په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٤

تۆمارکردنی سکالای یاسایی

له‌ دژی نوری مالکی لەسەر بڕینی بودجه‌ی هەرێم.

 


بۆ بەڕێزان:
سه‌رۆکایه‌تی پەرلەمانى كوردستان
سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان
سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران
راى گشتى


لە ئێستادا هەرێمى كوردستان بە دۆخێكى سەرتاپاگیرى ناهەمواردا تێدەپەڕێت، بە تایبەت لە رووى ئابوورییەوە، لە روانگەى بەرپرسیارێتى ئەم دۆخەش ئێمە وەك (رەوتى ناڕەزایەتییەكانى خەڵك) هەر یەك لە حكومەتى مەركەزى عێراقى فیدراڵ و حكومەتى هەرێمى كوردستان بە بەرپرسیار دەزانین.


كابینەى هەشتى حكومەتى هەرێمى کوردستان بەرامبەر ئەو قەیرانە یەك لە دواى یەكانەى روو لە هەرێمى كوردستان دەكات، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكى گەورەدایە، ئەوەتا سىَ مانگ جارێك فەرمانبەرانى حكومەت مووچەى مانگێك وەردەگرن، كێشەى بێكارى تا دێت روو لە زیادبوونە، بۆیە كێشەى گرانكردنى نرخى سووتەمەنى و بەنزین و كرێى خانوو و بازاڕ، پیشانى دەدات كە كابینەى هەشتى حكومەتى هەرێم و پەرلەمانى كوردستان سەركەوتوو نەبوونە لە جىَ بەجێكردنى بەرنامەى كاریان، لەبەر ئەوە دەبێت بەخۆداچوونەوەیەكى جیدى بكەن.


هه‌روه‌ها بەبێ رێزگرتن لە بڕیار و ئیرادەى دەنگدەرى كورد بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانى هەرێم، كە لە ٣٠ى نیسانى ئەم ساڵەوە ئەنجامدراوە، هێشتا پارێزگارێکی نوێ بۆ پاریزگای سلێمانى هەڵنه‌بژێردراوه‌ و دۆخه‌که‌ دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند مانگێک به‌سه‌ر واده‌ی هه‌ڵبژاردن، بە هەڵواسراوى ماوەتەوە. بۆیە بەلاى ئێمەوە گرنگە كابینەى هەشتى حكومەتى هەرێم وخولى چوارەمى كوردستان پابەندێتى راستەقینەى خۆیان بەو بەڵێنانەى كە بە دەنگدەریان داوە بۆ دەستەبەركردنى ژیانێكى شایستەتر جێبەجێبكەن.


لەبەر ئەو هۆكارانەى كە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ كرد، وەك (دەستپێشخەرى رەوتى ناڕەزایەتییەكانى خەڵك) لە روانگەى بەرپرسیارێتى یاسایی و ئەخلاقى و مێژووییەوە ئەم هەنگاوانە دەگرینە بەر:


١- (دەسپێشخەرى رەوتى ناڕەزاییەكانى خەڵك) سكاڵاى یاسایى لەسەر سەرۆك وەزیرانى کاربه‌ڕێکه‌ری حكومەتى مەركەزى عێراق (نورى مالیكی) تۆمار دەكات لەدادگاى فیدراڵى عێراق، بەتۆمەتى پێشێلكردنى دەستوور و سەپاندنى سزاى بەكۆمەڵ بەسەر هاووڵاتیانى هەرێمى كوردستاندا.
٢- پێكهێنانى دەستەیەك لەلایەن رێكخراوەكانى كۆمەڵى مەدەنى و رەوتى ناڕەزایەتییەكانى خەڵك، بۆ وتووێژ كردن لەگەڵ حكومەتى هەرێم و پەرلەمانى كوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەنجامدانى چاكسازى و گۆڕینى ئەم رەوشە نالەبارەى كوردستان، كە لە ئەنجامى سیاسەتى هەڵەى حكومەت و پەرلەمان و حیزبە سیاسییەكان بەگشتى هاتۆتە ئاراوە.
٣- بە پێچەوانەى ئەنجامدانى چاكسازى و چارەسەركردنى دۆخى نالەبارى هاوولاَتیانى هەرێمى كوردستان، داوا دەكەین: كابینەى هەشتى حكومەتى هەرێمى كوردستان دەست لەكاربكێشێتەوە، چونكە نەیتوانیوە كارنامەى حكومى خۆى جێ بەجێ بكات.
٤- لەبەرامبەر داواخستنى زیاترى پێكنەهێنان و هەڵنەبژاردنى پارێزگارێكى نوىێ بۆ پارێزگاى سلێمانى، سكالاَى یاسایى تۆمار دەكەین.

 


دەستپێشخەری رەوتی ناڕەزایتییەكانی خەڵك
٣\٩\٢٠١٤

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک