی لە چنگ دایە ،دەبێ ئەم هەلە بقۆزێتەوە تا پەیامی خۆی بە هێزە ڕەقیبەکانی ناو مەیدانەکە ڕا بگەیەنێ ، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک و ئەمڕۆش ڕیفراندۆم بۆ هاتنەوەی ئەو شارە بۆ نێو هەرێمی کوردستان، لەبارترین کات وباشترین بیانویە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە ، سەرەتا بۆ دەوڵەتی مەرکەزی کە کەرکوک پشکی " کوردە " ، بۆ پارتیش کە لە نێو کوردیشدا پشکی یەکێتییەو دەچیتە سەر زۆنی سەوز ، پارتی باش ئەم پەیامەی خۆێندۆتەوە دەزانی لە پشت هەڵکردنی ئەم ئاڵایەوە چی خۆی حەشارداوە ، فارس گوتەنی: (زیر این کاسە نیم کاسە ایست) ، لە بن ئەو کاسەدا نیو کاسەیەکی دیکە هەیە ! بەڵام پارتی کەوتۆتە بەردەم ئەمری واقیع جگە لە وەستان لە پشتی ئەم هەڵوێستەی یەکێتی چارەیەکی دیکەی نیە بە تایبەت کە ئەویش هەراو زەنایەتی بۆ" ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ "ئەو دەوڵەتەی بێشک هەمان ئاڵای تێدا بەرز دەکرێتەوە ،جیا لەوەش پارتی هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی سوریا بەوە تاوانبار دەکا کە گرنگیەکی ئەوتۆ نادەن بەو ئاڵایە وجاری واش هەیە ڕێگرن لە بەردەم هەڵکردنیدا ! ئەو هەڵوێستەی پارتی لەناچاریە و دیفاکتۆیەکە بەسەریدا سەپێنراوە دەنا هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەدەبوو خەڵکی کوردستان بە هەڵوێستێکی لەم بابەتەی یەکێتی سەرگەرم بن و ڕیفراندۆم و دەوڵەتەکەی ئەوان ببێتە پلە دوو لە بازاڕی سیاسەتی ئەمڕۆیاندا ، جگە لەوەش دڵی هاوپەیمانە نزیکەکەی خۆی، تورکیا ، بڕەنجێنێ و پەیمانەکەی نێچیروان بارزانی پێی دابوون بەهەڵنەکردنی ئەو ئاڵایە لەکەرکوک بدا لە ئەرز!

باقی هێزە سیاسیە قەومی و ئیسلامیەکانی کوردستان خۆشیان بێ و ترشیان بێ هەر دەبێ بچنە پاڵ ئەم هەنگاوەی یەکێتی دەنا هات و هاواریان بۆ " کوردایەتی " بەبادا دەچێ ،هەر ئەوەشە وای کردوە هەمویان لە بەغدا هاوهەڵوێست بن تاکو تۆمەتی دژە " ئامانجە بەرزە نەتەوەیەکانیان " نەدرێتە پاڵ، ئیتر دڵخۆشی هەندێ لایەن بەو هاوهەڵوێستیە جگە لە خۆشخەیاڵی چیدیکە نیە.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئەم هەڵوێستەی یەکێتی لە ئایندەدا بارودوخی کەرکوک بەتایبەتی و کوردستان بە گشتی بەرەو کوێ دەبا ؟ وەڵامەکە هەرچی بێت ئەم شەڕە بۆ ئاڵا نابێتە نانێک سکی برسی سەدان هەزار خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەژاری کوردستان تێر بکا، وە لە ئەگەری هەر ئەنجامێکی نەخوازراوی تریشدا وەک هەڵگیرسانی شەڕی قەومی، یا شەڕی ناوخۆ، کەرەستەی ئەم شەڕە نگریسانە هەر هەمان ئەو جەماوەرە دەبن وبەرداشەکە بە خوێنی ئەوان دەگەڕێ!

شان خاڵی کردنەوەی هەردوو حیزبە کوردیەکە لەبەرامبەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دا کە تا دێت دژوارتر دەبێ ، سیاسەتێکە دەسەڵاتی کوردی دەمێکە گرتویەتە بەر و هەرجارەش بە وروژاندنی بابەتێکی وەک ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردی ، یا ئاڵای کوردستان لە کەرکوک ، کۆمەڵگای پێ سەرگەرم دەکەن، ئەم سیاسەتە، بەداخەوە ، تا ئێستا بۆیان چۆتە سەر ، ئاخۆ تاکەی بەردەوام دەبێ ؟ پرسیارێکە وەڵامەکەی لای خەڵکی کوردستانە.

 

 

a_salih١١@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک