٤\٨\٢٠١٥
تۆبخانەکانی
تورکیا لە ناو خاکی ھەرێمدا میوانەکان تۆپباران ئەکەن؟؟!!

ئهحمهد رهجهب
ھاوڵاتیانی تورکیا ئەزانن تا رۆژی
ھەڵبژاردنەکان لە ٧/٦/٢٠١٥دا رەجەب تەیب ئەردۆگانی شۆڤەنیست سەرۆک
کۆمار و ئەحمەد داود ئۆغڵۆی رەگەزپەرست سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ""حیزبی
دادو گەشەپێدان"" (ئاکپارتی) خۆیان مەڵاس دابوو نقەیان لە خۆیان بریبوو
وایان ئەزانی وەک ساڵانی پێشوو دەنگی زۆر ئەھێنن و بە تەنھا حکومەت
دائەمەزرێنن بەڵام لە پاش دەرکەوتنی ئاماری دەنگەکان دۆران و تووشی شۆک
بوون و چۆکیان شکاو دۆش دامان نەیانئەزانی چی بکەن.
لە ھەڵپژاردنەکانی تورکیا حیزبەکەی ئوردوگان و ئۆغڵۆ وەک حیزبەکانی تری
ئیخوان ئەلموسلمین لە وڵاتانی تردا تووشی شکست ھات و ژمارەیەکی بەرچاو
لە دەنگەکانی لەدەستداو، لە بەرامبەر ئەو شکستە پارتی گەلانی دیموکراتی
بووە جێی متمانەی دەنگدەران و خاوەنی (٨٠) کورسی پەرلەمانی و، لێرەوە
خەلیفە دۆراوەکەی کەمالیزم و یاوەرەکانی کەوتنە پیلانگێری و
نەخشەدانان بۆ لێدانی گەلی کوردستان بە بیانووی گریلاکانی پارتی
کرێکارانی کوردستان.
لەو رۆژەی تاقمی تیرۆریستی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی خوێنرێژ*
""داعش"" دەستی بە سەر شاری موسڵ گرت تا ئێستا کاری قیزەوەن و تاوانی
دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوەو درێژەی ھەیە و ئەوەش ھەرەشەیەکی گەورەیە لە
سەر نەتەوەی کوردو کوردستان و بە بەرچاوی دونیا لە لایەن رژێمی تورکیای
تیرۆریست بە ئاشکرا پشتگیری لێ ئەکرێت و یارمەتی ئەدرێت.
لە مێژەوە خەڵک و وڵاتان ئەزانن تورکیا دەوڵەتێکی تیرۆرستییەو فاشست
ئاسا رەفتار ئەکات و بە ئاشکراو بە نھێنی پشتگیری لە چەتە روورەشەکانی
تاقمی خوێنرێژی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی چەپەڵ ""داعش"" ئەکات و، چەک
و تەقەمەنی و تانکیان ئەداتێ و، چەندان شوێنی تەرخان کردووە بۆ مەشق و
راھێنانی ئەندامەکانی داعش و ئاسانکاری ئەکات لە ناردنیان بۆ بەرەکانی
جەنگ لە سوریاو عێراق و، لە کاتی بریندا کردنیان سنووری تورکیا
بەروویاندا واڵایەو، لە نەخۆشخانەکانی دەوڵەتی تورکیای مرۆڤکوژ بە
گەرمی پێشوازییان لێئەکەن.
تورکیای بۆ دژایەتی کورد لە رۆژئاواو، بە تایبەت لە کوبانی ھەموو جۆرە
رێگایەکی تاقیکردەوەو، بەڵام ھەوڵەکانی سەری نەگرت و، ئەوە رەجەب تەیب
ئەردۆگان بوو راشکاوانە ئەیوت کۆبانێ لە کەوتندایە، بەڵام سەرکەوتنی
کۆبانێ و ھێزو بازووی یەکینەکانی گەل و بە پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگەی
کوردستان باشترین وەڵامیاندایەوەو، دوژمنانی تووشی ھیستیریاو نەخۆشی
دەرونی کرد.
تورکیا بەبێ یارمەتی نەیئەتوانی ھیچ ھەنگاوێک ھەڵبێنێ، بۆیە عەربستانی
سعودی و وڵاتی قەتەر پارەیەکی مۆڵیان ھەڵرشت و خستیانە بەردەستی
شۆڤەنیستەکانی رژێمی تورکیاو، بۆ رێگری لە کوردان و، دەستیان کرد بە
ھەڵکەندنی (خەندەق) بە درێژای سنوورەکانی لە گەڵ سوریاو، ئەوەی سەیر
بوو ھەرێمی کوردستان شان بە شانی رژێمی تورکیا کەوتە (خەندەق) ھەڵکەندن
و، ئەو کارەش لە گەڵ سیستی وخیانەتی کەسانێک لە ھێزەکانی پارتی
دیموکراتی کوردستان بووە ھۆی نەخشەدانان لە ژێر چاودێری رژێمی تورکیاو
دەستوپەیوەندەکانی لە ھەرێمی کوردستان بۆ گرتنی شەنگاڵ بە ئاسانی و،
ئەو پرۆسە دژ مرۆیە بووە ھۆێ کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیلی بێ
دەسەڵات و، گرتنی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و ھەزاران ئافرەت لە منداڵ و
کیژی لاوو پیری پەککەوتەو، داعش وەک نەریتێکی کۆنی ئیسلام لە کاتی (ئەنفال
و غەزەوات) دەستی کرد بە فرۆشتنی کچان و ژنان بە بەرچاوی وڵاتانی
عەرەبی و ئیسلامی و ھەموو دونیاو، بە شودانیان بەپێی جیھادی ئەلنیکاح و
شەرعی داعش..
ھاتنی دەوڵەتی خەلەفاوی خەلافەتی ئیسلامی - داعش بووە (خەیرو بەرەکەت)
و دەسکەوەت بۆ رژێمی تورکیای شۆڤەنیست و، یەکێک لەو دەسکەوتانە
رەوانەکردنی نەوتە بۆ شارەکانی تورکیا بەرامبەر بە نرخێکی زۆر ھەرزان
و، بە ھۆی ئەو نەوتە مفت و ھەرزانە لە پاڵ نەوتەکەی ھەرێمی کوردستانی
خۆمان (کە کەس نازانێت پارەکەی ئەچێتە گیرفانی کێ) تورکیا بووەتە خاوەن
ئابورییەکی بتەوو، ئەمەش وایلێکردووە دەستبووەشێنێت وھیرش بکاتە سەر
کوردستان بە بیانووی لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان.
نەوەکەی کەمال ئەتاتورکی عوسمانلی رەگەزپەرست و خەلیفەی دۆراو رەجەب
تەیب ئەردۆگان لە کاتی ھەڵگیرسانی شەر دژ بە رژێمی خوێنرێژی سوریا
کەوتە ھەڵپەھەڵپ و، بیری بۆگەنی پاڵیپێوەنا بۆ قۆستنەوەی بارودۆخی
ئاڵۆزی ئەو وڵاتەو سوودوەرگرتن لە پارەی مۆڵی تەرخانکراو بۆ توندوتیژی
وتیرۆر لەلایەن عەربستانی سعودی و دەوڵەتی قەترو، بە فیتی ئەمریکاو
ھەوڵی تورکیا سوپایەکی بەناو ئازاد پێکھێنراو، لە رێی ئەم سوپایە دەستی
تورکیا کرایەوە بۆ دەستێوەردان لە کاروباری سوریاو، تا ئێستا رەجەب
ئەردۆگان خەون بەوە ئەبینێت ناوچەیەکی ئەو وڵاتە داگیربکات وەک چۆن
بەشێکی قوبرس و چەند شوێنێکی ھەرێمی کوردستانی داگیر کردووە..
سوپای ئازاد (شێرە بەفرینەکەی ئەمریکا و تورکیاو عەربستانی سعودی و
قەتەرو یاوەرەکانی) بوو بە ئەمرازێکی کوشندە دژ بە گەلی سوریا، چونکە
ھەرچی گروپە توندوتیژەکانی ئەلقاعیدەو سەلەفی و ئیخوانچی (ئیخوان
الموسلمین) و تیرۆریست ھەیە چوونەتە ریزی ئەو سوپایەو، لە ئاکامدا لە
پاڵ ئەلقاعیدەی تیرۆریست نوسرەو داعش لە دایکبوون.
لە پاش دۆرانی رەجەب تەیب ئەردۆگان و حیزبی ""دادو گەشەپێدان"" لە
ھەڵپژاردنەکاندا کەوتە گەران بەدووای پیلانگێری و دۆزینەوەی بیانوو،
ھەرەشەکردن و، کە زانی ئەحمەد داوود ئۆغڵو ناتوانێت حکومەت پێکبێنێت
داوای ھەڵپژاردنی پێشوەختی کردو، بۆ ئەم مەبەستە روویکردە ئەمریکاو لە
پر ئامادەیی تورکیای نیشاندا بە کردنەوەی بنکەی ئەنجرلیک و شەر دژی
داعش بکات و، ئەم ھەنگاوەش لە لایەکەوە بۆ داپۆشینی دۆراندنەکەی بوو
ولە لایەکی ترەوە بۆ ئەوەی خواستە شۆڤەنیستەکەی بێتەدی وھێرش بکاتە سەر
پارتی کرێکارانی کوردستان.
پاش ئاخافتنەکەی ئەردۆگان و ئامادەیی تورکیا بۆ لێدانی دەوڵەتی
خەلافەتی ئێسلامی - داعش لە کوردستان داوای پر لە شەرمەزاری ھاتە
کایەوەو ھەریەک لە مەسرور بارزانی " راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی
نەتەوەیی ھەرێمی کوردستان" و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی بنکە
فراوانی کوردستان داوایان لە میوانەکان کردو، مەبەست لە میوانەکان
(پارتی کرێکارانی کوردستان)ە
سەری خۆیان ھەڵگرن و برۆن و، مەسرور بە روونی وتی: دەبێت پارتی
کرێکارانی کوردستان قەندیل جێبھێڵێت، چونکە لەنێو خاکی عیراقدایە!! و،
وتیشی: “ھێزەکانی (پەکەکە) و (یەپەگە) میوانن و، پاشان نێچیرڤان
بارزانی وتی: میوانەکان ئەبێ بچنەوە شوێنی خۆیان و خاکی ھەرێم
بەجێبھێڵن، من لێرەدا تەنھا پرسیارێک ئەکەم و وەڵامیش لای گەلی
کوردستانە: ئایا کوردان لە سەر خاکی باوباپیران میوانن؟ دیارە ئەم
داوایە پر شەرمەزارییە لە سەر خواست و ئارەزووی ئەردۆگانی شۆڤەنیست و
تاقمە رەگەزپەرستکانی حیزبی "" دادو گەشەپێدان"" و ئیخوان موسلیمەکان
بووەو، ھەر ئەمەش بووە زەنگی ھەڵگیرسانی شەر لە دژی گەلی کوردستان و
پارتی کرێکارانی کوردستان.
پاش ئەوەی داوا لە میوانەکان کرا قەندیل و خاکی باوباپیران بەجێبھێڵن
تورکیای تیرۆریست ھەلی بۆ رەخساو دەستی کرایەوەو، ھەر لە پاش
گفتوگۆکانی نیوان باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتەکانی ئەمریکاو رەجەب
تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا لە ٢٣/٧/٢٠١٥ سەبارەت بە بنکەی ئەنجرلیک و
شەری داعش و، ھاتنی ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ٢٤/٧/٢٠١٥
بۆ ھەولێر ( بەسەردانێکی گووماناوی ) و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆکی
ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و بەرپرسانی باڵای سەربازی و لە پاش٤
کاتژمێر رووی کردە تورکیاو، لە ٢٥/٧/٢٠١٥ فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەی
تورکیا لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا
بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە باکوور و باشووری کوردستان
بۆمباباران کردو، ھاوکات ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆک وەزیرانی تورکیا
رایگەیاند بۆماوەی کاژێرێک گفتوگۆی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی
کوردستان لە بارەی ئامانجی ئۆپراسیۆنی تورکیا کردووە.
شۆڤەنیستەکانی تورکیا رایانگەیاند کە چەقۆکە گەیشتوەتە ئێسقان و
ئامادەن خەڵک لە ناوبەرن و قەندیل لە گەڵ زەوی تەخت بکەن و، ئەوەتا بە
ئاشکراو بە بەرچاوی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و حکومەت بە فرۆکەی
جەنگی و توبخانەکانی تورکیا لە ناو خاکی ھەرێمدا خەڵکی سڤیل و
دانیشتوانی دێھاتەکان و میوانەکان لەناو ئەبەن و میدیاکانی پارتی
دیموکراتی کوردستان و میتی تورکی پاساو بۆ ھێرشەکانی تورکیا ئەھێننەوە.
قەت رۆژێک لە رۆژان رژێمی تورکیای خوێنرێژو سەرکوتکەری خەڵکی سڤیل و بێ
تاوان دۆستی کورد نەبووەو، ھەموو کات بە ئاگرو ئاسن وەڵامی ھاوڵاتیان و
پرسەکانی کوردی داوەتەوەو، سەرەرای پێشێلکردنی تەواوی پرنسیپەکانی
مافەکانی مرۆڤ و، تەواوی یاساکانی رەچاوکراوی جیھانیی سەبارەت بە مافە
سەرەتاییەکانی مرۆڤ ژێر پێ خستووەو، کەس نەیتوانیوە بەرگری لە مافی
ھاوڵاتیبوونی خوێ بکات.
سەرکەوێ خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان.
مردن و سەرشۆری بۆ رژێمی تورکیای شۆڤەنیست و
دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی - داعش.
____________________________
*
ھەندێ لە ئیسلامییەکان (ئەوانەی بۆ
شکۆی سروودی ئەی رەقیب) ھەڵناسن پێیان ناخۆشە بە داعش بوترێت: دەوڵەتی
خەلافەتی ئێسلام، بۆیە ئەو دەستەواژەیەم چەند کەرەت دووبارە کردۆتەوە.
٣\٨\٢٠١٥
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|