|
١٦\٨\٢٠١٠ تۆپه‌که له یاریگه‌ی تورکیا دایه.
هه‌رده‌م ئێمه‌ی کورد، گه‌لێکێ ئاشتیخواز بووینه و شه‌ڕخواز نه‌بووینه. تا ناچاریان نه‌کردووبێتین په‌نامان بۆ چه‌ک نه‌بردووه. تا شه‌ڕیان پێنه‌فرۆشتووبێتین شه‌ڕمان نه‌کردووه. تا دوو مشتیان لێنه‌دابێتین مشتێکمان له‌که‌س نه‌داوه. هه‌موو شه‌ڕه‌کانیشمان خۆپاراستن و به‌رپه‌چدانه‌وه و به‌رگریکردن بووه له خاکی کوردستانی پیرۆزی داگیرکراومان. تا ئێستا نیشتمانی هیچ گه‌لێکمان داگیرنه‌کردووه. ته‌نانه‌ت له کاتی ده‌ستڕۆیشتنیشمان و زه‌لیل بوونی دۆژمنه‌کانیشمان، بێویژدانیمان نه‌کردووه و ڕووحی به‌زه‌یی و لێبوردنمان هه‌بووه. وه‌کو شه‌ڕکه‌ریش هه‌رده‌م شه‌ڕکه‌رێکی ڕه‌وشتبه‌رز بووینه و هیچ کاتێک ئازارمان به که‌سانێکی بێ‌تاوان نه‌گه‌یاندووه. شه‌ڕمان به‌رانبه‌ر به شه‌ڕفرۆشانی هێڕشکه‌رکردووه.. هه‌رده‌میش له کاتی به‌هێزیماندا داوای ڕاگرتنی شه‌ڕ و گفتوگۆ و چاره‌سه‌رکردنی ئاشتیمان کردووه.
به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌موو کاتێک دوژمنانی گه‌له‌که‌مان، دڵ‌پاکی و خۆشبڕوایی ئێمه‌یان قۆستۆته‌وه..هه‌رکه گوڕیان گرتبێته‌وه و هه‌لیان بۆ هه‌ڵکه‌وتووبێ به ئاگر و ئاسن وه‌ڵامیان داوینه‌ته‌وه.پاداشتی پیاوه‌تیی ئێمه‌یان به ناپیاوی داوه‌ته‌وه. گه‌لێ به‌ڵگه‌ی ڕاستی سه‌لماندنی ئه‌م ڕاستیه‌مان له‌لایه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆش له‌سه‌ر باکوور و ڕوژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای کوردستاندا گه‌ماروویه‌کی ڕاگه‌یاند " ئیعلامی " توند هه‌یه و داگیرکه‌رانی کوردستانیش خاوه‌نی ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و میدیان و چه‌نده‌ها ماڵپه‌ڕ و جاشنووسه‌ر و ناپاکی به‌کرێگیراویان هه‌یه ڕاستیه‌کانیان چه‌واشه‌کردووه و به‌ناڕه‌وا هه‌وڵی سووکردن و ناشیرینکردن و ناوزڕاندنی کورد ده‌ده‌ن..
به داخیشه‌وه وڵاته زلهێزه‌کان بوونه‌ته کۆیله‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و، ویژدان و مرۆڤایه‌تی و هه‌ق و دادپه‌روه‌ریان خستۆته لاوه و، هه‌ڵوێستێکی دوڕووییان هه‌یه و به سپی ده‌ڵێن ڕه‌شه و به‌شۆڕشگیێڕانی گه‌له‌که‌شمان ده‌ڵین تیرۆریستن و به ده‌وڵه‌تانی سته‌مکار و تیرۆریستی داگیرکه‌ره‌کانی کوردستانیش ده‌ڵێن هه‌قیانه و پشتیان ده‌گرن. ئێمه‌ی کورد هه‌رده‌م بووینه‌ته قوربانی ئه‌م ناهه‌قی و تاوان و دووڕوویه‌ی ده‌وڵه‌تان..
تا ئێستاش وڵاتانی ئیسلامیش پرۆتستۆی ئه‌م تاوانانه‌یان نه‌کردووه، به‌ڵکو ئێمه له‌لایه‌ن چوار ده‌وڵه‌تی به ناوه ئیسلامه‌وه ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه.که‌واته وڵاته ئیسلامییه‌کانیش هه‌موو درۆزن و دووڕوون.هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کوردین و تینووی ئازادی و دیموکراتی و داد و یه‌کسانین، بۆیه له ئاستمان که‌ڕ ولاڵ و کوێرن. پارتی کرێکارانی کوردستان، که پارتێکی شۆڕشگێڕی کوردییه و بنکه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی به‌رینی له باکووری کوردستاندا هه‌یه و زیاتر له بیست و شه‌ش ساڵه، له پێناوی هێنانه‌دیی مافه‌ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌ماندا خه‌بات ده‌کا و به هه‌زاران قوربانی له‌م پێناوه‌دا داوه، تا ئه‌مڕۆش له ڕووی گه‌وره‌ترین و دڕنده‌ترین سوپای تورکیای داگیرکه‌ری کوردستان پاڵه‌وانانه به‌رگری له خاکی کوردستان ده‌کات.. خه‌بات و شۆڕشکردن و به‌رگریکردن له پێناوی مانه‌وه و خۆپاراستن و وه‌رگرتنی مافی ڕه‌وای زه‌وتکراو و ڕزگارکردنی نیشتمانی داگیرکراودا، مافێکی شه‌رعی و به‌جێی ئه‌و گه‌لانه‌یه.. نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش دان به‌م مافه‌دا ده‌نێ.. ئامانجه‌کانی په‌که‌که‌ش هه‌ر له‌م چوارچێوه‌دایه و به‌ده‌ر نییه.. به‌ڵام تورکیا تا ئێستا به فه‌رمی دانی به بوونی نزیکه‌ی بیست و پێنج ملیۆن کورد له باکوری کوردستاندا نه‌ناوه، له ساده‌ترین مافی ژیان بێبه‌شی کردوون و شه‌ڕێکی کوردقڕانی ده‌ستپێکردووه.بڕواشیان به ئاشتی نییه.
پارتی کرێکارانی کوردستان تا ئێستا چه‌ند جارێک یه‌ک لایه‌نانه شه‌ڕی ڕاگرتووه، به‌ڵام هه‌موو جاره‌کان تورکیا به هێڕشێکی دڕندانه‌تر وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه و چاره‌سه‌ری ئاشتی ڕه‌تکردۆته‌وه و،هه‌ڕشه‌ی زیاتی کردووه بۆ له ناوبردی په‌که‌که.. زیاتریش ده‌ستی کردووه به کوشتن و و گرتنی منداڵان و لاوانی گه‌له‌که‌مان له شاره‌کانی باکووری کوردستاندا،تا ئێستا چوارده هه‌زار به‌س منداڵی کوردمان له به‌ندیخانه‌کانی تورکیادا به بێ تاوان ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی گیانی و ده‌روونی ده‌درێن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نکوڵی له کوردبوونی خۆیان ناکه‌ن..
وا جارێکی ترش په‌که‌که له‌وپه‌ڕی به‌هێزیدا له ڕۆژی چوارده‌ی ئه‌م مانگه‌دا یه‌ک لایه‌نانه بڕیاری ڕاگرتنی شه‌ڕی ڕاگه‌یاند و ئاشتیخوازی خۆیده‌ربڕی و،ئاماده‌شه بۆ گفتوگۆکردنی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی تورکیادا، بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له باکووری کورستان‌دا به شێوه‌یه‌کی و ڕه‌وا.هه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی په‌که‌که ئه‌و درۆ و پڕوپاگه‌ندانه به درۆ ده‌خاته‌وه که کورد حه‌ز به شه‌ڕه. یه‌کسه‌ر سه‌رکردایه‌تی کوردمان له باشووری کوردستاندا پێشوازییان له‌م بڕیاره‌ی په‌که‌که کرد و، ئاماده‌شن گه‌ر تورکیاش ڕازیبێ به ڕاگرتنی شه‌ڕ یارمه‌تیده‌ربن بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕ و چاره‌سه‌رێکی ئاشتیانه بۆ کێشه‌ی گه‌له‌که‌مان له باکووری کوردستاندا..
جارێکی که‌ش په‌که‌که تۆپه‌که‌ی هه‌ڵدایه یاریگه‌ی تورکیاوه.. هیوادارین که تورکیا وه‌کو جارانی تر لووتبه‌رزی نه‌نوێنی و ئه‌ویش شه‌ڕ ڕابگرێ و وه‌کو هه‌نگاوێکی نیه‌ت پاکی و ڕاستیش، هه‌موو به‌ندکراوه‌کانی گه‌له‌که‌مان ئازاد بکات.. له ماوه‌ی بیست و شه‌ش ساڵی ڕابردوودا ، شه‌رکردنی تورکیا له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا « ٥٠٠ » ملیار دۆلاری له‌سه‌ر تورکیا ته‌کلیف کرد، و به هه‌زاران که‌سیش له هه‌ردوو لادا کوژران.. به‌ڵام کوتایی به‌م شه‌ڕه نه‌هات.. به‌و پاره‌یه تورکیا باکووری کوردستانی ده‌کرد به به‌هه‌شت و به قه‌د ئه‌و پاره‌یه‌ش پاره ده‌هاته سه‌ر بودجه‌ی تورکیا. نه تورکیا و نه کوردیش دووچاری ئه‌م قه‌یران و کوشتن و ماڵویرانییه ده‌بوون..
ده‌بوایه تورکیا په‌ندی له ڕژیمی به‌عسی ڕه‌گه‌زپه‌رستی عێراق وه‌ربگرتایه، چونکه مه‌حاڵه که به شه‌ڕ کۆتایی به په‌که‌که بهێنرێت و کێشه‌ی ڕه‌وای کورد کۆتایی بێت.. نموونه‌یه‌ک بۆ تورکیا ده‌هێنمه‌وه ، له کاتی دسه‌ڵاتی عه‌بدولڕه‌حمان عارفدا ساڵی ١٩٦٦سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی ئه‌وکاته د.عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز بوو. به‌زاز به ڕاشکاوی وتی تا ده پێشمه‌رگه له چیاکانی کوردستان بمێنێت، عێراق ئارامیی به خۆیه‌وه نابینێت. هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئاشتی دا، به‌ڵام جه‌نه‌ڕاڵه شه‌ڕخوازه‌کان ڕازی نه‌بوون و بوونه هۆی پێگه‌یاندنی گه‌وره‌ترین زیان به کورد وعێراق و، شۆڕشی گه‌له‌که‌شمان زیاتر گڕی گرت، تا سه‌ری به‌عسی خوارد و به‌و ڕۆژه ڕه‌شه‌یان گه‌یاندن.. که‌واته به شه‌ڕ نه په‌که‌که کۆتایی دێ و نه‌کێشه‌ی کوریش چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. وه‌کو ده‌ڵێن : " سه‌د ساڵی گفتوگۆ له ڕۆژێکی شه‌ڕ باشتره.".
نه‌رویج
|