په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

تۆپەکە هاوێشراوەتە گۆڕەپانی کوردستان، لێ؟!


ستار محەمەد قادر  


ماوەیەک بە رلە ئێستا بابەتێکم لە ژێر ناونیشانی "وریابن گۆڵمان لێ نەکەن" نووسی، بەڵام بە داخەوە وا کوردستان کرا بە گۆڕەپانی یارییەکە، لێ لە خودا بەزیاد بێت وا هێدی هێدی خەریکە خۆمان گۆڵ لە خۆمان دەکەین!


شەڕی تورک، شەڕی چارەنووسسازە، هەروەکو چۆن شەڕی هەر یەکێک لە داگیرکەرانی تری کوردستان لە گەڵ کورددا چارەنووسسازە، ئێوە لەو باوەڕەدان لەم لەشکرکێشییەدا تەنها"pkk و پدک" زەرەرمەند دەبن، کۆی کورد زەرەرمەند نابێت؟ بێ شک لاواز بوونی هەر بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی کوردی، لەسەر گۆی ئەم زەمینە لاواز بوونی ئیرادەی تاک بە تاکەکانی ئێمەی کوردە ، ئەگەر تاکە بەهانەی دەستی ئەوان تیرۆر بێت، ئەوا تیرۆریستی راستەقینە هەر ئەوانن، ئێمە نابێت ئەوەی ئەوان دەیڵێن بە هەند وەریان بگرین، بەڵکو پێویستە ئەوەی خۆمان لەسەر ئەرزی واقیع بڕوامان پێی هەیە و دەیانبینین بەهەند وەریانبگرین.


ئەمڕۆ بۆ جارێکی دی مێژوو خۆی دوو پات کردەوە، ئەوەی بۆمان سەلماند کە کورد جگە لە خۆی و شاخە سەر کەشەکانی پەناگەیەکی دیکە شک نابەن، وا بەم دوواییە بە ئاواتەوەن ئەو پەناگەیەشمان لێ حەرام بکەن، باشە دەکرێت ئێمە هەر هەموومان ئەو راستییە بە چاکی بزانین کە کێشەی کورد لە تورکیا بەشەڕ چارەسەر ناکرێت، بەڵام دوژمنەکەمان نەک گوێ بۆ زوبانی ئەقڵ شل ناکات، بەڵکو دەیەوێت و لە بەرنامەیدایە خەونی دێرینی هەموو کوردێک لە گۆڕ بنێت، ئەو دەیەوێت بە هێزی ئاگرو ئاسن ئیرادەی میللەتێک سەرکوت بکات، بمانسڕێتەوە، ئایا دەکرێت ئێمە تەنها تەماشا کەر بین؟ خۆ ئێمە پلیتی شانۆگەرییەکمان نەبڕیوە تا تەنها ببین بە بینەر؟ ئەو سیناریۆیەی وا تورکیا نەخشەی بۆ دەکێشێت، تراژیدیای گەورەی لە پشتەوەیە، ئەنفال کردنی سەرتاپای کوردە لە چەرخی بیست و یەکەمدا، لێ بە شێوازێکی جیاواز، کیمیا بارانی نەک تەنها هەڵەبجەی شەهیدە، بەڵکو گازاوی کردنی ئەو سنوورە جوگرافیایەیە کە بە کوردستان دێتە ناساندن!


وا تورکیا شولی خۆی لێ هەڵکێشاو سنووری بەزاندوو حکومەتی ئێراقیش کەس نازانێت لە کام نەخۆشخانە لە هەندەران خەریکی سڕکردنی جەستەیەتی، خۆش بەختانە پەرلەمانی ئێراقیش لە سووڕی پشوویدایە، نە مالیکی خۆی بۆ ئەو سنوور بەزاندنەی تورکیا خوراندوو نەش پەرلەمان بە پێویستی زانی دانیشتنێکی نائاسایی رابگەیەنێت، کەواتا ئێراق وڵات نییە، بۆیە هەر وڵاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی تەراتێنی تیادا دەکات؟ من هەرگیز هەڵوێستی برا تورک و عەرەبەکانمان نیگەرانم ناکەن، هێندەی بێ هەڵوێستی هەندێ لایەنی کوردی تووشی هیستیریام دەکەن، ئەو دۆستایەتی و هاوپەیمانییەتەیش بە یەک پوولی قەڵب ناکڕم کە سالانێکە تەنها ئێمە شاباشی ئەمریکامان پێی دەکرد ، بەڵکو تاکە غەمم ئەو نەخۆشییە کووشندەیەیە کە ساڵانێکە وەکو پەتایەکی بکووژ لە ناو ئێمەی کورددا سەری هەڵداوە کە ئەویش پەتای حیزب حیزبێنەیە، لە کاتی خۆشی و گەورەترین ناخۆشی و کارەساتدا ناتوانین و نەمانتوانیوە دەسبەرداری ببین!


ئەمڕۆ کوردستان دووچاری گەرەترین پیلان دەبێتەوە، مەخابن بەوە دەکات بانێک و دوو هەوا بێت! من نازانم ئەگەر تورکیا لە یارییەکە بکشێتەوە، کێ دۆڕاو و کێیش براوە دەردەچێت؟ ئەی ئەگەر تورکیا نەکشایەوە و بە تەمای گۆڵ بێت، ئێوە بڵێن دەبێت لە کێی ... بکات؟!

 


2008/2/28
کەرکوک

Star_qadr@yahoo.com