په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٧\٢٠١٣

تولستوی لە نێوان ئەنا کارنینا و شەڕ و ئاشتی دا!


نەهرۆ          


بێ گومان تولستوی پەیگەیەکی بە هێزی بنمیچ و ئاسمانی جیهانی رۆمانە لە جیهان، تولستوی زۆر دەقی نووسی، بەڵام زیاتر بە رۆمانەکانی ئەنا کارنینا و شەڕو ئاشتی دەناسرێتەوە ! وەک دەقی نەمر لەسەر ئاستی جیهان مامەڵەی لە گەڵ کراوەو دەکرێ!


دیارە من وەک دەق ئەنا کارنینا و شەڕو ئاشتی یم نەخوێندۆتەوە، بەڵام وەک فیلم زیاتر لە جارێک ئەنا کارنینام بینیوە و جارێکیش شەڕو ئاشتی!


لێرەدا دەبێ دان بەوەدا بنێم کە خوێندنەوەی دەق گەرچی کاتی زۆری خوێنەر دەبا بەڵام زانیاری و وردەکاری و مەعریفەی زۆری پێ دەبەخشێ، دەقی رۆمان لەسەر ئاستی ئاسۆیی ئیش دەکا، ئاسۆی یەکی مانا بەخش و قوڵ، کەچی فیلم لەسەر ئاستی ستوونی ئیش دەکا، لەفیلم دا دەرهێنەر کاکڵەی رۆمانەکە دەرئەکا و ئیشی لەسەر دەکا، لە فیلم دا دیمەنەکان زیاتر لە بەرچاوت بەرجەستە دەبێ، زمانی نووسینی رۆمان چەند بەهێز بێ هیچ کاتێ ناتوانێ بگاتە توانای کامیرای دەرهێنەر!


تولستوی لەم دوو دەقە، ئیش لەسەر ژیانی خوشەویستی لای کەسایەتیە ئوروستوکراتیەکانی روس دەکا لە کاتێ جەنگە میژوویەکانی روسیای قەیسەری!


لە ئەنا کارنینا قارەمانەکە یان روونتر بڵێـم مێردی دووەمی دەڕوا بۆ بەرەکانی جەنگی تورکیاو سربیا، لە فیلمی شەڕو ئاشتی ییش قارەمانەکە دەڕوا بۆ سنور بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی سوپای ناپلیون!


ئەگەر بە کورتی لە هەردوو فیلمەکە بدوێم و سەرگوزەشتەیان بخەمە روو، ئەوە یەکەم ئەنا کارنینا باس لە ژنێک دەکا مێردو مناڵێکی هەشت، نۆ ساڵانی هەیە، خۆی بە تەنها لەسەفەر دەگەرێتەوە، لە وێستگای شەمەندەفەر مێردەکەی چاوەروانی یی دەکا، پێش ئەوەی چاوی بە مێردەکەی بکەوێ، بینەر چاوی بە دوو رووداو دەکەوێ، یەکەم کرێکارێکی ویستگا کە ویلی شەمەندەفەرەکە خاوێن دەکاتەوە لە زستانێکی بەفراوی دا، دەکەوێتە ژێر شەمەندەفەرەکەوەو ئەمرێ، ئەمەش وەک نیشانەی سیمبولی سەردەمی پیشەسازی کە چۆن بێ بەزەییانە کرێکار لە ناو دەبا، دووەم ئەنا کارنینا بە رێکەوت چاوێ بە ئەفسەرێک دەکەوێ کە لەگەڵ دایکی دایە، ئەفسەرەکە دەستی ئەنا کارنینا ماچ دەکاو پێ سەرسام دەبێ، هەتا دوایی مێردەکەی دێ بە دوای داو دەیبا بۆ ماڵ، شایانی باسە ئەنا کارنینا زۆر پەیوەستە بە کوڕەکەیەوە، زۆر خۆشێ دەوێ، هەموو شەوێ پێش نووستن ماچی دەکا!


بۆ جارێکی دی لە شوێنی سەما کردن، ئەفسەرەکە ئەنا کارنینا دەبینێتەوە، داوای لێ دەکا لەگەڵی سەما بکا و دەچرپێنێ بە گویچکەیەوە کە تۆم زۆر خۆش دەوێ، بە کورتیەکەی لە ماوەیەکی کورت دا ئەم ئەفسەرە ئەنا کارنینا لە خەشتە دەبا، تا رۆژێکیان ئەنا کارنینا لەگەڵ مێردەکەی ئەچن بۆ بینینی کێ بەر کێ ئەسپ سواری، یەکێ لە ئەسپ سوارەکان ئەفسەرەکەیە، ئەنا کارنینا زۆر بە وردی و دووربینەوە سەیری دەکا، تەنانەت کاتێ ئەسپەکەی بەر ئەبێتەوە بەشێوەیەکی دراماتێکی ئەنا کارنینا هەڵدەستێتەوە ئاخ و ئۆف هەڵدەکێشێ، ئیدی مێردەکەی کە لە تەکیەوە دانیشتووە بە تەواوەتی هەست بەم هاوسۆزی یە دەکا لە نێوان ئەنا کانینا و ئەفسەرە سوار چاکەکەیە ! بۆیە دەستبەجێ داوای لێ دەکا کە بچن بۆ ماڵەوە!


مێردەکەی ئەنا کارنینا زۆر ڕەق و تەق و هەڵس و کەوتی فەرمی یە، کاربەدەستی دەوڵەتەو لە ماڵەوە خزمەتکاریان هەیە، لەماڵەوە بە ئاشکرا بە ئەنا کارنینا دەڵێ، ئێستا من سوڕ دەزانم کە تۆ حەزت لەو ئەفسەرەیە، بەڵام من دەمەوێ لە پێناوی بەختەوەری مناڵەکەمان درێژە بە ژیانی هاوسەری بدەین، ئەگەر ئەویش هەڵدەبژیری ئەوە مناڵەکە لای من دەمێنێتەوە!


رۆژ دێت و دەڕوا ئەنا کارنینا لە نێوان کوڕو مێردەکەی و خوشەویستی نوێ لەگەڵ ئەفسەرەکە دا، ئەفسەرەکە هەڵدەبژێرێ، گەرچی دایکی ئەفسەرەکە ڕازی نییە بە هاوسەری ژیانی کوڕەکەی!


ئەنا کارنیناو کوڕەکەی لە یەکتر دادەبڕێن تا رۆژێکیان کوڕەکەی خەون بە دایکیەوە دەبینێ و هەڵدەستێ و بانگی باوکی دەکا و پێ دەڵێ بۆ چی دایکم وەک جاران نایەت ماچم بکات، باوکی پێ دەڵێ کوڕم دایکت مردووە، بەڵام کوڕەکە بروا بەم قسەیە ناکا، هەستێک لە ناوەوە پێ دەڵێ دایکت لە ژیان ماوە!


تا رۆژێکیان لە جەژنی رۆژێ لە دایک بوونی دا، ئەنا کارنینا سەردانی کوڕەکەی دەکا لە کاتێک دا کە مێردەکەی لە ماڵ نییە، کوڕەکەش زۆر خۆشحاڵ دەبێ لە پێش دایکی لاسایی رەفتاری فەرمی باوکی دەکاتەوە لەگەڵی دا، بۆ ماوەیەک یەکتر لە ئامێز دەگرن بەڵام کە باوکی کوڕەکەوە دەگەرێتەوە، ئەنا کارنینا لە ماڵ دەر ئەکاو پێ دەڵێ جارێکی دی سەر نەکەیت بەم ماڵە!


لە لایەکی ترەوە ئەفسەرەکە کە مێردی نوێ ئەنا کارنینا یە، زۆربەی کاتەکانی لە دەرەوە لەگەڵ برادەرەکانی بەسەر دەباو بە شێوەیەک کە ئەنا کارنینا فەرامۆش دەکا تا وەکو رۆژێکیان ئەنا کارنینا پێ دەڵێ، تۆ پێت شەرمە، من لەگەڵ خۆت بەریت بۆ ئۆپرا، دواتر کە دەیبا بۆ ئۆپرا، خێزانە ئوروستوکراتەکان بە بینینی ئەمان دەکەونە چپە، چپ و سەیرکردنیان بە دووربین!


رۆژێکیان ئەفسەرەکە ئاگادار دەکرێتەوە بە مەبەستی بەشداری کردن لە جەنگی تورکیا و سربیا، ئەفسەرەکەش نامەی ئاگادارکردنەوەکە پێشانی ئەنا کارنینا ئەدا، ئەمیش پێ دەڵێ تۆ دەتەوێ من جێبهێڵی، لەم کاتەدا لە پرمەی گریان دەداو تووشی سەر سوڕمان دەبێ، زۆر هەوڵ ئەدا کە لێنەگەڕێ بروا بەڵام ئەفسەرەکە دەڵی من پیاوم، ئەرکی سەربازیم لە پێشترە! کەواتە لێرەدا ئەنا کارنینا لە دوو جیهان بێبەری بوو، یەکەم لەگەڵ کوڕەکەی و مێردی پێشووی، دووەم لەگەڵ ئەفسەرەکە کە مێردی ئێستایەتی!


دوای ئەوە سەردانی ماڵی براکەی دەکا، لەوێ بروسکەیەکی بۆ دێت کە بچێ بۆ ویستگای شەمەندەفەر دوا ماڵئاوایی لە ئەفسەرەکە بکا بەڵام درەنگ دەگا، تەنیا چاوێ بەوە دەکەوێ کە ئەفسەرەکە ماڵئاوایی لە دایکی و خۆشکی دەکا!


لە دوا کاتدا دەرهێنەر کرێکارێکی دیکەی ویستگا پیشانی بینەر ئەدا کە چۆن ویلە بەفراویەکان پاک ئەکاتەوە، ئەمجارەیان لەبری مردنی کرێکارەکە، ئەنا کارنینا خۆی فرێ ئەداتە ژێر شەمەندەفەرەکەوە، دوا سەحنە، ئەفسەرەکە لەبەرەکانی جەنگ لەگەڵ ئەفسەرێکی دی تەماشای وێنەی ئەنا کارنینا دەکا و دەڵێ خەتای من بوو، من تاوانبارم!

فیلمی دووەم، شەڕو ئاشتی، لێرەش دا باس لە چوار بنەماڵەی ئوروستوکرانی دەکا کە خاوەن کچ و کوڕی پێگەیشتوو سەڵتن ! باس لە خوشەویستی نێوان کوڕو کچەکانیان دەکا، ئەوەی لەم فیلمە سەرنجت ڕادەکێشێ کە کوڕ یەکەم جار دەچێتە داخوازی کچێک، باوک یان دایکی کچەکە بە کچی خۆیان دەڵێن پارچە موزیکێکمان بۆ ناژەنی؟ بەم شیوەیە تواناو زیرەکی و دەنگی کچی خۆیان دەخەنە روو، دووەم لە فیلمەکەدا زیاتر باس لەو باوک ودایکانە دەکا کە زۆر دەست وەرئەدەن لە چارەنووسی کچ و کوڕەکانیان، هەروا باسی ئیرەیی و بیروکەی ( مبارەزە ) لەو سەردەمە، سەرەتا بە شمشێرو دواتر بە دەمانچە!


قارەمانی فیلمی شەرو ئاشتی، ئەفسەرێکە لە ژنی پێشووی مناڵێکی هەیە، حەزی دەچێتە ناتاشا کە کچێکی خانەدانی جوانە، خوشەویستی لای هەردوو لایان دەخەمـڵێ، ئیدی کوڕەکە بە باوکی دەڵێ دەمەوێ ناتاشا بهێنم بەڵام باوکی ڕازی نابێ و چەند مەرجێک بۆی دائەنێت، پێ دەڵێ تۆ مناڵێکت هەیە، ئەو کچە بایەخ بە مناڵەکەی تۆ ناداو مناڵی خۆی دەوێ هەروا دەڵێ پێش ئەوەی ژن بهێنێ دەبێ ساڵێک بچی بۆ بەرەکانی جەنگ لە سنور، بەرەنگاری سوپای ناپلیون بێتەوە، کوڕەکەش دەکەوێتە ژێر کاریگەری قسەکانی باوکی یەوە لە هەمانکاتدا ناتاشای خۆش دەوێ، دەقی بریارەکەی باوکی بە ناتاشا دەڵێ، ناتاشاش دەڵێ من تۆم خۆش دەوێ نابێ بروێ بۆ شەر ! کوڕەکەش دەڵێ تۆ لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا ئازاد بە! دیارە لەم فیلمە باسی ژیانی خۆشکی کۆرەکەش دەکرێ کە دیسان باوکی دەستی تێوەرئەدا، لەهەمان کاتدا کوڕی داخوازیکەر حەزی دەچێتە خۆشکەکەی تری و ماچی دەکا، کچی خواستراو ئەم دۆخە دەبینی بۆیە دەڵێ من دەمەوێ لای باوکم بمێنمەوە!


براکەی ناتاشاش حەزی لە کچێکی دیکەیە، بەهەمان شێوە دایکی ناتاشا بەم هەنگاوە رازی نابێ و ئەنجام نەخۆش دەکەوێ!


کچێکی تری هاوخەنیمی ناتاشا هەیە مێردەکەی دڵپیسی لێ دەکاو ژیانی کردۆتە دوزەخ بەڵام برایەکی هەیە لەگەڵی دەچێ بۆ ئۆپرا لەوێ ناتاشا ئەبینێ لەگەڵ باوکی دایە، ئەم برایە حەز بە ناتاشا دەکاو پێ دەڵێ قەدەر ئەم ئێوارەیە ئێمەی کۆکردۆتەوە، من تۆم خۆش دەوێ هەرگیز لە بیرت ناکەم!


بەڵام ناتاشا دووردەکەوێتەوەو، هیچ هەڵویستێک نانوێنێ، ئەمەیە نهێنی نووسینی تولستوی کە بریار لەسەر هەڵویستی کەسایەتیەکان نادا، لێدەگەرێ خوێنەر یان بینەر لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکا!


ئەوەی لە فیلمی ئەنا کارنینا و شەڕو ئاشتی بۆم روون بوەوە کە تولستوی زیاتر رۆشنایی دەخاتە سەر خوشەویستی، رەگەزی شەریش وەک کۆسپ لەرێگای خوشەویستی دا بەکار ئەهێنێ هەر بۆیە خوشەویستیەکان دەگەنە ناکامی، کۆتایی ئەنا کارنینا زۆر دڵتەنگە بەڵام شەرو ئاشتی تا ڕادەیەک باشترە، لەبەر ئەوەی ئومیدو ئاسۆ لە پێش ناتاشا ماوە بریاری خۆی بدا، چ لەگەڵ برای کچە هاوخەنیمەکەی خۆی یان لەگەڵ ئەو کوڕەی کە چووە بۆ بەرەکانی جەنگ لە سنور دژی سوپای ناپلیون ! لەوانەیە بە سەلامەتی بگەرێتەوە!


١٠\٧\٢٠١٣ - نەرویج

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک