په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١\٢٠١٠

 تۆ کێیت ؟؟


ئاکۆ محه‌مه‌د سابیر


ئه‌ڕژێیته‌ هه‌موو قه‌ره‌باڵغییه‌که‌وه‌ ئه‌وان چیانکرد تۆش وا ئه‌که‌یت ئه‌وان چیانووت ئه‌یلێیته‌وه‌.


بۆ هه‌موو ئاوازێک گۆرانی ئه‌لێیت بۆ هه‌موو ئاهه‌نگێک سه‌ما ئه‌که‌یت له هه‌موو بۆنه‌کاندا سه‌رچۆپی ئه‌گریت.


نه ده‌نگی خۆت ئه‌ناسیت و نه ڕه‌نگی خۆت هه‌ڵئه‌په‌ڕیت نازانیت بۆ؟ هه‌موو دروشمه‌کان به‌رز ئه‌که‌یته‌وه.


بێ ئه‌وه‌ی بیانخوێنیته‌وه‌، له کرێسمێسدا ئاسمان ئاگرباران ده‌که‌یت له شینی حه‌سه‌ن و حوسێندا سنگ ده‌کوتیت ،ساتێک چه‌پیت و ساتێک ڕاست.


تۆ هه‌موو شتێکیت و هیچیش نیت ڕۆبۆتێکی سه‌یر‌یت هه‌موو بۆنه‌کان تۆ قوڕمیش ئه‌کات ناشته‌وێ له خۆت بپرسیت تۆ کێیت؟


پێشینه‌ت چییه‌ و خاوه‌ن کام په‌یامیت؟ لۆپنێکی گوناهی هه‌موو ڕازی ئه‌کیت خۆت نه‌بێت هه‌مووان به‌سه‌رئه‌که‌یته‌‌وه‌ خۆت ون ئه‌که‌یت ئامانجه‌کانت تێرکردنی سکت و خوار سکته.


له کوێ با هه‌ڵکات تۆ له‌وێ شه‌ن ئه‌که‌یت، تۆ هه‌موو که‌سێکیت به‌س خۆت نیت له ده‌رگای هه‌موو ماڵێک ده‌ده‌یت خۆت بێ ماڵیت، خاوه‌نی له دینێک و کلتورێک زیاتریت.


به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو دنیا ڕێ ئه‌کیت ، تۆ بوویت چه‌پڵه‌ت بۆ دیکتاتۆر لێئه‌‌دا و په‌یکه‌ره‌که‌شیت دایه به‌ر نه‌عل، نه‌گبه‌تییه‌که‌ له‌وه‌دایه تۆ مێردیت تۆ باوکیت تۆ سیاسه‌تمه‌داریت.


تۆ له هه‌موو شوێنێکدا هه‌یت له بازاڕ و له زانکۆ و له په‌رله‌مان و له ڕۆژنامه‌کاندا و له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌‌کاندا، زۆر قسه ئه‌که‌یت و هیچیشمان پێ ناڵێیت.


له هه‌مووی خراپتر که لێت ئه‌پرسن تۆ کێیت ئه‌ڵێیت من مۆدێرنم من کوڕی سه‌رده‌مم له دوایی مردنیشت کۆڵێک قه‌رز و دنیایه‌ک له دوژمن بۆ نه‌وه‌کانت جێدێڵیت.


سوید
2010-01-01