| 
			 
			٤\٧\٢٠١١ 
			
			
			   
			
			تۆ و باران لە 
			یەک ئەچن... 
			
			  
			
			شوان عوسمان 
			
			که دائهبهزیت 
			لەو ئاسمانە تهڕم ئهکهی و 
			که تهڕیش ئهبم ، 
			لهو دانەبهزین و ناچۆڕانەوەی خۆمدا ، 
			لە خۆم ئهبهزم و 
			لهسهرهخۆ گلۆر ئهبمهوه بۆ لای تۆ... 
			ئەوسا خۆم نیم ، 
			ئهبمه ئاوێک و  
			به قهد و باڵات دائهچۆڕێم...  
			خۆم ناگرمەوە تا له گۆمی بن کهوشەکانت قەتیس نەبم ، 
			لەوێ وێنەی مانگێک لە سەرسەرمەوە ئەبینم ، 
			بە شلەقانێک من نامێنم و 
			چیتر خۆشم نابینمەوە... 
			وەکو بلقێک بە خۆمدا ئەتەقم و 
			لە ناوتدا بزر ئهبم...  
			وەکو کلۆیەک شەکر لە ناو ئاوی رۆحتدا ، 
			تام ئەگرم و 
			ئهتوێمهوه ... 
			تاوی به تاوی زیکری توانەوەم ، 
			لە بن رێژنەی ئهو تاوهبارانانهت ،  
			تاوم ئهدهن و 
			هەناسەم له قاف هەڵئهکێشن و 
			ئهمخهنه دەمی تێنوووی تنۆکێک و 
			له چاوهکانت خڕم ئهکهنهوه... 
			تا خهمێک له دڵتدا دانهبارێنم ، 
			دهست له رهحمهتی ئهو بارانهت ، 
			ههڵناگرم..  
			بار ناکهم و به ئاسانیش دانابارم ، 
			من دەمێکە بە تەقەتەقی ئهو ئاشه ئاو لێبڕاوه ، 
			راهاتووم ، 
			ههرگیز چاوەڕێ مەبە ئەو ئاشە وا زوو بهتال کهم ، 
			تا به ئاوی حهیاتت تهڕ نهبمهوه و 
			جەستەی بە برێشکەی پڕ شەهوەتم ، 
			بە وسلێکت تەڕ نەبێتەوە ، 
			هەرگیز چاوەڕێ مەبە چاوەڕێت نەکەم... 
			لە شەو بەراتێکی ، 
			شەولەبانی ئەو مەنفایە ، 
			بێسەروبەرەم ، 
			بەراتی ههیاران و مهیارانی تۆم ، 
			لێ باری... 
			چ بارینێک بوو ئەو بارانە... 
			کە تۆش هاتی وەکو ئاوی باران بە سەرم باری و 
			تێرتێر داباری... 
			خێرت هێنا و بەخێر هاتی ، 
			بەرەکەتی هەردوو دونیاشم بە سەر ، 
			داباری.... 
			لە نێوان تاڵە مووە رەش و 
			تاڵە قاوەییەکانت... 
			حەزی قاوەیەکی تاڵ و 
			بۆنی فنجانێکی سوتاو ، 
			لە مێشکم ئەدا ...  
			وەکو زەرگەتەیەکی ناوەخت ، 
			لە لەزەتی خەیاڵێکتم ئەکات و 
			تارای شەوەزەنگم لەتوپەت ئەکات... 
			خۆر لە دەمکەلێکی پرچت ، 
			به پێدزهوه سهر دەردێنێ... 
			بهو شنە بەرەبەیانهوه مهستم ئەکات ، 
			لێوەکانت... 
			که له بەرەبەیانێکی ناچاوانواڕیدا ، 
			پێکەنینێکت خۆری لەو ئاسمانەی خۆت ، 
			گزنگی لۆ من هێنا ، 
			بهو خۆرهتاوهوه بارانت تهشریف و 
			موژدەی تهڕکردنی جەستە و 
			شوشتنی رۆحی منی داهێنا....  
			من هەر ئەوەندە ئەزانم ، 
			لەگەل یەک، وەکو دوو تنۆکی جۆتمانی تەریو ، 
			بووینە یەک دلۆپ... 
			بە پێچەوانەی هاوکێشەکانی جەبر و ریازیات... 
			کە یەک لەگەل یەک ئەبن بە دوو.... 
			ئێمە دوومان کردەیەک... 
			لاولاوی تەمەنمان بە یەکەوە ئاڵان و 
			هەموو شتەکان به یهکهوه لکان.... 
			تەنانەت سێبەرەکانیش ، 
			هەر یەکە لەگهل یەکتر قەرەقەرانێی رازیان ، 
			ئالوگۆڕ کرد و 
			جووت بوون و 
			کەوتنە دەستبازی یەکتر و 
			بە دوای تارمایی یەکتریش ، 
			عاشقانه لە ماچی هەموو لەتێکی بەژنی یەکتر ، 
			شەوگەڕانە ئەگەڕان.... 
			تۆ بە خوێنی رۆح ودڵم ، 
			چرای شهوهزهنگت هەڵکرد... 
			بەو چراخانەش دڵت ئاوی نەخواردەوە ، 
			شەپۆڵت دا و 
			منیشت بە هەمان تاسە و 
			تەزوو ... 
			خستە بەردەم شەڕی دەریا و 
			تەوژممان لرفەی شهپۆڵهکانی ئەبەزاند و 
			یەکەیەکەیانی لەت ئەکرد... 
			لەو بەلەمەی گەمەی شەڕ و 
			مەلەوانی مانەوەمان.. 
			ئەگەر هەناسەمان له سهر یەک وهتهری مۆسیقادا ، 
			سەمای نەکردایە ، 
			سەوڵیشمان بەیەک ههناسه و 
			بە یەک ئاراستە ، 
			بە یەکتاو تاوی نەبردبایه.... 
			بێگومان هەرگیز لەو سەفەرەمان ، 
			بە مەنزلێکی لەنگەر بوون ، 
			نەئەگەیشتین... 
			خەتای من نەبوو ، 
			لە ساتی هەلکوڵانماندا ، 
			پەیڤم لە ئاست ترپەترپی دڵ و 
			بڵقەبڵقی خوێنینم ، 
			گەرم و گوڕ نەبوو... 
			زاری پیاوەتی منێکی پیاو ، 
			کاول بێت کە ئهو رهشاوهی به گهروومدا ، 
			شۆڕ کردهوه... 
			قەدەری تاڵه ژێیەکانی گەرووم بوو ،  
			بە حەیرانێک رانەهاتبوون ، 
			کە بێ پەروا و بێشەرم و 
			بە ئیرادەوە بلێت ، 
			خۆشم ئەوێی... 
			ئاخر ژن و باران ، 
			ئەو رەحمەتە تهڕو سەوزەن ، 
			کە لە مەزاری پیاوچاکێکی بهختهوهر و 
			سەرکەسک ئەچن ، 
			لە سۆزی تەڕ و 
			رەحمەتی عیشقی تەڕتر ، 
			وشک نابن.... 
			بۆیە دەخیلتم ... 
			ئەی باران... 
			ئەی ژن.... 
			هاتوومەتە بەر قاپیتان ، 
			تا مرازم حاسل کەن و 
			بمبەخشن.... 
			من کە ئێستا لە بەردەبازی ئەمڕۆکه نا ، 
			لهوانهی دوێنێکەمە ، 
			لە بەر تانۆکی ئەو باخەی ، 
			حەوا لە سەر سێوێک ، 
			پیاوی بە هەلەدا برد... 
			ساتمە ئەکەم و 
			هەلئەنگوێم... 
			خۆزگە ئەخوازم کات بوەستێت و 
			زەمەن بمگەڕێنێتەوە باوەشی ئەو ساتانەی ، 
			لە دەفتەری زاکیرەدا نەماون و 
			بەسەرچوون.....  
			تا دەرفەتێکی دیکە لۆ خۆم بقۆزمەوە ،  
			هەلێکم ببێت و 
			جارێکی دیکە سێوێک هەڵپروکێنم ، 
			تا دڵت راگرم.... 
			زاری رێکەوتێکم ئەوێت جارێکی تر ، 
			تا ئەوەی هەمە لە کیسم نەچێت... 
			من بێئاگا بووم ، 
			بێئاگاییش هەر ئەوە نیە سەرخۆش بیت و 
			کاڵفام بیتەوە ، 
			من کاڵفام بووم له بهرامبهر مەستی ئهوینت ، 
			من هەر ئەوە بووم لە زمانی بێدەنگی ، 
			ژن و باران بێ خەبەر بووم... 
			ئێستا من و باران ، 
			ئەوەندە بە یەکەوە چووین ، 
			مووێکمان بە نێواندا پیاسە ، 
			ناکات... 
			تۆش بۆ من ئەو پارچە زەویە ، 
			تێنووە بووی ، 
			بە بارانێک لە ئەوین تەڕم ئەکردی.... 
			لە نێوان تۆ و ئاسمانی منیش ، 
			بارانێک نەبوو ، 
			نامەی دڵنەواییمان لە نێوان بگۆڕێتەوە و 
			تەڕمانکاتەوە... 
			ئەی باران دە وەرە ، 
			تا زووە بە یەکترمان تەڕکەوە... 
			گوناهەکانمان داشۆرە و 
			بە سەر برۆی پەڵکەزێڕینەیەکی رەنگاورەنگ ، 
			لە سەرچاوی تنۆکێکی دڵتەڕت ، 
			چاوەکانمان بە یەکتر بگەیەنەوە... 
			خۆ من بە بێ چاوی ئەو بێچاوم... 
			من بە بێ بارانێک کە لە ئاسمانی ئەوەوە ، 
			ئەبارێت... 
			ناتوانم لە تۆ تێبگەم... 
			بە بێ تۆش نازانم ، 
			چۆن لە خۆم تێبگەم... 
			کە باران نەبوو ، 
			خۆشمان بە بێ باران ، 
			نابین و 
			وشک ئەبین و 
			زەرد ئەبین و 
			ئەمرین..... 
			با لەو بارانەوە دەرسی رەهێل و 
			رژانی ئەبەدی و 
			دابارین بۆ یەکتر فێر بین... 
			تا یەکتر فێرکەین لەبەردەم زریان و 
			تۆفانیش چۆک دانەدەین و 
			لە بارین نەکەوین.... 
			با قژی ئەمڕۆکەمان بە بارانی یەکتر تەرکەین... 
			رابردوومان بروسکە باران کەین ، 
			تا هەورێک لە ئاسمانی سەر سەرمان ، 
			دابەزێ و 
			ئاسمان وزەویمان ، 
			پڕکات لە شێی شێتی و 
			شەیدایی بوون... 
			تەمومژی سەرخۆشی و 
			سەودا بوون بە تەراتێنیکی تەڕ بوون.... 
			تێرتر تنۆکەکانمان تەڕمان کاتەوە و 
			دونیامان بەر شەپۆل ولرفەی ، 
			ئەو بارانە سەرشێتە کات... 
			کە هیچ چەترێک ناتوانێت ، 
			رێ لەو دابارین و 
			گریانی ئەو هەوری عیشقە بگرێت ، 
			جێ لەو تێک ئاڵانەی ماچ و 
			لستنەوەی خوناوێکی سەر لێو ، 
			بگرێت....  
			
			١٤\١\٢٠١١ 
			- هۆلەندە - دێلفت 
			
			
			ماڵپهڕی 
			شوان عوسمان  
			
			  
			
			  
			
			  
			 |