په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٢

تۆ درەنگ دێیت و بە مەحاڵ سوێندم ئەدەى.

محەمەد ئەسعەد

تۆ درەنگ دێیت و بە دوا نیگاگانی گەڵا و
غەریبى ئێوارە...... سویندم ئەدەى
کە چیتر دڵم نەشکێ و
ئەم خەمەم بنێرمەوە بۆ لێوارەکانی دەریا
لەوێ شانەى پرچى دوا سەفەرم بکەن
لەوێ بە کۆڵێ لە چاوەڕوانی
قەسیدەی نەهاتنێکم بنووسن
ئاخر کێ ئەڵێ ئەم سنورانە
رێگا بە ئاوازە سەرشێتەکانم ئەدەن
بگەن بە جەنگەڵەکان
سەفەربکەن بەو شارانەى
هەمیشە لە خەونمدان
ئاوێزان بن بەو ڕوبارانەى
هەر لە تۆ ئەچن....... لە تۆ!
هەڵفڕن لەگەڵ ئەو باڵندانەى
هەمیشە خرۆشان ئەخەنە نێو
ڕوحی (با) ەوە...
تۆ درەنگ دێیت و
من ئەبێت بە تەنیا
بڕوانم لە ماچى سەرما
بە لێوى گەڵا وە
ئەبێت کە گریان تا کەناری
بوونم هات... لە نەبوونی تۆدا ڕۆبچم
تۆ درەنگ دێیت و
منیش لە حوزنێکی تەنک ئەچم
بەسەر دڵی ئێوارەوە
شەقامەکە تەی ئەکەم و
لە بێدەنگی خۆم جێ ئەمێنم
تۆ درەنگ دێیت و
هەموو شتێکم ئەدەیتەوە
بە ئیشق..... هەموو خەیاڵەکانم ئەبەیتەوە
ماڵی پەپولەکانی جاران
ئەو ماڵانەى باخچەکانیان لە دڵی سەما نابنەوە و
گیتارژەنێکى ئەفسانەیی
تریفەى مانگیان بۆ ئەکا بە میلۆدی و
ئیشقی منیان بۆ ئەکا بە حیکایەت
تۆ درەنگ دێیت و
ئەمخەیتەوە سوچی مەستبوونێکى ترى
پەیڤە بریندارەکانی شەو
ئەمخەیتەوە سەر زارى گۆرانیەکی تر
دەستەکانم سەرپشک ئەکەى
لە شکاندنی ئێشی هەرچی گوڵە
لە ئەندێشەى مەرکانەیەکدا
تۆ درەنگ دێیت و
سوێندم ئەدەى..... لەودیوو پەنجەرەکەمەوە
دڵی خۆم وردو خاش نەکەم....
تۆ دێیت و ئیتر لە کوشتنى خۆمم
پەشیمان ئەکەیتەوە
تۆ درەنگ دێیت و بە گوزەرى هەورەکان و
نیازی باران بۆ هاتن....... سوێندم ئەدەى
واز لە بێدەنگى بێنم.... لە مردن ببمەوە
سوێندم ئەدەى واز لە تەنیایی بێنم بۆ خۆی بژی و
لە نێو کزەى ئێوارەو باوشی تۆدا بمێنمەوە
سوێندم ئەدەى
بە نازى ئیشق و
کوچەی ژوانەکانى جاران
خەم بنێرمەوە نێو دڵی (با) و
تەنیایی بۆ کورسیەکانی باخ جێ بهێڵم
تۆ درەنگ دێیت و بەم هەموو مەحاڵە سوێندم ئەدەى
تۆ درەنگ دێیت و
ڕۆژێک دێت بە هیچم ڕاناگەى... بە هیچ
ناچار دەست بە دیوارى تەنیایی منەوە ئەگرى و
سوێندم ئەدەى کە ئیتر درەنگ نەیەم.......

 

mohammad.asad20@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک